بەرنامەی سەردانەکەی کازمی بۆ واشنتن و بەشداری کورد لە کۆبوونەوەکان

ليست هناك تعليقات


بڕیارە رۆژی سێشەممە 18ی ئاب، مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بگاتە واشنتن و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ و بەرپرسانی ئەو وڵاتە کۆببێتەوە.

بەگوێرەی پرۆتۆکۆلی نێوان هەردوو وڵات، ئەمڕۆ دووشەممە مستەفا کازمی بە یاوەری شاندێک کە لە وەزیرانی بەرگری، وەزیری نەوت، كارەبا، پلاندانان، كۆچبەران و ژمارەیەك راوێژكار پێکهاتوون، بەرەو واشنتن بەڕێدەکەون. بڕیارە كاژێر 6:00ی ئێوارەی رۆژی 18ی مانگ بگەنە فڕۆكەخانەی سەربازی ئەندروا لە نزیك واشنتن و بە رێوڕەسمێکی سەربازی پێشوازی لە كازمی و شاندی یاوەری دەكرێت.

هەر لە میانەی سەردانەکەیدا كازمی و شاندەکەی یاوەری بۆ هۆتێلی ویلارد لە واشنتن بەڕێدەكەون و رۆژی چوارشەممە 19ی ئاب، دانوستاندنی ستراتیژی عێراق و ئەمریكا لە بارەگای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بە سەرۆكایەتی فوئاد حوسێن و مایک پۆمپەیۆ بەڕێوە دەچێت.

مستەفا كازمی لە شوێنی مانەوەی لەگەڵ سەرمایەدارە عێراقی و ئەمریكییەکان و بەڕێوەبەری ژوورە بازرگانییەكان و ژمارەیەك كەسایەتی عێراقی و ئەمریكی كۆدەبێتەوە.

کاژێر 6:00ی بەیانی بەکاتی واشنتن لە هۆتێل ویلارد پشکنینی کۆرۆنا بۆ مستەفا کازمی دەکرێت و دوای دڵنیابوونەوە لە باری تەندروستی، کاژێر 2:00ی دوای نیوەڕۆ کە دەکاتە 8:00ی ئێوارە بەکاتی بەغدا، کازمی و ترەمپ کۆدەبنەوە.

بەگوێرەی راگەیێندراوێكی سکرتێری میدیایی کۆشکی سپی، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە رۆژی 20ـی ئابی 2020، پێشوازی لە مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات.

کۆشکی سپی لە راگەیێندراوەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، سەردانەکەی کازمی لە کاتێکی هەستیاردایە بۆ ئەو وڵاتە لەکاتێکدا ئەمریکا و عێراق پێکەوە کاردەکەن بۆ دڵنیابوون لە تێکشکاندنی داعش و رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

کۆشکی سپی راشیدەگەیێنێت، ئەمریکا و عێراق وەک دوو وڵاتی هاوبەش چاویان لە پەرەدان بە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوانیانە سەبارەت بە چەند بابەتێک لەنێویاندا پرسی ئەمنی، وزە، تەندروستی و هەروەها پێکەوە کارکردن.

لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا، ئەمریکا و عێراق دەستیان بە گفتوگۆی ستراتیژیی نێوانیان تایبەت بە دیاریکردنی چارەنووسی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق کرد و پێشبینیش دەکرێت ئەو بابەتە یەکێک بێت لە پرسە سەرەکییەکانی سەردانەکەی کازمی.

پێنج کورد لەنێو شاندەکەدا هەن، فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، بەیان سامی عەبدولڕەحمان نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمریکا، عەمید هەژار عومەر، بەڕێوەبەری راگەیاندن و هۆشیاری وەزارەتی پێشمەرگە لەگەڵ بەڕێوەبەری نووسینگەی مستەفا سەید قادر، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان.

11ی حوزەیرانی ئەمساڵ گفتوگۆی ستراتیژی نێوان ئەمریکا و عێراق بە بەشداری نوێنەری هەرێمی کوردستان، بە ڤیدیۆکۆنفرانس دەستیپێکرد، بەپێی راگەیێندراوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هەردوو وڵات پەیوەندییەکانیان باشتر پێشدەخەن.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif