لەماڵەكەی خۆتەوە دەستپێبكە

ليست هناك تعليقات

محمد نوری
-
یەكێتی داوای چاكسازیی لەپارتی دەكات ،پارتی لەوباوڕەدایە یەكێتی رێگرە لە چاكسازیی ،گۆڕان هۆكاری پەكخستنی چاكسازیی دەخاتە سەرشانی ئەو دووحزبە .كەس لەماڵی خۆیەوە دەستپێناكات ،ئاڵتونی دزراو و كوپەی پڕ گەندەڵی لەماڵەكەی خۆتاندایە ،كە خۆت چاككرد،ئەوكاتە داوای باشكردنی یەكتربكەن.

لە هەزارو یەكشەوە چیرۆكێك هەیە بەناوی (حیكایەتی ئیفلاسكردنی پیاوێك لەبەغدا)،دەگێڕنەوە پیاوێك پاش ئەوەی هەمو سەروەت وپێگەیەك دەدۆڕێنێت ،شەوێك خەو دەبینێت لە خەویدا پێی دەڵێن بڕۆ بۆ میسر خێر ورزقت لەوێیە ،پیاوەكەش ملی رێ دەگرێت و بەرەو میسر دەكەوێتە ڕێ ،كە دەگاتە ئەوێ شەوێك لەیەكێك لە مزگەوتەكانی شاری قاهیرە خەو دەیباتەوە ،بێ ئاگا لەوەی كە چەند دزێك لە دیواری مزگەوتەكەوە خۆیان دەكەن بە ماڵێكدا ،هەموو كەلوپەلە بەنرخەكانی دەدزن ،كاتێك هەواڵ دەگاتە حاكمی قاهیرە،حاكم دەچێتە سەر روداوەكە وخۆی دەكاتە بەمزگەوتەكەدا ،

بە شەق ولێدان پیاوە داماوەكەی لە بەغداوە بۆ رزق هاتووبوو خەبەر دەكەنەوە ،بگرە ولێدان وگرتن ناچاری دەكات لەبەردەم والیدا بڵێت: گەورەم من خەڵكی بەغدام لە خەومدا پێیان وتم بچۆ بۆ قاهیرە رزقی تۆ لەوێیە ،والی دەستدەكات بە پێكەنین ودەڵێت :گەمژە منیش چەندین جار هاتونەتە خەوم وتیانە بڕۆبۆبەغدا فڵانە ماڵ هەیە لەو ماڵەدا كوپەڵەی ئاڵتونی شاراوەی تێدایە ،پیاوەكە رێی بەغدادەگرێتەوە چونكە ئەوەی والییەكە پێی وت ماڵەكەی خۆی بوو ،بۆیە كەدەگڕێتەوە بەپێی وەسفی خەونی والییەكە ئاڵتونەكە دەدۆزێتەوە .(لەماڵی خۆتەوە هەنگاو بنێ،ماڵی خۆت باشبكە).

كە ئێوە چاڵی پڕ داهات وپارەی قەبەكراوتان هەیە بۆ ئێخەی یەكتر دەگرن ،فەرموون دەستبكەن بە كردنەوەی مەلەفەكان، سەری ماڵەكانی خۆتان وگەنجینەی كۆمپانیا تایبەتەكانتان و پشك و بەشەكانتان وباوڵەكانی پڕ گەندەڵیتان هەڵبدەنەوە. ئەوكاتە داوای چاكسازیی لەیەك بكەن ،ماڵی هەریەكەتان پڕە لە مەلەفی بردن لە سامانی گشتی ،ئیتربۆ تانە لەیەكتر دەدەن ،ئەگەر هەرحزبێك لەخۆیەوە دەستپێبكات بەتایبەت ئەو دووحزبە یەكەم هەنگاوی دروستی بەرەوباشكردن دەنرێت ،دەستكردن بە چاكسازیی وگەڕانەوەی دزراوی گشتی بۆ قاسەی حكومەت یەكەم هەنگاوە، تا حزب باشنەبێت چاكسازیی مانای نابێت.




٢

ئیبراهیم حەیدەری كە كۆمەڵناس و توێژەرێكی عێراقییە دەنوسێت: كێشەی تاك لە عێراقیدا ئەوەیە ماڵی خۆی پڕە لە درزی گەورە ،بەڵام لەماڵە دراوسێیەكەی دانیشتوە درزی دیوارەكانی ئەوان دەژمێرێت .

لەشوێنكی تردا دەنوسێت:كەس چارەسەری كێشەی سنوری خۆی ناكات ، كەچی داوای چاكردن لەسنورەكانی تر دەكات و بەدوای باشكردندا خۆی دەگەینێتە وڵاتی قاهیرە (مەبەست لە چیرۆكەكەی هەزارویەكشەوەیە)

كە حزب لانەی گەندەڵی بێت ،چۆن دەتەوێت چاكسازیی بنەڕەتی بكەیت .

حزب بكەرەوە حزب نەك دەزگای دەوڵەمەندبوون و كۆمپانیای پڕبوون ئەوكاتە باسی چاكسازیی گشتی لە سیستەمدا بكەن .

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif