مستەفا کازمی لەو کاتەوەی پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراقی وەرگرتووە، بانگەشەی ئەوە دەکات کە دەیەوێت وڵاتەکەی لە هەموو بوارەکاندا سەربەخۆ بێت، بەتایبەت لە بواری سیاسیی و وزەدا، لە سەردانەکەیدا بۆ واشنتۆن کازمی لەگەڵ پێنج کۆمپانیای بواری وزەدا واژۆ کردووە، ئەمەش بۆ دوورکەوتنەوە لە پەیوەستبوون بە ئێران.
هاتنەوە بە پێنج گرێبەستەوە
مستەفا کازمی گەیشتووە بە رێککەوتن لەگەڵ پێنج کۆمپنایای ئەمریکی لە بواری وزە، نەوت و کارەبادا، وەزارەتی وزەی ئەمریکاش لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، هەریەک لە کۆمپانیاکانی (Honeywell International Inc، Baker Hughes، General Electric، Stellar Energy، Chevron Corporation) چەند گرێبەستێکی بازرگانییان لەگەڵ وەزارەتەکانی کارەبا و نەوتی عێراقدا واژۆ کردووە.
بەپێی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی وزەی ئەمریکا، بڕی گرێبەسەتەکەی نێوان ئەم پێنج کۆمپانیا دیارەی ئەمریکا و حکومەتی عێراق دەگاتە هەشت ملیار دۆلار.
دوورکەوتنەوە لە ئێران
دان برولیێت وەزیری وزەی ئەمریکا لەبارەی ئەم گرێبەستانەوە لەگەڵ حکومەتی عێراق دەڵێت، "ئەم گرێبەستانە بۆ داهاتووی عێراق گرنگن، دڵنیام ئەم کۆمپانیایانە چۆن هاکاری وڵاتەکەیان کرد لە سەربەخۆبوون لە بواری وزەدا، ئێستاش ئەزموونەکانیان لە هاوکاریکردنی عێراقدا بەکاردەهێنن و وا دەکەن عێراق توانای تەواوەتی هەبێت لە بواری کەرتی وزەدا."
گرێبەستەکە لە واشنتۆن واژۆ کراوە، ئەوەش لە ئەنجامی گفتوگۆکانی وەزیرانی نەوت و کارەبای عێراق لەگەڵ وەزیری وزەی ئەمریکا و دواتریش لە دیداری نێوان مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق و بەرپرسانی پیشەسازی وزەی ئەمریکا.
پێش بەیاننامەکەی وەزارەتی وزەی ئەمریکاش، بەرپرسێکی باڵای ئەمریکاش بە میدیاکانی راگەیاند، بەرپرسانی هەردوولا گفتۆگۆ لەبارەی ئاسایشی نەتەوەیی و هاوکاریی ئابووری دەکەن.
یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی واژۆکردنی ئەم گرێبەستانە و هاتنە پێشەوەی کۆمپانیا ئەمریکییەکان بۆ نزیکبوونەوە لە عێراق، سەربەخۆکردنی کەرتی وزەی عێراقە تاکو لە پەیوەستی بە کۆماری ئیسلامیی ئێران دووربکەوێتەوە.
پۆمپیۆ: پشتیوانی عێراقین
رۆژی چوارشەممە مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پێشوازی لە مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق کرد و پشتیوانی و هاوکاری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای بۆ عێراقییەکان دووپاتکردەوە.
دوای کۆبوونەوکەەی لەگەڵ کازمی پۆمپیۆ باسی لەوە کردووە، چاوپێکەوتنەکە بەرهەمدار بووە، ئەمەش بۆ جەختکردنەوە لەسەر هاوکاریی دوو لایەنە و گفتوگۆی ستراتیجی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و عێراق.
پۆمپیۆ ئاماژەی بەوەش کردووە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە کارەکانی لەگەڵ عێراق، بۆ قسەکردن لەبارەی رێگاکانی رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە ئابوورییەکان کە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوتەوە سەریهەڵداوە.
روناککردنەوەی عێراق
یەکێک لەو بوارە هەرە سەرەکییانەی کە حکومەتی عێراق دەیەوێت بە هاوکاری کۆمپانیا ئەمریکییەکان پەرەی پێبدات کارەبایە، ئەمەش وەها دەکات ئیتر عێراق زیاتر لە بەکارهێنانی کارەبای ئێران دووربکەوێتەوە و کەمتریش پێویستی بە کەرتی وزەی ئێران بێت، بەم جۆرە زیاتر بەرەو سەربەخۆیی وزە دەڕوات.
کۆمپانیای جەنەراڵ ئەلەکتریک کە یەکێکە لەو پێنج کۆمپانیایەی گرێبەستی لەگەڵ حکومەتی عێراق کردووە دەڵێت، دوو گرێبەستیان بە بەهای ملیارێک و ٢٠٠ ملیۆن دۆلار لەگەڵ وەزارەتی کارەبای عێراق واژۆ کردووە، ئەمەش لە بواری چاککردنەوە و نۆژەنکردنەوەی وێستگە سەرەکییەکانی کارەبا لە عێراق و پەرەپێدانی تۆڕەکانی دابەشکردنی کارەبا.
سندوقی دراوی نێودەوڵەتی
دوای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکان لە شارەکانی عێراق، عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق دەستی لەکارکێشایەوە، دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوتیش دۆخی ئابووری و دارایی عێراق روبەڕووی قەیرانی گەورە بووەوە، بۆیە بەغدا داوای هاوکاری دەکات بۆ رزگاربوون لەم دۆخە.
ئاژانسی هەواڵی عێراق بڵاویکردەوە، حکومەتی عێراق بۆ کەمکردنەوەی ئاستی پشت بەست بە نەوت و رووکردنە کەرتە نانەوتییەکان، داوای هاوکاری لە سندوقی دراوی نێودەوڵەتی کردووە.
ئاژانسەکە باسی لەوە کردووە، مستەفا کازمی لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ کریستالینا جۆرجییفا بەڕێوەبەری گشتی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی لە بارەگای سندوقەکە لە واشنتۆن، داوای هاوکاری کردووە بۆ وڵاتەکەی.
سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقیش لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، کازمی باسی لە ئەگەری رێککەوتن کردووە لەو بارەیەوە بۆ پشتیوانی ئابووری عێراق و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە نەوت، ئەمەش لە رێگەی گرنگیدان بە کەرتەکانی دیکە تاکو پێشبڕکێی کەرتی نەوت بکەن و رێژەی بێکاریش بهێننە خوارەوە.
کەرتی نەوت
بەپێی راگەیەندراوی وەزارەتی نەوتی عێراق، تەنها لە چوار مانگی سەرەتای ئەمساڵ عێراق بڕی ١١ ملیار دۆلار زیانی لە فرۆشتنی نەوتدا کردووە، ئەمەش بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت لە سەرەتای ئەمساڵەوە، بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.
ئەم پشتبەستنەی عێراق بە نەوت و داهاتی نەوت زیانێکی زۆری لە دارایی و ئابووری عێراق داوە، چونکە هەر بەرزبوونەوە و دابەزینێکی نرخی نەوت کاریگەری راستەوخۆی لەسەر ئابووری و دارایی عێراق هەیە، هۆکاری ئەمەش ئەوەیە ٩٨٪ی پارەی بیانی کە دێتە دەست حکومەتی عێراق، هی داهاتی نەوتە و ٩٣٪ی سەرچاوەی بودجەی عێراقیش پشت بە نەوت دەبەستێت.
شیڤرۆن
رۆژنامەی (Wall Street Journal) لە زاری بەرپرسانی عێراقییەوە هەواڵێکی لەبارەی هاتنی کۆمپانیای ناوداری شیفرۆنی ئەمریکی بڵاوکردووەتەوە بۆ یەکێک لە کێڵگە هەرە گەورەکانی نەوت لە باشوری عێراق.
لە هەواڵەکەدا هاتووە، گرێبەستەکەی شیفرۆن لە چوارچێوەی گرێبەستی کۆمپانیا ئەمریکییەکاندایە لەگەڵ حکومەتەکەی مستەفا کازمی، کە ئێستا لە واشنتۆنە و دەیەوێت سەربەخۆیی زیاتر بۆ بەغدا بگەڕێنێتەوە.
گرێبەستەکە بۆ کارکردنە لە کێڵگەی نەوتی ناسریە لە پارێزگاری زیقار، کە بەپێی زانیاریی بەرپرسانی وەزارەتی نەوتی عێراق یەدەگەکەی ٤.٤ ملیار بەرمیلە.
حکومەتی هەرێم و ئەمریکا
حکومەتی هەرێمی کوردستانیش هەوڵ دەدات زیاتر لە کۆمپانیا ئەمریکییەکان نزیک ببێتەوە تاکو گرێبەستیان لەگەڵ واژۆ بکات، سەرەتای ئەمساڵیش بەشێک لەم هەوڵانە دەستیان پێکرد.لە دووی شوباتی ئەمساڵ لە شاری میونشنی ئەڵمانیا مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ دان برولیێت وەزیری وزەی ئەمریکا کۆبووەوە، هەردوولا باسیان لە پەرەپێدانی پەیوەندی نێوان هەولێر و واشنتۆن لە بواری وزەدا کرا.
کۆمپانیا ئەمریکییەکان
یەکەم؛ (Honeywell International Inc)
لە ساڵی ١٩٠٦ دامەزراوە و بنکەی سەرەکی لە شاری (Charlotte) لە ویلایەتی (North Carolina)، ١١٤ هەزار کارمەندی هەیە، داهاتەکەی لە ساڵی ٢٠١٨، ١١٤ ملیار دۆلار بووە.
لە بوارەکانی فڕۆکەوانیی، تەکنۆلۆجیای بیناکاریی، ماددەی جێبەجێکردن و چارەسەری بەرهەمداریی، ئاسایش و تەکنۆلۆژی کاردەکات.
دووەم؛ (Baker Hughes)
کۆمپانیایەکی نێودەوڵەتی ئەمریکییە، بارەگاکەی لە شاری (Houston) لە ویلایەتی (Texas)، لە ساڵی ١٩٠٧ دامەخزراوە. داهاتەکەی لە ساڵی ٢٠١٨، ٢٢،٨٨ ملیار دۆلار بووە.
لە بواری خزمەتگوزاری پیشەسازییدا کار دەکات، یەکێکە لە کۆمپانیا هەرە گەورەکانی جیهان لە بواری نەوتدا.
خزمەتگوزاری و بەرهەمەکانی لە بوارەکانی راوێژکاری بۆ گەڕان بە دوای نەوت و غازی سروشتی، هەڵسەنگاندن، تەواوکردنی کارەکان و بەرهەمە نەوتیی و غازییەکان پێشکەش دەکات.
سێیەم؛ (General Electric)
بارەگای سەرەکی کۆمپانیەکە لە شاری (Boston) و لە شاری (New York) دامەزراوە، ساڵی ١٨٩٢ دامەزراوە و داهاتەکەی لە ساڵی ٢٠١٩، ٩٥،٢١ ملیار دۆلار بووە.
کۆمپانیاکە لە بوارەکانی فڕۆکەوانی، خزمەگوزاری تەندروستی، وزە، وزەی نۆژەنکراوە، پیشەسازی دیجیتاڵ و سەرمایەی وەبەرهێناندا کار دەکات.
چوارەم؛ (Stellar Energy)
کۆمپانیاکە خاوەن ئەزموونی ٢٠ ساڵ کارکردنە، بارەگایان لە کالیفۆرنیایە، کۆمپانیایەکە لە بواری ئەندازیارییدا کار دەکات، لە بوارەکانی میکانیکی، کارەبا، بونیادنان و کیمیاوییشدا کار دەکات.
لە بەشێکی دیاری وڵاتانی جیهان و کێشوەرەکانی ئەوروپا، ئاسیا و ئەفریقا کاریان کردووە.
پێنجەم؛ (Chevron Corporation)
کۆمپانیای شیڤرۆن ساڵی ١٨٧٩ لە کالیفۆرنیا دامەزراوە، داهاتەکەی لە ساڵی ٢٠١٨، ١٥٨،٩ ملیار دۆلار بووە. بارەگای سەرەکی لە شاری (San Ramon) لە ویلایەتی (California)یە.
شیڤرۆن کۆمپانیایەکی بواری وزەیە، لە بوراەکانی نەوت، سەرچاوە سروستییەکان و کیمیاییشدا کار دەکات.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق