لێکۆڵینەوەیەکی پەیمانگەی ئەمریکا بۆ توێژینەوەی سیاسی''IPS'' ئاشکرایدەکات لەسەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە 12 گەورەترین ملیاردێرەکانی ئەمریکا بە تێکڕا سامانەکانیان بە رێژەی 40٪ بەرزبووەتەوە بەشێوەیەک 283 ملیار دۆلار هاتووەتە سەر سەرمایەکانیان و کۆی سەرمایەکەیان تریلیۆنێک دۆلاری تێپەڕاندووە.
بەگوێرەی ئەو پەیمانگەیەی ئەمریکا ئەوە جاری یەکەمە لە مێژووی ئەو وڵاتە پوختەی سەرمایەی 12 کەس تریلیۆنێک دۆلار تێپەڕێنێت. پەیمانگەکە ناوی ئەو گرووپەی ناو ناوە '' ئۆلیگارکیک دەزن".
ئۆلیگارکیک دەزن، پێکدێت لە جێف بێزۆس، دامەزرێنەری ئەمازۆن، خاوەنی 189.4 ملیار دۆلار، بیڵ گەیتس، دامەزرێنەری مایکرۆسۆفت، خاوەنی 114 ملیار دۆلار، مارک زوکەربێرگ، سەرۆکی فەیسبووک، خاوەنی 95.5 ملیار دۆلار، وارن بەفێت، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری بێرکشایر هازەوەی، خاوەنی 80 ملیار دۆلار ، ئیلۆن مەسک، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری تێسلا و سپەیس ئێکس، خاوەنی 73 ملیار دۆلار، ستیڤ بالمەر، بازرگان، خاوەنی 71 ملیار دۆلار.
هەروەها لاری ئەلیسۆن، بەڕێوەبەری بەشی تەکنەلۆژیای کۆمپانیای ئۆراکڵ، خاوەنی 70.9 ملیار دۆلار. لاری پەیج، یەکێک لە دامەزرێنەرانی گووگڵ، خاوەنی 67.4 ملیار دۆلار، سێرجی برین، یەکێک لە دامەزرێنەرانی گووگڵ، خاوەنی 65.6 ملیار دۆلار. ئەلیس واڵتن، کچی دامەزرێنەری بازاڕی واڵمارت، سام واڵتن، خاوەنی 62.5 ملیار دۆلار، جیم واڵتن، کوڕی بچووکی سام واڵتن، خاوەنی 62.3 ملیار دۆلار، رۆب واڵتن، کوڕی گەورەی سام واڵتن، خاوەنی 62 ملیار دۆلار.
لە راپۆرتەکەی پەیمانگەی IPS دا لەبارەی زیادبوونی سەروەت و سامانی دەوڵەمەندەکانی ئەمریکا لە سەردەمی کۆرۆنا باس لەوە کراوە قۆناخێکی نیگەرانکەر لە مێژووی ئەمریکا روویداوە بەوەی سەروەت و دەسەڵات لە دەستی چەند کەسێک کۆبووەتەوە.
چەک کۆڵینس و عومەر ئۆکامپۆ ئامادەکارانی راپۆرتەکە نووسیویانە: "لە قۆناخی سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەنێوان یەکی مانگی کانوونی دووەم و 18ی ئادار، سەروەتی ئەو 12 کەسە بە تێکڕا 96 ملیار دۆلار کەمیکرد، بەڵام دواتر هەر زوو سەروەتەکەیان بەرزبووەوە و ئاستی مانگی ئەیلوولی 2019ی تێپەڕاند. جگە لە وارن بەفێت کە سەروەتەکەی دوو ملیار دۆلار کەمترە لە مانگی ئەیلوولی 2019 بەڵام هێشتا خاوەنی 80 ملیار دۆلارە".
لێکۆڵینەوەکە دەریخستووە، ئیلۆن مەسک گەورەترین سوودمەندی پەتای کۆرۆنایە، داهاتەکەی لە 24.6 ملیار دۆلار لە مانگی ئادار بۆ ناوەڕاستی مانگی ئاب سێ هێندە بووە و ئێستا خاوەنی 73 ملیار دۆلارە، واتە لەماوەی پێنج مانگدا 48.5 ملیار دۆلاری قازانجی کردووە کە 179٪ بەرزبووەتەوە.
هاوکات جێف بێزۆسی دامەزرێنەری ئەمازۆن لە مانگی ئادارەوە 76 ملیار دۆلار قازانجی کردووە و سەروەتەکەی لەو کاتەوە تاوەکو مانگی ئاب 68٪ بەرزبووەتەوە. سەروەتی مارک زوکەربێرگی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری فەیسبووکیش بە بڕی 40.8 ملیار دۆلار زیادبووە بۆ 95.5 ملیار دۆلار واتە بە رێژەی 75٪ بەرزبووەتەوە.
پەیمانگەی IPS ئاماژەی بەوە داوە کۆی سەروەتی گرووپە دوازدە کەسییەکەی ئەمریکا زیاترە لە کۆی بەرهەمی ناوخۆی وڵاتانی بەلجیکا و نەمسا بەیەکەوە.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق