قوباد تاڵەبانی
-
زۆر کەس نیگەران بوون لە ناوەڕۆكی پرۆژە یاسای میدیای ئەلەكترۆنی، بەڵام ئەوەی مایەی دڵخۆشی و گەشبینییە، کاردانەوەی ئەو كۆمەڵە زۆرەی هاوڵاتی و میدیا و نووسەر و چالاكوانەکان بوو لەسەر ماف و ئازادییەکان، ئەمەش ئاماژەی کۆمەڵگایەکی زیندووە كە هاوڵاتیان ئامادە نین دەستبەرداری مافە بنەڕەتی و گەردونییەکانی خۆیان بن کە ئازادی و ئازادی رادەربڕین لە سەرووی هەموویانەوەیە. زۆرێك لەو رۆژنامەنووس و میدیاكارانەی قسەم لەگەڵدا كردوون، رەخنە و نیگەرانی جدییان لە پڕۆژە یاساكە هەبوو؛ هێشتا لە هەرێمی كوردستان خاوەن دەستوری تایبەت بەخۆمان نین، هەروەها لەم خولەی پەرلەمان و حكومەتیش بایی هێندە بارگرانی و كێشەی تەندروستی و ئابووری هەیە كە هەموو کاتی خۆمانی بۆ تەرخان بکەین. لە لایەكیتر راستییەكی حاشا هەڵنەگر هەیە ئەویش هەبوونی دۆخێکی ئاژاوە و ژەهراوی یە لەناو میدیا و سۆشیال میدیا، بەجۆرێك تەشهیر و ناوزڕاندن و سوکایەتی کردن بووەتە دیاردەیەکی رۆژانە، بەڵام لەمەشدا سۆشیال میدیای سپۆنسەركراو بە پارە و پولی سیاسی، بەرپرسیاری سەرەکین لەم دۆخە، ئەمەش دەرگایەكیتری گەندەڵییە. رەنگە هەندێک کەس و لایەن پشتگیری یاسایەك بکەن كە کۆتایی بەو پاشاگەردانییە بهێنێت، بەڵام بەندە لەگەڵ ئەوەی یەكێكم لە قوربانییەکانی دیاردەی تەشهیر و ناوزڕاندن و لەهەموو بۆنەیەكدا بەراست و چەپدا هەر ئامانجم، بەڵام بە تەواوی دژی هەر پڕۆژە یاسایەکم ئازادی رادەربڕین بەرتەسک بکاتەوە، پێشموایە بۆشایی یاسایی باشترە لە دانانی یاسایەك کە دەرفەتی ئەوەی تێدا بەدی بکرێت لەلایەن دەسەڵات و بەرپرسانەوە خراپ بەکاربهێنرێت. یەكێك لە كێشەكانی پرۆژە یاسای نیوەچڵ، دەرفەت رەخساندنە بۆ خراپ بەكارهێنانی، هەروەها دروستكردنی مەترسییە لەسەر هاوڵاتیان كە زۆریان تەنها ئەكاونتەكانی خۆیان شك دەبەن بۆ دەردەدڵی، من كە خۆشبەختانە جگە لە پەیجی فەرمی خۆم، هیچ پەیج و ئەکاونت و میدیاکم نییە و هەموو میدیای كوردیش بەهی خۆم دەزانم، پێموایە ئەگەر یاسایەك هەبێ بۆ سزادانی میدیا و سۆشیال میدیا ئەوە لە داهاتوودا بەشێوەیەكی سەرەكی بەرۆكی دەزگای وەک ئاوێنە و هاوڵاتی و سپی میدیا و شار پرێس و كوردستان تایمز و هاوشێوەکانیان و سۆشیال میدیا بێ پشتو پەناکان دەگرێتەوە و كەناڵ و سۆشیال میدیای بەرپرسانی لێ پارێزراو دەبن، كەسیش دەستی بە پەیج و ئەكاونتی بێ ناونیشان و نهێنی ناگات.
لەم سۆنگەیەشەوە دەستخۆشی لە كشاندنەوەی پرۆژە یاساكە دەكەم تا ئەگەینە قۆناغی دەستوریی تایبەت بەهەرێمی كوردستان. با لەبری یاسای میدیای ئەلەكترۆنی، پێكەوە كار لەسەر پڕكردنەوەی كەلێن و درزەكانی یاسا بەركارەكانیتر بكەین وەک یاسای رۆژنامەگەری و یاسای قەدەغەکردنی خراپ بەكارهێنان ئامێرەكانی پەیوەندیكردن، كە ئەوەی دووەمیان زۆرجار بووەتە كێشە و بارگرانی بۆ نوسەر و میدیاكاران و لەبری یاسای رۆژنامەگەری بەو یاسایە زیندانی كراون، ئەگەر بۆشاییەكیش هەیە لەبارەی میدیای ئەلەكترۆنی دەكرێت لەئێستادا لەو دوو یاسایەدا بەپێی ستانداردەكانی دنیای كراوە چارەسەر بكرێت و جێگەیان بكرێتەوە
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق