سه‌رۆك كۆمارو ئه‌نفالزه‌ده‌كان

ليست هناك تعليقات

له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج 
-
من ده‌زانم له‌ رۆژگارێكداین ئه‌گه‌ر لێره‌وه‌ به‌ وتارێك برینه‌كانی جه‌سته‌ی شارێ‌ ، شوێنێ‌ ناوچه‌یه‌ نیشانی به‌رپرسێكی باڵا بده‌ی هه‌ندێك ئه‌وه‌ به‌ پیاهه‌ڵدان و ئه‌و شتانه‌ لێكده‌ده‌نه‌وه‌ ، له‌ رۆژگارێكی خراپداین ده‌ڵێن چۆن ده‌بێت داواو نلمه‌ بۆ به‌رپرسان بنێرن، له‌ كاتێكا ئێمه‌ بمانه‌وێ‌ یان نا ئه‌وان به‌رپرسن و هه‌رده‌بێت بۆ داوای خه‌ڵك ، بۆ پێویستی خه‌ڵك رووله‌ وان بنه‌یت ، ئه‌م جۆره‌ نووسینانه‌ ده‌چنه‌ خانه‌ی كاری رۆژنامه‌وانیه‌وه‌و له‌ ته‌واوی دنیادا ئه‌م جۆره‌ له‌ نووسین هه‌ن ، من پێشتر له‌م جۆره‌ كاره‌ رۆژنامه‌وانیه‌ له‌ باره‌ی پرسی خه‌ڵكه‌وه‌ كردوه‌و یه‌خه‌ی زۆر به‌رپرسم گرتووه‌و به‌ نه‌نگی و كێماسیشم نه‌زانیوه‌ ، خۆ داوای موچه‌و ڤێللاو ئۆتۆمبیلم نه‌كردووه‌ بۆ خۆم ، بۆ خه‌ڵكیش ئاماده‌م هه‌ر جار له‌ ده‌رگای ئه‌وان بده‌م .

دكتۆر به‌رهه‌م به‌رله‌وه‌ی بێته‌وه‌ كوردستانیش پرسی ئه‌نفال و پرسی ئاواره‌و عه‌ره‌باندن و تاراندنی به‌لاوه‌ گرنگ بوو ، ئێمه‌ ئه‌وكاته‌ له‌ گۆڤاری كه‌ركوك كارمان ده‌كرد جارێكیان مامۆستا جه‌لال جه‌وهه‌ر پێی وتم ئه‌و دوو بابه‌ته‌ بۆ ئه‌مه‌ریكاو ئه‌وروپا جێی سه‌رنجن ، هه‌روه‌ها داوای ژماره‌ی گۆڤاره‌كان كرابوو بۆ ده‌ره‌وه‌ ، له‌ دوای گه‌ڕانه‌وه‌شی بۆ كوردستان ده‌یان جار له‌ سه‌ر پرسی كه‌ركوك و عه‌ره‌باندن و ئه‌نفال و جینۆساید گفت و گۆمان كردووه‌ ، ره‌نگه‌ له‌ زۆر شتیشا ناكۆك بووبین ، ره‌نگه‌ هه‌ندێك هه‌ڵوێست و قسه‌و باسی یه‌كتریشمان قه‌بوڵ نه‌بووبێت ، به‌ڵام خه‌مێك هه‌بووه‌ هه‌ڵوه‌سته‌ی له‌ سه‌ر بكه‌ین ، لێره‌دا من نامه‌وێ‌ هیچ چیرۆك و داستان و حه‌كایه‌تێك بگێڕمه‌وه‌ ، لێره‌دا هه‌رمه‌به‌ستمه‌ پرسێك بیر دكتۆر به‌رهه‌م بخه‌مه‌وه‌ .

سنوری چه‌مچه‌ماڵ، شۆڕش ، ته‌كیه‌ی كاكه‌مه‌ند ، ته‌كیه‌ی جه‌باری ، سه‌نگاو ، ئاخجه‌له‌ر ، شوان ناوچه‌یه‌كی گرنگ و فراوان و ستراتیژی و پڕ داهات و له‌ بیر كراون ، جگه‌ له‌ به‌ پیتی ناوچه‌كه‌ بۆ كشت و كاڵ و دانه‌وێڵه‌ ، سنوره‌كه‌ له‌ غازی سروشتی و نه‌وت و كانزادا زۆر ده‌وڵه‌مه‌نده‌و غازه‌كه‌ی به‌ رێژه‌یه‌كی یه‌كجار گه‌وره‌ مه‌زه‌نده‌ ده‌كرێت ، بیرمه‌ سه‌ره‌تای نه‌وه‌ده‌كان سه‌ردار پشتده‌ری له‌ رۆشنبیری چه‌مچه‌ماڵ وتی ئه‌م خاكه‌ی ئێمه‌ ی له‌سه‌رین هه‌مووی غازو نه‌وته‌ ، ئه‌و باسی ده‌ریایه‌ك نه‌وتی ژێر زه‌ویه‌كه‌ی كرد ،ناوچه‌كه‌ ناوچه‌یه‌كی دێرین و بایه‌خداری دیرۆكیه‌ ، به‌رده‌ به‌لكه‌و چه‌رموو ده‌ربه‌ندی بازیان و زۆرشوێنه‌وارو كۆنینه‌ی لێیه‌ ، شوێنه‌واری په‌رستگاكه‌ی ده‌ربه‌ندی بازیان له‌ هه‌ر وڵاتێكی تر بوایه‌ ئێستا دیواری بۆ ده‌كراو ده‌نرخێنراو داهاتیشی ده‌بوو .

خه‌ڵكه‌كه‌ی قوربانی زۆریان داوه‌ خاوه‌نی ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ ئه‌نفالكراوو شه‌هیدن ، له‌ ساڵی 1963ه‌وه‌ ئه‌م ناوچه‌یه‌ له‌ به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌و كوشت و بڕدایه‌ ، ئێستا ژماره‌یان له‌ 200 هه‌زار كه‌س تێپه‌ڕیوه‌ ، له‌ سه‌ر سه‌رژمێریه‌كی 6-1-196دا نزیكه‌ی 1000 بێوه‌ژنی هه‌بووه‌.

ئه‌م ناوچه‌یه‌ زیاتر له‌ سی ساڵه‌ به‌ ده‌ست كه‌م ئاویه‌وه‌ ده‌ناڵێنێ‌ ، به‌ تایبه‌ت ته‌كیه‌ی كاكه‌مه‌ندو شۆڕش و چه‌مچه‌ماڵ ، كاتی به‌عس هه‌وڵدراوه‌ پڕۆژه‌یه‌كی ئاوی دوكان – تاسلوجه‌ - چه‌مچه‌ماڵ دروستبكرێ‌ دواتر به‌ نیوه‌ چڵی گه‌یشت و به‌شی زۆری برا بۆ شوێنی تر ، چاره‌سه‌ری بێئاوی ئه‌م سنوره‌ راكێشانی ئاوی گۆپته‌په‌ – چه‌مچه‌ماڵه‌ ، كه‌ پێشتر له‌ هه‌رێمی كوردستان پاره‌شی بۆ ته‌رخان كراو خورا ، ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ نزیكه‌ی 130 ملیۆن دۆلاری تێده‌چێت ، بڕوا ده‌كه‌م جێبه‌جێكردنی ئه‌و كاره‌ خزمه‌تێكی گه‌وره‌یه‌ به‌ مێژووی هه‌ركه‌سێك كه‌ پێی هه‌ستێ‌ ، دڵنیام ئێوه‌ له‌ رێگه‌ی خۆتانه‌وه‌ ده‌توانن رۆڵی گه‌وره‌ له‌ جێبه‌ جێكردنی ئه‌و كاره‌دا بگێڕن، به‌و كاره‌ش وه‌ڵامی زۆر كه‌س ده‌درێته‌وه‌ .

كاتی خۆیشی بڕیارو شارێكی غاز سیتی پێشكه‌وتوو له‌م ناوچه‌یه‌ دروست بكرێت ئه‌ویش سه‌ری تیاچوو .

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif