ژیانی گریمانەیی، ژیانێکی دور لە ڕەوشت.

ليست هناك تعليقات

كاروان عبدلڵە
-
دنیایەک بەئاسانی بتوانی تیایدا درۆ بکەیت، خۆ بنوێنی و ڕیاکاری بکەیت، خۆت بفرۆشی و بەرانبەر چەواشە بکەیت، بەبێ ئەوەی بۆ ئەو کرودەوانە جیاواز لە دونیای واقعی فلسێک خەرج بکەیت. دنیایەکی پڕ تەنگەژەو گەندڵ و کاولکاری ئەخلاقیە.

کافکا دەڵێ " لە هەرشتێک کە وێنای خۆنواندن و ڕوپامایی تیایە بێت دەترسم" ئەوە تەڵەیەکی نادیاری بەڵائاوەرە، بەجۆرێک هەر هەنگاوێک کە دەیهاوێژی ڕوبەڕوی دەبیتەوە، هیچ شتێک ترسناکتر نیە ڵە خۆ نواندنێک کە واقیعیەتی مرۆڤەکان دەگۆڕێ.

ئەمڕۆ هەموومان هەمان ترسی کافکامان هەیە ، لەدونیایەکی فراوانی بێ سنووردا دەژین، هەموومان سەروو چەندانە ئەکاونتمان لە چەند تۆڕێکی کۆمەڵایەتیدا هەیە و چالاک و زرنگ لەکارداین، هەموو لەو دونیا مەجازیەدە، جوان و چالاک و زیرەک و داناو چاوشین و باڵابەرزو نەجیبین، هەمو نوسەرو سیاسی و هونەرمەندین.

ئیستە بەشێک لە دەغدەغەی ژیانی واقیعی و دروستی خۆمان بریتیە لە ژمارەی لایک و شێر و کۆمێنت بۆ پۆستەکانمان، لە ژیانی واقعیماندا لەخەمی جەمکردنی لایکەکانی بۆ پۆست و وێنەکانمان، لە خەمی ڕازیکردنی بینەرو هاوڕێکانمانین بە پۆستو چالاکیەکی نێو تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان.

کاتێ کە ئەم غەم و هەم و و دەغدەغەیەمان لە ژیانی واقیدا بۆ دروست بوو، ئیتر لە واقیعدا ئێمە بێ ژیانین، چونکە بابەتی ژیانی مەجازی نێو تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بوەتە غەمی ژیانی واقعیمان، چۆن وێنەیەکی میکیاژکراوی فلتەرکراوی سەرو گوێ بۆکراو بگرین بۆ پەخشی دنیای مەجازی؟ بوەتە خەمی دنیا و ژیانی واقیمان، چۆن نوسینێکی چنراو بە ووشەی زاق و بریق و هەڵچنراو بەدرۆ بکەینە پۆستی ئەکاونتەکەمان تا زۆرترین پەنجەی بۆ بەرزبکرێتەوە؟ خەیاڵ و خەمی ژیانی واقیمانە، ئەمە ژیانی واقعیمان دەخاتە خزمەتی ژیانی مەجازی و گریمانەیی، یانی لە واقیعدا بۆ مەجاز دەژین.

بۆ کەسێک کە لەنێو جەرگەی کۆمەڵگەیەکی مەجازی و لە تەراتێنی تۆڕەکۆمەڵایەتیکان و یاریە ئەلکترۆنیەکاندا دەژی هەست کردن بەوەی کەژیانی واقعی خۆی خستوەتە خزمەت ژیانی خەیاڵاوی و مەجازی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان زۆر سەختە، ناتوانێ درک بە هەدەردانی ژیانی ڕاستی خۆی بکات کە بە چ ئاقارێکدا دەچێ، ئەو لە دنیای مەجازی خۆیدا پاڵەوانی شەڕەکانە، جوانیەکی بێ وێنەی هەیە، هونەرمەندە، نوسەرو سیاسەتوانە، ئەو لە دنیای مەجازی خۆیدا باڵابەرزو سوروسنجە، چاوشینو ڕومەت ئاڵە. ئەو لە دنیای مەجازی خۆیدا خزمەتکارو دەوڵەتمەدارە، لەکوێ فرسەتی هەیە ئاوڕ لە ژیانی واقعی خۆی بداتەوە کە لەواقدا چۆنەو چییە؟

ئەوانەی کە قوڵ داڕواننە بابەتەکەو دانایانەتر لە تەنگژەکانی کۆمەڵگا دەڕوانن تێدەگەن ژیانی واقعی کۆمەڵگا و تاکەکانی لەسایەی دنیای مەجازدا بەچی گەیشتوە. کۆمەڵگا لەکام قەیران و لەبەردەم چ خەتەرێکدایە. 

بەم پێودانگەی کە کۆمەڵگای تێ خزاوە لەبەرانبەر هیچ یەکێ لەو تەنگژانە، لەبەرامبەر وەڵامەکانمان بۆ دنیای مەجازی نابێت چاوەڕوانی ئەوەبین کە قبوڵی بەرپرسیاریەتیەک بکرێت بەرانبەر بەو ژیانی ڕاستی و واقعیەی کە هەمانە، سەختە چاوەڕوانی ئەوەبی خێزانێک بە ژیانی ڕاستی خۆیانەوە بژین، خوێندکارێک بە توانای ڕاستی خۆی بە پلەی خۆی بگات، کچێک بە جوانی و خانمی ڕاستەقینەی خۆیەوە بخوازرێ، کوڕێک بە لەشولار و هێزی سیاسی و زانستی و ئابوری ڕاستەقینەیەوە بێتە داخوازی. 

مامۆستایەک بە ئاستی زانستی خۆیەوە بناسرێ، کاڵایەک وەک ئەوەی هەیە بکڕدرێت.

زانکۆیەک بە ڕانکی زانستی ڕاستەقینە هەڵبژێری. تەنانەت سەرۆک وەزیرانێک وەک توانایەکی دوڵەتداری ڕاستیو واقعی ڕابسپێری. 

هەمو ئەمانە لە مەجازدان، بەرپرسیاریەتی واقیعیان نیە.

تەنانەت لە ژیانی واقیعیدا پێش ئەوەی چاوەڕوانی کردەو وەڵامی واقیعی بیین چاوەڕوانی وەڵامە مەجازیەکانین، عاشق بون، گریان، وەفا و هاودەمی، فرمێسک و پێکەنینەکان، فەفرەت و ڕەحمەت، شکست و سەرکەوتە، سوپاس و نەوازش، خزمەت و هاوکاری، هەموی بونەتە وەڵامگەلی مەجازی.

وەڵامی سەرۆک وەزیر بۆ گەل، بۆ نەهامەتیەکان، هەمووی بۆ پەخشی دونیای مەجازیە، هیچی لە واقع نابینرێت و ڕازیشمان دەکات.

لە ژیانی واقیعیماندا بەتەوای توانامان لە هەوڵی ئەوەداین بەتەنها و لە خەڵوەتدا گریانەکانمان بکەین، دڵتەنگیەکانمان دەربڕین، بەڵام لە فەزای مەجازی و لەبەردەم هەمووان دڵشاد و بەخەندەین بە جۆرێک هیچ دۆستێک لەوەناگات کە ئێمە خەمگین و چاو بەگریەو دەردەدارین تا دۆستێ دەستبارمان لەگەڵ بگرێ، لە ژیانی ڕاستیماندا گیرفان بەتاڵ و کاسە خاڵین، بەڵام لە مەجازدا سەروەت مەندو تێر دیارین، لە واقدا ستەمکارو گەندەڵین، لە مەجازدا دادگەرو خەمخۆری گەلین.

ئەگەر لە دونیای واقعیدا بمانەوێ گریان بکەینە پێکەنین و هەژاریمان بکەینە دەوڵەمەندی و ستەمکاریمان بە دادگەری و گەندەڵیمان بە خەمخۆری بگۆڕین خەرجی و هەوڵی زۆری دەوێ، بەس لەدنیای مەجازیدا زۆر ئاسان و بێ خەرجیە، بۆیە دنیای مەجازی دنیایەکی بێ ڕوشتە.

بە واتایەکی تر ترسێک کە کافکا هەیبوو، ئەمڕۆ بوەتە جۆرێک لە ژیان و هەمووان تێیدا ژیان دەکەین. سیاسەت و حوکمڕانی دەکەین.

کافکا لە وێنەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق و منداڵە ستەملێکراوە پرچ بڕاوەکە دەترسێ، لە کۆبونەوەکەی کازمی و خۆپیشاندەران دەترسێ، ئەوانە هەمووی خەمی ژیانی واقعی دەوڵەت مەدارێکە بۆ دەوڵەمەندی ژیانی مەجازی، کافکا ئەترسێ لەوەی کە هەم و خەمی ژیانی واقعی ئەوان بۆ پەنجە قنجکردنەوەی دنیای مەجاز و ڕازی بونە مەجازیەکان بێ.

دنیایەک بەئاسانی بتوانی تیایدا درۆ بکەیت، خۆ بنوێنی و ڕیاکاری بکەیت، خۆت بفرۆشی و بەرانبەر چەواشە بکەیت، بەبێ ئەوەی بۆ ئەو کردەوانە جیاواز لە دونیای واقعی فلسێک خەرج بکەیت، دنیایەکی پڕ تەنگەژەو گەندڵ و کاولکاری ئەخلاقیە.

تایتڵێک بۆ وێنەکەی کازمی و منداڵە پرچ بڕاوەکە.


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif