بە ئیقامەشەوە ناتوانن بگەڕێنەوە كوردستان

ليست هناك تعليقات

ئەو کرێکارانەی رۆژهەڵاتی کوردستان کە مۆڵەتی نیشتەجێبوونی یەک ساڵییان هەیە رێگەیان پێنادرێت بۆ کارکردن بێنە هەرێمی کوردستان. سەرپەرشتیاری دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەرانیش دەڵێت، بەبێ رەزامەندی وەزارەتی ناوخۆ رێگە بە هیچ کەسێک نادرێت لە سنوور بپەڕێتەوە.

سلێمان محەممەد، کرێکارێکی رۆژهەڵاتی کوردستان و دانیشتووی پیرانشارە راگەیاند: "ئێمە زیاتر لە 100 کرێکاری رۆژهەڵاتی کوردستانین و لە هەرێمی کوردستان ئیقامەی یەک ساڵیمان وەرگرتووە، نزیکەی شەش مانگە ناتوانین بگەڕێینەوە باشووری کوردستان بۆ کارکردن، هەرچەندە ماوەی ئیقامەکەشمان ماوە".

ئەو کرێکارە دەشڵێت، لە دەروازەی سنووری حاجی ئۆمەران پێیانگوتین دەتوانن "بە نووسراوی نوێنەرایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان" لە نەغەدە بێنە نێو هەرێمی کوردستان، نزیکەی 20 کرێکار سەردانمان کرد و داوای نووسراومان لێکرد، بەڵام دەڵێن ئەم بابەتە هیچ پەیوەندییەکی بە ئێمەوە نییە، داواشمان لە وەزارەتی ناوخۆ کردووە، خۆم 21 رۆژە داواکاریم پێشکەشکردوون، بەڵام وەڵاممان نادەنەوە، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستانیش لە تاران وەڵاممان ناداتەوە.

بەگوتەی سلێمان محەممەد، بژێوی ژیانی خێزانەکانیان لەسەر ئەم کارەیە بۆیە دەڵێت "داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین کە رێگەمان پێبدەن بگەڕێینەوە باشووری کوردستان بۆ کارکردن".

بەڵام مەسعود باتێلی، سەرپەرشتیاری دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "بەپێی رێنماییەکانی وەزارەتی ناوخۆ و بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە رێگە بە هیچ کەسێک نادرێت لە ئێرانەوە بێتە هەرێمی کوردستان، تەنیا دەبێت رەزامەندی لە وەزارەتی ناوخۆ وەربگرێت".

لەبارەی چۆنیەتی وەرگرتنی رەزامەندی وەزارەتی ناوخۆش، سەرپەرشتیاری دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران دەڵێت، ئەو شوێنەی کەسەکە کاری لێدەکات داواکاری پێشکەشی وەزارەتی ناوخۆ دەکات، وەزارەتیش ئەگەر رەزامەندی لەسەردا بۆ ئێمەی دەنێرێت، ئەوکات دەتوانین رێگەی پێبدەین بێتە نێو خاکی هەرێمی کوردستان.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif