عه‌دنان عوسمان: ئاماده‌نین سازش له‌ مه‌بادیئه‌كانى خۆمان بكه‌ین‌

ليست هناك تعليقات


عه‌دنان عوسمان گوته‌بێژى فه‌رمى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان، له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا لەگەڵ میدیای فەرمی بزوتنەوەکە، به‌ راشكاوى وه‌ڵامى چه‌ند پرسیارێكى تایبه‌ت، سه‌باره‌ت به‌ مانه‌وه‌ى گۆڕان له‌سه‌ر پره‌نسیپه‌كانى پێشوو و ره‌خنه‌كان سه‌باره‌ت به‌ لادان و ته‌سلیمبوونى گۆڕان ده‌داته‌وه‌، هاوكات به‌ڕوونى ده‌ڵێت، كه‌ ئیراده‌ى چاككردنى دۆخه‌كه‌ لاى لایه‌نه‌كان دروست نه‌بووه‌و هه‌نگاوه‌كان بۆ چاكسازى له‌سه‌ر ژیانى خه‌ڵك ره‌نگی نه‌داوه‌ته‌وه‌.

"به‌ڵێنمان داوه‌"

عه‌دنان عوسمان سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵوێستى گۆڕان له‌سەر ئه‌داى حكومه‌ت ده‌ڵێت، ئه‌گه‌ر رێككه‌وتنه‌كه‌ وه‌ك خۆى جێبه‌جێبكرایه‌ دۆخه‌كه‌ ئێستا وانه‌ده‌بوو، بۆیه‌ ده‌بێت ئه‌و رێككه‌وتنه‌ وه‌ك خۆى جێبه‌جێبكرێت، هاوكات ئه‌وه‌ش به‌ بیردێنێته‌وه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر لایه‌نه‌كان به‌ قسه‌ى گۆڕانیان بكردایه‌، چ پێشوو چ ئێستا وه‌زعى خه‌ڵكى هه‌رێمه‌كه‌ به‌م شێوه‌یه‌ نه‌ده‌بوو "به‌ڵام به‌هیواین، ئه‌مه‌لێكى ترمان داوه‌ به‌ چاكسازى".

گوته‌بێژى گۆڕان به‌ پێداگرییه‌وه‌ ئه‌وه‌ ده‌خاته‌وه‌ روو:"به‌ڵێنمان به‌ خۆمان و ده‌نگده‌رى خۆمان و خه‌ڵكى كوردستان داوه‌، كه‌ ئێمه‌ جه‌نگاوه‌رێكى راسته‌قینه‌ى چاكسازى و به‌هێزكردنى ئه‌م هه‌رێمه‌ و سه‌روه‌رى هه‌رێمه‌كه‌و باشكردنى هه‌رێمه‌كه‌ ده‌بین، پابه‌ندین به‌م په‌یامه‌ى خۆمانه‌وه‌، هه‌وڵده‌ده‌ین ناڕه‌زایى شه‌قام و ناڕه‌زایه‌تییه‌كانى شه‌قام له‌ ده‌سه‌ڵات ره‌نگ بداته‌وه‌ له‌ رێگاى ئێمه‌وه‌".

"به‌ ٢٩مانگ چاك ده‌كرێت"

تیمى گۆڕان بۆ چاكسازى چییان كردووه‌؟ گوته‌بێژى گۆڕان بۆ وه‌ڵامى ئه‌م پرسیاره‌ رایده‌گه‌یه‌نێت:"كێشه‌یه‌ك هه‌یه‌ ده‌بێت بیزانین، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ حه‌جمى گه‌نده‌ڵى و فه‌ساد له‌ كوردستاندا ناڕێكى و ناعه‌داله‌تى زۆر زۆره‌، وه‌ ساڵانێكى زۆر ته‌راكومى كردووه‌". به‌ڵام جه‌خت له‌وه‌ده‌كاته‌وه‌، كه‌ ئه‌م قسه‌یه‌ بیانوویه‌ك نییه‌ بۆ ئه‌وه‌ى بڵێین وه‌ڵا، چاكسازى ساڵانێك ده‌خایه‌نێت و ٢٩ ساڵ وێرانکراوە بە ٢٩ ساڵیش چاکدەکرێت.

عه‌دنان عوسمان پێى وایه‌، ئه‌وه‌ى به‌ ٢٩ ساڵ خراپكراوە، به‌ ٢٩ مانگ ده‌توانین چاكى بكه‌ین، ئه‌گه‌ر ئیراده‌ هه‌بێت،"كێشه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ هێشتا ئیراده‌كه‌ش نییه‌. وه‌ تێوه‌گلانى لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان له‌ مه‌وزوعى كۆمپانیا و ئه‌و بابه‌تانه‌، ئه‌ونده‌ قورسه‌ جارى وا هه‌یه‌ كه‌ ده‌ستى بۆ ده‌به‌یت، له‌وانه‌یه‌ لاشه‌كه‌ى وێران بێت و له‌وانه‌یه‌ نه‌گه‌یته‌ ئه‌نجامیش". 

"هیچ رێگایه‌ك نه‌ماوه"

عه‌دنان عوسمان دووپاتیده‌كاته‌وه‌ كه‌ چاكسازى له‌ كوردستان ده‌بێت بکرێت،"مه‌جالى تێدا نییه‌ و هیچ رێگایه‌ك نه‌ماوه‌، ئێمه‌ له‌نێوان دوو رێگانین، یه‌ك رێگا هه‌یه‌ ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ چاكسازى ده‌بێت بكرێت، وه‌ ده‌بێت ئه‌نجامبدرێت".

به‌بڕواى عه‌دنان عوسمان هه‌ر لایه‌نێك به‌رامبه‌ر چاكسازى بوه‌ستێته‌وه‌،"ته‌واو خۆى وێران ده‌كات، پێش هه‌موو شتێكى تر خۆى وێران ده‌كات، له‌به‌رئه‌وه‌ى خه‌ڵك ته‌حەمولى ناكات، واقعى كوردستان ئێستا ته‌حەمولى ناكات، ئه‌گه‌ر بڵێى وه‌ڵا من خه‌ڵكم هه‌یه‌ و لایه‌نگرم هه‌یه‌ و بێده‌نگ ده‌بن و پاره‌یان پێده‌ده‌م و معاشیان پێده‌ده‌م، ته‌جروبه‌ى لایه‌نه‌كانى دیكه‌شمان بینیوه‌، خه‌ڵك ته‌حەمولى نامێنێت، ده‌بێت چاكسازى بكه‌ین".

ئیراده‌كه‌ ره‌نگى نه‌داوه‌ته‌وه

گوته‌بێژى گۆڕان هه‌ڵوێستى بزوتنه‌وه‌كه‌ى زیاتر روونده‌كاته‌وه‌:"حه‌جمى گه‌نده‌ڵی و ناعه‌دالییه‌ته‌كه‌ ئه‌وه‌نده‌ زۆره‌، له‌ راستیدا من ناڵێم كاتێكى زۆرى ده‌وێت، من ده‌ڵێم ئیراده‌یه‌كى به‌هێزى ده‌وێت، هیمه‌تێكى گه‌وره‌شى ده‌وێت، گۆڕان كه‌ ئێستا له‌ناو ده‌سه‌ڵاته‌ ته‌نها له‌پێناو ئه‌و ئیراده‌یه‌ و ئه‌و متمانه‌یه‌ بدات، كه‌ ئێمه‌ له‌برى ئه‌وه‌ى شه‌قامتان لێبوروژێنین و كار له‌سه‌ر شه‌قام بكه‌ین، ئێمه‌ هاتووین له‌گه‌ڵتان چونكه‌ ئامانجه‌كه‌مان چاكسازییه‌، ئامانجه‌كان خه‌ڵك و میلله‌ته‌كه‌یه‌، وه‌رن له‌گه‌ڵتان ئێمه‌ ئاماده‌ین ئه‌و كاره‌ بكه‌ین، به‌ڵام سه‌یرى ئه‌وه‌ ده‌كه‌ین كه‌ تاچه‌ند ئاماده‌ن، بۆیه‌ راسته‌ هه‌نگاو نراوه‌ به‌ڵام هێشتا ئه‌و هه‌نگاوه‌، هێشتا ئه‌و ئیراده‌ به‌هێزه‌ ره‌نگى نه‌داوه‌ته‌وه‌، له‌ ژیانى خه‌ڵك و پرۆژه‌كانیشدا".

خۆشترین شت ئۆپۆزسیۆنبوونه‌

ئێستا قسه‌ى زۆر سه‌باره‌ت به‌ مانه‌وه‌ یاخود كشانه‌وه‌ى گۆڕان له‌ حكومه‌ت ده‌كرێت، گوته‌بێژى بزوتنه‌وه‌كه‌ سه‌باره‌ت به‌م داواكارى و ره‌خنانه‌ ده‌ڵێت:"ئێستا خۆشترین شت ئه‌وه‌یه‌ ئۆپۆزسیۆن بیت، له‌م هه‌ژارى و نه‌بوونى بێمووچه‌ییه‌دا، له‌وانه‌یه‌ ئاسانترین كار ئه‌وه‌بێت كه‌ تۆ ئۆپۆزسیۆن بێت، بۆئه‌وه‌ى قسه‌ بكه‌یت و ره‌خنه‌ بگریت".

به‌ڵام ده‌ڵێت:"ئێمه‌ رێگا سه‌خته‌كه‌، رێگه‌ دژواره‌كه‌، رێگه‌ پڕ له‌ لوغمه‌كه‌مان هه‌ڵبژاردووه‌، ئه‌ویش رێگاى چاكسازییه‌، شانمان داوه‌ته‌ به‌ر ئه‌وه‌ى خه‌ڵك ره‌خنه‌مان لێبگرێت، هه‌ڵسوڕاوه‌كانمان قسه‌مان پێبكات، بڵێت ئێوه‌ له‌ په‌یامى خۆتان لاتان داوه‌، ئێوه‌ له‌ رێبازى خۆتان لاتان داوه‌، شانمان خستووه‌ته‌ ژێرى، ته‌بعه‌ن ئه‌مه‌ رێبازى كاك نه‌وشیروان بوو كاك نه‌وشیروان ده‌ستى به‌وه‌كرد كه‌ ئێمه‌ له‌ حكومه‌ته‌وه‌ كار له‌سه‌ر چاكسازى بكه‌ین، ئێمه‌ هاتووین ئه‌م رێگا پڕ له‌ ئه‌ڵغامه‌مان هه‌ڵبژاردووه‌، ته‌حه‌مولى هه‌مو ره‌خنه‌و بۆڵه‌ و خه‌ڵك و هه‌ندێك جار ته‌شهیر و هه‌ندێك جار جنێو و ئه‌وانه‌ ده‌كه‌ین، له‌پێناوى ئه‌وه‌ى كه‌ هه‌رێمه‌كه‌مان ئه‌م گه‌له‌، ئه‌م نیشتمانه‌ ئه‌م هاوڵاتییانه‌، بڕۆنه‌ به‌ڕى ئه‌مان، بڕۆینه‌ قۆناغێكى تر، كۆتایى بێنین به‌م نه‌هامه‌تییانه‌، كۆتایى بێنین به‌م ژیانه‌ دژواره‌، بۆیه‌ ئێمه‌ ئێستا ئه‌م رێگا سه‌خته‌مان هه‌ڵبژاردووه‌، وه‌ ئیلا رێگاكه‌ى تر له‌وانه‌یه‌ ئێستا خۆشترین و ئاسانترین رێگابێت". 

په‌شیمان نین

سه‌باره‌ت به‌وه‌ى گۆڕان په‌شیمانه‌ له‌ رێككه‌وتنه‌كانى یاخود نا، گوته‌بێژى گۆڕان روونیده‌كاته‌وه‌، كه‌ ئه‌وان‌ له‌ رێككه‌وتنه‌كان په‌شیمان نین،"له‌به‌رئه‌وه‌ى به‌ نیه‌تى ئیسڵاحه‌وه‌ رۆیشتووین به‌ نیه‌تى چاكه‌وه‌ رۆیشتووین، به‌ نیه‌تى چاكه‌ى گشتییه‌وه‌ رۆیشتووین به‌ نییه‌تى خێرو بێر بۆ میلله‌ته‌كه‌ و بۆ نیشتمانه‌كه‌ رۆیشتووین، بۆیه‌ له‌ هیچ كام له‌ رێككه‌وتنه‌كان په‌شیمان نین، وه‌ سوریشین له‌سه‌رى وه‌ هه‌ر رێككه‌وتنێك له‌ رابردوودا كردبێتمان ئێستا ئاماده‌ین جێبه‌جێى بكه‌ین".

متمانه‌ نییه‌ و موزایه‌ده‌ زۆره‌

عه‌دنان عوسمان سه‌رنج ده‌خاته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ ئێستا متمانه‌ نییه‌ له‌نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان،"متمانه‌ زۆر لاوازه‌ له‌نێوانیان، ئیراده‌ زۆر زۆر لاوازه‌، هه‌نگاو نان بۆ پێكه‌وه‌ كاركردن زۆر زۆر لاوازه‌، موزایه‌ده‌ زۆر زۆر به‌هێزه‌، دردۆنگى زۆر زۆر به‌هێزه‌، ئیستیغلالكردنى ئه‌م دۆخه‌ له‌پێناو چنگێك ده‌نگى زیاتر و چه‌نگێك پۆستى زۆر زیاتر و چنگێك ئیمكانیاتى زیاتر زۆر زۆر به‌هێزه‌، چۆن ئێستا حزب بووه‌ته‌ هێزێكى باڵاتر له‌ حكومه‌ت، خه‌مى حزبیش بووه‌ته‌ خه‌مێكى گه‌وره‌تر له‌ نیشتمان، له‌ خه‌مى گه‌ل و میلله‌‌ته‌كه‌، كێشه‌ گه‌وره‌كه‌ى ئێمه‌ ئێستا ئه‌وه‌یه"‌.

با رێككه‌وتنى یه‌كێتى گه‌رم بكرێته‌وه‌

دواى ئه‌وه‌ى یه‌كێتى رێككه‌وتنه‌كه‌ى له‌گه‌ڵ گۆڕان جێبه‌جێنه‌كرد، جڤاتى نیشتمانى گۆڕان رێككه‌وتنه‌كه‌ى سڕكرد، قسه‌ى گوته‌بێژى گۆڕان له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ به‌م جۆره‌یه‌:"ئێمه‌ هه‌موو جارێك ئاماده‌ین لاپه‌ڕه‌یه‌كى تازه‌ له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌نێك بكه‌ینه‌وه كه‌ به‌و نیه‌تانه‌وه‌ به‌و پرۆژانه‌وه‌ كار بكات، كاتى خۆى ئێمه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كێتى رێككه‌وتنێكمان هه‌بوو ئه‌و رێككه‌وتنه‌ جێبه‌جێبكرایه‌ خێرێكى زۆر گه‌وره‌ى بۆ ئه‌م ناوچه‌یه‌و بۆ هه‌رێمى كوردستان هه‌بوو بۆ سیسته‌مى حكومڕانى هه‌بوو بۆ چاكسازى ده‌بوو بوارى ئابوورى بۆ هه‌موو ئه‌و مه‌سائیله‌ گرنگانه‌ هه‌بوو به‌داخه‌وه‌ جێبه‌جێنه‌كرا، ئێستاش یه‌كێتى ئاماده‌بێت ئێمه‌ سه‌د جار ئاماده‌ین، یه‌كێتى هه‌نگاوێك بنێت ئێمه‌ ١٠ هه‌نگاو ده‌چینه‌ پێشه‌وه، به‌ تایبه‌ت له‌و چوارچێوانه‌ى كه‌ به‌رژه‌وه‌ندى حزب نییه‌و به‌رژه‌وه‌ندى خه‌ڵك و نیشتمانه‌كه‌یه"‌.

ئه‌وه‌ ئاشكرا ده‌كات، كه‌ بۆ په‌یوه‌ندى نێوان گۆڕان و یه‌كێتى هه‌نگاو نراوه،"دڵخۆشین به‌وه‌ى هه‌نگاوى جددى و عه‌مه‌لى بنرێت، هیوادارین هیچ رێگرییه‌ك نه‌یه‌ته‌ پێشه‌وه‌ هیوادارین كات كوشتن نه‌بێت كارى جددى بێت واقعى ئه‌مڕۆى كوردستان چیتر ته‌حامولى كاتكوشتن ناكات. خۆى ئه‌و رێككه‌وتنه‌ بۆچى سڕكراوه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ى ئیراده‌یه‌ك نه‌بوو له‌ لایه‌نه‌كه‌ى تره‌وه‌ بۆ جێبه‌جێكردنیى، ئێستا ئه‌گه‌ر ئیراده‌یه‌ك هه‌بێت له‌لایه‌نه‌كه‌ى تره‌وه‌ بۆ جێبه‌جێكردنى ئه‌و رێككه‌وتنه‌ قسه‌یه‌ له‌سه‌ر چاكسازى له‌ هه‌موو كه‌رته‌كان و له‌هه‌موو سێكته‌رو بواره‌كاندا، ته‌نسیقه‌ له‌ به‌ینى گۆڕان و یه‌كێتى له‌ هه‌موو بواره‌كاندا ئێمه‌ هه‌میشه‌ ئاماده‌ین له‌پێناو چاكسازى ته‌نسیق له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌نه‌كان بكه‌ین، به‌ تایبه‌ت هێزێكى وه‌ك و یه‌كێتى كه‌ لێره‌ شه‌ریكین، پێكه‌وه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتین".

ئه‌وه‌ش بیردێنێته‌وه‌ كه‌ سڕكردنه‌كه خۆى‌ له‌وه‌وه‌ بوو كه‌ ئیراده‌كه‌ نه‌ما، ته‌ره‌فى به‌رامبه‌ر هیچ ئیراده‌یه‌كى نه‌بوو بۆ جێبه‌جێكردنى كارى له‌سه‌ر نه‌كرا، وه‌ك ئه‌وه‌ى كاك نه‌وشیروان وتى عیبره‌ت له‌ جێبه‌جێكردنه‌كه‌یه‌تى، جێبه‌جێنه‌كرا،"حه‌تمه‌ن سڕ ده‌بێت، خۆى هه‌ر ئۆتۆماتیكییه‌ن سڕبووه‌، فه‌رموو با ئێستا گه‌رم بكرێته‌وه‌". 

هه‌رچى مقه‌ڕمان هه‌یه‌ بیسوتێنن

له‌ خۆپیشاندانه‌كانى چه‌ند رۆژى رابردوو مه‌كۆى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان له‌ قه‌ڵادزێ سوتێندرا، گوته‌بێژى گۆڕان سه‌باره‌ت به‌م رووداوه‌ ده‌ڵێت:"جا له‌ هه‌ر شوێنێك ئێمه‌ براده‌ره‌كانمان له‌ سوڵته‌ بن، له‌ به‌رپرسیارێتییه‌كدا بن، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى یا قایمقام بن، سوبحانه‌ڵا زۆرتر كێشه‌ له‌و مه‌نتیقه‌یه‌ دروستده‌كرێت و له‌و ناوچه‌یه‌ دروستده‌كرێت، من پێم وایه‌ باكگراونده‌كه‌ى سیاسییه‌، به‌ڵام حه‌تمه‌ توڕەبوونى خه‌ڵك و بێهیوابوونى ئه‌و هیوا گه‌وره‌ى خه‌ڵك له‌سه‌ر گۆڕان هه‌ڵچنیبوو به‌ هیوابوو. هه‌رچى مقه‌ڕمان هه‌یه‌ بیسوتێنن به‌ڵام پێمان خۆش نییه‌ یه‌ك دڵۆپ خوێن له‌ په‌نجه‌ى گه‌نجێكى ئه‌م نیشتمانه‌وه‌ بێت، ئه‌وه‌ لامان گرنگتره‌، سه‌لامه‌تى گه‌نجه‌كان و هاونیشتمانیان لامان گرنگه‌ مافى خۆپیشاندان مافێكى بنه‌ڕه‌تى خه‌ڵكه‌، خه‌ڵك ئازاده‌ له‌وه‌ى خۆپیشاندان بكات".

ئه‌وه‌ش ده‌ڵێت:"ئێمه‌ خۆشحاڵین له‌وه‌ى خه‌ڵك روو له‌ ئێمه‌ بكات، خه‌ڵك هیواى گه‌وره‌ى له‌سه‌ر ئێمه‌ هه‌ڵچنیبوو به‌هیوابوون ئێمه‌ ژیانیان باشتر بكه‌ین، ئێستا ره‌خنه‌یان هه‌یه‌ ده‌ڵێن ئێوه‌ هیچتان نه‌كرد، ئێوه ‌بوون به‌ شه‌ریكى ده‌سه‌ڵاتێك كه‌ هه‌موو ئه‌م نه‌هامه‌تییانه‌ى به‌سه‌ردا هێناین، ئێستا خه‌ڵكه‌كه‌ هه‌مووى رووى له‌ ده‌مى ئێمه‌یه‌ ئه‌مه‌ شانازییه‌كى گه‌وره‌یه‌ بۆ ئێمه‌ به‌ نه‌نگى و عه‌یبه‌ى نازانین بۆ خۆمان و شانازى پێوه‌ ده‌كه‌ین، به‌ڵام دیاره‌ پێمان خۆش نییه‌ نه‌باره‌گاى ئێمه‌ بسوتێندرێت، نه‌ باره‌گاى لایه‌نى دیكه‌، نه‌ مومتەله‌كاتى گشتى نه‌ موڵكى تایبه‌ت".


دووباره‌ى ده‌كاته‌وه‌ كه‌ "زۆر جار به‌ قودره‌تى قادر زۆرجار باره‌گاكانى ئێمه‌ له‌ هه‌ندێك ناوچه‌ رووبه‌ڕووى ده‌بێته‌وه‌ كه‌ ئێمه‌ ساڵێكه‌ له‌ناو ده‌سه‌ڵاتین، دیاره‌ هۆكارى ئه‌م بارودۆخه‌ چ لایه‌نێكه‌و كێیه‌، خه‌ڵكانێك ناچنه‌ به‌ر ئه‌و باره‌گایانه"‌. 

ئاماده‌نین بچوكترین سازش بكه‌ین

ئێستا هه‌ندێك ره‌خنه‌ و قسه‌و باس هه‌یه‌ له‌سه‌رئه‌وه‌ى كه‌ گۆڕان ته‌سلیم بووه‌، گوته‌بێژى گۆڕان ئه‌وه‌ بیرده‌خاته‌وه‌:"ئێمه‌ له‌ ٢٠١٥ كه‌ به‌شداربووین له‌ حكومه‌ت له‌یه‌كه‌م تاقیكردنه‌وه‌ سه‌ركه‌وتووانه‌ و سه‌ربه‌رزانه‌ ده‌رچووین، پۆستمان وه‌لانا له‌ په‌رله‌مان و حكومه‌ت و شوێنه‌كانى دیكه‌، ئه‌و كاته‌ش ده‌یانگوت گۆڕان ته‌واو كێكى ده‌سه‌ڵات خواردو شیرینییه‌كه‌ى خواردووه، جارێكى تر ناچێته‌ سه‌ر ئه‌و رێگا موسته‌قیمه‌ى خۆى، بینیشمان گۆڕان به‌ ئاسانى ده‌ستبه‌ردارى ئیمتیازات بوو به‌ سه‌ختیش باوه‌شى كردبوو به‌ مه‌بادیئه‌كانى خۆیدا به‌ داخوازییه‌كانى خۆیدا".

ده‌ڵێت:"ئێستاش زۆر جار به‌هه‌مان شێوه‌ ده‌وترێت، موراهه‌نه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كرێت ره‌خنه‌مان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ لێده‌گیرێت، له‌سه‌ر په‌یامى خۆتان نه‌ماون ئێوه‌ شه‌قامتان به‌رداوه‌، ده‌ستتان له‌ كێكه‌كه‌ گیر بووه‌، تامى ده‌سه‌ڵاتتان چه‌شتووه‌ جارێكى دیكه‌ ناگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ شه‌قام".

عه‌دنان عوسمان به‌ پێداگرییه‌وه‌ ئه‌وه‌ ده‌خاته‌ڕوو،"هه‌نگاو به‌ هه‌نگاو، قۆناغه‌ به‌ قۆناغ پرۆژه‌ دواى پرۆژه،‌ ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ گۆڕان له‌سه‌ر پره‌نسیپه‌كانى خۆیه‌تى له‌سه‌ر مه‌بادیئه‌كانى خۆیه‌تى، ئاماده‌نین بچوكترین سازش له‌ مه‌بادیئه‌كانى خۆمان و قه‌ناعه‌ته‌كانى خۆمان و به‌رنامه‌ى خۆمان بێن، گۆڕان به‌رده‌وام تاقیده‌كرێته‌وه‌ با ١٠ تاقیكردنه‌وه‌ى دیكه‌ بێننه‌ پێشه‌وه‌، ئێمه‌ سه‌ربه‌رزانه‌ له‌ هه‌موو ئه‌و مه‌سائیلانه‌ ده‌رچووین له‌ مه‌وزووعى قاچاغچێتى له‌ یاساى چاكسازى، له‌ بابه‌تى ئازادییه‌كان له‌ داخوازییه‌كانى خه‌ڵك له‌ خۆپیشادان، له‌ هه‌موو ئه‌و مه‌سائیلانه‌ بینیمان گۆڕان له‌ پێشى پێشه‌وه‌یه‌و پێشه‌نگه‌ له‌ هه‌موو ئه‌و مه‌سائیلانه‌و ئاماده‌ نین له‌پێناوى هیچ مه‌سه‌له‌یه‌كى تردا، وه‌كو ئه‌وه‌ى له‌ زه‌مانى كاك نه‌وشیروان به‌ هه‌مان شێوه‌ بوو له‌ ئێستاش ئیدامه‌ى هه‌مان ئه‌و رێبازه‌ ده‌ده‌ین".

له‌ چى رازى بین؟

ئایا عه‌دنان عوسمان له‌ ئه‌داى ئه‌م حكومه‌ته‌ رازییه‌؟
-نه‌خێر، وه‌ك هاوڵاتییه‌ك، وه‌ك سیاسییه‌ك وه‌ك رۆژنامه‌نوسێك وه‌ك ئه‌ندامێكى خانه‌ش نه‌خێر رازى نیم، كێ هه‌بێت له‌م كوردستانه‌ رازى بێت به‌ چى رازى بێت، واقیعه‌ سیاسى و ئابوورییه‌كه‌مان له‌م وڵاته‌ ئاوه‌هایه‌، له‌ چى رازى بین؟ به‌ڵام هه‌ر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌هیواین ئیراده‌كه‌ دروست بێت وه‌ ئه‌و ئیراده‌یه‌ش ئیراده‌یه‌كى راستگۆیانه‌ بێت له‌ پێناوى چاككردن. عه‌دنان عوسمان به‌م جۆره‌ وه‌ڵام كۆتا پرسیارى داوه‌ته‌وه‌.





ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif