دیاری محمد نوری
-
دواجار مستەفا كازمی سەرۆكوەزیرانی كاتیی عیراق مانگی حوزەیرانی ساڵی داهاتووی دیاریكرد بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانیی عیراقو كەكەمتر لە (١٠) مانگی ماوەو وادەكەش لەبەردەم پەرلەمانی عێراقە بۆ پەسەندكردن یان گۆڕینی، كەئەوەی دووەم پێناچێت رووبدات بەوپێیەی لەئەگەری روودانیدا پەرلەمان رووبەڕووی ناڕەزایەتیی شەقام دەكاتەوە.
بۆئەو مەبەستەش پەرلەمان یاسایەكی پەسەند كرد كەجیاواز لەیاسای پێشووی هەڵبژاردنی عیراق لەژێر ویستو داواكارییەكانی شەقامی خۆپیشاندەری عیراقدا نووسراوە.
لەئێستاوە لایەنە سیاسییەكانی عیراقو كوردستان هەریەكەو بەجۆرێك كەوتوونەتە خۆیان بۆ ئەو هەڵبژاردنە چاوەڕوانكراوەو هەریەكەیان دەیەوێت زۆرترین دەنگی دەنگدەرانی بۆخۆی مسۆگەر بكات.
بەپێی ناوەڕۆكی یاسا پەسەندكراوەكە دەردەكەوێت كەئەو یاسایە دژی حزبە بچوكەكانەو نەخشەی ئەمریكایە بۆ بەڕێوەبردنی عیراق كەئەم شێوازە لەئەمریكاو زۆربەی ئەوروپا پەیڕەو دەكرێت، وردەكارییەكەشی جێهێڵراوە بۆ كۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەران كەتائێستا باس لەدوو شێواز دەكرێت، یەكیان لەسەر بنەمای بازنەی بچوكە كە(100-200) هەزار كەس بازنەیەك بێت، بۆ نمونە شارێكی وەك سلێمانی یان هەولێر بكرێتە چوار بازنەو بەم شێوازە ئەگەری دەرچوونی نوێنەری حزبەكانی دەرەوەی دەسەڵات زۆر لاوازە مەگەر چەند لایەنێک لەهەر بازنەیەك تەنها (یەك) كاندیدی هاوبەشیان هەبێت. شێوازی دووەم لەسەر بنەمای قەزا دەبێت، هەر قەزایەكیش ژمارەی دانیشتوانی لە (100,000) كەمتر بوو لەگەڵ نزیكترین قەزا كەكەمترین رێژەی دانیشتوانی هەبێت دەكرێنە یەك بازنەی هەڵبژاردن، بەمپێیەش پێدەچێت قەزای ناوەندی شارە گەورەکان (4-5) كورسی بەربكەوێت كەشانسی حزبەكانی دەرەوەی دەسەڵات كەمێك زیاترە لەشێوازی پێشوو.
پرۆسەی جیاكردنەوەی دەنگەكان لەناو بنكەكانی دەنگدانو راستەوخۆ دوای پرۆسەكە ئەنجامدەدرێت، كەبەشێوازی ئەلیكترۆنی دەبێت، (وا باشترە هەموار بکرێت و جیاکردنەوەی دەستیشی بۆ زیاد بکرێت). لەسەر كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانیش پێویستە لەدوای 24 كاتژمێر لەكۆتاییهاتنی دەنگدانەوە ئەنجامە فەرمییەكان رابگەیەنێت.
هیچكام لەپارێزگارەكانو ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاو نوێنەران و وەزیرەکان و بەڕێوەبەرە گشتیەکان بۆیان نیە بەرلە كۆتاییهاتنی خولی هەڵبژاردنیان، خۆیان بۆ ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران كاندید بكەن.
خاڵێكی تری یاسای هەڵبژاردن كەپەسەند كراوە كەمكردنەوەی ژمارەی كورسیەكانی پەرلەمانە لە (٣٢٩) كورسیەوە بۆ (٢٢٢) كورسی كە (9)یان بۆ كۆتاكان تەرخانكراون، واتە (107) كورسی كەمكراوەتەوە (سلێمانی لە18 بۆ12 كورسی) (هەولێر لە15 بۆ 10 كورسی)، ئەگەر پێشتر كورسیەك (٤٠) هەزار دەنگ بووبێت ئێستا نزیكدەبێتەوە لە (٨٠) هەزار دەنگ، بەگشتی دۆخی كورد لەسەر ئاستی عیراق زۆر خراپتر دەبێت بەتایبەت لەناوچە جێناكۆكەكان، وەکوو نەینەواو کەرکووک کە بازنەکان بچووک دەکرێتەوەو ئەگەری دەرچوونی نوێنەری کورد زۆر لاواز دەکات.
هەروەها گۆڕانكارییەكی زەقی یاسا تازەكە ئەوەیە چیتر دەنگ بەحزب نادرێت بەڵكو راستەوخۆ بەكاندیدەكان دەدرێت، واتە لەهەر بازنەیەك كاندیدانی ناو ئەو بازنەیە كێبڕكێ دەكەن لەسەر (یەك) كورسیی بازنەكەو هەركامیان دەنگی زیاتری هێنا ئەو براوە دەبێت.
كۆتای ئافرەتان لە (٢٥٪)ی كۆی پارێزگاكە دەبێت، ئەگەر ڕێژەی پێویست لەئافرەت دەرنەچوو ئەوا لەسەر ئاستی پارێزگا لەبازنەكان بەمیكانیزمێك كورسی بەئافرەت دەدرێت.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق