پەرلەمانی کوردستان: لە خەمی داواکاریی شنگالییەکانین

ليست هناك تعليقات

سبەی دووشەممە شەش ساڵ بەسەر هێرشی داعش بۆ سەر شنگال تێدەپەڕێت. پەرلەمانی کوردستانیش دەڵێت، هەمیشە لە خەمی باشتر بەهاناوەچوونی خواست و داواکاریی شنگالییەکان و هەموو پێکهاتەکانی دیکەیە. بۆیە رۆژی سێی ئابی 2014ـی وەک رۆژی کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدی دیاریکردووە.

سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، داواکارن هەموولایەک پەلە بکەن له‌ گه‌ڕان به‌دوای بێسەروشوێنان و چارەنووسى نادیاران و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی دانیشتووانی شنگال بۆ زێدى خۆیان.

دوای کۆنترۆڵکردنی موسڵ لەلایەن داعشەوە، چەکدارانی ئەو رێکخراوە لە 2014/08/03 هێرشیانکردە سەر شنگال، کۆمەڵکوژییان دژی کوردانی ئێزدی دەستپێکرد، بەشێکی کچ و ژنەکانیشیان کردنە کەنیزەک، منداڵەکانیشیان بۆ گۆڕەپانی مەشق و راهێنانەکانیان راپێچکردن. لە رۆژی 2015/10/13 شنگال لە دەست داعش کۆنترۆڵکرایەوە.

لە راگەیێندراوەکەی پەرلەمانی کوردستاندا هاتووە، لە سەدەی نوێ و لە جیهانی نوێ تیرۆریستان بە بەرچاوی هەموو جیهانەوە هێرشێکی دڕندانەیان کردە سەر قه‌زای شنگال و کچ و ژنانی کوردانی ئێزدیان، هاوشێوەی چاخە بەردینەکان بەبارمتە برد و پیاو و گەنجانیشیان زیندەبەچاڵ کرد.

پەرلەمانی کوردستان باس لەوەش دەکات، "ئێمە کە یادی ئەو رۆژە رەشە دەکەینەوە، سووپاسی قارەمانییەتی پێشمەرگە و هاوکاریی وڵاتانی دۆست دەکەین کە رێگەیان نەدا پێشڕەوییەکانی تاریکپەرستانی داعش زیاتر بێتە ناو قووڵایی خاکی کوردستان". 

رۆژی 3ـی ئابی 2014 وه‌ك رۆژی كۆمه‌ڵكوژیى کوردانی ئێزدی لەلایەن پەرلەمانەوە دیاریکراوە، سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت "بۆ ئەوەیە لەڕووی یاساییەوە زەمینەسازی بکرێت بۆ قەرەبووکردنەوەی خەڵکی شنگال و قوربانییەکانی". 

دەقی په‌یامی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانی کوردستان له‌ساڵیادی كۆمه‌ڵكوژیی کوردانی ئێزدیدا:

سبه‌ی 3ى ئابى 2020 یادی رۆژێکی رەش لەمێژووی خەڵکی کوردستان دەکەینەوە، كه‌ لە (3)ی ئابی ساڵی (2014)و رۆژانی دواترو لەسەدەی نوێ و لەجیهانی نوێ تیرۆریستان بەبەرچاوی هەموو جیهانەوە هێرشێکی دڕندانەیان کردە سەر قه‌زای شنگال و کچ و ژنانی کوردانی ئێزدییان، هاوشێوەی چاخە بەردینەکان بەبارمتە بردو پیاوو گەنجانیشیان زیندەبەچاڵ کرد.

ئێمە کەیادی ئەو ڕۆژە ڕەشە دەکەینەوە، سوپاسی قارەمانییەتی پێشمەرگەو هاوکاریی وڵاتانی دۆست دەکەین کەڕێگەیان نەدا پێشڕەوییەکانی تاریکپەرستانی داعش زیاتر بێتە ناو قووڵایی خاکی کوردستان و هەموو پێکهاتەکانی کوردستان و تەنانەت ناوچەکەشیان لەچەپۆکی رەشی تیرۆریستانی داعش پاراست و ئەفسانەی داعشیان تێکشکاند. پەرلەمانی کوردستان هەمیشە لەخەمی باشتر بەهاناوەچوونی خواست و داوای شنگالییەکان و هەموو پێکهاتەکانی دیکەیە، هەر بۆیەش په‌رله‌مانى كوردستان له‌دانیشتنی ژماره‌ (3)ى نائاسایی خۆیدا له‌ڕێكه‌وتی 2019/8/3، رۆژی 3ى ئابی 2014ى وه‌ك رۆژی كۆمه‌ڵكوژیى ئێزدییه‌كان دیاریكرد، بۆئەوەی لەڕووی یاساییەوە زەمینەسازی بکرێت بۆ قەرەبووکردنەوەی خەڵکی شنگال و قوربانییەکانی. 

لەو یادەدا داواکارین حکومەتی عێراقی بەئەرکی ئەخلاقی و بەرپرسیارییەتیی خۆی هەڵبستیت و رێگە بەڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و تیمی تایبەتیی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ لیکۆڵینەو لەتاوانەکانی داعش(UNUTAD) بدات کەئەو تاوانکارییە دۆکیۆمینت بکات و لەدادگا نێودەوڵەتییەکان بەرپرسیارانی ئەو تاوانکارییە دادگایی بکرێن و قەرەبووی قوربانیان بکرێتەوە. 

هەرێمی کوردستان هەمیشە پەناگەیەکی ئارام بووە بۆ هه‌موو لێقەوماوان و ئەوانەی مەترسیی هێرشیان لەسەربووه‌، ئەوەش بەوهۆیەی کەخەڵکی کوردستان باشتر لەئازاری لیقەوماوان دەگات، چونکە بەدەیان ساڵە بۆ بەدەستهێنانی کەمترین مافەکانی لەگەڵ عەقڵیەتی خۆسەپێن بەرەنگارەو لەو رێڕەوەش رووبەڕووی هەموو جۆرە تاوانکارییەک بۆتەوە، داواکارین کۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتی هەموو تاوانکارییەکان لەدژی خەڵکی کوردستان بەجینۆساید بناسێنیت و قەرەبووی خەڵکی کوردستان بکرێتەوەو بەیاساو پشتیوانیی نێودەوڵەتی، کوردستان و هەموو پێکهاتەکانی دیکەی ناوچەکەو جیهان لەدووبارەبوونەوەی تاوانکاریی لەو جۆرە بپارێزێت. 

جارێکی دیکە سەری رێزو نەوازشمان بۆ شەهیدانی شنگال و قوربانیانی جینۆسایدی شنگال دادەنەوێنین، بەکچ و ئافرەتانی شەنگالی دەڵیین ئێوە نمونەی باڵای بەرگری و رووبەڕووبوونەوەی ستەمن.

داواکارین هەموولایەک پەلە بکەن له‌گه‌ڕان به‌دوای بیسەروشوێنان و چارەنووسى نادیاران و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی دانیشتووانی شنگال بۆ زێدى خۆیان.

سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانی كوردستان
2020/8/2


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif