كاتێك خۆی شیعرهكانی خۆی دهخوێندهوه چێژێكی دیكهیان ههبوو، ئهو گهرچی بهزمانی كوردی شیعرهكانی خۆی نوسیوه، بهڵام بۆ زمانه جۆراوجۆرهكانی دونیا وهرگێڕدراوه، له وهزیریدا دهستی لهكار كێشایهوهو له سودیشهوه هاتهوه له سلێمانی نیشتهجێ بوو، ئهو به فهرههنگی وشهی كوردی و سهرچاوهی جوانی شیعری سهردهم ههژمار دهكرێت، گهرچی قسهو باسی زۆری لهگهڵ خۆیدا برده ژێر گڵ، بهڵام دهكرێت بگوترێت له میدیای كوردیدا زۆر شتی تر ماوه كه لهبارهی شێركۆوه نهگوتراوه، ئهوهی جێگهی سهرنجه وهسیتهكهیهتی، بهشێك لهوهسیهتهكهی جێبهجێ كراوهو له پاركی ئازادی سلێمانی و لهو شوێنهی خۆی ویستی بهخاكیان سپاردووه. بهڵام ئهی ئهوانهی جێبهجێ نهبوون چین؟
شێركۆ بێكەس ناوی تەواوی شێركۆ فایەق عەبدوڵا یە و رۆژی 2ی ئایاری ساڵی 1940 لەگەرەكی گۆیژەی شاری سلێمانی لەدایك بووە، شێركۆ بێكەس كوڕی فایەق بێكەسی شاعیری گەورەی كورد و خاتو شەفیقە سەعید وەستا حەسەنە، فایەق بێكەس بەیەكێك لەو شاعیرانە دادەنرێت كە شیعری هاوچەرخی كوردیان دامەزراندووە و خۆشی یەكێك بووە لەرابەرانی.
فایەق بێكەس ساڵی 1948 كۆچی دوای كرد لەكاتێكدا شێركۆ تەمەن تەنها هەشت ساڵان بوو، منداڵی شێركۆ پڕە لە نارەحەتی و ناخۆشی دەردەسەری ئەویش بەهۆی خراپی دۆخی ئابوریەوە، شێركۆ بێكەس یەكەمین شیعری خۆی لە تەمەنی 17 ساڵیدا بڵاوكردۆتەوە و یەكەم كتێبی شیعری لە ساڵی 1968 بەناوی " تریفەی هەڵوێست " كە لە بەغداد چاپكرا بڵاوكردەوە.
شێركۆ بێكەس و تازەگەری لە شیعردا
شێركۆ بێكەس ساڵی 1971 لەگەڵ سێ هاوڕێی تری ئەدیب و نووسەریدا، حوسێن عارف، جەلال میرزا كەریم و كاكەمەم بۆتانی، بەیانی روانگە لە پێناوی نوێكردنەوەی ئەدەب و نووسینی كوردی بڵاو دەكەنەوە.
بێكەس ساڵی 1988 لە وڵاتی سوید خەڵاتی " تۆخۆڵسكی" پێبەخشرا ، ساڵی 2001 ناوەندی چاپ و راگەیاندنی خاك خەڵاتی پیرەمێردی شاعیری پێ بەخشی.
شێركۆ و دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم
ساڵی 1988 شێركۆ بێكەس و كۆمەڵێك لە هاوڕێكانی لە سلێمانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمیان دامەزراند، كە بەیەكێك لە ناوەندە رۆشنبیریە گرنگەكان دادەنرێت، سەردەم ساڵانە دەیان كتێبی وەرگێردراوی بیانی و خۆماڵی چاپ دەكات و دەیخاتە كتێبخانەی كوردیەوە.
شێركۆ بێكەس و شیعر
شێركۆ بێكەس بەیەكێك لە شاعیرە تازەگەرە داهێنەرە گەورەكانی كورد دادەنرێت و زۆرجار لە شیعرەكانیدا باسی نیشتمان پەروەری و خۆشەویستی خاك و ئاوی كوردستانی كردووە هەروەها گرنگیەكی زۆری بە پرسی ئافرەت و ئازادی و مرۆڤ دۆستی داوە، ساڵی 2009 سەرجەم بەرهەمە شیعریەكانی لە هەشت هەزار پەڕەدا لە چاپ درا.
كۆچی دوای شێركۆ بێكەس
رۆژی 4ی ئابی ساڵی 2013 بێكەسی مەزن لە وڵاتی سوید بە نەخۆشی شێرپەنجە چاوەكانی لێكنا و لەسەر وەسێتی خۆی لە پاركی ئازادی شاری سلێمانی نێژراوە، ئەمەش دەقی وەسێتی خۆیەتی:
وەسیەتنامە
"من نامەوێت لە هیچ كام لە گرد و گردۆڵەكەكاندا بنێژرێم كە دیارن و ناویان ئەبرێ، یەكەم لەبەرئەوەی پڕبونەتەوە و دووەم لەبەرئەوەی من حەز بە قەرەباڵغی زۆر ناكەم، من ئەمەوێ ئەگەر سەرۆكی شارەوانی و ئەنجومەنی شارەوانی شارەكەم ڕێگەم پێبدا و ئەوەم پێ ڕەوا ببینن كە لە پاركی ئازادیدا و بە تەنیشت مۆنۆمێنتەكەی شەهیدانی ١٩٦٣ی سلێمانییەوە بمنێژن، ئەوێ خۆشترە و تەنگەنەفەس نابم، من حەز ئەكەم بە مردویش نزیكی ئەو خەڵكەو ژن و پیاوی شارەكەم و دەنگی مۆسیقا و گۆرانی و هەڵپەڕكێ و یانە جوانەكانی ئەو پاركە بم. با كتێبخانەكەم و دیوانەكانم و وێنەكانم ببرێن بۆ شوێن مەزارەكەم، با كافتریایەك و باخچەیەكی بچكۆلانە لەو شوێنەدا هەبێت بۆئەوەی شاعیران و نوسەران و كچ و كوڕی دڵدار ببنە میوانم، من ئەمەوێ لە ئێستەوە بەچاوی خەیاڵ تەماشای ئەو پاركە بكەم و دوای مردنی خۆم ببینم، ئەمەوێ بەدەم چریكەی دیلان و ئەڵا وەیسییەكەی مەردان و سرودی خوایە وەتەن ئاواكەیەوە ئاڵای كوردستانم تێوە پێچرابێ و بنێژرێم، من ئەمەوێ لە پرسەكەمدا مۆسیقا لێبدرێت، لەناو مەزارەكەمدا تابلۆی جوانی هونەرمەندانی شارەكەم هەڵبواسن، من ئەمەوێ دوای خۆم و بەناوی «بێكەس» ەوە خەڵاتێكی ساڵانە تەرخان بكرێ و بدرێت بە جوانترین دیوانە شیعری هەڵبژێردراوی ئەو ساڵە و خەرجی ئەم خەڵاتەیش لەو میراتە بدرێ كە جێیدەهێڵم.
شێركۆ بێكەس و كوردایەتی
شێركۆ بێكەس ساڵی 1965 دەبێت بەپێشمەرگە و لەرادیۆی دەنگی كوردستانی عێراق دەست بەكار دەكات، لەدوای نسكۆی شۆرش دووردەخرێتەوە بۆ شاری رومادی، و ساڵی 1979 دەگەڕێتەوە بۆ سلێمانی و ساڵی 1984 جارێكی تر دەبێتەوە بە پێشمەرگە، و ساڵی 1986 لەسەر پێشنیاری هاوڕێكانی ڕوودەكاتە ئەوروپا و هەمان ساڵ دەگاتە ئیتاڵیا و دواتر دەچێتە سوید.
لەیەكەم كابینەی حكومەتی هەرێم لەساڵی 1992 دەبێتە وەزیری رۆشنبیری، بەڵام دوای ماوەیەك دەست لەكاردەكێشێتەوە.
شێركۆ بێكەس ساڵی 1969 لەگەڵ خاتوو نەسرین میرزا ژیانی هاوسەری پێك دەهێنێت و بەرهەمی هاوسەرگیریەكەیان چوار منداڵە بەناوەكانی هەڵۆ و هانا و هەڵبەست و هێژا.
بەرهەمەكانی شێركۆ بێكەس
• تریفەی هەڵبەست، شیعر، ١٩٦٨
• كەژاوەی گریان، شیعر، ١٩٦٩
• كاوەی ئاسنگەر، شانۆنامەی شیعر، ١٩٧١
• من تینوێتیم بە گڕ ئەشكێ، شیعر، ١٩٧٣
• ئاسك، شانۆنامەی شیعر، ١٩٧٦
• كازیوە، پۆستەرە شیعر، ١٩٧٨
• دوو سروودی كێوی، شیعری درێژ، ١٩٨٠
• ڕووبار، چیرۆكە شیعر، ١٩٨٣
• كەشكۆڵی پێشمەرگە، شیعری موقاوەمەت، ١٩٨٤
• داستانی هەڵۆی سوور، قەسیدەی درێژ، ١٩٨٥
• ئاوێنە بچكۆلەكان، كورتە شیعر، ١٩٨٦
• تەمتوومان، شیعری ددێژ، ١٩٨٨
• دەربەندی پەپوولە، شیعری درێژ، ١٩٩١
• ئافات، شیعر، ١٩٩٣
• مێرگی زام، مێرگی هەتاو، شیعر، ١٩٩٦
• بۆننامە، قەسیدەی درێژ، ١٩٩٨
• چراكانی سەر هەڵەمووت، پەخشان، ١٩٩٩
• نسێ، ١٩٩٩
• ژنێك و دوو پیاو، ٢٠٠٠
• ژن و باران، ٢٠٠٠
• ڕەنگدان، ٢٠٠١
• ئەزموون، ٢٠٠١
• لە چلەی چلچرایەكدا، ٢٠٠١
• پیاوێ لە دارسێو، ٢٠٠٢
• خۆم؛ ئەو وەختەی باڵندەم، ٢٠٠٢
• پاییزە میوان، ٢٠٠٢
• كوكوختیە بزێوەكە، ٢٠٠٣
• گۆڕستانی چراكان، ٢٠٠٤
• ئێوە بە خۆشەویستیم ئەسپێرن، ٢٠٠٤
• سروودە بەردینەكان، ٢٠٠٥
• كورسی، ٢٠٠٥
• لە گوڵەوە هەتا سووتوو، ٢٠٠٦
• حەفتا پەنجەرەی گەڕۆك، ٢٠٠٧
• كتێبی ملوانكە، ٢٠٠٧
• تۆ ئەتوانی بە قومێ ماچ بمخەیتەوە هەڵقوڵین، ٢٠٠٧
• زێ و زنە، ٢٠٠٨
• تەون، ٢٠٠٩
• هەست و نەست، ٢٠١٠
• ئێستا كچێك نیشتمانمە، ٢٠١١
• ئەسپێك لە پەڕەی گوڵاڵە، ٢٠١٢
• خێراكە مردن خەریكە بگات، ٢٠١٣
• نووسین بە ئاوی خۆڵەمێش، ٢٠١٣
شیعری شێركۆ بێكەس بۆ زۆر زمانی وەكو ئینگلیزی، فەرەنسی، ئەڵمانی، ئیتاڵی، سویدی، عەرەبی، توركی، فارسی و وەرگێڕدراون.
و/پەیسەرپرێس
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق