جوڵەیەكی سەرۆك كۆمار كە لە بەرژەوەندی جەماوەرە و زیانی حیزبەكان

ليست هناك تعليقات


سه‌رچاوه‌: پێگه‌ی ئه‌له‌كترۆنی ئەلعەین ئەلئیخباریە
نووسین:
وه‌رگێران: لوقمان حاجى قادر
-
پێشنیارەكەی لیژنەی ڕاسپێردراوی بەرهەم ساڵحی سەرۆك كۆمار بۆ هەمواركردنەوەی هەندێك بڕگەی دەستوری، كە دەچنە خانەی بەدەنگەوەهاتنی داواكارییەكانی جەماوەر لە سازدانی هەڵبژاردنێكی پێشوەختە، دەرفەت بە هاتنە پێشەوەی لێوەشاوەكان دەدات و هەژموون و باڵادەستی حزبە سیاسییەكانیش بەرتەسك دەكاتەوە، ئەمەش شەپۆلێكی مشتومڕكاری و بگرە و بەردەی لە نێوان سەرجەم فراكسیۆنە سیاسییەكان هێناوەتە ئاراوە.
لیژنەكە كە لە ئاكامی ناڕەزاییە جەماوەرییەكانی ئۆكتۆبەری ڕابردوو پێكهاتووە، دوو ڕۆژ لەمەوپێش پیشنیارێكیان خستۆتە بەردەم بەرهەم ساڵح بە هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەران و ڕاسپاردنی ئەو لایەنەی زۆرینەی دەنگەكانی هێناوە كە حكومەت پێكبێنێت، ئەمەش پێچەوانەی ئەوەیە كە لە ئێستادا كاری پێدەكرێت، چونكە ئەركی پێكهێنانی حكومەت بە فراكسیۆنی هەرە گەورەی پەرلەمانی سپێردراوە، لیژنەكە پێشنیاری ئەوەشی كردووە كە گۆڕانكاری لە ڕوخساری سیستەمی پەرلەمانیدا بكرێت بەرەو سیستەمێكی سەرۆكایەتی یان سیستەمێكی تێكەڵ.
فراكسیۆنە سیاسییەكان لەمەڕ چۆنیەتی تێپەڕاندنی ئەو هەمواركردنەوانەدا ناكۆكن، كە ئاخۆ لە ڕێگەی پەرلەمانەوە ئەنجام دەدرێت یاخود لە ڕێگەی ڕاپرسییەكی جەماوەرییەوە؟ هەندێكیش پێیان وایە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان لە چوارچێوەی دەسەڵاتی دەستوری سەرۆك كۆماردا نییە، سەرۆك كۆمار تەنها دەسەڵاتی ئەوەی هەیە ڕەزامەند بێت لەسەر داواكارییەكە و دواتریش  بیخاتە بەردەم پەرلەمان، سەرباری ئەوەش، ئەوەی لە ئەرزی واقعیدا دەگوزەرێت وا دەكات ئەو هەمواركردنەوانە سەخت و دژواربن، ئەمەش هیواكانی گۆڕانكاری لەبار دەبات.
محەمەد ئەلغزی جێگری سەرۆكی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی دەڵێت: ڕێكاری هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بە گوێرەی بەندی 64 ی دەستور مەیسەر دەبێت، دوای ئەمەش سەرۆك كۆمار لە ماوەیەك كە لە 60 زیاتر نەبێت لە بەرواری هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان، دەبێت وادەیەك بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە ڕابگەیەنێت.
ئەلغزی ئاماژەی بەوەشدا كە "هەموو ئەو هەنگاوانە پەوەستن بەیەكەوە، چونكە هەردوو یاسای هەڵبژاردن و دادگای فیدڕاڵی پەیوەستن بە پەرلەمانەوە، ئەلعزی دەپرسێت و دەڵێت: چۆن دەكرێت ئەو هەمواركردنەوانە تێپەڕن لە كاتێكدا سەرجەم دامەزراوەكانی دەوڵەت پەكیان كەوتبێت؟
یونادم كەنا- ی ئەندامی لیژنەی پەرلەمانی تایبەت بە هەمواركردنەوەی دەستور، لە توانستی ئەو تیمە سەرۆكایەتییەی كۆمار كەمدەكاتەوە لەوەی بتوانن پێشنیارەكانیان تیپەڕێنن، ئەو جەخت لەوە دەكاتەوە كە لیژنەی هەمواركردنەوە دەستورییەكانی سەرۆكایەتی كۆمار، مافی ئەوەی نییە هیچ بڕیارێك بدات، تەنها ئەوەی لەدەست دێت پێشنیارەكان بەرز بكاتەوە بۆ ئەنجومەنی نوێنەران.
كەنا ئەوەشی گوتووە كە "هەمواركردنەوەی دەستور پێویستی بە دەنگدانی پەرلەمانە، دواتریش دەبێت ڕاپرسییەكی جەماوەری لەسەر بكرێت، بەو مەرجەی 3 پارێزگا ڕەتی نەكەنەوە، لە ئێستاشدا زۆر سەخت و دژوارە هیچ هەمواركردنەوەیەكی دەستوری ئەنجام بدرێت". كەنا ئاماژە بەوەش دەدات كە دەكرێت ئەو هەمواركردنەوەیە دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنە پێشوەختەكە كاری پێ بكرێت.
واقعی حاڵ
عادل لامی ئەندامی لیژنەی سەرۆكایەتی لەو بارەوە دەڵێت "سیستەمی سەرۆكایەتی واتای ئەوەیە سەرۆك ڕاستەوخۆ لە لایەن گەلەوە هەڵبژێردرێت، دواتر ئەویش سەرۆك وەزیران دادەنێت، یاخود وەك سامپڵە ئەمریكییەكە سەرۆك وەك خۆی دێڵێتەوە و دەشبێتە فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان".
لامی بەردەوام دەبێت: "هەرچی  سیستەمی تێكەڵە، واتای ئەوەیە سەرۆك كۆمار ڕاستەوحۆ لە لایەن گەلەوە هەڵبژێردرێت، پەرلەمانیش بە دەنگی حكومەت پێكبێت، بەڵام دەسەڵاتی فراوان بە سەرۆك كۆمار بدرێت، سەرۆك كۆماریش فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان دەبێت، لەسەر داوای حكومەتیش سەرۆك دەتوانێت ڕاستەوخۆ پەرلەمان هەڵوەشێنێتەوە، ئەمەش پیادەكردنی سەخت و دژوارە.
حەسەن مەسعودی پەرلەمانتاری فراكسیۆنی ڕەووتی حیكمە لەو بارەوە دەڵێت "سەرۆك كۆمار دەسەڵاتی ئەوەی نییە پەرلەمان هەڵوەشێنێتەوە، تەنها دەسەڵاتی ئەوەی هەیە ڕەزامەند بێت لەسەر بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان، دواتریش داواكە بخاتە بەردەم پەرلەمان بۆ دەنگ لەسەردانی.
پەرلەمان بە زۆرینەی ڕەهای ئەندامەكانی هەڵدەوەشێتەوە، ئەمەش لەسەر داوای سێیەكی ئەندامەكانی، یان لەسەر داوای سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و بە ڕەزامەندی سەرۆك كۆمار، ناش بێت پەرلەمان لە ئان و ساتی لێپرسینەوە لە سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران هەڵوەشێتەوە.
بەرهەم ساڵحی سەرۆك كۆمار پێشتر ڕایگەیاند بوو كە" هەر كاتێك داواكاری هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی لە لایەن سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانەوە پێ بگات، یەكسەر ڕەزامەند دەبێت لەسەری و داواكەش بۆ دەنگ لەسەردان دەخاتە بەردەم پەرلەمان".
پێشتر و لە كۆتایی مانگی ڕابردوو، مستەفا كازمی سەرۆك وەزیر، ڕۆژی 6 ی حوزەیرانی ساڵی ئایندەی وەك وادەی هەڵبژاردنی پێشوەختە دیاری كرد، بەڵام بە هۆی ئاڵۆزی دۆخی سیاسی عێراق و شێواوی ئەو دامەزراوانەی ئەنجامدانی ئەو ئەركەیان لە ئەستۆ دایە، هەروەها بە هۆی پێویستی هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن و یاسای دادگای فیدڕالی باڵا، گومان لەوە دەكرێت حكومەت بتوانێت لەو وادەی دیار كردووە، ئەو هەڵبژاردنە ئەنجام بدات.


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif