ماجد خلیل
-
هەژاری موکریانی، مرۆڤێک بوو، رووکەش و رووی سواغدراوی بە سانایی جودادەکردەوە. دەیوت:
فڵانەکەس سەرەواوێ لە جاڕیدا نییە، بەس دەزانێ بخواو بتڕێ، کەچی لەسەرووی دیوەخاندا دەیدەنیشێنن.
فەرموو (فایەق بێکەس)یش، چونکە بێ بەڵای پارەو پیاوێکی شڕۆڵەی شکڵ ناشیرین بوو، لە مەجلیسەکاندا لەسەرلا دەکرایە دەرێ و دەیانوت مەنزەرەی مەجلیسەکە ناشیرین دەکات!
سەیری ساویلکەیی ئەم میللەتە، مرۆڤێک یەکەم خەباتی مەدەنی لەبەردەرکی سەرای سلێمانیدا جاڕدابێ و لە بەندیخانەدا بانگی بۆ نیشتیمان هەڵدابێ:
بەو خودایەی بێشەریک و لامەکان و واحیدە
عەشقی تۆ نەوعێ لەدڵما ئاگری کردۆتەوە
ئەم ئەشق و ئەوینەی خاک بەپاڵ دەکەنە دەرێ و تەڕاحێکی تڕکەن و کەودەن دەکەنە موختارو مودیری خۆیان.
هەژار دەگێڕێتەوە دەڵێ: لە سنوری سەقزدا پێشمەرگەیەک شەهید بوو، مەلای ئاوایی چووبوە سەر کەلی شەیتان و نەدەهاتە خوارێ. دەیوت ئەم کابرایە کافرەو شەهید نییەو تەلقینی ناکەم. لەناو ماتەمگێڕاندا کابرایەکی کەللەبەرانی لێڕاستبوویەوە، وتی: ئادەی قەبرێکیش لەپاڵ ئەو شەهیدە هەڵکەنن بۆ مەلا. ئیدی مەلا زانی دۆخەکە دەموپلی داوە بەیەکاو وەختە وەزعەکە تێکدەچێ، هەوڵیدا هەڵبێ. کابراکە پەلی گرت و تاخوا حەزکا حەیلانێی پێکرد. دەڵێ: مامۆستا مێزەرە خوێناڵییەکەی بە توتڕکێکەوە دۆزییەوەو پەلەپەل پێچای بە سەریدا و دەستیکرد بە تەڵقینی پێشمەرگە شەهیدەکە.
باوەڕتان بێ تەڵقینی تێروپڕی وا بۆ سەری بڕاوی حەزرەتی حسێنی کوڕی عەلی نەدراوە. ئەی برا کردی بە چ شاهسوارێکی شۆڕشگێڕو چ فورسانێکی فیردەوسی ئەعلا.
بەڵێ هەژار، هونەرێکی هەبوو، هەمیشە رێی لە خەڵکێ دەکەوت سەیربن، بەدیوێکی تری پەندە کوردییەکەدا، دەکرێ بڵێین: سەیر سەیر دەناسێت!
هەژار بۆخۆی لەو کەسانە بوو، کەلتوری کڵاس باڵایی لێنەدەهات.
بۆنموونە: خەیاڵ ناتوانێ هەژار بەرێتە پشت مێزو سەرکورسییەک، کە لەسەر تەختەیەکی بچوکی بەردەمی نوسرابێت:
بەڕێوەبەر
هەژاری موکریانی
خەیاڵ ناتوانێ ئەو وا پیشاندا لەپشت گیرفانی کراسە سپییەکەیەوە سەری جۆرج واشنتۆنی نێو دۆلارێ دیاربێت.
وەلێ دەتوانێ وەها وێنای بکات، لە بنمیچی ژووری مردو شۆرێکی مزگەوتێکی کۆنکۆنی بەغدادا بێ ڕاخەرو بێ سەرین خەوتووەو ئاجۆرێکی رەشەوەبووی لەئەسڵا سوری لەژێر سەردایە.
خەیاڵ دەتوانێ وێنەی هەژار وا نیشاندا کە بەتوویەکی شڕی بەسەرەوەیەو هەردوو قاچی لەخوارێ دەرهاتوون و جوتێ گوێرەوی لەپێدایە. ئەو گوێرەویانەی وەک هەموو گوێرەوییەکی ساڵانی هەشتاکانی کوردەواریی، لە پاژنەوە یان لە پەنجە گەورەی پێیەوە دڕاون.
هەرچی دەوترێ با بوترێت، شیعری بۆ بارزانی نوسیوە یان نا؟
دەرباری دیوەخانی ئەو بووە یان نا؟
کەی کێشەی ئێمەیە؟
گرنگ ئەوەیە هەژار مرۆڤێکی مەزن و میهرەبانی نێو مەدرەسەی ژیانی کوردەواریی بووە.
رێک هەر پێچێکی جامەدانەکەی پشتێکی کوردبوون و هەر گوڵنگێکی بۆنی گوڵزارێکی دامێنی دێهاتێکی کوردەواریی لێوەدەهات. هەژار
هەر غەبغەبەیەکی ژێر ملی مەوسیمێکی سەوزبوونی ئەدەبیات و زمانی کوردیی بوو.
تۆ سەیری چەند جوان دانیشتووە، چوارمشقییەک چاوی مرۆڤ تێردەکات لە خاکیبوون.
ورگێک، رێک پێماندەڵێ: دوگ و فاسۆلیاو لەبلەبی و یاپراخی کوردەواریی.
سەبیلێک، نازانم چیتری پێدەڵێن، پێماندەڵێ: وەک مەحمود دەرویشی فەڵەستین، هەرکاتێ دکتۆرێ، دوکەڵی سیگارەکەی لێ زەوتکردی، ئەوکات قوڵتر هەڵیمژە.
قوڵتر لەسیگارەکەی مەحمود دەروێش، دنیای ئێرەیش قان بدە، نەکا رووی تاریکی ئەم ژیانە دەربکەوێ! پێمان دەڵێ عەکسبە عەکس، تا بتوانی عاشق بیت. پێمان دەڵێ عەکسی ئومەتی موحەمەد بە، تا بتوانی مرۆڤ بیت!
هەمیشە رەخنەم رووی ئەو کەسانەبووە کە دووجار کتێبێ دەخوێننەوە، یان دووجار سەیری فلمێ دەکەن، ئەم ئەتوارە، وەک جاری دووەمی گەزرانە لەبەردەم هەمان کوندا.
وەکو ئەوەوایە تێر نان بخۆیت و دیسان دەستبکەیتەوە بەنانخواردن.
وەلێ من بۆخۆم تێرم لە چێشتی مجێوری هەژار خوارد. کەچی دیسان دەستم پێکردەوە. جیاواری من لەتەک خەڵکدا ئەوەبوو، جاری دووەم بەدزییەوە خوێندمەوە، نەکا خەڵکی بڵێن: خەڵکی خەتاباردەکاو بۆخۆیشی دووەمجارە کتێبێ دەخوێنێتەوە.
بەڵێ بەدزییەوە خوێندمەوە.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق