دۆخی سعودیە لەبارە بۆئەوەی هەنگاوەكەی ئیمارات بنێت؟

ليست هناك تعليقات

بورهان شێخ ڕەوف
-
ئەوەی ئێستا باسی رۆژەڤە و میدیاكانی ئیسرائیلیش باسی گەرمی لێوەدەكەن، بابەتی رێكەوتنی فەرمی و ئاشتی نێوان سعودیە و ئیسرائیلە، لە دوای رێكەوتنەكەی نێوان ئیمارات و ئیسرائیل.

ئیمارات كە دۆست و هاوپەیمانی نزیك و پلە یەكی سعودیەیە لە نێو وڵاتانی كەنداو و جیهانی عەرەبیشدا، زۆرێك لەو باوەڕەدان ئەم رێكەوتنە سەرەتا و رێخۆشكەرە بۆ رێكەوتنی ریاز ‌و تەلئەبیب، لە هەمان كاتدا رۆڵ و كاریگەریی ناڕاستەوخۆی دەبێت بۆ فراوانتربوونی هەماهەنگی و پەیوەندییەكانیان، لە كاتێكیشدا كە سعودیە زۆر پێویستی بە وەبەرهێنانی دەرەكییە بۆ ئەو بەرنامە ستراتیجییەی كە شازادەی جێنیشین محەمەد بن سەلمان دایناوە بۆ گۆڕانكاریی ئابووریی ریشەیی لە ئایندەدا 2030.

بەربەستەكانی ئەم پڕۆسەیە
ئەوەی جێی ڕامان و سەرنجە، تا ئێستا سعودیە كە خاوەنی بەهێزترین ئابووریی جیهانی عەرەبییە، بێدەنگی هەڵبژاردووە لە مەڕ رێكەوتنی مێژوویی ئەبو زەبی و تەلئەبیب، ئەوەش بۆ ئەو دۆخە هەستیار و ئایینییە دەگەڕێتەوە كە سعودیە لەسەر ئاستی جیهانی ئیسلامی و عەرەبی هەیەتی، ئەویش بوونی مەزاری پەیامبەری ئیسلام ( محەمەد د.خ)، قیبلەی هەموو موسڵمانان ، پادشای وڵاتیش لە سەردەمی مەلیك فەهد-ەوە نازناوی (خادم الحرمین الشریفین)ی هەڵگرتووە، هەموو ئەوانە بەربەست و كۆسپی گەورەن بۆ هەر نزیكبوونەوەیەكی ئاشكرا لە نێوان ریاز و تەلئەبیبدا، هەرئەوەش وایكردووە كە هەندێك لە كاربەدەستانی عەرەبستانی سعودیە ئاماژەیان پێداوە، بەم نزیكانە بەستنی پەیوەندیی فەرمی لەگەڵ ئیسرائیلدا لەئارادا نییە، جگە لەوانەش فەلەستینیەكان هەر رێكەوتنێكی وڵاتانی عەرەبی بە تایبەتی تر سعودیە، لەگەڵ ئیسرائیل بە خیانەتی گەورە لە كێشەكەیان دەزانن.

لەلایەكی ترەوە، ساڵانێكە پەیوەندیی نهێنی و ژێربەژێر لە نێوان ئیسرائیل و زۆرێك لە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامیدا هەیە، بە تایبەتی سعودیە كە هەماهەنگییان هەبووە لە بواری هەواڵگری و دواتر لە بوارەكانی راهێنانی سەربازی و توێژینەوە و پێشخستن و دەستپێشخەری و وەبەرهێناندا پەرەیان پێداوە.

بە گوێرەی راپۆرتی پێگەی Responsible Statecraft ی ئەمریكی، پێدەچێت ئێستا سعودیە هانی وڵاتانی تری كەنداو بدات بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ئیسرائیل، بە تایبەتی بەحرێن.

ئێران و نزیكبوونەوەی ئیسرائیل ‌و وڵاتانی كەنداو
ململانێی نێوان وڵاتانی كەنداو و ئێران لەلایەك، ململانێی نێوان ئیسرائیل و ئێران لەلایەكی ترەوە، هۆكاری راستەوخۆن بۆ نزیكبوونەوەی زیاتری عەرەبەكانی كەنداو و ئیسرائیل، بە تایبەتی بەرامبەر دەستوەردانەكانی ئێران لە ناوچەكە و بەرنامەی ئەتۆمی ئەو وڵاتە.

پڕۆژەی نیوم 
فاكتەرێكی بەهێز كە لە سعودیە دەخوازرێت بە تایبەتی شازادەی جێنیشین محەمەد بن سەلمان تاكو بەرەو ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ دەوڵەتی ئیسرائیل هەنگاو بنێت، ئەو پڕۆژە و پلانە گەورە ‌و قەبەیەیە بەناوی نیوم یان بینینی سعودیە دوای 2030، كە تێچووەكەی 500 ملیار دۆلارە لە رۆژئاوای سعودیە و لە كەنارەكانی دەریای سوور، كە نزیكە لە بەندەرەكانی عەقەبەی ئوردن و ئیلاتی ئیسرائیل.

شارەزایانی بوارەكە لەو بڕوایەدان كە ئیسرائیل رۆڵی كارای دەبێت لە بوارەكانی پیشەسازی و تەكنۆلۆجیا و ئاسایشی سیبریانی، سەرەڕای ئەوانەش پڕۆژەیەكی وا قەبە و گرنگ پێویستی بە هەماهەنگی و ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیل هەیە، بە تایبەتی كە ناوچەیەكی گەشتیاریش دەبێت.

فشارەكانی ترەمپ و كۆشنەری زاوای
ئێستا دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە خولی دووەمی خۆكاندیدكردنەوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی لە 3/11/2020 پێویستی زۆری بە لۆبیی جولەكەی ئەمریكا و ئیسرائیلە بۆ هەڵمەتی بانگەشەكەی، بەتایبەتی لە كاتی تیرۆركردنی رۆژنامەنووسی سعودی جەمال خاشقچی لە كونسڵخانەی سعودیە ساڵی 2018 لە ئەستەنبوڵ، كە محەمەد بن سەلمان تۆمەتبار دەكرێت، ترەمپ یارمەتی زۆری شازادە محەمەدی دا بۆ دەربازبوون لەو كێشەیە، بۆیە هەموو تواناكانیان دەخەنەگەڕ تاكو سعودییەش هەمان هەنگاوی ئیمارات بهاوێ.


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif