سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، شیعەكان توڕە دەكات

ليست هناك تعليقات

محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، بەهۆی قسەکردنیەوە لەبارەی 'چەکی دەستی میلیشیاکان'، ژمارەیەک کوتلەی شیعەی لە پەرلەماندا تووڕە کرد.

حەلبووسی چوارشەممەی پێشوو، لە هەڤپەیڤینێکی تەلەڤزیۆنیدا قسەی لەبارەی چەکی دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت کرد. ئەو گوتی "چەکی لەدەستدەرچوو بەدەستی دوو لایەنەوەیە، یەکێکیان گرووپە میلیشیاکانن و دووەمیان هەندێک هێزی عەشیرەتەکانن لەگەڵ چەتەکاندا"، دووپاتیکردەوە "هەموو ئەم لایەنانە سەر بە هاوبەشە شیعەکانمانن".

قسەکانی حەلبووسی تووڕەیی بەرچاوی لە نێو گرووپە شیعەکانی عێراقدا دروستکرد، هەندێکیان بە هەوڵدان بۆ نانەوەی ئاژاوەی تایفی تۆمەتباریان کرد.

حەلبووسی لەهەمان هەڤپەیڤیندا گوتی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبەردەم دوو بژارەدایە، بە گفتوگۆی راشکاو لەگەڵ ئەو لایەنانە و سەرکردەکانیان دەستپێدەکات، تاوەکو پێیان بگوترێت پێویستە ئەوان لەنێوان دەوڵەت و نادەوڵەتدا یەکێکیان هەڵبژێرن، دواتر هەموو ئەوەی لەگەڵ ئەواندا روودەدات، بە راشکاوی بە گەلی عێراق بگوترێت.

سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، دووپاتیکردەوە کە پێویستە بەر لە پاشەکشەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراقدا، کێشەی چەکی دەستی میلیشیاکان چارەسەر بکرێت، چونکە وەک ئەو گوتی "پێشبینیدەکەم دوای پاشەکشەی ئەمریکییەکان، ئەو چەکانە بەڕووی خەڵكی دیکەدا بەرز بکرێنەوە".

لە بەرامبەردا ئەندامانی پەرلەمانی لایەنە شیعەکان، رەخنەیان لە قسەکانی حەلبووسی گرت و بەهەوڵێک بۆ دروستکردنەوەی شەڕی ناوخۆیی وڵات ناویان برد.

فازڵ جابر، لە هاوپەیمانیی فەتح دەڵێ "هێزە بیانییەکانی سەر خاکی عێراق، چەکی دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەتیان بەدەستەوەیە"، ئەو رەتیکردەوە ئەو هێزانەی شەڕیان دژی تیرۆر کردووە و سەرکەوتنیان بەسەریدا بەدەستهێناوە، چەکی لەدەستدەرچوویان بەدەستەوە بێت.

ریاز ئەلمەسعودی، ئەندامی هاوپەیمانیی سائیروون، هۆشداری داوە لە هەوڵەکانی دروستکردنی پشێوی و شەڕی ناوخۆیی لە هەندێک ناوچەی باشووری عێراق. داوادەکات پەرلەمان لێپرسینەوە لە حەلبووسی بکات.

عەباس عەلەوی، ئەندامی هاوپەیمانیی سائیروون، دەڵێ سەرۆکی پەرلەمان، خۆی خەڵکی ئەنبارە و لەبیری چووە کە ئەو چەکەی ئەو بەلەدەستدەرچووی دادەنێت بەدەستی حەشدی شەعبی و گرووپەکانی بەرهەڵستکارییەوە، هۆکار بوو بۆ تێكشکاندنی تیرۆر و رزگارکردنی پارێزگا داگیرکراوەکان لەلایەن داعشەوە.

تەنیا قسەکانی حەلبووسی نەبوو کە پەرلەمانتار و گرووپ و هاوپەیمانییەکانی شیعەی تووڕە کرد، بەڵکو سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لە بڵاوکراوەیەکدا لە سۆشیال میدیا هەمان بۆچوون دووپاتدەکاتەوە و دەڵێ "چەکی لەدەستدەرچوو، کارەسات تووشی خەڵکی باشوور دەکات، هەروەک چۆن درووشمە رەونەقدارەکان بوونە هۆکاری لەدەستدانی شارەکان بۆ هێزە تیرۆریستییەکان".

حەلبووسی زیاتر دەڵێ "هەموو چەکێکی دەرەوەی دەسەڵاتی یاسا، هەڕەشە لە ئاسایشی کۆمەڵگە دەکات، بەچاوپۆشین لەوەی هەڵگرەکەی کێیە، نامانەوێ ئەو مەرگەساتانە دووبارە ببێتەوە کە پێشتر روویاندا و ئەمجارە دانیشتووانی شارەکانی باشوور باجەکەی بدەن".

لای خۆیەوە سەعد کەعبی، شرۆڤەکاری سیاسی، پێیوایە هەوڵێک کە لە پشتییەوە لایەنی سیاسی و پشتگیری ئەمریکا و کەنداو هەیە، بۆ سەرلەنوێ گێڕانەوەی جەنگی تایفی بۆ عێراق، لەپێناو گۆڕانکاری ریشەیی لە دەسەڵاتدا، بەئامانجی گێڕانەوەی عێراق بۆ سەردەمی دەسەڵاتی بەر لە 2003.

کەعبی، پێیوایە "تۆمەتبارکردنەکانی ئەو لایەنانە، ئامانجیەتی هێزە بیانییەکان لە عێراقدا بمێننەوە، بەبیانووی ئەوەی کە یەکێک لە پێکهاتەکان چەکی بەدەستەوەیە و دەیەوێ دەست بەسەر دەسەڵاتدا بگرێت. ئەمە هیچ نییە جگە لە داوایەکی رووپۆشکراو بۆ مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراقدا".

ئەو دەڵێ هەوڵی ئاشکرا هەیە بۆ گۆڕانکاری هاوکێشە سیاسییەکانی دەسەڵاتی عێراق بەپشتگیری ئەمریکا و دەوڵەتانی کەنداو، بۆ گێڕانەوەی دەسەڵاتی پێش 2003 و باڵادەستبوونی پێکهاتەیەک بەسەر ئەوی دیکەدا. هەروەها پێشاندانی باڵادەستبوونی پێکهاتەیەک بەسەر ئەوی دیکە و بیانوو هێنانەوە بەوەی ئەو پێکهاتەیە، شکستیهێناوە لە بەڕێوەبردنی وڵات و بووەتە هۆکاری سەرهەڵدانی کێشەی ناوخۆیی.

حەلبووسی کە سووننەیە و قسەکانی لەبارەی چەکی میلیشیاکانی عێراقەوە، شیعەکانی نیگەران کردووە، لە کاتێکدا سەرجەمی میلیشیا دەستڕۆیشتووەکان، سەر بە لایەن و هاوپەیمانی و کەسایەتییە شیعییەکانی عێراقن، لە رەخنەگرتن لەو دۆخەی لە وڵاتدا هەیە بەردەوامبوو.

لە وەڵامی قسەی پەرلەمانتارەکانی شیعەدا، هاوپەیمانیی 'هێزە عێراقییەکان' کە حەلبووسی ئەندامیەتی، لە بڵاوکراوەیەکدا پشتگیری بۆ قسەکانی حەلبووسی دەربڕی و رایگەیاند، هەمان هەڵوێستی پێشوو دووپاتدەکەنەوە لە پێویستی رێکخستنی چەکهەڵگرتن لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت، کە بووەتە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی کۆمەڵگە و دامەزراوە فەرمییەکانیش.

هاوپەیمانییەکە بەبیری دەهێنێتەوە کە کۆنترۆڵکردنی چەک و سنووردارکردنی لە دەستی دامەزراوەکانی دەوڵەتدا، کارنامەی هەموو حکومەتەکانی عێراق بووە، بە حکومەتی کازمیشەوە، بۆیە "ئێستا کاتی کارکردنە لەپێناو جێبەجێکردنی ئەو کارنامەیە، چونکە چەکی لەدەستدەرچوو، بووەتە هۆکاری بەدیهێنانی بەرژەوەندییە کەسییەکان و لەناوبردنی رکابەرە ناوخۆییەکان و دەستدرێژی بۆ سەر موڵکی دەوڵەت و لاوازکردنی کەسایەتیی دەوڵەت".




ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif