هەڵبژاردنی پێشوەختە لە نێوان یارو نەیاردا

ليست هناك تعليقات


دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردنی پێشوەختی پەرلەمانی عێراق لە 6ی حوزەیرانی ساڵی 2021 لەلایەن مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، هێندەی مشتومڕی دروستکرد، هێندە چارەسەری پێشکەش نەکرد، چونکە شارەزایانی دەستوور هەرزوو گوتیان ئەو هەنگاوەی کازمی پێچەوانەی ماددەی 64 ـی دەستووری عێراقە، ئەمە جگە لەوەی لایەنە سیاسییەکانیش هەریەکەو قسەی خۆی بۆ ئەو هەڵبژاردنە هەیە.

محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بڕیارەکەی کازمی رەتکردەوە و رایگەیاند، دەبێ پەرلەمان کۆببێتەوە بۆ دیاریکردنی وادەیەکی نزیکتر بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان، ئەمە جگە لەوەی کە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان مەرجی هەیە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت.

موسەننا ئەمین، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بە رایگەیاند: بەپێی دەستووری عێراق تاوەکو پەرلەمان لە کاردا بێت هەڵبژاردن ناکرێت، بڕیاری هەڵبژاردنی پێشوەختیش واتە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان، کەواتە دەبێت زۆرینەی ئەندامانی پەرلەمان دەنگ لەسەر هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بدەن بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی پێشوەخت بکرێت، لەکاتێکدا داواکاریی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بە دوو شێوە دەبێت، یان یەک لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمان داوایەک پێشکەش بکەن و پەرلەمان بە دەنگی زۆرینە پەسەندی بکات، یاخود داوایەک لەلایەن سەرۆکوەزیرانەوە بە رەزامەندیی سەرۆککۆمار پێشکەشی پەرلەمان بکرێت بۆ ئەوەی خۆی هەڵبووەشێنێتەوە.

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، بە بەدیهاتنی چەند مەرجێک دەتوانن هەڵبژاردن لە 6 ـی حوزەیرانی ساڵی 2021 ئەنجامبدەن. مەرجەکانیش بریتین لە:

- پەرلەمان بە زووترین کات یاسای هەڵبژاردنەکان تەواوبکات

-پەرلەمان دەقێکی جێگرەوە بۆ ماددەی 3 ـی فەرمانی ژمارە 30 ساڵی 2005 دەربکات، سەبارەت بە رێژەی یاسایی ئەندامانی دادگای باڵای فیدراڵی، کە تاکە لایەنی سەرپشککراوە بەپێی یاسا بۆ پەسەندکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکان.

- دەبێ حکومەت بودجەی هەڵبژاردن ئامادە بکات و کەرەستەی پێویستی بۆ دابینبکات.

- داوا لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوەکانی دیکە دەکات هاوکاریی بۆ هەڵبژاردنەکان پێشکەش بکەن .

پەرلەمانی عێراق لە ساڵی 2019 یاسای هەڵبژاردنەکانی پەسەندکرد و بڕگەی دیاریکردنی بازنەکانی هەڵبژاردنی هێشتەوە بۆ یەکلاییکردنەوەی بەپێی رێککەوتنی سیاسی.

ئەڵماس فازڵ، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەشێک لە فراکسیۆنەکانی ناو پەرلەمانی عێراق پێشنیازی دابەشکردنی چەند بازنەیەکی هەڵبژاردن لە پارێزگاکان دەکەن بەپێی رێککەوتنی سیاسی، نەک بەپێی یەکەی کارگێڕی، لەنێو لیژنەی یاساییدا پێشنیازێک هەیە بۆ دابەشکردنی پارێزگاکانی کەرکووک و دیالە و ناوچە کێشە لەسەرەکانی دیکە و پارێزگاکانی باشووریش، بۆ چەند بازنەیەک بەپێی رێککەوتنی لایەنە سیاسییەکان، "چونکە بچووککردنەوەی بازنەکانی هەڵبژاردن بۆ ئاستی شارۆچکە، کە تائێستا لە ئاستی پارێزگا بوون، کێشەی سیاسی گەورە دروستدەکات و دەبێتە هۆی فەوتانی دەنگەکان".

هەرچەندە چاوەڕواندەکرا بازنەکانی هەڵبژاردن لە ئاستی پارێزگاکانەوە بچووکبکرێنەوە بۆ ئاستی شارۆچکەکان، بەڵام تائێستا لایەنە سیاسییەکان لەسەر ئەو بڕگەیە زۆر ناکۆکن و ئامادەنین بگەنە رێککەوتن.

هاوپەیمانیی نەسر لە عێراق بە سەرۆکایەتی حەیدەر عەبادی لەبارەی ئەو هەڵبژاردنە رایگەیاند، رەوایی سیستمی سیاسی عێراق بە تێکڕا بەندە بە هەڵبژاردنی داهاتووەوەو رایگەیاند پێشوازی لە دیاریکردنی 6 ـی حوزەیرانی ساڵی 2021 دەکەن لە لایەن مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختی پەرلەمان.

هاوپەیمانی نەسر راشیگەیاند "رەوایی سیستمی سیاسی عێراق بە تێکڕا بەندە بە هەڵبژاردنی داهاتووەوە، لەگەڵ ئاستی بێگەردی و بەوەی گوزارشت لە لایەنەکانی گەل و خواستەکانی بکات، بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی نیشتمانی کارا بتوانێ ئاراستەی جیاواز بۆ خزمەتکردنی گەل و وڵات دروستبکات".

هاوکات عەممار حەکیم، سەرۆکی هاوپەیمانی عێراقیوون، لە راگەیێندراوێکدا گوتی "دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردنی پێشوەخت لە لایەن سەرۆکوەزیرانەوە هەنگاوێکی باشە بە ئاراستەی دروست و ئاماژەیەکە کەوا حکومەت دەیەوێ بەڵێنەکانی بەدیبهێنێت، بۆیە داوا لە فراکسیۆنەکانی نێو پەرلەمان دەکەین پاڵپشتی حکومەت بکەن و یاسای هەڵبژاردنەکان تەواو بکەن".

پەرلەمانی عێراق لە کۆتایی ساڵی 2019دا یاسای هەڵبژاردنەکانی پەسەندکرد و تەنیا یەک بڕگەی هێشتەوە بۆ یەکلاییکردنەوەی بەپێی رێککەوتنی فراکسیۆنەکان، ئەویش بڕگەی دیاریکردنی بازنەکانی هەڵبژاردنە، کە بڕیارە لە ئاستی پارێزگاوە بچووکبکرێنەوە، بەڵام تائێستا لایەنە سیاسییەکان لەسە ئەو بڕگەیە زۆر ناکۆکن.



ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif