ده‌كرێت خه‌ونێكمان هه‌بێت

ليست هناك تعليقات

له‌تیف فاتیج فه‌ره‌ج 
-
له‌م رۆژانه‌ی پێشودا گه‌ڵ سه‌رۆك كۆمارا به‌ ته‌له‌فون ماوه‌یه‌ك باسی بارو دۆخی كه‌ركوكمان كرد ، ئه‌و رون ره‌وان وتی خه‌ڵكێك له‌ سه‌ره‌وه‌ دژی ئیداره‌ی ئێستای كه‌ركوك خۆ نیشان ده‌ده‌ن و ژێر به‌ ژێریش هه‌موو شتێك به‌ یه‌كه‌وه‌ ده‌كه‌ن ، هه‌روه‌ها باسی له‌وه‌ش كرد كه‌ ئه‌و پڕۆژه‌یه‌كی بۆ كه‌ركوك هه‌یه‌، یان رونتر ئه‌و ده‌یه‌وێت بارو دۆخی كه‌ركوك چاكبكاته‌وه‌ ، بۆ ئه‌مه‌ش دیاره‌ به‌رنامه‌و هه‌نگاوی خۆی هه‌یه‌ .

كه‌ركوك پێویستی به‌ قوڵكردنه‌وه‌ی گیانی پێكه‌وه‌ ژیان و ئاشتكردنه‌وه‌ی خه‌ڵكه‌كه‌یه‌ له‌ گه‌ڵ یه‌كتر ، هه‌ڵبه‌ت كه‌سانێك و وڵاتانێك هه‌ن به‌و پێكه‌وه‌ ژیانی ئاشتیانه‌و پێكه‌وه‌ هه‌ڵكردنه‌ ده‌هری ده‌بن و هه‌موو شت ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ سه‌ر نه‌گرێت ،رقه‌كه‌ش ته‌نها له‌ كورده‌و كه‌سی تر نا ، ئێ‌ دیاره‌ به‌رپرسانی كوردیش له‌ماوه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارێتیاندا له‌ كه‌ركوك ئه‌وه‌نده‌ ناجۆری و نارێكیان كردوه‌ ، ئێستا چاره‌سه‌ركردن و راستكردنه‌وه‌ زۆری گه‌ره‌ك ، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكا كه‌ ئێستا له‌مپه‌ری زۆریش هه‌ن له‌ به‌رده‌م چاه‌سه‌ر كردنی كێشه‌كاندا .

چاره‌سه‌ری پرسی كه‌ركوك جگه‌ له‌ ماده‌ی 140و له‌ چوار چێوه‌ی ده‌ستوری عیراقیدا ، گه‌ڕانه‌ به‌ دوای هاوبه‌شی له‌ نێوان پێكهاته‌كاندا ، كه‌ركوك ده‌بێت ببێته‌ شاری هاوڵاتیه‌كانی ، به‌مه‌ش ئه‌و رقه‌له‌ یه‌كتر كه‌ سیاسیه‌كان رۆڵیان هه‌یه‌ له‌ گه‌شه‌ كردنیدا به‌ره‌ به‌ره‌ له‌ نێو ده‌چێت ، یانی له‌ بری ئه‌و رقه‌ پێویسته‌ هه‌ر كه‌ركوكیه‌ك خه‌ونێكی باشتری هه‌بێت بۆ سبه‌ینێ‌ ، خه‌ونی باشتر به‌و مانایه‌ی خه‌ونی ده‌سته‌یه‌ك هه‌وڵی سڕینه‌وه‌ی خه‌ونی ده‌سته‌یه‌كی تر نه‌بێت ، ئه‌وه‌ی تا ئێستا وایه‌ ، یان به‌و جۆره‌ گوزارشتی لێده‌كرێت .

من له‌ قسه‌كانی سه‌رۆك كۆماردا ئه‌وه‌م خوێنده‌وه‌ كه‌ بۆ ئه‌وه‌ی پڕۆژه‌و به‌رنامه‌كانی بۆ كه‌ركوك سه‌ر بگرن پێویستی به‌ هاوكاریه‌ ، هاوكاری به‌ مانای له‌ گه‌ڵ بوون نا كه‌ بڕوام وایه‌ ئه‌وه‌ش زۆر ئاساییه‌ ، هاوكاری به‌ مانای تێكنه‌دانی به‌رنامه‌ له‌ یه‌كتر ، ئه‌و باسی رۆڵی هه‌ندێ‌ كه‌سی كرد له‌ تێكدانی به‌رنامه‌دا ، ئه‌مه‌ی بۆ ئه‌وه‌ وت كه‌ ناكرێت بۆ پرسی كه‌ركوك هه‌ر تاقمه‌و به‌ جۆرێك كار بكه‌ن ، به‌شێكی زۆری كاره‌كانیش دژایه‌تی كردنی یه‌كتر بێت .

لێره‌دا یان ره‌ش یان سپی نیه‌ ، وه‌ك ئه‌وه‌ی به‌شێك له‌ سیاسیه‌كان به‌و جۆره‌ كار ده‌كه‌ن ، له‌ گفت و گۆو دانیشتنا هه‌میشه‌ هاوبه‌شی ده‌دۆزرێته‌وه‌ ، ئه‌مه‌ خاڵێكی ئه‌رێنیه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ قۆناغی گوێزه‌ره‌وه‌دا كاری له‌ سه‌ر بكه‌ین .

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif