گۆران بەرەو کوێ؟

ليست هناك تعليقات

د.فلاح مستەفا سدیق
-
بزوتنەوەی گۆران وەکو بزوتنەوەیەکی نارازی دروست بوو لەدەست نادادی وگەندەلی ونایەکسانی لەناو یەکێتی نیشتیمانی کوردستان وپەرەی سەند بەرەو شەقام.

پێش باسکردنی چارەنوسی گۆران بەرەو کوێ دەروات دەمەوێ تیشکێك بخەمە سەر پێناسەی پارتی سیاسی وپایەکانی ورۆلی لەکۆمەلگا دا وئامانجی.

پارتی سیاسی کۆمەلێ کەسانێکن ئامانجێك کۆیان دەکاتەوە لەچوارچێوەی ئایدییایەك بەشێوەیەکی رێکخراو تێدەکۆشن بەمەبەستی بەدی هێنانی ئەو ئامانجە.

پایەکانی پارتی سیاسی بریتییە لەئایدیا ورێکخستن وئامانج ورێگاکانی بەدی هێنانی ئامانج کەئامانجی سەرەکی هەموو پارتێکی سیاسی گەیشتنە بەدەسەلات لەچوارچێوەی ئەو ئەو ئایدییایەی کاری لەسەر دەکەن هەر بۆیە هەر جیاوازییەك لەئایدیا چارەنوسی سیستمی سیاسی ئەو ووڵاتە دەگۆرێت بۆ نموونە سەردەمی سۆسیالیستی یان سەرمایەداری وهتد.

پارتی سیاسی لەهەر کۆمەلگایەك رۆلی سیاسی کۆمەلگا رێكدەخات بەوەی چالاکی سیاسی بەشێوەی رێکخراو ئەنجام دەدرێت بەوەی ئەگەر ئەو پارتە لەدەسەلات بێت بەرنامەی سیاسی پارتەکە جێبەجێ دەکات بۆ بەرژەوەندی گشتی وخزمەت کردنی ئایدیای پارت، وئەگەر موعارەزەش بێت ئەوە کار وچالاکی پارتەکە بەشێوەی رێکخراو ئەنجام دەدات چی لەرووی دەرخستنی گەندەلێیەکانی پارتی دەسەلات یان ئەنجام دانی کار وچالاکی وەکو خۆپیشاندان وراگەیاندن وکۆر وکۆبونەوە وهتد.

هەر لەو روانگەیەوە دەمەوێ تیشك بخەمە سەر بزوتنەوەی گۆران ئایا پارتی سیاسییە؟ وچارەنوسی ئەم بزوتنەوەیە بەرەو کوێ دەگات؟

سەرەتا بەدلنیایەوە بزوتنەوەی گۆران پارت یان حزب نییە بەلکو بزوتنەوەیەك بوو، وەکو سەرەتا باسم کرد، هەلقوڵاوی نارەزایی وخاوەنی هیچ ئایدییایەك نەبووە ونییە، وئەوەی ئەندامانی کۆکردبووە وە هەمووی کەسانی نارازی لەواقیعی سیاسی هەرێمی کوردستان چی لەسەر ئاستی سەرکردەکانی یەکێتی وپارتی وچی لەسەر ئاستی پارتە ئیسلامییەکان کەبێ ئومێد ببون لەقیادەی سیاسی پارتەکانیان بۆ گۆرانکاری، ویان کەسانێك بوون بەحەق وناحەق لەپۆستەکانیان دوورخرابونەوە لەناو یەکێتی ویان کەسانی هەلپەرست بوون بەدوای پۆست دەگەران لەناو یەکێتی ودەستیان ناکەوت هەربۆیە بەئومیدی بەدەست هێنانی پۆست پەیوەندیان بەم بزوتنەوەیەوە کرد.

سەرەتا رۆلی کاك نەوشیروان بۆ دەست پێکردنی کار وچالاکی ئەم بزوتنەوە جوان بوو چونکە ئامانجی ئەم بزوتنەوەیە دژایەتی کردنی گەندەلی ونادادی بوو وبەم ئامانجە توانی زۆرترین لایەنگر لەخۆی کۆبکاتەوە وئەو دەستکەوتانە بەدەست بهێنێت کە لەهەڵبژاردنەکانی پێشووتر بەدەست هات، بەلام بەهۆی نەبوونی ئایدیایەکی روون بۆ بزوتنەوەکە وبەشداری کردنی بزوتنەوەکە لەحکومەت سەرەتای کۆتایی بزوتنەوەی گۆران دەستی پێکرد.

لەبیرمە ئەو کات لەچوارچێوەی گفتوگۆیەك لەگەل کاك عوسمانی حاجی محمود لەمالی خۆیان پێم ووت کەهەموو بزوتنەوەیەك پێویستی بەئایدیا هەیە بۆ سەرکەوتن وگۆران هەڵگری هیچ ئایدییایەك نییە وبەشداری کردنی لەحكومەت سەرکەوتوو نابێت بەرێزیان وەلامیان دامەوە کە بۆ ئەم ناوچانە ئایدیا رۆڵ نابینێت بەلام من هەر جەختم لەرای خۆم دەکردەوە وگفتوگۆکەمان بەوە کۆتایی پێهێنا کەرێباز حەملان سەردانی کرد وهاتە ژوورەوە ومن نەمدەناسی وکاك عوسمان ووتی ئەوە رێبازە ودیار بوو بەدەم وچاویەوە کەبۆ تەکلیف هاتووە وئەوە بوو دواتر بوو بەوەزیر وگۆرانی بەجێهێشت وقسەکانی منی پشتراست کردەوە کەگۆران خاوەن ئایدیا نییە.

هەموومان ئەوەمان بەچاوی خۆمان بینی لەپاش بەشداری کردندنی لەحکومەت رۆژ لەدوای رۆژ شکستەکانی زیادی کرد ورووی راستەقینەی ئەوانەی کەشەو ورۆژ لەچواردەوری کاك نەوشیروان بوون دەرکەوت کەتەنها پلە وپۆست وپارە ئامانجیان بوو ولەپاش مردنی کاك نەوشیروان پەیتا پەیتا بزوتنەوەی گۆران هەڵوەری ورۆژ لەدوای رۆژ بەرەو هەڵوەرینی زیاتر دەروات وتا کار گەیشتووەتە ئەوەی سەرکردایەتی گۆران سەریان لێشێواوە وهەر رۆژەو بیانویەك بۆ گوتاری سیاسی بزوتنەوەکە دەهێننەوە وخۆشیان نازانن دەسەلاتن یان موعارەزە!

ئەوەی من هەستی پێ دەکەم ورەنگە واقیعیش بێت هەنگاوەکان بەرەو ئەوە بروات چارەنوسی ئەم بزوتنەوەیە بکەوێتە دەستی کورەکانی کاك نەوشیروان وکۆمەلێ کەسانی هەڵپەرست لەدەوریان کۆ ببێتەوە ووەکو هەموو پارتە بنەمالەییەکان کۆتایی پێ بێت، وئەوەی ناوی بزوتنەوەی گۆران وچاکسازی بوو لەگەل مردنی کاك نەوشیروان بەگۆر بنرێت، کەئومید وئاواتی بەندە نییە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif