ئەندامانی پەرلەمانی عێراق لە پشکی پێکهاتەکانی عەرەب و تورکمان لە پارێزگای کەرکووک رایانگەیاند، کردنەوەی ناوەندی هاوئاهەنگی لەنێوان هێزە فیدراڵییەکان و هێزەکانی پێشمەرگە لە کەرکووک رەتدەکەنەوە.
پەرلەمانتارانی عەرەب و تورکمان لە کەرکووک کە ژمارەیان 6 پەرلەمانتارە، ئەمڕۆ چوارشەممە لە راگەیەندراوێکدا رایانگەیاند، "لە کاتێکدا حکومەت تەواو بێدەنگە، چەند دەزگایەکی راگەیاندن باسی دووبارە کردنەوەی ناوەندی هاوئاهەنگی لەنێوان هێزە فیدراڵییەکان و هێزەکانی پێشمەرگە لەنێو سنووری ئیدارەی پارێزگای کەرکووک دەکەن" و پێیانوایە پێچەوانەی دەستوورە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "ئەو رێکارە پێچەوانەی بڕگەکانی دەستوور و بڕیاری ژمارە 68ـی ساڵی 2017ـی پەرلەمانی عێراقە کە حکومەتی پابەندکرد بەوەی تەنیا رێگە بە بوونی هێزە فیدراڵییەکان لە کەرکووک بدات".
پەرلەمانتارانی عەرەب و تورکمان لە کەرکووک دەشڵێن، "پێداگریی حکومەتی ئێستا لەسەر بەفیڕۆدانی ئەو دەستکەوتانەی بەهۆی پرۆسەی سەپاندنی یاسا لە کەرکووک لە سەردەمی حکومەتەکەی بەڕێز عەبادی بەدیهاتوون، شکستێکی گەورەی دیارترین دەستکەوتی نیشتمانییە کە لەدوای ساڵی 2003ـوە بەدیهاتووە و پرسی ئاسایشی بۆ دەسەڵاتی فیدراڵی گەڕاندەوە کە بەهۆیەوە ئاسایش و سەقامگیری لە کەرکووک دەستەبەربوون و کۆتایی بە رفاندن و رووتاندنەوە و کوشتن هێنرا".
پەرلەمانتارانی عەرەب و تورکمان لە کەرکووک دەڵێن، بە هەموو شێوەیەک گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ نێو سنووری ئیداریی پارێزگای کەرکووک رەتدەکەنەوە. هاوکات داوا لە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان دەکەن لەو بڕیارەی پاشگەز ببێتەوە و پابەندی دەستوور و بڕیارەکانی پەرلەمانی عێراق بێت.
مانگی رابردوو وەزارەتی پێشمەرگە و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق رێککەوتن لەسەر کردنەوەی چوار ناوەندی هاوئاهەنگی لەنێوانیان لە کەرکووک و ناوچەکانی دیکەی ماددەی 140 لەنێوان هەرێمی کوردستان و هێزە فیدراڵییەکان بۆ چاودێریکردن و ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە ناوچەکانی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هێزەکانی عێراق.
ئەم رێککەوتنە یەکەم هاوئاهەنگییە لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هێزەکانی عێراق لەوەتەی لە ئۆکتۆبەری 2017وە هێزەکانی عێراق هێرشیانکردە سەر هێزی پێشمەرگە لە کەرکووک و ناوچەکانی دیکەی ماددەی 140.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق