سەرەک وەزیری عێراق بڕیارە لەم مانگی هەشتەدا سەردانی ئەمریکا بکات و لە کۆشکی سپی لەگەڵ سەرۆک ترامپدا کۆببێتەوە.
بڕیارە لە میانەی ئەم سەردانەیدا، کازمی وتووێژ دەکات لەسەر ژمارەیەک دۆسێی گرنگ لە پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و واشنتۆن، لەوانە دۆسێی ئاسایشی و ئەگەر و نەگەرەکانی مانەوەی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق.
دکتۆر ڕێبوار کەریم مەحمود، ئەندامی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، تەوەری ئاسایشی کە کازمی لە واشنتۆن باسی دەکات، دوو ڕووی هەیە لە عێراقدا، یەکێکیان پەیوەستە بە بوونی سوپای ئەمریکا لە عێراقدا وەک هێزێکی ڕاهێنەر و ڕاوێژکار لە وڵاتەکەدا کە لەسەر داوای حکومەتی عێراق ئامادەیی هەیە.
دکتۆر ڕێبوار، کە سەرۆکی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی عێراق- ئەمریکایە لە پەرلەمان ئاماژەش بەوە دەکات هیچ بڕیارێک لە ئارادا نەبووە تا لە گەڕی یەکەمی دیالۆگی ستراتیژی بەغدا و واشنتۆندا شتەکان هەمووی دەستەبەر بکرێن، چونکە وەک دەڵێت "گەڕی یەکەمی دیالۆگی ستراتیژی قۆناغی ڕوونبوونەوەی تێڕوانینی هەردوولایان بوو، وە بەپێی بەیاننامە هاوبەشەکەی نێوانیشیان، تێڕوانینی هەردوولایان لێکەوە نزیکن."
لە میانەی وتووێژەکەیدا لەگەڵ بەڵێن ساڵح، دکتۆر ڕێبوار کەریم مەحمود، باسیش لەوە دەکات، ئەو لایەنە سیاسیانەی لە عێراقدا دژی ئەم دیالۆگە ستراتیژیە و دژی پەیوەندییەکانی عێراقن لەگەڵ ئەمریکادا وەک دەڵێت "پێگەیان زۆر بەهێز نییە و لە ڕاستیشدا هەوڵەکە هەوڵێکی دژە عێراقی نییە تا لایەنی سیاسی دژی بوەستێتەوە."و دەشڵێت دیالۆگی ستراتیژی عێراق و ئەمریکا بۆ دژایەتیکردنی هیچ دەوڵەتێک نییە بەڵکو لە پێناو خزمەتکردنی گەلی عێراقدایە.
دکتۆر ڕێبوار دەڵێت"پێموانییە کۆماری ئیسلامی ئێران دوور بێت لە ئاڕاستەکانی ئەم گفتوگۆیە، بۆیە ڕەنگە بە جۆرێک لە جۆرەکان ئاگای لێبێت، بە تایبەتی لەسەر ئاستی هەندێک هێزی سیاسی گفتوگۆی لەگەڵ کرابێت، بەڵام پێشموانییە ئەو ئاڕاستەیەی عێراق هەڵیبژاردووە، ئاڕاستەیەکی دژە ئێرانیانە بێت."
لە دیمانەی لەگەڵ دەنگی ئەمریكا وەرگیراوە
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق