ئارام ڕەفعەت
-
رۆژی ٦ی حوزەیرانی ٢٠٢١ی وەک رۆژی هەڵبژاردنە گشتییەکانی عێڕاقی راگەیاند. بەڵام ئەو دوو مانگ زیاترە لەکوردستان بانگەشەی هەڵبژاردنی دەستپێکردووە و لەرێگای بەهەدەر دانی سەدان هەزار دۆلار لەسامانی گشتی و لەرێگای تۆڕێکی کرێگرتە کار لەسەر گەوجاندی تاکی کورد دەکات. کازمی دەیان چالاکوانی سۆشیال میدیای کوردی لە چەند دەرزەنێک پەیج و ئەکاونتی سپانسۆرکراو و لەچەند سەرنەتەرێکی گوماناوی عێڕاقی و خەلیجیدا بۆ پروپاگەندە کردن بەکرێ گرتووە. لەم پرۆسەی گەوجاندنەدا مەترسیدارەدا پیاوەکانی کازمی لەکوردستان سەدان هەواڵی ساختەو چەواشەکەر و ناراستییان بڵاوکردۆتەوە.
لەم بابەتەدا، تیشک دەخەمە سەر هەندێک لەو گەوجاندنانە.
گەوجاندنی یەکەم: کازمی نوێنەری خۆپیشاندەرانی عێڕاقە
تۆڕە کرێگرتەکەی کازمی لە سۆشیال میدیای کوردیدا ئیدیعای ئەوە دەکەن کە کازمی نوێنەری خۆپیشاندەرانە و کار لەسەر داواکارییەکانی ئەوان دەکات و رزامەندی خۆپیشاندەرانی بەدەست هێناوە.
بەڵام، رێک پێچەوانەکەی راستە.
کۆمیتەی رێکخستنی خۆپیشاندانەکانی شۆڕشی تشرین، کە رابەرایەتی خۆپیشاندەرانی سەرجەم شارەکانی عێڕاقی عەرەبی دەکات، لە رۆژی ١٢ی نیسانی ٢٠٢٠دا بەیاننامەی ژمارە ٢٣١ی بڵاوکردەوە. بەیاننامەکە یەک رۆژ دوای کاندیدکردنی کازمی بۆ پۆستی سەرەک وەزیران بڵاکراوەتەوە و تێیدا رایانگەیاندراوە کە کازمی "کاندیدی حیزبە گەندەڵەکان و میلیشییاکانی سەر بە ئێرانە". بەکورتی، کازمی دوور و نزیک نوێنەرایەتی خۆپیشاندەرە عێراقیەکان ناکات.
گەوجاندنی دووەم: کازمی جیاوازە لەگەڵ حیزبە شیعییەکانی تر
تۆڕە کرێگرتەکانی کازمی لە سۆشیال میدیای کوردیدا پروپاگەندەی ئەوە دەکەن کە کازمی سەر بە حیزبە شیعییە حاکمەکانی عێڕاق نییە و لەوان جیاوازە.
بەڵام، رێک پێچەوانەکەی راستە.
وەک کۆمیتەی شۆڕشی ترشرین لەبیاننامەکەدا نوسیویانە، کازمی سەر بە حیزب و میلیشیا فاسیدەکانی شیعەیە. چۆن؟
ئەو کاندیدی عەبادی بوو بۆ پۆستی سەرۆکی دەزگای هەواڵگری عێڕاق، ئێستاش نوێنەرایەتی هاوپەیمانی ئەلنەسر، بەتایبەتیش نوێنەرایەتی باڵی حەیدەر عەبادی دەکات وە پشتیوانی باڵی ئەلسائیرونی موقتەداشی هەیە. ناو ماڵی شیعیش وەک ناوماڵی کوردی دابەش بووە بەسەر چەند هاوپەیمانییەتیەکی دژ بەیەک و ناکۆک. هاوپەیمانی ئەلسائیرون، ئەلفەتح و ئەلنەسر و دەڵەتی قانوون چوار پێکهاتەی سەرەکی ناو ماڵی شیعین و هەر هەمووشیان لە گەندەڵی تێوەگلاون و هەمووشیان گروپی میلیشیای حەشدی تایبەت بەخۆیان هەیە.
کازمی چ پەیوەندییەکی بەحەیدەر عەبادی و حیزبە فاسیدە شیعییەکانی ترەوە هەیە و چؤن لەرێگەی ئەو پەیوەندییانەوە گەییشتە پلەی سەرەک وەزیران؟
کازمی پەیوەندی خێزانی لەگەڵ ئەوانەی سەرەوەدا هەیە و لەرێگای نیپۆتیزمەوە ئەم پلەیەی بەدەست هێناوە.
سەباح ئەلبەغدادی، نوسەری دیاری عێڕاقی بەم شێوەیەی خوارەوە وێنای پەیوەندییە خێزانییانەی بۆ کردووین.
١) کازمی زاوای مەهدی عەلاقە، کە یەکێک لە سەرکردە دیارەکانی حیزبی دەعوە و ئەمینداری گشتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێڕاقیشە. مەهدی عەلاق، واتە خەزوری کازمی، یەکێکە لە پیاوە فاسیدەکانی عێڕاق رۆڵێکی زۆری هەبووە لە گەییشتین کازمی بە پێگەی سەرۆکی دەزگای موخابەراتی و سەرەک وەزیران.
٢) کازمی سەر بە مەرجەعی حسین ئیسماعیل ئەلسەدرە و ئەویش یەکێکە لە پێکهاتەی سیستەمی فاسیدی شیعی.
٣) برایەکی کازمی، بەناوی سەباح کازمی، ئاوەڵزاوای حەیدەر عەبادییە و هەم راوێژکاریشی بووە لە کابینەکەیدا و دواتریش راوێژکاری عەبدولمەهدی بوو ئێستاش راوێژکاری براکەیەتی. رەنگە خوێنەر فەزاحەتی تەلەفۆنە نمایشکارانەکەی کازمی بۆ براکەی لەبیر بێت.
٤) برایەکی تری کازمی، عماد کازمی، راوێژکاری ئەنجومەنی وەزیرانە.
بەکورتی، کازمی، وەک کۆمیتەی خۆپیشاندەرکان ئاماژەیان پێدا، بەشێکە لەو سیستەمە سیاسییە فاسیدەی عێڕاق و لەرێگای پەیوەندییە خێزانییەکانەوە هاتۆتە پێشەوە و نوێنەرایەتی باڵێکی حوکمرانی ناو هەرەمەی سیاسی شیعە دەکات، کە مەهدی عەلاقی خەزوری و حەیدەر عەبادی ئاوەڵزاوای براکەی رابەرایەتی دەکەن.
گەوجاندنی سێیەم:
مستەفا کازمی دژی حەشدی شەعبی و گەندەڵییەکانی ئەم میلیشییایەیە.
نەخێر، پێچەوانەی ئەو هەڵلا راگەیاندنەی تۆڕەکانی کازمی لە کوردستان، کازمی دژی حەشدی شەعبی نییە وهەر وەک نیویۆرک تایم دەڵێت، هاتنی کازمی هیچ کاریگەری نەبووە بۆ سەر لاوازبوونی حەشدی شەعبی. تاکە گورزێک بەر حەشد کەوتبێت و بەهۆیەوە لاواز بووبن کوشتنی قاسم سلێمانی و ئەبومەهدی موهەندیسە لەلایەن ئەمریکییەکانەوە.
بۆ ئەوەی وردتر بین، کازمی زیاتر دژی باڵێکی ناو حەشدی شەعبییە و ئەمەش لەلایەکەوە پەیوەندی بە کوتلە و دابەشبوونی ناو ماڵی شیعییەوە، کەلەسەرەوە ئاماژەم پێدا. کازمی هەر هەوڵێکی دابێت لەناو چوارچیوەی ناکۆکییەکانی ئەو باڵانەی ناو ماڵی شیعی بووە، لە دژی لایەک و بۆ رازیکردنی لایەکی تر وبە پشتیوانی ئەو لایەنەش. تەنانەت لە یەکلاکردنەوەی ئەو ململانێ ناوخۆییانەی ماڵی شیعەشدا سەرکەوتوو نەبووە. یەکەم شکستی کازمی گرتنی ١٤ میلیتانتی حیزبووللا بوون و ناچاریش بوو هەمان رۆژ لەژێر فشاردا ئازادییان بکەن. ئەو نماییشانەش کە کراون لە کۆنترۆڵکردنی هەندێک لە دەروازەی سنووری هەر لەچوار چێوەی ئەو ململانێیەی ناو ماڵی شیعە بووە و دەروازەکانی لە گروپێکی حەشدی نەیار وەرگرتۆتەوە و تەسلیمی گروپێکی تری کردووە.
گەوجاندنی چوارەم:
کازمی لەگەندەڵییەوە نەگلاوە
یەکێکی تر لە پروپاگەندەکانی تۆڕە کرێگرتەکەی کازمی ئەوەیە کە کازمی رابردوویەکی پاکی هەیە و لەگەندەڵییەوە نەگلاوە؟
بۆ پوچەڵکردنەوەی ئەم گەوجاندنەش، با ئەم چەند خاڵە بخەینە پێش چاو.
١) وەک لەسەرەوە ئاماژەم پێدا، کازمی بەهۆی نیپۆتیزمەوە بۆتە سەرۆکی دەزگای هەواڵگری (سیخوڕی) عێڕاقی و لەوێشەوە سەرکەوت بۆ پۆستی سەرەک وەزیران. واتە، کازمی بەشێکە پرۆسەی گەندەڵی و نیپۆتیزم.
٢) گومان دەکرێت بڕوانامەی کازمی تەزویر بێت. لە ساڵی ٢٠١٦، کاتێک کازمی کرایە سەرۆکی دەزگای هەواڵگری، لەمەلەفەکەیدا وەک هەڵگری بروانامەی بەکالیۆریۆس لە یاسا، لە بەشی ئێوارانی کۆلیژی توراسی لەزانکۆیەکی ئەهلیدا بەدەست هێناوە، خوێندکارانی دەرچووی هەمان ساڵ و هەمان کۆلیژ لە سۆشیال میدیا کردیانە هەرا و گوتیان هیچ کەسێک بەو ناوە و بەو روخسارە بۆ یەک رۆژیش لەگەڵ ئێمە دەوامی نەکردووە. ئەمەش گومانی زۆر دەکرێت کە کازمی، وەک سەدان گەندەڵی تر لە عێڕاقدا، بڕوانامەکەی بە پارە کڕیبێت.
٣) کازمی یەکێک بووە لەوانەی کە لە میدیای سێبەر لەسەر حیسابی پارە و قوتی خەڵکی کوردستان کاری کردووە. ئەو بۆ چەندان ساڵ، ئەندامی بۆردی خەندانی سەر بە بەرهەم ساڵح بووە و لەو دەزگایە و بە پارەی دزراوی خەڵک و لەسەر حیسابی قوتی خەڵکی کوردستان پارەیەکی موفتی وەرگرتووە.
خواستی گۆڕینی سیستەمی حوکمرانی لەهەرێمی کوردستان خواستێکی رەوا و بەرهەقە، دەبێت خەڵکی نارازی کوردستان ریزی خۆیان لە ریزی ئەو تۆڕە کرێگرتەیەی کازمی و میلیشیا شیعییەکان جیا بکاتەوە
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق