ڕووسیا: ئەگەری سزادانی توركیا هەیە

ليست هناك تعليقات

لەسەر ناکۆکییەکانیان لەگەڵ تورکیا لەبارەی دەستوەردانەکانی تورکیا لە لیبیا و هەروەها گەڕانی بەدوای سەرچاوەی وزە لە دەریای ناوەڕاست، فەرەنسا داوای کۆبوونەوەی لووتکەی یەکێتیی ئەوروپا دەکات. وەزیری دەرەوەی فەرەنساش دەڵێت: رەنگە تورکیا سزابدەن.

ژان ئیڤ لودریان، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە دانیشتنێکی پەرلەمانی وڵاتەکەیدا رایگەیاند، رۆژی 13ی تەممووز، وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا کۆدەبنەوە و لە کۆبوونەوەکەدا باس لە پرسی تورکیا دەکەن.

وەزیری دەرەوەی فەرەنسا راشیگەیاندووە، رەنگە لە کۆبوونەوەکەدا وڵاتانی ئەندام لە یەکێتییەکەدا سزای دیکە بەسەر تورکیادا بسەپێنێن.

لودریان لە دانیشتنەکەدا گوتوویەتی: ''لەسەر داوای ئێمە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا لە 13 تەممووز بەتایبەت لەسەر پرسی تورکیا دەبێت."

ئاماژەی بەوەشداوە: ''رەنگە لە کۆبوونەوەکەدا سزا بەسەر تورکیادا بسەپێنین، کە پێشتریش یەکێتیی ئەوروپا لەسەر گەڕان بە دوای سەرچاوەی وزە لە سنووری ئابووری قوبرس سزای تورکیایان داوە."

لەسەر پرسی دەستوەردانەکانی تورکیا لە لیبیا و هەروەها گەڕان بەدوای سەرچاوەی وزە لە دەریای ناوەڕاست ماوەیەکە ناکۆکی قووڵ کەوتووتە نێوان تورکیا و فەرەنسا. 

هەر لەسەر ئەم پرسەش، لە رابردوودا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و ئیمانوێل ماکرۆن، چەندینجار بە تووندی لە دژی یەک لێدوانیان داوە. 

لە کۆتاییەکانی مانگی رابردوو، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لەگەڵ راوێژکاری ئەڵمانیا لەبارەی دەستوەردانەکانی تورکیا لە لیبیا رایگەیاند، "یەکەم وڵات کە دەست لە کاروباری لیبیا وەردەدات، تورکیایە، هەروەها پێموایە ئێستا رێز لە هیچ یەک لەو بڕیارانە ناگرێت کە لە کۆنفرانسی بەرلین هەن".

سەرۆکی فەرەنسا ئاماژەی بەوەدا: ''ئێستا تورکیا بەشێوەیەکی بەرفراوان شەڕکەری جیهادیی لە سووریاوە بردووەتە لیبیا، ئەمەش بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی و هەروەها تاوانکارییە بۆ وڵاتێک پێی بگوترێت ئەندامی ناتۆ".

پێشتر رۆژی دووشەممە 2020/06/22 ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لەگەڵ هاوتا تونسییەکەی لە پاریس رایگەیاند، تورکیا یارییەکی مەترسیدار لە لیبیا دەکات و ئەوەشی بە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا گوتووە.

گوتەکانی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە کاتێکدان لە مانگی 11ی ساڵی 2019دا تورکیا و حکومەتی دانپێدانراوی لیبیا بە سەرۆکایەتیی فایز سەڕاج رێککەوتنێکیان لەسەر گەڕان بەدوای نەوتدا لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست واژۆکرد. رێککەوتنەکە ناڕەزایی زۆری وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا و بەشێک لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بەدوای خۆیدا هێنا.

ئەو رێککەوتنە هاوکێشەی شەڕی لە لیبیا گۆڕی و ئێستا حکومەتی ویفاقی نیشتمانی لە پێشڕەویدایە و چاوی لەوەیە هەموو لیبیا بخاتەوە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆی.

فەرەنسا تورکیا بە پێشێلکردنی گەمارۆی چەک بۆ سەر لیبیا تۆمەتبار دەکات، کە لەلایەن نەتەوەیەکگرتووەکانەوە بەسەر لیبیادا سەپێندراوە.

لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا بە دەستپێشخەری ئەنگێلا مێرکڵ، راوێژکاری ئەڵمانیا، کۆنفرانسێکی تایبەت بە لیبیا کرا. کە مەبەست لە کۆنفرانسەکە دەستپێکردنی قۆناغی سیاسی و گەیشتن بە رێککەوتنی ئاگربەست بوو لەو وڵاتە.

لەدوای کۆتایی هاتنی کۆنفرانسەکە راوێژکاری ئەڵمانیا لەبارەی کۆنفرانسەکە رایگەیاند: "لەسەر پلانێکی گشتگیر رێککەوتین". هەریەک لە سەرۆکی تورکیا و رووسیا و فەرەنسا لە کۆنفرانسەکەدا بەشداربوون.

لەدوای رووخانی موعەممەر قەزافی لە ساڵی 2011، لیبیا بەسەر دوو حکومەتدا دابەشبووە: بەرەی رۆژئاوا و رۆژهەڵات. لەلایەن وڵاتانی بیانییەوە هەردوو حکومەتەکە پڕچەککراون و پشتیوانی دەکرێن.

حکومەتی ویفاقی نیشتمانی لەلایەن فایز سەراج سەرۆکایەتی دەکرێت و لە ناوچەکانی رۆژئاوای لیبیا حوکمڕانی دەکات و لەلایەن تورکیا، قەتەر و ئیتاڵیا پشتیوانییان دەکرێت. ئەو حکومەتە بە حکومەتی ویفاقی نیشتمانی ناسراوە و لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دانی پێداندراوە

لە رۆژهەڵاتی لیبیا حکومەتێکی دیکە هەیە و بنکەی سەرەکیی لە شاری بنغازییە. ئەو حکومەتە لەلایەن سوپای نیشتمانیی لیبیاوە بە سەرۆکایەتیی جەنەراڵ خەلیفە حەفتەر دامەزراوە و لەلایەن هەریەک لە میسر، رووسیا، فەرەنسا، ئوردن و ئیماراتەوە پشتیوانی دەکرێت.

رووبەڕووبوونەوەکانی نێوان حکومەتی ویفاقی نیشتمانیی لیبیا و سوپای نیشتمانیی ئەو وڵاتە لە مانگی نیسانی ساڵی رابردووەوە پەرەیانسەند، کاتێک سوپای خەلیفە حەفتەر هەوڵیدا تەرابلوسی پایتەختی وڵات لەژێر دەستی حکومەتی ویفاقدا دەربهێنێت، بەڵام لە ئایاری ئەمساڵدا حکومەتی ویفاق توانیی بە پشتیوانیی فڕۆکە سەربازییەکانی تورکیا بەرپەرچی هێرشەکەی سوپای نیشتمانیی لیبیا بداتەوە و ئێستا دوای پاڵپشتیی تورکیا هەڕەشەی گرتنەوەی تەواوی لیبیا دەکات.




ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif