کوردو کازمی و یەک ئەژدیها

ليست هناك تعليقات

عەبدوڵای مەلا نوری
-
هێشتا نازانین سەرئەنجامی جوڵەکانی مستەفا کازمی بە کوێ دەگات، وەلێ زۆرم پێخۆشە ئەو پیاوە سەرکەوتوبێت لە بە دیهێنانی حکومەڕانیەکی دیموکرات و دادپەروەر، کە هاوڵاتی بون و مرۆڤبون چەقی کارەکانی بێت. (هەرچەندە دەزانم ئەمە زۆر قورسە)

ئەزمونی رابردوی کورد بە تایبەت لە بەشەکەی عێراق، ئەوە دەسەلمێنێت شەڕ و ئاڵۆزی ئەنجامی نەبووە. 

شۆڕش و قوربانیدانی گەلەکەمان لە رابردودا هێندەی خزمەتی بە ئەجێندای هێزە ئیقلیمیەکان کردووە، کەمتر لە خزمەتی دۆزی رەوای خودی کورددا بووە.

بێگومان بەشێکی ئەم دەرئەنجامە خراپە هۆکارەکەی سیاسیەکانی کورد بووە، بەشەکەی تری پەیوەستە بە هەڵکەوتەی جوگرافیەوە.

لانی کەم لە هەشتا ساڵی رابردودا، کە لە باشوری کوردستان شۆڕش کراوە، ئەوەی هاوکاری مادی پێشکەشی ئەو شۆڕشانە کردووە بە پلەی یەکەم ئێران و سوریاو لیبیا بووە، ئەو وڵاتانە تا ئاستێکی زۆر شۆڕشەکانیان خستوەتە خزمەتی ئەجێندای خۆیانەوە.

لە لایەک بۆ لێدان هێزە کوردیەکانی ئێران بە کاریان هێناوە، لە لایەکی ترەوە وەک کارتی گوشار بەرامبەر بە عێراق.

ئەم هاوکێشەیە بۆ شۆڕشەکانی کوردانی ئێرانیش هەر راستە.

بە کوردی و بە کورتی دۆزی کوردو شۆرشەکانی هەرزانترین کارت بووە لە نێوان وڵاتانی ئیقلیمیدا، بۆ دروستکردنی گوشار لە سەر یەکترو کڕین و فرۆشتن.

(دەیان نمونە هەن بۆ سەلماندنی ئەم بابەتە)

لەم قۆناغەدا ئەوەی دەبێ کورد بیکات لە گەڵ بەغدا، پێکەوە ژیانێکی راستگۆیانەیە.

دەبێ دان بەو راستیەدا بنێین کورد لە ٢٠٠٥ دا، مافە نیشتیمانی و نەتەوەیەکانی پڕ بە باڵای داواکاری سەرکردایەتی کورد لەو کاتەدا لە دەستوردا بۆ جێگیر کرا.

ئەگەر لە ئەرزی واقعدا دەستور جێبەجێ نەکرا ئەوا بە پلەی یەکەم و دوەم خەتای دەسەڵاتدارانی هەرێم و نوێنەرانی کورد بووە لە بەغدا.

لە ئاستێکی تریشدا لایەنە عێراقیەکانی تر بەرپرسن.

دەسەڵاتدارانی هەرێم هیچ کات کاریان بۆ ئەوە نەکرد دەستور وەک خۆی جێبەجێ بکرێ و هەرگیز بە مەبەستی چارەسەری بنبڕ، رێکەوتنیان لە گەڵ بەغدا نەدەویست.

لەمەدا مەبەستیان ئەوە بو هەم عێراق سەقامگیر نەبێ، هەم وای پیشان بدەن کورد لە کێشەیەکی بەردەوامدایە لە گەڵ بەغدا و، بەغدا ئامادە نیە دەستور جێبەجێ بکات.

لەم تەکتیکە بەتاڵەدا، مەبەستی دەسەڵاتدارانی کورد لە لایەک ئەوە بو بە خەیاڵی خۆیان لە فەوزای عێراقدا بیر لە هەنگاوی تر بکەنەوەو بەرەوە (درۆی دەوڵەتی کوردی ) برۆن، لە لایەکی ترەوە بۆ ئەوەی دامەزراوەی دیموکراسی و دەستوری بەهێز لە عێراقدا دروست نەبێت، کە رێگە لە دزی و راوروتیان بگرێ. (بێگومان هێزە عێراقیەکانیش لەمەدا بە خەستی هاوکار و هاوبەرژەوەندی بون)

کارکردن لە سەر دروستکردنی فەوزا لە بەغداو خولقاندنی کێشە لە گەڵ عێراق و سەرقاڵکردنی خەڵکی هەرێم بەو کێشانەوە، دەسەڵاتدارانی هەرێمی لەو وەهمەدا هێشتەوە کە دۆخێکی لەو جۆرە کافیە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان.

وەلێ دەرئەنجامەکانی پاش ریفراندۆم سەلماندی لە هیچ حاڵەتێکدا نە تاڵانکردنی نەوتی هەرێم و ناوچەکانی مادەی ١٤٠ بە قازانجی خۆیان و تورکیا بە ناوی رێکەوتنی ٥٠ ساڵەوە؛ نە نۆکەرایەتی؛ نە فەوزای عێراق نابێتە هۆی گۆڕینی ستراتیجی وڵاتانی ئیقلیمی.

لە ئاستی هەرێمیشدا کار گەیشتە ئەوەی ئیدی خەڵک بە هیچ بانگەشەو بەڵێنێکی دەسەڵات باوەڕ نەهێنێ، کە ئەمەیان گرنگترین وەرچەرخانی سیاسی و کۆمەڵایەتیە لە ناو خەڵکدا هاتوەتە پێش.

پاش ئەو ئەزمونە شکستخواردوانە دەبێ بەغدا شوێنی کاری سیاسی و بریاروەرگرتن بێت، پشتیوانی و هاوپەیمانی هێزو گروپە دیموکراسی خوازەکان بکرێ بۆ دروستکردنی عێراقێکی باشتر، ئەم زەمینەیە وا دیارە لە بەغدا خەریکە دەرەخسێ، بێگومان قورسیشەو کاری جدی دەوێت.

هەوڵدان بۆ دروستکردنی فەوزا لە بەغدا هەوڵدانە بۆ دوبارەکردنەوەی هەڵەکانی رابردوو خزمەتکردنە بە ئەجێندای وڵاتانی ئیقلیمی، هەوڵدانە بۆ درێژەدان بە راوروتی دەسەڵاتدارانی هەرێم و عێراق.

دۆخەکە ئەوەی لێ دەخوێنرێتەوە تەوژم و هێزی نوێ شوێن بە هێزە کۆنەکانی هەرێم لەق بکەن.

لەم رووە پێویستە هاوڵاتیانی هەرێم و هێزو بەرەی نوێ (دور لە موعجیب بونی کوێرانە بە هیچ کەس و هێزێک) و بە وشیاریەوە بەو ئاراستەدا هەنگاو بنێن کە سەقامگیری عێراقێکی دیموکراتی بە هی خۆیان بزانن.

هەوڵ بدەن کار لە سەر دروستکردنی متمانەو پێکەوە کارکردن لە نێوان تەواوی پێکهاتەکان بکەن، بە دەنگی بەرز بڵێن: بەڵی بۆ جێبەجێکردنی تەواوی برگەو مادەکانی دەستور لە سەرجەم عێراق. بەڵێ: بۆ پێکەوە ژیانی نێوان پێکهاتەکان. بەڵێ: نەوت عێراق هی هەمو عێراقیەکانە.

هێزێک بە دەنگی بەرز بڵێ: هەر پەیام و کردارێک رق و کینەو بێ متمانەیی لە نێوان پێکهاتەکانی کوردستان و عێراقدا دروست بکات، تەعبیر نیە لە خواستی هاوڵاتیانی کوردستان. 

بەڵێ کاتی ئەوەیە؛ گوتارێکی سیاسی نوێ شوێنی ئەو گوتارە سیاسیە خراپە بگرێتەوە کە دەیان ساڵە گیان و ژیانی خەڵکی کوردستان لە شەڕێکی بێ ئەنجامدا دەکاتە سوتەمەنی.

گوتارێک سەنگ و قورسایی بۆ دۆزی رەواو پێگەی میللەتەکەمان بگێڕێتەوە.

ئەوەش دەزانین، یەکتر قبوڵکردن و پێکەوەبونێکی لەم جۆرە کارێکی دو لایەنەیە. 

وەلێ هەڵگرانی گوتاری نوێی کوردی دەتوانن لەمەدا دەستپێشخەری کاریگەر بکەن.

وەک لە سەرەوە وتم نازانم نەتیجەی هەنگاوەکانی کازمی بە کوێ دەگات، وەلێ خۆ ئەگەر ئەو پیاوە نەتوانی لە دروستکردنی عێراقێکی دڵخوازی هەمواندا سەرکەوتو ببێت، ئەوا بە لامەوە خراپ نیە ببێتە ئەو ئەژدیهایەی هەمو وردە ئەژدیهاکانی تری عێراق و کوردستان قوت بدات، ئەوکات پێموایە شەڕی گەلانی عێراق لە گەڵ یەک ئەژدیهادا، کە یەک دڵ و یەک سەرو یەک کلکی هەبێت زۆر ئاسانترە.

لە دو مانگی داهاتودا زیاتر بەرچاومان رۆشن دەبێ.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif