سەرۆكی پێشووی شارەوانی هەڵەبجە تا ئێستاش خەبەری نیە

ليست هناك تعليقات


سەرۆکی پێشووی شارەوانیی هەڵەبجە لە ئێوارەی دوێنێوە لە ماڵ چووەتە دەرەوە و تاوەکو ئێستا نەگەڕاوەتەوە، کەسوکارەکەشی دەڵێن هیچ سۆراخێکی نییە.
 
ئارا خدر کەریم، کچی سەرۆکی پێشووی شارەوانیی هەڵەبجە بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند: "کاژێر 05:00ـی ئێوارەی دوێنێ یەکشەممە باوکم خۆی گۆڕی و بۆ پیاسە لە ماڵ چووە دەرەوە، مۆبایل و ئۆتۆمبێلیشی نەبرد، تاوەکو ئێستا نەگەڕاوەتەوە".
 
کچی سەرۆکی پێشووی شارەوانیی هەڵەبجە رەتیدەکاتەوە باوکی هیچ کێشەیەکی هەبووبێت و گوتی: "پێموانییە باوکم کێشەی لەگەڵ هیچ کەسێک هەبووبێت".
 
هەر لەبارەی دیارنەمانی سەرۆکی پێشووی شارەوانیی هەڵەبجە، سەربەست کەریم، برای خدر کەریم بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند: "براکەم ماڵێکی لە سلێمانییە و ماڵێکیشی لە هەڵەبجەیە، بە سەردان گەڕابووەوە هەڵەبجە، دوێنێ ئێوارە بەبێ ئەوەی بڵێت بۆ کوێ دەچێت لە ماڵەوە دەرچووە و نەگەڕاوەتەوە، خەڵکی هەڵەبجەمان ئاگادار کردووەتەوە، دوایینجار لە ناوچەی گوڵانی هەڵەبجە بیندراوە، دواتر دیارنەماوە، تاوەکو ئێستاش بێسەروشوێنە و کەس نازانێت لەکوێیە".
 
لەبارەی دەنگۆی رفاندن یان هەبوونی کێشە، سەربەست کەریم، دەڵێت: "براکەم کێشەی تایبەتی لەگەڵ کەس نەبووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی پێشتر سەرۆکی شارەوانیی هەڵەبجە بووە، هەندێک کێشەی هەبووە، بەڵام پێموانییە کێشەکەی ئەوەندە گەورە بووبێت کە بیڕفێنن، گومانیشمان لە کەس نییە، بۆیە ئەمڕۆش بەردەوام دەبین لە گەڕان بۆ سۆراخکردنی، ئەگەر هەر نەدۆزرێتەوە سبەی سێشەممە سکاڵای خۆمان لە دەزگا ئەمنییەکان تۆمار دەکەین".
 

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif