وردەكاری گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ كەركوك

ليست هناك تعليقات

پرسی گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ سنووری پارێزگای کەرکووک لە میدیا نێوخۆیی و عێراقییەکاندا بووەتە رۆژەڤ، کورد هەموو هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە بۆ دووبارە گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ئەو سنوورە، بەڵام بەشێک لە لایەنە عێراقییەکانی دیکە دژی ئەوەن، بەتایبەت بەرەی تورکمانی کە لە زاری سەرۆکی بەرەکەوە دژایەتی خۆی بۆ ئەگەری بڕیارێکی لەو جۆرە راگەیاند.

رۆژی 2ی تەممووزی 2020 شاندێکی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ بەرپرس و فەرماندەکانی وەزارەتی بەرگریی عێراق کۆبوونەوە.

لیوا تەحسین خەفاجی، گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق بە رووداوی راگەیاندوە کۆبوونەوەی لیژنەی هاوئاهەنگی هاوبەشی نێوان وەزارەتی بەرگریی عێراق و وەزارەتی پێشمەرگە زۆر گرنگ و بایەخدار بووە، کە شاندی عێراقی بە سەرۆکایەتی عەبدولئەمیر شەممەری، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان و شاندی پێشمەرگەش بە سەرۆکایەتی فەریق جەمال ئیمینکی بووە.

گفتوگۆکان لەسەر چین؟

گفتوگۆی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عێراق لەبارەی سێ خاڵی سەرەکین:

یەکەم: دروستکردنی هاوئاهەنگی لەنێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە ناوچەکانی پارێزگاکانی دیالە، کەرکووک و نەینەوا پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنییەی لەنێوان هەردوو هێزەدا هەیە. داعش لەو هێرشانەی کردوویەتییە سەر هێزی پێشمەرگە لەو ناوچانەوە هاتوون کە لەژێر دەسەڵاتی سوپای عێراقدایە. 

دووەم: دروستکردنەوەی ژووری ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لەنێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق لەناوچە ناکۆکی لەسەرەکان، کە پێشتر ئەو ژوورانە هەبوون و ئێستا نەماون.

سێیەم: دانانی بازگەی هاوبەش لەنێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە دەروازەی شارەکان لە کەرکووک، دیالە و نەینەوا، هەروەها دروستکردنی هێزی هاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان.

لە کۆبوونەوەکەدا پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی لەسەر چەند خاڵێک رێککەوتن لەوانە، کاراکردنی لیژنەکانی ناوەندی کاری هاوبەش و هاوئاهەنگی نێوان هەردوولا و ئاڵوگۆڕی زانیاریی هاوبەش لەبارەی داعشەوە. گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق گوتیشی بڕیاردرا دیدارو کۆبوونەوەکان بەردەوامبێت.

بەرەی تورکمانی و بەرەی عەرەبی لە کەرکووک، رۆژی دووشەممە لە دوو بەیاننامەدا دژایەتی خۆیان بۆ گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ سنووری کەرکووک راگەیاند، ئەرشەد ساڵحی، سەرۆکی بەرەی تورکمانی لە نووسراوێکی فەرمیدا داوای لە مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد، رێگە بە گەڕانەوەی پێشمەرگە نەدات بۆ کەرکووک.

دوای داواکارییەکەی بەرەی تورکمانی و بەرەی عەرەبی لە کەرکووک، عەمید یەحیا رەسووڵ، گوتەبێژی فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا گوتی:"پێشمەرگە ناگەڕێتەوە پارێزگای کەرکووک".

عەمید یەحیا رەسووڵ ئاماژەی بەوە کرد، ئەوەی کە کراوە، کۆبوونەوەی تایبەت بە ناوەندەکانی هاوئاهەنگی لەنێوان پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە و کەرکووک بووە کە نوێنەرانی وەزارەتی بەرگریی و ناوخۆی عێراق، یەکە سەربازییەکان و وەزارەتی پێشمەرگە تێیدا بەشداربوون بۆ ئاڵوگۆڕی زانیاریی و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر.

پێشمەرگە چۆن دەگەڕێتەوە بۆ کەرکووک؟

هیچ رێککەوتنێک لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عێراق لەبارەی گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ کەرکووک نەکراوە، ئەوەی کە گفتوگۆی لەسەر کراوە، دروستکردنی ژووری ئۆپەراسیۆنی هاوبەشە.

لیوا قارەمان کەمال، جێگری سوپاسالاری وەزارەتی پێشمەرگە، بە (رووداو)ی راگەیاند، ئەو تەوەرانەی کە وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عێراق قسەیان لەسەر کردووە، پیکهێنانی هێزی هاوبەش و ژووری ئۆپەراسیۆنی هاوبەشە، تاوەکو ئێستاش رێککەوتنی کۆتایی لەبارەوە نەکراوە و چاوەڕوانی ئەنجامی کۆبوونەوەی داهاتوو دەکەین.

لەبارەی شوێنی هێزە هاوبەشەکانیش لیوا قارەمان گوتی: "لە سنووری پارێزگاکانی نەینەوا، کەرکووک و دیالە بڵاوەیان پێدەکرێت".

پێشتر نزیکەی 20 بازگەی هاوبەش لەنێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراقدا هەبووە، هەروەها هێزی هاوبەش هەبووە و پێکەوە کاریانکردووە.

لیوا قارەمان کەمال، جێگری سوپاسالاری وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژە بەوە دەکات، ساڵی رابردوو لیژنەی هاوئاهەنگی هاوبەش یەک کاریان کردووە ئەویش داواکردن بووە لە لیژنە لاوەکییەکان بۆ رووپێکردنی هەموو بەرەکانی سوپای عێراق و پێشمەرگە بۆ ئەوەی ئەو بۆشاییەی لەنێوان هەردوو هێزدا هەیە پڕبکرێتەوە: "بەڵام بەداخەوە هەر رووپێوییەکە کرا و نەگەیشتینە هیج ئەنجامێک".

بە بۆچوونی لیوا قارەمان، لە عێراق ئەجێندای سیاسی رێگربووە لە دروستکردنەوەی هاوئاهەنگی سەربازیی لەنێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق و ئەفسەرە باڵاکان لە وەزارەتی بەرگریی عێراق رێگرنین.

لیوا قارەمان ئاماژە بەوەشدەکات کە هێزی پێویست لەو ناوچانە نییە کە بۆشایی ئەمنییان هەیە و خەڵکی سڤیلی ئەو ناوچانە لە لادێکان خۆیان شەونخونی دەکەن بۆ پاراستنی خۆیان و دەڵێت: "داعش بە ئارەزووی خۆی هاتووچۆ دەکات لەو ناوچانە. پێشمەرگە دەتوانێت ئەو ناوچانە بپارێزێت بەڵام دەبێت بە هاوئاهەنگی بێت لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی عێراق. بۆیە دروستکردنی هاوئاهەنگی و پڕکردنەوەی بۆشاییە ئەمنییەکە کاری سەرەکی لیژنەکان دەبێت، چونکە تاوەکو ئەو بۆشاییە بمێنێت داعش چالاکییەکانی زیاد دەکات".

ئاماژە بەوەشدەکات کە سوپای عێراق جار جار ئۆپەراسیۆن دەکات لەدژی داعش لەو ناوچانە: "بەڵام بە ئۆپەراسیۆن چارەسەر نابێت، داعش کاتی ئۆپەراسیۆنەکە دەکشێتەوە و دواتر دەگەڕێتەوە، ئەوە بە هەبوونی هێز چارەسەر دەبێت. لە 16ی ئۆکتۆبەرەوە هاوئاهەنگی لەنێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق نەماوە و لە کاتەوە داعش رۆژ بەڕۆژ بەهێز دەبێتەوە".

بڕیارە ئەم هەفتەیە شاندێکی وەزارەتی بەرگریی عێراق سەردانی هەولێر بکات و بۆ هەمان مەبەست لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە کۆببێتەوە، لیوا بابەكر فەقێ ئەحمەد، بەڕێوەبەری راگەیاندن و هۆشیاریی نیشتمانیی وەزارەتی پێشمەرگە بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی رایگەیاند: "سەردانەکە بەمەبەستی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی هەفتەی رابردوو لە بارەی هەماهەنگی و کاراکردنەوەی ناوەندە هاوبەشەکانی نێوانیان و گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانە".

هەرچەندە رۆژی سەردانەکەی شاندی وەزارەتی بەرگریی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان دیارینەکراوە، بەڵام فەریق جەبار یاوەر، ئەمیندارى گشتى وەزارەتى پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند: "لە دوایین کۆبوونەوەی رۆژی 2-7-2020ی شاندی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی بەرگریی عێراق لە بەغدا، پێمانگووتبوون ئێمە ئامادەین بۆ کۆبوونەوە و چاوەڕوانی وەزارەتی بەرگریی عێراقین".

ئەم کۆبوونەوەیە چوارەم کۆبوونەوەی وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عێراق دەبێت. پێشتر لە مانگی حوزەیرانی 2019 دوو کۆبوونەوە کران، دواتر کۆبوونەوەکان وەستان، رۆژی 2-7-2020یش شاندێکی وەزارەتی پێشمەرگە سەردانی بەغدایان کرد و لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی بەرگریی عێراق کۆبوونەوە.
سیروان عباس

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif