د.موئمین زەڵمی
ڕۆژهەڵات پڕە لە نەوت و ئاو و زێڕ و کانزا و دۆلار و ئۆتۆمبێلی گرانبەها، بەڵام مرۆڤی تیا نیە!
هەمووان خەتابار و هەمووان قوربانین، ئەم گەمژەیەتییەی لێرە دەگوزەرێت، کۆیلایەتی تاوی پێ دەسەنێت و مێشکپووتی کڵپەی لێ هەڵدەسێنێت، سەرنج بدەن، شەڕی ناوخۆی نێوان هاوڵاتیانی هەرێم و وڵاتە جیاوازەکان هەر بەردەوامە.
مرۆڤی رۆژهەڵاتی، هەر دەڵێی قوربانیی سوتانی تیشکی رۆژە، نە ساتێکی هەیە بۆ پشوو، نە ساڵێکی هەیە بۆ ئارامی، هەرچی بەڵاو و چەرمەسەری و ناخۆشییە، هەرچی تەقینەوە و قەتڵوعام و کوشت و بڕە، هەرچی فەقیری و داماوی و بێ دەرەتانییە، دەڵێی لە ڕۆژهەڵاتەوە هەڵهاتووە.
هەرچی بیری توند و ناتەندروست و وەحشیگەری رۆژئاواشە لێرە گەرمی دەبێتەوە، دەبێ رۆژی ئێرە لێی بدات، بۆیەش لەوێ لە لەوەڕی زیندانەکان دووری دەخەنەوە و هەناردەی ئێرەی دەکەن و لێرەش دەبێتە بەڵای گیانی خەڵکی ستەمدیدە.
تەقینەوەی ئەمڕۆی بەیروت، بۆ لوبنانییەکان داخ و بۆ رۆژهەڵاتییەکان کەسەرێکی تاسەر ئێسقان بۆگەن، گڕو دوکەڵ ئاسمانی داپۆشیوە و جەستەکان دەبرژێن و هێشتاش هەر سەرۆکێک، حزبێکی دەسەڵات و تەنانەت بازرگانە چاوچنۆکەکانیش جارێک وەک مرۆڤ بیرناکەنەوە، کە ئەم میللەتانە بپارێزن.
ڕۆحی قوربانییەکان شاد.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق