سەرۆک کۆمار داوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پێشوەختی پاك و بێگەرد بە چاودێری نێودەوڵەتی دەکات
سەرۆک بەرهەم ساڵح داوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پێشوەختی پاك و بێگەرد، بە چاودێری نێودەوڵەتی دەکات و رایدەگەیەنێت، داوا لە ئەنجومەنی نوێنەران دەکات، زوو بە زوو یاسای هەڵبژاردنەكان تەواو بكات و رەوانەی سەرۆكایەتی كۆماری بكات، تاوەكو پەسەندی بكەین و حکومەت دەست بە جێبەجێكردنی بكات.
د. بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق لە بەیاننامەیەکدا لەبارەی هەڵبژاردنی پێشوەخت رایگەیاندووە، "لە دواھەمین كۆبوونەوەی سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراقیشدا ئەم پرسەمان لەگەڵ هەردوو بەڕێزان سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران تاوتوێكرد، پێکەوە جەختمان لە گرنگی پەیوەستبوون بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پێشوەختی ئازاد و پاك و بێگەرد كردەووە".
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە پێناو زوو بە زوو گەیشتنیش بە هێنانەدی ئەو پابەندبوونە حكومییەش، جەخت لە گرنگی كاركردنی لێبڕاوانە دەكەنەوە، چونكە تەنگژە سیاسییەكەی عێراق بواری بۆ خۆدزینەوە و خەمساری و خاوخلیچكی نەھێشتۆتەوە، ئەو دۆخە ناهەموار و ئازاربەخشەی كە یەخەی گەلەكەمانی گرتووە، پێویستی بە بڕیارێكی نیشتمانی ئازایانە هەیە، كە هەڵقوڵاوی بەركەوتە و مافی گەل بێت لە دیاریکردنی حكومەتێكی نیشتمانی سەربەخۆی تۆكمە، لەسایەی هەڵبژاردنێكی ئازادی پاك و بێگەردا.
سەرۆک بەرهەم باسی لەوەشکردووە، "داوا لە ئەنجومەنی نوێنەران دەكەین، زو بە زو یاسای هەڵبژاردنەكان تەواو بكات و رەوانەی سەرۆكایەتی كۆماری بكات، تاوەكو ئێمەش پەسەندی بكەین و حکومەت دەست بە جێبەجێكردنی بكات. ھەورەک چۆن داواکارین پەلە بكرێت لە هەمواركردنەوەی یاسای دادگای باڵای فیدڕاڵی".
لە بەیاننامەکەی سەرۆک کۆماردا هاتووە، "جەختیش لەوە دەكەینەوە كە لە عێراق توانای دابینکردنی بودجە و ئاسانكارییە پێویستەكانی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانمان ھەیە، بەجۆرێك كە کۆمیسیۆن بتوانێت سەربەخۆیی خۆی و پاک و بێگەردی ھەڵبژاردنەکان دەستەبەر بكات".
سەرۆک بەرهەم ئەوەشی خستەڕوو ، "كرۆكی ئەو تەنگژەیەی کەئێستا بەرۆكی عێراقی گرتووە و بەدەستییەوە دەناڵێنێت، هەڵقوڵاوی تەشەنەكردنی گەندەڵی و كاریگەرییە ڕاستەوخۆكانیەتی کەھەردەم بەربەستن لەبەردەم ھێنانەدی چاكسازییە داواكراوەكان، ئەو گەندەڵییە تەنانەت خۆی خزاندۆتە ناو پڕۆسەی هەڵبژاردنیشەوە بە هۆی ئەو یاریكردن و ساختەكارییەی کە بە ئەنجامەكانییەوە دەكرێت، ئەمەش بووەتە هۆی بێ متمانەی هاووڵاتییان و خۆبەدورگرتن و رەوینەوە لە پڕۆسەی هەڵبژاردنەكان".
دەقی بەیاننامەکەی سەرۆک بەرهەم:
داواكاری ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پێشوەختی پاك و بێگەرد، بەرکەوتەیەکی نیشتیمانی و پێداویستییەكی چاکسازی سیاسی داواکراوە و دەرهاویشتەی داخوازی گەل و جوڵەی شەقامە.
لە دواھەمین كۆبوونەوەی سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراقیشدا ئەم پرسەمان لەگەڵ هەردوو بەڕێزان سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران تاوتوێكرد، پێکەوە جەختمان لە گرنگی پەیوەستبوون بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پێشوەختی ئازاد و پاك و بێگەرد كردەووە.
لەم سۆنگەیەوە پێشوازی لە پێشنیارە ڕاگەیەنراوەكەی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران دەكەین بەدیاریكردنی وادەیەكی دیاریکراو بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پێشوەختە كە دەربڕی پابەندبوونی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانە بەکارنامە حكومییەكەی.
لێرەدا لە پێناو زوو بە زوو گەیشتنیش بە هێنانەدی ئەو پابەندبوونە حكومییەش، جەخت لە گرنگی كاركردنی لێبڕاوانە دەكەینەوە، چونكە تەنگژە سیاسییەكەی عێراق بواری بۆ خۆدزینەوە و خەمساری نەھێشتۆتەوە. ئەو دۆخە ناهەموار و ئازاربەخشەی كە یەخەی گەلەكەمانی گرتووە، پێویستی بە بڕیارێكی نیشتمانی ئازایانە هەیە، كە هەڵقوڵاوی بەركەوتە و مافی گەل بێت لە دیاریکردنی حكومەتێكی نیشتمانی سەربەخۆی تۆكمە، لەسایەی هەڵبژاردنێكی ئازادی پاك و بێگەردا.
بێگومان چارەسەرە کارا و سەركەوتووەكان هەڵقوڵاوی ویستی ئازاد و بڕیاری سەربەخۆی هاووڵاتیانن بەدوور لە ساختەكاری و فرتوفێڵ و دروستكردنی كاریگەری نەرێنی و نەخوازراو لەسەر بژاردەی هاووڵاتی لە پڕۆسەی هەڵبژاردندا، بۆ ئەوەی وڵات بتوانێت بەرەو چاكسازییەکی بونیادتنەرانە، کە پێویستەیەکی ھەنوکەیی داواكراوە، هەنگاو بنێت.
لەو پێناوەدا داوا لە ئەنجومەنی نوێنەران دەكەین، زوو بە زوو یاسای هەڵبژاردنەكان تەواو بكات و ڕەوانەی سەرۆكایەتی كۆماری بكات، تاوەكو ئێمەش پەسەندی بكەین و حکومەت دەست بە جێبەجێكردنی بكات. ھەورەک چۆن داواکارین پەلە بكرێت لە هەمواركردنەوەی یاسای دادگای باڵای فیدڕاڵی، لەھەمانکاتدا جەختیش لەوە دەكەینەوە كە لە عێراق توانای دابینکردنی بودجە و ئاسانكارییە پێویستەكانی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانمان ھەیە، بەجۆرێك كە کۆمیسیۆن بتوانێت سەربەخۆیی خۆی و پاک و بێگەردی ھەڵبژاردنەکان دەستەبەر بكات.
بێگومان دەشزانین كە حكومەت لەم پێناوەدا پێشوەخت دەستیکردوە بە کۆبونەوەی ڕاوێژكاری و ڕاگۆڕینەوە لەگەڵ كۆمیسیۆندا، ھەوەک دەشزانین کە کۆمیسیۆن ڕایگەیاندوە هەركات دەستكرا بە دابینكردنی پێداویستییە داواكراوەكان، کۆمیسیۆن لە توانایاندایە، هەڵبژاردنەكان ئەنجام بدات لەو وادەیەی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران پێشنیاری كردووە.
لای خۆشمانەوە هەر كاتێك حكومەت پێشنیاری هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانمان بخاتە بەردەست، ئامادەین پێشنیارەكە بەڕەزامەندی خۆمانەوە ئاڕاستەی پەرلەمان بکەین، بۆئەوەی لەپەرلەمان دەنگی لەسەر بدرێت. بێگومان هەر كە بڕیاری پەرلەمانیش لەو بارەوە دەرچوو، ئێمە هەروەك لە دەستوردا هاتووە بە فەرمی وادەیەك بۆ هەڵبژاردنەكان دیاری دەكەین كە زیاتر نەبێت لە دوو مانگی پاش وادەی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان.
لەڕاستیدا هەڵبژاردنێكی پێشوەخەی ئازاد و پاك و بێگەرد، پێویستی بە هاریكاری و ھەماھەنگی نێودەوڵەتی هەیە، كە ھیوامان وایە لەلایەنی نێودەوڵەتیەوە ئەم ھاوکاری و دەسگرۆییە پێشكەشی بە كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق بكرێت چونکە لەم پێناوەدا كۆمیسیۆن پێویستی بە سەرپەرشتی چاودێرە نێودەوڵەتییەكانیش ھەیە ھەتاوەكو ڕۆڵی نیشتمانی خۆی بە باشی بگێڕێت و پارێزراویش بێت لە دەستتێوەردانەكان و متمانەی هاووڵاتیانیش بە پڕۆسەی هەڵبژاردن قوڵتر بكاتەوە.
لەڕاستیدا بەرژەوەندی گەل و نیشتمان لەوەدایە چەند بكرێت ئەو هەڵبژاردنە پێشوەختە زووتر ڕێكبخرێت، تا لەو ڕێگەیەوە بتوانین وڵاتەكەمان لەو تەنگژە سیاسییە مەترسیدارە دەرباز بكەین كە تێیكەوتووە، دەرفەتیش بدەینە هاووڵاتیان بۆئەوەی ئازادانە و سەربەخۆیانە و دوور لە هەموو فرتوفێڵ و ساختەكارییەك، چارەنووسی وڵاتی خۆی بە دەستی خۆی دیاری بكات.
كرۆكی ئەو تەنگژەیەی کە ئێستا بەرۆكی عێراقی گرتووە و بەدەستییەوە دەناڵێنێت، هەڵقوڵاوی تەشەنەكردنی گەندەڵی و كاریگەرییە ڕاستەوخۆكانیەتی کە ھەردەم بەربەستن لەبەردەم ھێنانەدی چاكسازییە داواكراوەكان، ئەو گەندەڵییە تەنانەت خۆی خزاندۆتە ناو پڕۆسەی هەڵبژاردنیشەوە بە هۆی ئەو یاریكردن و ساختەكارییەی کە بە ئەنجامەكانییەوە دەكرێت، ئەمەش بۆتە هۆی بێ متمانەی هاووڵاتییان و خۆبەدوورگرتن و ڕەوینەوە لە پڕۆسەی هەڵبژاردنەكان.
بەرهەم ساڵح
سەرۆك كۆماری عێراق
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق