وەستانی ئەو جەنگەی سەری عێراقی خوارد و ئێرانی كردە براوە

ليست هناك تعليقات

عوسمان گوڵپی
-
جەنگی درێژخایەنی سەدەی ڕابردوو لە كاتێكدا ڕوویدا كە دۆخی ئابووری خەڵكی عێراق زۆر باش بوو، عێراق لە دۆخی گەشەسەندندا بوو، ئەو عێراقەی بە سەرۆكایەتی سەدام بوە ناونیشانی مەرگێكی بەردەوام بۆ كورد و گەلانی عێراقیش، ئەو لە چوارچێوەی حەزە شەخسیەكانیدا سەرۆكایەتی دەكرد، ئەوەی ئەو دەیوت بڕیاری كۆتایی بوو، بەجۆرێ نە پەرلەمان و نە ئەنجومەن و نە هیچ كەس و گروپێكیتر بۆی نەبوو نە بیر بكاتەوە و نە بڕیار بدات و نە بتوانێ بشڵێت ئەو بڕیارە باش نیە، سەدام بڕیاردەر و تەواوی عێراق جێبەجێكار بوو.

ئەمڕۆ ساڵڕۆژی وەستانی جەنگی ئێران و عێراق بوو، ئەو جەنگەی عێراق تێیدا دەستپێشخەر بوو و هەر خۆشی تیایدا دۆڕا، دۆڕانێك كە تا ئێستاش عێراق نەهاتۆتەوە مایە و كاریگەری و لێكەوتەكانیشی سەدامی خستە بەردەم پەتی سێدارە

سەدام حسین كە تاكە بڕیار دەری عێراق بوو و خۆشی بە گەورەی عەرەب دەزانی و خەونی هیتلەری لە كەللەیدابوو، لە ڕۆژی ٢٢ی ئەیلولی ١٩٨٠ بڕیاری جەنگی دژی ئێراندا و پێشی وابوو بە چەند ڕۆژێك ئێران دەبێتە خاكی وڵاتەكەیی و خۆشی دەبێتە سەرۆكی هەردوو وڵات، چونكە ئەوكات زۆر نەبوو شۆڕشی ئێران سەری گرتبوو و ڕژێمی شا ڕووخابوو، ئێران لە ئاڵۆزیدا بوو و شۆڕشەكەی ئیمام خومەینی ڕابەری شۆڕشی ئێران، هێشتا شۆڕش نەكەوتبوە سەرپێی خۆی و ئێران ئیستیقراری وەر نەگرتبوو، بۆیە سەدام پێی وابوو ئێران تیكەیەكی چەوری ئاسانە و هەر زوو دەتوانێ هەزمی بكات، بەڵام ئەمە نەك سەری نەگرت و ئێرانی نە ڕووخاند، بەڵكو جیهانی توشی شۆك كرد بەوەی كە ئێرانێك تازە شۆڕشێك تیایدا ڕوویداوە و حكومەتێكی ساوای نەكەوتوە سەرپێ بتوانێ ڕوو بەڕووی عێراق ببێتەوە، كە عێراق ئەو كات لە سەقامگیری ساسی و ئابوری زۆر باشدا بوو

ئەگەرچی سەرەتا عێراق زۆر ناوچەی ئێرانی گرت، بەڵام جەنگ كۆتایی نەهات و درێژەی كێشا و ئێران كە ئەو كات نە لە ڕووی سیاسیەوە و نە لە ڕووی ئابووریەوە سەقام گیر نەبوو، كەچی نەك بەرگەی جەنگەكەی گرت، بەڵكو جەنگەكە وایكرد شۆڕشی ئێران سەقامگیر و بەهێز بێت، ئەگەر بەراوردی قەبارەی زیانەكان هەردوو وڵات بكەیت و سەرنجی پشتیوانی عێراق بدەیت كە زیاتر لە ٣٠ وڵات پشتیوانیان دەكرد، ئەوا بۆت دەر دەكەوێت كە ئێران نەك تەنها لە جەنگەكەدا بردیەوە بەڵكو بردنەوەكەی هەتا ئێستاش بەردەوامی هەیە، ئەو جەنگە بوە هۆی ئەوەی ئێران ببێتە دەولەتێكی بەهێزی ناوچەكە، بە پێچەوانەی عێراقەوە كە خۆی بە براوە دەزانی بەڵام عێراق لەو جەنگەدا نەك تەنها شكستی خوارد، بەڵكو ئەو دۆڕانە درێژەی كێشاو كۆتایی بەسەدام هێنا، شەڕی هەشت ساڵەی ئێران و ئێراق، عێراقی خستە ژێر قەرزێكی زۆر گەورە، وایكرد سەدام لە ناخیدا هەست بە شكستێكی گەورە بكات، بۆ پڕكردنەوەی بۆشایی ئەو شكستە دەرونیە سەدام و دۆزینەوەی دەرچەی دانەوەی قەرزەكانی ڕووی كردە داگیركردنی كوەیت بە بیانووی ئەوەی كوەیت كاریگەری لەسەر نرخی نەوت بە زیانی عێراق هەیە و لە ئەسڵیشدا سەدام كوەیتی بە پارێزگای ١٩هەمی عێراق دەزانی، 

عێراق جەنگی كوەیتی كردو زۆر ئاسان كوەیت خۆی تەسلیم كرد، بۆ چەند مانگێكی كەم سەدام خۆی كردە پاڵەوان و قەرەبووی شكستی لەگەڵ ئێران بە گرتنی كوەیت كردەوە، بەڵام دوای پێنج مانگ و لە چەند شەو ڕۆژێكدا هێزەكانی هاوپەیمانان، بە پشتیوانی بڕیارەكانی ئەنجومەنی ئاسایش كۆتاییان بە خەونەكەی سەدام هێنا، عێراق لە كویت بە زیانێكی زۆر گەورەی سەربازیەوە شكاو و بڕیاریدا كویت جێ بهێڵێت، ئەو شكانەی سەدام بەتەواوی سوپای عێراق و ئابووریەكەی وێران كرد، عێراقی كردە وڵاتێكی تێكشكاو و لە ناوخۆی عێراقیش جەماوەر چەندین ناوچەی لەدەستی سەدام وەرگرتەوە و ڕاپەڕین شارەكانی گرتەوە كە بە ڕاپەڕینی شارە شیعیەكان ناسرا و لە باكوری عێراقیش پارێزگاكانی كوردستان ڕاپەڕینیان كردوو سەدامیان كۆتایی پێ هێنا لە ناوچەكانی خۆیان، 

ئیدی سەدام لە خەونی فراوانكردنی وڵاتەكەی و داگیركردنی ئێران و كوەیتەوە هاتەوە سەر ئەوەی پارێزگاكانی خۆی بخاتەوە ژێر دەستی خۆیی، سەدام توانی ڕاپەڕینی شیعەكان زۆر بەتوندی سەركوت بكات و بیخاتەوە ژێر دەستی خۆی بەڵام ئەوەی كە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان بخاتەوە دەستی خۆی شكستی خوارد و بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشیش سەبارەت بە هێڵی ٣٦ ڕێگر بوو لە سەدام بە قازانجی خەڵكی كوردستان

ئەمڕۆ ٨/٨ ساڵڕۆژی وەستانی جەنگی ئێران و عێراقە، جەنگێك كە هەردوولا خۆیان بە براوە زانی و براوە ڕاستەقینەكەش ئێران بوو، ئەو ڕۆژەی ئێران بڕیاریدا جەنگ ڕابگرێت ئیمامی شۆڕشی ئێرا، وتی( گەر ڕاوەستانی شەڕ پیاڵەیەك ژەهریشبێ دەیخۆمەوە) ئیدی ئەو پیاڵە ژەهرە تاڵە بوە شیرینی بۆ ئێرانیەكان و ئەو وڵاتەی خستەوە سەرپێی خۆی و ئێران لەو ڕۆژەوە خۆی لە جەنگ لادەدات، بە پێچەوانەی عێراقی سەدامەوە كە هەمیشە بە دوای جەنگدا دەگەڕا، 

شەڕی ئێران و عێراق بوە هۆی كوژرانی نزیكەی یەك ملیۆن كەس و بریندار بوونی نزیكەی ٢ملیۆن كەس لە هەردوو وڵات، زیانەكەشی بە بڕی ٤٠٠ ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێ

عێراق نەك تەنها لە جەنگی ئێراندا دۆڕا، بەڵكو هاوپەیمانەكانیشی بەدۆڕاو حساب كران، درێژەی سەركێشیەكانی سەدام و هەستكردنی بەشكست لەبەرامبەر ئێران و گەڕان بەدوای قەرەبووی ئەو شكستە دەرونی سەربازیەدا وایكرد هەنگاو لەسەر هەنگاوی هەڵە بەردەوامبێ، تا ڕژێمی بەعسی لە ساڵی ٢٠٠٣ كۆتایی پێ هێناو و سەدامیشی بردە بەردەم پەتی سێدارە و عێراقیش هێشتا لە ژێر باری ئەو زیانانە دەرنەچوە، ئەوە وێڕای ئەوەی ئێران ئێستا وڵاتێكی بڕیاردەرە لە عێراق نەك دراوسێ، ئەوەش باجی سەركردەی میزاجی دیكتاتۆری خۆ بەزلزانی سەرشێت، كە من پێموایە سەرۆكێك وڵاتەكەی بخاتە ژێر قەرز و سوپاكەی وێران بكات و خۆی بخاتە بەردەم سێدارە، جگە چیرۆكی سەرشێتی سەرۆكێك هیچیتر نیە

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif