چل دەفتەر و زیاتریش

ليست هناك تعليقات

عوسمان گوڵپی
-
گەندەڵی دەستی گەشتۆتە تەواوی كەرتەكان و هەموو قونوقوژبنێكی تەنیوە، بەڵام گەندەڵی گەورە و ماڵوێرانكەر لە چەند كەرتێكدایە.

ئەوەی مەبەستی منە لەم نوسینەدا كەرتی وەبەرهێنانە لە نیشتەجێبووندا، وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان لە بری ئەوەی ئامانجە دروستەكە بپێكێت و كاریگەری لەسەر ئابووری ئەم هەرێمە دابنێ بە ئیجابی و بوژانەوەی گەورە ئەنجام بدات، كە دەیتوانی هەرێمی كوردستان بكاتە شۆكی ناوچەكە لە بواری گەشەی ئابووری نیشتەجێكردن، كەچی بەداخەوە بەدیوە سلبیەكەیدا كاریگەری گەورەی دروستكردوە كە تەواوی كۆمەڵگە ئیستاو داهاتووش باجەكەی دەدات، بەجۆرێك كە ئەم كەرت و یاسایە بوە هۆی ئەوەی سەدان هەزار دۆنم زەوی جوانی دەوری شارەكان بخرێتە خزمەتی ژمارەیەك كەسی بەرژەوەندی خواز و ژمارەیەك بەرپرسیشی پێ بوونە عفریت، 

با نمونەیەكی ئەو بوارە بهێنینەوە كە ئەم شارە پڕ بوە لە گوند و سیتی و شوقە و خانوو ڤێلا، بەڵام بەسەر دوو بەشدا دابەش بوون بەشێكی كەم لە وەبەرهێنەران بە نیوەچڵی و بە دنیایەك كەم وكورتی و پێشێلكردنی خودی یاسای وەبەرهێنانیشەوە ژمارەیەك شوقەیان دروستكردوە كە دەكرێ بڵێی هەژاران و چینی مامناوەند تیایدا نیشتەجێ بوون و حەتمەن خاڵی نیە لە هەنگاوی باش، بەڵام ئەمانە بەهۆی ئەوەی سودی زۆریان بۆ كۆمپانیا و بەرپرسەكان نیە، بۆیە ئێستا بەهۆی چەندین كێشەوە گرفتارن و لە ئاست خەونی ئەو كەسانەدا نەبوون كە خەونیان پێوە دەبینی و هەرچیان هەبوو خستیانە چنگی بازرگانێك بۆ بوونە خاوەنی شوقەیەك

جۆرێكیتر لە شوقە و خانوو ڤێلا، كە لە جوانترین و باشترین شوێنەكانی شارن و دراونەتە ژمارەیەك كۆمپانیا و سەرمایەداری نزیك لە حیزبەكان، یان نەخێر هەر خودی كۆمپانیاكە هی حیزبە لە ژێر پەردەی ژمارەیەك كەسدا كە پشكداریانن، ئەم شوقە و ڤێلاو خانووانە پۆشتەو پەرداخ و جوانن، بە كورتی بۆ ژیانی مرۆڤ شایستەن و هەندێكیشان بوونەتە ناونیشانێك بۆ جیاوازی چینایەتی و خەریكە ژیان دابەش دەكەن بۆ پلە یەك و پلە دوو، ئەمانە بەیاسایی وەبەرهێنان و لەسەر زەوی جوانی ئەم شارە و بە كار ئاسانی بەرپرسان و سودمەند بوونی خەیاڵیان بوونەتە موڵكی كۆمپانیاكان، ئەوانیش لەبری ئەوەی بەرپرسانە مامەڵە بكەن، سودیان لە بازاڕی ئازاد و پشتیوانی حیزبی بینیوە و بە ئارەزووی خۆیان نرخی شوقە و ڤێلاكانیان بەرز كردۆتەوە، بەشێكیشیان زەویەكان دەكەنە ٢٠٠ مەتری و دەیانفرۆشن(ئەوە بۆ سەرەقەڵەمێكیتر) تۆ دەتوانی وەك هاوڵاتیەك بچیتە دەوروبەری شارەكەی خۆت و لە نرخەكان بپرسیت، من لە سلێمانیم و بەشێك لە نرخەكان دەزانم و پرسیارم كردوون، هەر لە بەرزاییەكانی سلێمانی و چوارچرا و قەیوان و دەروازە و بەڕێز و سیتیەكان و دانیا و ئەڵمانی و دایك و گاردن و هەتا دوایی، هەرچەن كۆمپانیاكان جیاوازیان هەیە و وەك یەك نین، ئەم ژمارانەی كە دێنە بەرگوێت و لە هەشت دەفتەرەوە دەستپێداكات تا ١٥دەفتەر بۆ شوقە و خانوەكان ١٩ دەفتەر، ١٨ دەفتەر شوقە و ٢٤ دەفتەر خانوەكان، ڤێلای چل دەفتەری

و ٥٥ دەفتەری و زیاتریش، ئەوە لەو نرخانە زیاتریش هەن بەڵام ژمارەیان زۆر نیە( هەر دەفتەرێك واتە ١٠٠٠٠دۆلار، بە دینار نزیكەی ١٢٣٠٠٠٠٠دیناری عێراقیە) ئیدی خۆت دەفتەرەكان چۆن زەرب و تەقسیم دەكەی بیانكە

لە كاتێكدا ئەو شوقە و ڤێلاو خانوانە، زەویەكانیان بەنرخێكی ڕەمزی و لە دروستكردنیاندا، باشترینیان ئەگەر نرخەكەی ٤٥ دەفتەر دۆلار بێت، تێچوەكەی بە بەركەوتەی خزمەتگوزاریشەوە ناگاتە ٢٠ دەفتەر، بۆ شوقەیەكی٢٠٠مەتری، كە نرخەكەی ١٨ دەفتەر دۆلاربێ، بە باشترین بەركەوتەی خزمەتگوزاری و كوالیتیەوە تێچوەكەی كەمترە لە ٨ دەفتەر دۆلار، ئەمەش لەپاڵ پێشەكی و پاشەكی و بەناوی قیست و حازرەوە.

گەر سەنج بدەیت، باش لەوە تێدەگەیت ئەم هموو ملیۆنە لە كوێوە دەست بەشێك لە بەرپرسان و ژمارەیەك كەس كەوتوە و چۆن بوونەتە ملیارلێر و تەواوی بازاڕیان كۆنترۆڵ كردوە، ئەوەی وا دەكات بازاڕ تێكبچێت و وڵات یەك پارچە ببێتە نادادگەری و جیاوازی تەبەقی گەورە دروست ببێت، ئەمە وادەكات بۆ چەند ساڵی داهاتوو ژیان لە هەندێك گەڕەك ببێتە عەیبە و لە هەندێكیتر شانازی، خێزانی پلە یەك و پلە دوو دروستت ببێت ، ئەو هەموو گەندەڵیەیە بەناوی وەبەرهێنانەوە لەم وڵاتە ئەنجام دراوە، لە پێناوی سودمەندبوونی حیزب و ژمارەیەك بەرپرسی، بێ گوێدانە ژیانی خەڵك و زەوی و موڵكی گشتی 

بۆیە پێویستە لە داهاتوودا كۆمەڵگە و چالاكوانان قسەی جدیان هەبێت لەسەر كۆی ئەو كایانەی ئەم وڵاتەیان گەیاندە ئێرە و جیاوازی چینایەتی زەق كردەوە، بەجۆرێك كە من و تۆیەكی فەرمانبەر و مامۆستا تەواوی مووچەی تەمەنمان نەكاتە خانویەك كە بۆ ژیان گونجاوبێت.




ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif