ئەندامێکی کوردی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، بڕیاری هەڵبژاردنی پێشوەختە لە دەسەڵاتی سەرۆکوەزیرانی عێراقدا نییە، بەڵکو دەبێت پەرلەمان ئەو بڕیارە بدات.
موسەننا ئەمین، ئەندامی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق راگەیاند، "بەپێی دەستووری عێراق تاوەکو پەرلەمان لە کاردا بێت هەڵبژاردن ناکرێت. بڕیاری هەڵبژاردنی پێشوەختیش واتا هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان، کەواتە دەبێت زۆرینەی ئەندامانی پەرلەمان دەنگ لەسەر هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بدەن بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی پێشوەختە بکرێت".
داواکاریی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بە دوو شێوە دەبێت، یەکەمیان ئەوەیە کە یەک لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمان داوایەک پێشکەش بکەن، یان داوایەک لەلایەن سەرۆکوەزیرانەوە بە رەزامەندیی سەرۆککۆمار پێشکەش بە پەرلەمان بکرێت.
رۆژی هەینی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە گوتارێکدا رایگەیاند، رۆژی 6ی حوزەیرانی 2021 وادەی هەڵبژاردنی پێشوەختەیە لە عێراق. ئەوەش یەکێکبوو لە بەڵێنەکانی کازمی کاتێک وەکو سەرۆکوەزیران دەستبەکار بوو.
لە بارەی ئەو بڕیارەوە موسەننا ئەمین ئاماژە بەوە دەکات هەندێک بۆچوون لەناو کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقدا هەن کە دەڵێت ساڵێک یان ساڵ و نیوێک بۆ ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە پێویستە.
کۆسپێکی دیکە بە بۆچوونی موسەننا ئەمین یاسای هەڵبژاردنە کە هێشتا بە تەواوی ئامادەنەکراوە و پەرلەمان بۆ سەرۆکایەتیی کۆماری نەناردووە تاوەکو سەرۆککۆمار پەسەندی بکات. یاساکە هاوپێچێکی ماوە کە تێیدا دەبێت بازنەکانی هەڵبژاردن لەناو هەموو پارێزگایەکدا دیاری و دابەشبکرێن، چونکە بەپێی یاسای نوێی هەڵبژاردن بازنەکان لە ئاستی پارێزگاوە بۆ ئاستی قەزا بچووککراونەتەوە.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق