لە دیدارێكی تلفزیۆنیدا سەبارەت ڕێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغداد، پارێزەر سامان عبدلڵە وەزیر لە كابینەی پێشوی حكومەتی عێراق و دانیشتوی پارێزگای كەركوك وتی: ئەم ڕێکەوتنە چارەسەری کێشە وقەیرانی ئابوری وکێشە داراییەکانی هەرێم ناکات بەتەواوەتی
گرنگترین ئەو خاڵانەی كە پارێزەر سامان عبدلڵە لە بەشی شیكاری هەواڵەكانی کاتژمێر یەکی کەناڵی NRT سەبارەت بەڕێکەوتنی چاوەڕوانکراوی هەرێم وبەغدا
١-دانوستانەکان ئاسان نین وهەر ڕێکەوتنێک بکرێت کاتی دەبێت ئەم ڕاستیەش چەندین هۆکاری هەیە ..کە پەیوەندیان بەنرخی نەوت، پەیوەستبوونەکانی هەرێم لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکان وتورکیا، سەرنەکەوتنی ئەزمونی ڕێکەوتنەکانی پێشوو لەڕووی پابەند وون وبەردەوامییەوە، سروشتی ڕێکەوتن لەپرسی ئابوری ودارایی کە پێویستە لەیاسای بودجەدا ڕێک بخرێت کەئەم یاسایانەش ساڵانەیە واتە بۆ تەنها یەک ساڵ جێ بەجێ دەکرێت .
٢-ئەم ڕێکەوتنە کە چاوەڕوان دەکرێت ئەنجام بدرێت بەهۆی پاڵپستی ودەستێوەردانی چەندین وڵاتی کاریگەرەوە دەبێت کە هەردوولا هان دەدەن بۆ گەیشتن بەلێک تێگەیشتنێک ..وهەرێم هانای بۆ بردون وەک ئەمریکا وهەندێک وڵاتی ئۆروپی وەک فەرەنسا وئەڵمانیا .
٣-ئەم ڕێکەوتنە چارەسەری کێشە وقەیرانی ئابوری وکێشە داراییەکانی هەرێم ناکات بەتەواوەتی ..ئەگەرچی لەبەرژەوەندی هەرێمیش دایە لەم قۆناغە، وهەرێم گەر چاکسازی ڕاستەقینەوهەمە لایەن نەکات لەوانەیە لەدوای ڕێکەونەکەش هەر (٢-٣)مانگ جارێ بتوانێ مووچەی فەرمانبەرانی بدات .
٤-ئەستەمە هەرێم بتوانێت پابەند بێت بەو ڕێکەوتنە چونکە ڕێکەوتنەکە نەک نەوت بەڵکو دەبێت نیوەی یا ڕێژەیەک لەداهاتی گومرک وباجیش بەهەموو جۆرەکانی ڕادەست بەغدا بکات..چونکە پێشتر ڕێکەوتنەکانی هەرێم تەنها لەسەر نەوت بوون ونەیتوانیوە جێ بە جێیان بکات وئێستا باج وگومرکیشی هاتۆتە سەر.
٥-ئەم ڕێکەوتنە بەم شێوەیە بکرێت سەردەکێشێت بۆ ورەکاری تر ..چونکە ڕادەستکردنی گومرک وباج کاری بیرکاری ولێکدانەوە وهونەری وردی تێدایە و وادەخوازێ حکومەتی فیدڕاڵ خاڵە سنورییەکانی گومرکی هەرێم کۆنترۆڵ بکات وباجیش لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی یەک بخات وئەمەش چەندین خاڵی ئەرێنی ونەرێنی لە خۆ دەگرێت ولێکەوتەکانی کاریگەر وبەردەوام دەبێت بۆ هەر ڕێکەوتنێکی تر لەنێوانیان لە داهاتوودا .
٦-هەرێم زۆر دواکەوتووە لەچاکسازی ویستی ڕاستەقینەی نییە لەو بوارەدا، وپێویستە وەک چارەسەر بکەوێتە خۆی وچاکسازی بەپێوەری زانستی ئەنجام بدات ، لەوانە کە پێویستە سەرەتا لەداهات چاکسازی بکات وڕێکی بخاتەوە وسەرچاوەکانی فرە بکات وگەندەڵی ودزی وپیس خۆری تێدا نەهێڵێت دواتر چاکسازی لەخەرجی وبوارەکانی بکات وئەوەی ئێستا هەرێم دەیکات پێچەوانەی ئەم هاوکێشەیەیە ولەموچە بڕین واتە خەرجی بەکاربەر دەستی پێ کردووە..!
٧-دەکرێت هەرێم لەپسپۆرانی ناوخۆ وبیانی وناوەندەکانی زانکۆ وسەنتەری لێکۆڵینەوە و ڕاوێژکار وخاوەن ئەزموونەکان...هتد، سوود بینێت بۆ دەربازبوون وڕاگوزەری لەم قۆناغ وقەیرانەی تێیدا کەوتووە، لەبواری ئابوری وسیاسی.
٨-هەناردە کردنی نەوت وفرۆشتنی لەبازاڕە جیهانییەکان لەلایەن هەرێمەوە پێچەوانەی دەستور وسستەمی فیدڕاڵییە لەعێراق وبۆڕزگار بووون لەپابەندە یاساییەکانی هەرێم لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکان وگرێبەستی ماوەدرێژی لەگەڵ تورکیا، پێویستە سەرەتا دانووستان بکرێت بۆ کورتکرنەوە وکۆتایهێنانیان یا لەڕووی یاساییەوە پوچەڵ بکرێنەوە لەدادگا تایبەتمەندەکان ، چونکە هەرێم شیاوی کەسایەتی یاسایی نەبووە لەئەنجامدانی ئەو گرێبەستانە وبۆ ئەم مەبستەش بەغدا هاوکار بێت، چونکە لەڕاستیدا هەموو ئەم گرێبەستانە بوونەتە مایەی تاڵانکردن وبەهەدەردانی سامانی نەوت وگاز لەهەرێم وبەنرخی وشایستەی بێ هاوتا دراونەتە ئەوان ئەمەش وای کردووە تێچووی دەرهێنان وبەرهەمێنان وناردن وفرۆشتنی بەرهەمە نەوتییەکان لەسەر هەرێم زیاتر بکەوێت لەتێچووی ڕاستەقینە وشایستە.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق