دەقی نوێترین چاوپێكەوتنی سەرۆكی حكومەت لەگەڵ میدیاكان

ليست هناك تعليقات


مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك كه‌ناڵی میدیاییدا، دۆخی ئێستای هه‌رێمی كوردستانی خسته‌ به‌ر باس و رایگه‌یاند، خۆپیشاندان مافی هه‌موو هاووڵاتییه‌كه‌، به‌ڵام "وێرانكردن و سووتاندنی فه‌رمانگه‌كانی حكومه‌ت و موڵكی گشتیی به‌ جددی تاوانه‌. ئه‌مه‌ ده‌ربڕینی بیروڕا نییه‌.. یه‌كێك بیه‌وێت ته‌عدا له‌ فه‌رمانگه‌یه‌كی حكومی و حزبی بكات، ئه‌مه‌ ته‌عدایه‌ له‌ مافی هاووڵاتیان. ئه‌م جۆره‌ ره‌فتارانه‌ قابیلی قبوڵ نیین". له‌ باره‌ی هه‌وڵی كابینه‌كه‌ی بۆ بنبڕكردنی گه‌نده‌ڵی و ده‌سته‌به‌ركردنی شه‌فافییه‌ت گوتی: "ئێمه‌ بۆ یه‌كه‌مجار توانیومانه‌ بانكێكی نێوده‌وڵه‌تی بۆ حكومه‌تی هه‌رێم درووست بكه‌ین. ئه‌و بانكه‌ هه‌رچی داهات، خه‌رجی هه‌یه‌ چ بۆ كۆمپانیاكان ده‌ڕوات، یان له‌ فرۆشتنی نه‌وته‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ دێته‌ ئه‌و بانكه‌ و راسته‌وخۆ دێته‌وه‌ وه‌زاره‌تی دارایی. واته‌ شه‌فافییه‌ت هه‌یه‌".

سه‌باره‌ت به‌ پرسی لامه‌ركه‌زی ئیداریش گوتی: "ئێمه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك دژی شۆڕكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات بۆ پارێزگاكان نین. مه‌رجی سه‌ره‌كی ئه‌وه‌یه‌ قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان، وه‌ك قه‌واره‌یه‌كی یه‌كگرتوو و كیانێكی فیدراڵی پارێزراو بێت. دوو ئیداره‌ی و جیاكردنه‌وه‌ی به‌شێك له‌ هه‌رێمی كوردستان، به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك قابیلی قبوڵ نییه. وابزانم كه‌سیش داوای ئه‌مه‌ی نه‌كردووه‌ و كه‌سیش ناتوانێت بیكات".

له‌ میانه‌ی قسه‌كانیدا له‌ وه‌ڵامی "كوردستان24"دا سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان باسی مووچه‌ و بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستانی كرد و گوتی: "ته‌مه‌نی ئه‌م كابینه‌یه‌ 13 مانگه‌. له‌م ماوه‌یه‌ 12 مووچه‌مان دابه‌شكردووه‌. خه‌ڵكێك بیه‌وێت راستییه‌كان بزانێت ئه‌و شتانه‌ ده‌زانێت". هه‌روه‌ها گوتی: "ئه‌و سێ مووچه‌ی له‌ كابینه‌ی پێشوو، به‌ قه‌رز یان به‌ پاشه‌كه‌وت حساب كرابوون و نه‌درابوون، ده‌بێت بمێننه‌وه‌ به‌ پاشه‌كه‌وت. ئه‌م حكومه‌ته‌ به‌رپرسه‌ به‌رامبه‌ر به‌و مووچانه‌ی مانگانه‌ ده‌یدات. ئه‌م حكومه‌ته‌ ته‌نیا‌ نه‌یتوانیوه‌ دوو مووچه‌ وه‌ك خۆی بدات و خۆی گونجاند له‌گه‌ڵ ئه‌و بڕه‌ بودجه‌ی له‌به‌ر ده‌ست بوو".



روونیشیكرده‌وه‌، "ئه‌و سێ مووچه‌ی له‌ كابینه‌ی پێشوو، به‌ قه‌رز یان به‌ پاشه‌كه‌وت حساب كرابوون و نه‌درابوون، ده‌بێت بمێننه‌وه‌ به‌ پاشه‌كه‌وت. ئه‌م حكومه‌ته‌ به‌رپرسه‌ به‌رامبه‌ر به‌و مووچانه‌ی مانگانه‌ ده‌یدات. ئه‌م حكومه‌ته‌ ته‌نیا‌ نه‌یتوانیوه‌ دوو مووچه‌ وه‌ك خۆی بدات و خۆی گونجاند له‌گه‌ڵ ئه‌و بڕه‌ بودجه‌ی له‌به‌ر ده‌ست بوو".

له‌ باره‌ی كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غداشه‌وه‌، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، "كێشه‌ی ئێمه‌ له‌گه‌ڵ عێراق ته‌نیا مووچه‌ نییه‌. به‌داخه‌وه‌ وایانكردووه‌ بوترێت، كه‌ حكومه‌تی هه‌رێم ته‌نیا كێشه‌ی مووچه‌ی هه‌یه‌. ئه‌ی كێشه‌ی ناوچه‌ دابڕێندراوه‌كان؟ ئه‌ی بابه‌تی پێشمه‌رگه‌؟ ئه‌ی قه‌ره‌بووی ئه‌نفاله‌كان؟ زۆر شتی دیكه‌ هه‌ن".

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا ئاماژه‌ی به‌ پرسی ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان كرد و گوتی: "پرسی ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان مه‌سه‌له‌ی ده‌سه‌ڵاتی ده‌ستوورییه‌. ئێمه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك له‌ هیچ مافێكی ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستان خۆش نابین. ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمی كوردستانه‌، داكۆكی لێ ده‌كه‌ین". هاوكات ئاماده‌یی هه‌رێمی كوردستانیشی بۆ به‌رده‌وامیدان به‌ دانووستانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا دووپاتكرده‌وه‌ و گوتی: "هه‌ر كاتێك ئه‌وان پێیان باش بێت، شاندی ئێمه‌ ئاماده‌یه‌ سه‌ردانی به‌غدا بكات".



له‌ ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا، باسی له‌ كاریگه‌ری ئه‌رێنی سه‌ردانی شاندی هه‌رێمی كوردستان بۆ ئه‌مه‌ریكا كرد، به‌ مه‌به‌ستی به‌شداریكردن له‌ گفتوگۆی ستراتیژی نێوان عێراق و ئه‌مه‌ریكا و له‌و باره‌یه‌وه‌ گوتی: "پێش چوونی شانده‌كه‌ من نامه‌یه‌كم بۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا نارد و زۆر به‌ باشی وه‌رگیرا و كاریگه‌ری هه‌بووه‌ له‌سه‌ر كۆی گشتی پرۆسه‌كه‌. له‌هه‌مانكاتدا شانده‌كه‌ له‌سه‌ر زۆر بابه‌تی ئه‌منی، وزه‌ و په‌یوه‌ندی ستراتیژی نێوان عێراق و ئه‌مه‌ریكا، هاوكاری نێوده‌وڵه‌تییه‌ و باسی ئه‌وه‌ كراوه‌ پشكی هه‌رێمی كوردستان چۆن ده‌بێت و دڵنیام كاریگه‌ری باشی ده‌بێت. چونكه‌ ئه‌گه‌ر عێراق بتوانێت قه‌ناعه‌ت به‌ ئه‌مه‌ریكا و وڵاتانی بیانی بكات، كه‌ وه‌به‌رهێنه‌ری بیانی زیاتر بێنه‌ عێراق و بژێوی ژیانی خه‌ڵك باش بێته‌وه‌، ئه‌مه‌ كاریگه‌ری ئه‌رێنی له‌سه‌ر خودی هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت".



دەقی چاوپێکەوتنی سەرۆکی حکومەتی هەرێمیکوردستان لە گەڵ میدیای هەرێمی کوردستان :

مەسرور بارزانی :
چاكسازی پرۆسه‌یه‌كی به‌رده‌وامه‌
وێڕای كه‌مبوونی داهاتی هه‌رێم، توانیومانه‌ 21 كاتژمێر كاره‌با دابین بكه‌ین
ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر حكومه‌ت بووه‌ بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا كردوویه‌تی. ئه‌وه‌ی ئێستا ماوه‌ به‌ جیددی به‌رپرسیارێتی هاووڵاتیانه‌، كه‌ پێویسته‌ خۆیان به‌ به‌رپرس بزانن به‌رامبه‌ر به‌ پاراستنی ژیانی خۆیان و كه‌سوكار و هاووڵاتییان به‌ گشتی.
له‌ كاتی قه‌یران گله‌یی و گازانده‌ زۆر ده‌بێت. له‌ كاتی سه‌ركه‌وتنیش شه‌ریك زۆر ده‌بێت
خه‌ڵك مافی خۆیه‌تی خۆپیشاندانێكی ئارام و شارستانیانه‌ بكات و داوای مافی خۆی بكات. به‌ڵام وێرانكاری و سووتاندن تاوانە .
من په‌یوه‌ندییه‌كی زۆر باش و پته‌وم له‌گه‌ڵ كاك قوباد هه‌یه‌.
كێشه‌ی ئێمه‌ له‌گه‌ڵ عێراق ته‌نیا مووچه‌ نییه‌.

لە یەکەمین دیداری رۆژنامەوانی هاوبەش لەگەڵ ژمارەیەک دەزگای راگەیاندنی هەرێمی کوردستان ، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە بارەی دۆخی ئێستای کوردستان و دوایین پێشهاتەکان دەدوێت.

لەو دیدارە هاوبەشەدا، سەرۆکی حکومەت وەڵامی پرسیاری رۆژنامەوانان دەداتەوە و ڕوونکردنەوەی پێویست دەربارەی پرۆسەی چاکسازی، مووچەی فەرمانبەران، ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا، پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان و دۆخی تەندروستی هەرێم و ڕێکارەکانی رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەدات.

چۆڵی ئه‌سعه‌د (میدیای گۆڕان):

پرسیاری یه‌كه‌ممان سه‌باره‌ت به‌ چاكسازییه‌،به‌ڕێزتان ده‌زانن، چ له‌ پێش پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانیدوایین هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان، هه‌موولایه‌نه‌كان، به‌ تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی پێكهێنه‌ری كابینه‌یحكومه‌تن، هه‌موویان له‌سه‌ر ئاستی هێزه‌كان، به‌ڵێنیچاكسازییان به‌ خه‌ڵكی كوردستان داوه‌، سه‌باره‌ت به‌ چاكسازیش به‌شداریان له‌ كابینه‌ی نوێی حكومه‌تیهه‌رێمی كوردستاندا كردووه‌. رێككه‌وتنی نێوانپارتی و یه‌كێتی، پارتی و گۆڕان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بوو،هه‌موویان پێداگریان له‌سه‌ر چاكسازی ده‌كرده‌وه‌. به‌ڕێزیشتان جه‌ختتان كرده‌وه‌، چاكسازی كاریله‌پێشینه‌ی ئێوه‌ ده‌بێت، ئێستا خه‌ڵك بۆی هه‌یه‌ له‌ دوای ساڵێك بپرسێت، كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تیهه‌رێمی كوردستان سه‌باره‌ت به‌ چاكسازی چیکردووە؟

مه‌سرور بارزانی:

وه‌ك جه‌نابت باست كرد، ئێمه‌ له‌ سه‌ره‌تای ده‌ستبه‌كاربوونی ئه‌م كابینه‌یه‌، كارنامه‌ی هاوبه‌شی لایه‌نه‌ به‌شداربووه‌كانی حكومه‌تمان پێشكه‌ش به‌ په‌رله‌مان كرد، كه‌ جه‌خت له‌سه‌ر چاكسازی ده‌كاته‌وه‌. چاكسازی پرۆسه‌یه‌كی به‌رده‌وامه‌. شتێك نییه‌ بوترێت له‌ ماوه‌یه‌كی كورتدا دێته‌دی، یان كۆتایی پێ دێت. پرۆسه‌یه‌كی به‌رده‌وامه‌. ئێمه‌ له‌سه‌ره‌تای كابینه‌كه‌ لە زۆر ڕووەوە ده‌ستمانكرد به‌ چاكسازی. چاكسازی ته‌نیا رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی نییه‌. چاكسازی و پرسی ریفۆرم، شه‌فافیه‌ت، چۆنییه‌تی خزمه‌تکردنی هاووڵاتی و نوێبوونه‌وه‌ و درووستكردنی ژێرخانێكی ئابووری باشتر له‌ هه‌موو روویه‌كه‌وه‌.

ئێمه‌ له‌سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنی كابینه‌كه‌ شتی زۆر باشمان ده‌ستپێكرد. بۆ نموونه‌، له‌ رووی نه‌هێشتنی گه‌نده‌ڵی و رووتین تا ئاستێكی زۆر بنبڕكرا، رێگه‌ له‌ وه‌رگرتنی به‌رتیل و ره‌شوه‌ گیرا، كاتی ده‌وامی فه‌رمانبه‌ران بۆ خزمه‌تی زیاتری هاووڵاتیان زیاتر كرا. ئه‌مه‌ هه‌مووی جێی ده‌ستخۆشی و پێزانینی زۆربه‌ی هاووڵاتیان بوو. دوای ئه‌وه‌ ئێمه‌ تووشی قه‌یران و په‌تای ڤایرۆسی كۆرۆنا بووین، كه‌ ده‌ستكردی حكومه‌ت نه‌بوو. ئه‌مه‌ تا ئاستێك وایكرد، پرۆسه‌كه‌ تا ئاستێك سستی تێبكه‌وێت، یان هێواشتر به‌ڕێوه‌بچێت. ئه‌مه‌ خۆی كاردانه‌وه‌ی هه‌بوو له‌ سه‌ر كۆی سیستمی ئابووری جیهانی، بێگومان كوردستانیشی گرته‌وه‌، به‌های نه‌وت دابه‌زی و داهاتی ناوخۆ كه‌مبووه‌وه‌. به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی داهاتی هه‌رێمی كوردستان گه‌یشته‌ نزمترین ئاستی خۆی له‌ مێژووی كابینه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش ئێمه‌ نه‌وه‌ستاین. به‌رده‌وام بووین له‌ چاكسازییه‌كان. بۆ نموونه‌: ئه‌گه‌ر سه‌یری خزمه‌تگوزاری و گه‌یاندنی خزمه‌ت بۆ هاووڵاتیان بكه‌ین، له‌ زۆر شوێن خزمه‌تگوزارییه‌كان گواسترانه‌وه‌ بۆ قه‌زاكان و هه‌ندێك پارێزگای دیكه‌. له‌ روویه‌كی دیكه‌وه‌، رێكخستنی باجه‌كان بوو، له‌م كابینه‌یه‌ ڕێژه‌ی باج دوو ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌وه‌ی هه‌بوو زیاتر بوو. به‌ڵام به‌ هۆی قه‌یرانه‌كه‌وه‌، تۆزێك خاوی تێكه‌وت، داهات خۆیان كه‌میانكرد ئه‌گینا به‌ شێوه‌یه‌كی ڕێژه‌یی ئه‌گه‌ر سه‌یری بكه‌ین، لێخۆشبوونی باج له‌ كۆمپانیا گه‌وره‌كان رێكخرانه‌وه‌. پرسی خه‌رجی حكومه‌ت رێكخرایه‌وه‌. پێویسته‌ ئه‌و شتانەی وه‌زاره‌ته‌كان بیكڕن، ده‌بێت بزانن چۆن ده‌یكڕن و به‌ چه‌ند ده‌یكڕن و به‌ كه‌ڵكی چی دێت، ئه‌م شتانه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی دیجیتاڵی رێكخرانه‌وه‌ و ئێستا له‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌.

له‌ ڕووی هه‌مه‌جۆركردنی سه‌رچاوه‌ی داهاته‌كان، هه‌وڵی زۆر دراوه‌، چونكه‌ تا ئێستا له‌ هه‌رێمی كوردستان پشت به‌ سه‌رچاوه‌ی نه‌وتی به‌ستراوه‌، ئێمه‌ هه‌وڵمانداوه‌ داهاته‌كانی دیكه‌ی ناوخۆیی زیاد بكه‌ین، به‌ هه‌مه‌جۆر كردنی ئابووری و بازرگانی، وه‌ك كشتوكاڵ، پیشه‌سازی، گه‌شتوگوزار، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ دیسان ده‌یڵێم، ئه‌م قه‌یرانانه‌ی تووشی هه‌رێمی كوردستان بوون زۆر له‌م بابه‌تانه‌ی خاوكرده‌وه‌، ئێمه‌ نه‌مانتوانیوه‌ وه‌ك پێویست بیكه‌ین، نه‌ك له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نیازی جێبه‌جێكردنی ئه‌و پڕۆژانه‌مان نه‌بووه‌، به‌ڵكو ره‌وشه‌كه‌ وایلێهات و قه‌یرانێكی گه‌وره‌ تووشی ئه‌م هه‌رێمه‌ بووه‌ته‌وه‌. سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌، ئێمه‌ هه‌ر به‌رده‌وام بووین، بۆ نموونه‌: به‌ ئه‌لیكترۆنیكردنی كاروباری خزمه‌تگوزاری له‌ حكومه‌ت، فەیسی دووه‌می بایۆمه‌تری، كه‌ تا ئێستا ملیۆنێك و دوو سه‌د هه‌زار كه‌س ناوونووس كراون، ئه‌مه‌ هه‌مووی خزمه‌تگوزارییه‌كان بۆ هاووڵاتیان ئاسانتر ده‌كات. له‌ رووی كۆنترۆڵكردنی خاڵه‌ سنوورییه‌كان، چ له‌ فڕۆكه‌خانه‌كان بێت، یان خاڵه‌ سنوورییه‌كانی دیكه‌ بێت، هه‌وڵێكی زۆر دراوه‌ ئه‌مانه‌ به‌ دیجیتاڵی بكرێت و هه‌رچی هاورده‌كردنی كه‌رەسته‌ی ده‌ره‌كییه‌، له‌ ڕووی جۆرییه‌وە كۆنترۆڵ بكرێت. له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ بۆ پشتیوانیكردنی جووتیاران و به‌رهه‌مهێنه‌رانی ناوخۆ، زۆر له‌و به‌رهه‌مانه‌ی له‌ ناوخۆ به‌رهه‌م دێت، رێگه‌ نه‌دراوه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ هاورده‌ بكرێن، یاخود باجیان به‌سه‌ردا سه‌پێنراوه‌، بۆ ئه‌وه‌ی یارمه‌تیده‌ری به‌رهه‌می ناوخۆیی جووتیاران بێت. جگه‌ له‌مه‌ش، ئێمه‌ هه‌وڵمانداوه‌، له‌گه‌ڵ وڵاتانی ناوچه‌كه‌ش قسه‌مان كردووه‌، نه‌ك ته‌نیا ئێمه‌ بتوانین به‌رهه‌مه‌ ناوخۆییه‌كان به‌شی پێداویستی ناوخۆ بكات، به‌ڵكو بتوانین ئه‌گه‌ر زیاتر بێت، هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه‌ی بكه‌ین.

له‌ رووی پیشه‌سازییه‌وه‌، كاری زۆر باشمان كردووه‌، له‌ درووستكردنی هه‌ندێك زۆنی پیشه‌سازی خۆراكی، له‌ دهۆك ده‌ستپێكراوه‌ و له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ش به‌م زووانه‌ درووست ده‌كرێت. له‌ بواری وزه‌دا به‌ تایبه‌تی له‌ بواری كاره‌بادا، ئێمه‌ وێڕای كه‌مبوونی داهاتی هه‌رێم، توانیومانه‌ 21 كاتژمێر كاره‌با دابین بكه‌ین، ئه‌مه‌ش به‌ هه‌ندێك گۆڕانكاری كه‌ له‌ وه‌زاره‌تی كاره‌با كراوه‌. هه‌وڵمانداوه‌ پشت به‌ غاز ببه‌ستین، كه‌ هه‌م هه‌رزانه‌ و هه‌میش پاكتره‌. له‌ هه‌مانكاتیشدا هه‌ندێك ناوه‌ندی به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با، كه‌ ئێستا خه‌ریكه‌ درووست ده‌كرێت و كۆنفرانسیان به‌ڕێوه‌بردووه‌، بۆ درووستكردنی به‌نداوی ئاو، یان سوود وه‌رگرتنه‌ له‌ وزه‌ی خۆر، هه‌مووی وایانكردووه‌، به‌رهه‌می كاره‌با به‌م بێ داهاتییه‌ زیاتر بێت، هه‌وڵیش ده‌ده‌ین ئه‌و به‌شه‌ی، كه‌ ماوه‌ له‌ ماوه‌یه‌كی زوودا جێبه‌جێیان بكه‌ین.

به‌نداوی زۆر له‌ پڕۆژه‌دان. بۆ نموونه‌ ئه‌و به‌نداوانه‌ی تا ئێستا درووستكراوون، 13 به‌نداوی بچووك و مامناوه‌ندی هه‌ن، 3 سایلۆی گه‌وره‌ بۆ وه‌رگرتنی به‌رهه‌می جووتیاران درووستكراوون. له‌وانه‌یه‌ هه‌موو شتم له‌ بیر نه‌بێت، به‌ڵام ئه‌مه‌ به‌شێكه‌ له‌ هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی‌ كراوون. هه‌موو ئه‌مانه‌ش چاكسازین. چاكسازی ته‌نیا رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی نییه‌. فراوانكردنی خزمه‌تگوزارییه‌ بۆ هاووڵاتیان، نه‌هێشتنی رۆتین و چاوه‌ڕوانی هاووڵاتیانه‌، به‌رده‌وامیش ده‌بین. ئێمه‌ ده‌زانین رێگه‌یه‌كی زۆرمان له‌ پێشه‌، به‌ڵام ته‌مه‌نی كابینه‌كه‌مان، له‌ یاددتان نه‌چێت، ته‌نیا 13 مانگه‌.



هاوڕێ تۆفیق ( كوردسات نیوز) : 

به‌ ڕاستی گرنگ بوو، له‌ نزیكه‌وه‌ به‌ڕێزت ببینین، بۆئه‌وه‌ی ڕاو سه‌رنجی به‌ڕێزت له‌سه‌ر زۆر بابه‌تی گرنگكه‌ ئێستا هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌كه‌ پێیداتێده‌په‌ڕێت ببیستین. له‌ سه‌رووی هه‌موو ئه‌مبابه‌تانه‌ی كه‌ هه‌موو لایه‌ك، لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان وخه‌ڵكی كوردستان كۆده‌نگن له‌سه‌ری، قه‌واره‌یهه‌رێمی كوردستانه‌ له‌ ناوچه‌كه‌. هه‌رێمی كوردستانبه‌ خوێن هاتووه‌ته‌ به‌رهه‌م و ئه‌مه‌ ڕه‌نجی هه‌موولایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی تێدابووه‌، ئه‌م قه‌واره‌یه‌ له‌ ماوه‌ی رابردوو كۆمه‌ڵێك مه‌ترسی هاته‌سه‌ر، زۆرێك له‌ سه‌ركرده‌ و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستانباسیان له‌ مه‌ترسی ده‌كرد له‌سه‌ر قه‌واره‌ی هه‌رێمیكوردستان، به‌ گشتی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان زۆرجار باوه‌ڕی به‌وه‌ نه‌بوو، كه‌ مه‌ترسی هه‌یه‌ له‌سه‌رقه‌واره‌كه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی سیاسییه‌كان و ئێوه‌ دركتانپێده‌كرد، زیاتر بوو، له‌وه‌ی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستاندركی پێده‌كرد.. مه‌ترسییه‌كان له‌سه‌ر قه‌واره‌یهه‌رێمی كوردستان ره‌وینه‌ته‌وه‌، یان هه‌ر به‌رده‌وامه‌،ئه‌و مه‌ترسیانه‌ چین كه‌ له‌ ئاینده‌دا ڕووبه‌ڕوویقه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌بێته‌وه‌؟ به‌غدایه‌،ناوچه‌كه‌یه‌، یاخود وڵاتانی هه‌رێمییه‌؟ ئێوه‌ له‌گه‌ڵلایه‌نه‌ سیاسییه‌كان به‌ گشتی ده‌توانن چی بكه‌ن بۆئه‌و پرسه‌، پلانتان چییه‌؟

مه‌سرور بارزانی: ئێمه‌ له‌ ناوچه‌یه‌كدا ده‌ژین، كه‌ پڕه‌ له‌ كێشه‌. ته‌نیا مه‌سه‌له‌ قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان نییه‌، كه‌ رووبه‌ڕووی كۆمه‌ڵێك قه‌یران بووه‌ته‌وه‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا. ئه‌وه‌ی راستیی بێت من هاوڕا نیم، له‌وه‌ی مه‌ترسی له‌سه‌ر تێكچوونی قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان هه‌بووبێت. چونكه‌ پێموایه‌ كوردستان خاوه‌نی نه‌ته‌وه‌یه‌كی به‌ئیراده‌ و به‌هێزه‌ كه‌ توانیویه‌تی ڕووبه‌ڕووی زۆر له‌و كێشانه‌ی پێشووتریش ببێته‌وه‌، كه‌ هه‌وڵی نه‌هێشتنی كیان و نه‌ته‌وه‌و خه‌ڵكی كوردستانیان داوه‌. ئێستاش پێموایه‌ گه‌وره‌ترین كێشه‌، كێشه‌ی دووبه‌ره‌كی و ناته‌بایی ڕیزه‌كانی خودی ناو كوردستانه‌. ئه‌گه‌ر كورد بتوانن خۆیان یه‌كبن و هه‌موو خه‌ڵكی كوردستان به‌ حزبه‌ سیاسییه‌كان و به‌ بیروبۆچوونه‌ جیاوازه‌كانیانه‌وه‌، كه‌ ده‌توانن بۆ باشتركردنی خزمه‌تگوزاری، یان خزمه‌تی خه‌ڵكی خۆیان ده‌توانن بۆچوونی جیاوازیان هه‌بێت. به‌ڵام له‌سه‌ر پاراستنی قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان یه‌كهه‌ڵوێست بن، پێم وایه‌ هیچ هێزێك ناتوانێت ئه‌م قه‌واره‌یه‌ تێكبدات.

هاوڕێ تۆفیق: ئه‌و یه‌كده‌نگییه‌ ده‌بینی؟

مه‌سرور بارزانی: له‌ زۆر لایه‌نی سیاسییه‌وه‌ ده‌یبینم، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌، له‌وانه‌یه‌ هه‌ندێك كه‌س ئه‌م قه‌ناعه‌ته‌یان نه‌بێت. پێویسته‌ خه‌ڵكی كوردستان خۆیان دادوه‌ر بن، له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كێ له‌ خه‌می خه‌ڵكی كوردستان و پاراستنی ئه‌م قه‌واره‌یه‌، كێ ـش ده‌یه‌وێت نانی پێ بخوات. له‌به‌ر ئه‌وه‌ من پێموایه‌ مه‌سه‌له‌ی یه‌كڕیزی و ته‌بایی هێزه‌ سیاسییه‌كان، زامنی پاراستنی ئه‌م قه‌واره‌یه‌. وابزانم ئێستا هه‌وڵێكی جددی هه‌یه‌، نزیكبوونه‌وه‌یه‌كی باشیش له‌ نێوان لایه‌نه‌ سه‌ره‌كییه‌كان هه‌یه‌. به‌ڵام له‌ هه‌مانكاتیشدا بیرمان نه‌چێت، كاتی خۆی، خه‌ڵكی دیكه‌ هه‌بووه‌ دژی ئه‌م قه‌واره‌یه‌ كاریان كردووه‌، له‌ ده‌ره‌وه‌ مرۆڤ خه‌می پێ ناخوات، به‌ڵام له‌ ناوخۆ خه‌ڵكێك هه‌بێت به‌ ناوی نوێنه‌ری كوردستان و خه‌ڵكی كوردستان، داوای تێكدانی ئه‌م قه‌واره‌یه‌ بكه‌ن، ئه‌مه‌ جێی داخه‌. پێویسته‌ خه‌ڵك ئه‌مه‌یان له‌به‌رچاو بێت و له‌ بیریان نه‌چێت. پێموایه‌ ئێمه‌ له‌ به‌ره‌ی خه‌ڵكین. وره‌مان به‌رزه‌، پشت به‌ خواو و پشت به‌ ئیراده‌ی خه‌ڵكی كوردستان. من ئه‌و مه‌ترسییه‌ به‌م جۆره‌ نابینم، ده‌زانم تووشی قه‌یران بووین، به‌ڵام به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌توانین ئه‌م قه‌یرانانه‌ تێپه‌ڕێنین، ئومێدم وایه‌ كاتێكی باشتر چاوه‌ڕێی خه‌ڵكی كوردستان ده‌كات.



كوڤان عیزه‌ت( كوردستان24) :

هه‌ڵسه‌نگاندن و مامه‌ڵه‌ی دامه‌زراوه‌كانی حكومه‌تیهه‌رێمی كوردستان له‌ هه‌مبه‌ر پرسی كۆرۆنا چۆنە ووه‌ڵامی هاووڵاتیان بۆ رێنماییه‌كانی ته‌ندرووستیچۆن ده‌بینی؟ له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌، له‌ سه‌ره‌تایبڵاوبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا له‌ هه‌رێمی كوردستان دووفاقییه‌ك هه‌بوو، ئه‌و كاته‌ی بڵاوبوویه‌وه‌ ده‌یانوت،كۆرۆنا راست نییه‌، ئه‌و كات خه‌ڵك تووش ده‌بوو،ته‌نیا نیشانه‌ بوو، له‌ دوای جه‌ژنی ره‌مه‌زانه‌وه‌ خه‌ڵكیزیاتر تووشی كۆرۆنا بوو،ڕێژه‌ی مردن له‌ هه‌رێمیكوردستان زیاتر بوو، ئه‌و كات ئه‌و كه‌سانه‌یده‌یانووت كۆرۆنا نییه‌، ئه‌مجاره‌ ده‌یانوت حكومه‌تیهه‌رێمی كوردستان ناتوانێت مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌مپرسانه‌ بكات؟ ئێوه‌ وه‌ك حكومه‌تی هه‌رێمیكوردستان بۆ پاراستنی ته‌ندرووستی هاووڵاتیانیهه‌رێمی كوردستان، سڵ له‌و جۆره‌ كه‌سانه‌ و له‌وقسانه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌؟

مه‌سرور بارزانی: جه‌نابت خۆت وه‌ڵامی به‌شێك له‌ پرسیاره‌كه‌ت دایه‌وه‌. هه‌رێمی كوردستان له‌ سه‌ره‌تای بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تای كۆرۆنا، هه‌ڵمه‌تێكی باشی ده‌ستپێكرد، ڕێكاری زۆر باشی گرته‌ به‌ر بۆ پاراستنی هاووڵاتیان. به‌ هیوای ئه‌وه‌ بووین، زوو ده‌رمانێك بدۆزرێته‌وه‌، ئه‌م په‌تایه‌ كۆتایی پێ بێت، به‌ڵام ماوه‌كه‌ی درێژ بووه‌وه‌، وه‌ك جه‌نابت باستكرد، تا جه‌ژنی ره‌مه‌زان، له‌ هه‌موو هه‌رێمی كوردستان، كه‌متر له‌ 400 حاڵه‌تی تووشبوو تۆمار كرا، ته‌نیا 5 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستدابوو، كه‌ نه‌خۆشی دیكه‌یان هه‌بوو. دوای ئه‌مه‌ خه‌ڵك لێڕاهات، به‌داخه‌وه‌ بابه‌ته‌كه‌ به‌ سیاسییكرا، هه‌ندێك لایه‌ن چونكه‌ دژی سه‌ركه‌وتنی حكومه‌ت بوون، له‌ بری ده‌ستخۆشی، كه‌وتنه‌ ڕه‌خنه‌گرتن له‌ ئه‌دای حكومه‌ت، گوایه‌ ئه‌م جۆره‌ رێكارانه‌ ته‌نیا بۆ پاراستنی خۆیانه‌ و بۆ داپۆشینی قه‌یرانی ئابوورییه‌ كه‌ تووشی ناوچه‌كه‌ بووه‌، ده‌یانه‌وێت خۆیانی لێ قورتار بكه‌ن، به‌ ڕیكۆردیش هه‌یه‌، ئێوه‌ راگه‌یاندنكارن و خۆتان ده‌زانن، كێ چۆن قسه‌ی كردووه‌. كێشه‌كه‌ لێره‌دایه‌، یاریكردن به‌ ژیانی خه‌ڵك بۆ ئامانجێکی سیاسی، جێی داخه‌. هه‌ر كه‌سێك بێت، له‌ ئه‌خلاقی سیاسییدا تۆ ناتوانین بێیت بۆ ئه‌وه‌ی ته‌عبیر له‌ بۆچوونی خۆت بكه‌یت و ڕه‌خنه‌ بگریت، یاری به‌ ژیانی خه‌ڵك بكه‌یت. رێككاره‌كان زۆر باش بوون، ڕاسته‌ توند بوون، ئه‌م رێكارانه‌ پێش هه‌موو لایه‌ك زیانیان له‌ حكومه‌ت دا. چونكه‌ حكومه‌ت ئاماده‌بوو ته‌نیا له‌ پێناو پاراستنی ژیانی هاووڵاتیان داهاتی خۆی كه‌مبكاته‌وه‌. به‌داخه‌وه‌ ئه‌مه‌ به‌ جۆرێكی دیكه‌ ته‌فسیر كرا و به‌ سیاسی كرا، خه‌ڵكیشیان خسته‌ گومانه‌وه‌، گوایه‌ ئه‌م ڤایرۆسه‌ وانییه‌، مه‌ترسی نییه‌، كه‌چی دوای تێكه‌ڵبوون و جێبه‌جێ نه‌كردنی رێنماییه‌كان، بینیمان به‌ چ شێوه‌یه‌ك بڵاوبوویه‌وه‌، به‌داخه‌وه‌ له‌ هه‌موو كوردستان بووه‌ هۆی تووشبوونی خه‌ڵكێكی زۆر و خه‌ڵكێكی زۆریش گیانیان له‌ده‌ستدا. لێره‌شه‌وه‌ سه‌ره‌خۆشی له‌ كه‌سوكار و بنه‌ماڵه‌ی كۆچكردووه‌كان ده‌كه‌م و هیوای چاكبوونه‌وه‌ش بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌خوازم كه‌ تووشی ئه‌و په‌تایه‌ بوون.

حكومه‌ت به‌رپرسه‌ له‌ به‌رامبه‌ر هاووڵاتی. هاووڵاتی هه‌موو لایه‌ك ده‌گرێته‌وه‌، به‌شدارانی حكومه‌ت و ئۆپۆزیسیۆن و بێلایه‌نه‌كانیش ده‌گرێته‌وه‌. حكومه‌ت ناتوانێت بێباك و نابه‌رپرس بێت به‌رامبه‌ر به‌م شتانه‌ی كه‌ ڕووده‌ده‌ن. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی حكومه‌ت هاوكات له‌گه‌ڵ زیاتربوونی مه‌ترسی ڤایرۆسه‌كه‌، ڕێكاری دیكه‌ی گرته‌ به‌ر. خۆتان ده‌زانن، زۆر له‌و پزیشك و كارمه‌ندانه‌ی ته‌نانه‌ت له‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆ، كه‌ یارمه‌تیده‌ریان بوو، هه‌وڵیان دا بۆ یارمه‌تیدانی وه‌زاره‌تی ته‌ندرووستی و ئه‌و رێنماییانه‌ی كه‌ ده‌ریانكرد، ته‌نیا له‌ پێناو پاراستنی ژیانی خه‌ڵك بووه‌ و ژیانی خۆیان خستووه‌ته‌ مه‌ترسییه‌وه‌ له‌ پێناو ژیانی خه‌ڵكدا. ئێستاش ئه‌گه‌ر به‌ رێژه‌یی سه‌یری بكه‌ین، ره‌وشی هه‌رێم به‌راورد له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاتانه‌ی به‌ سه‌ختی تووشی په‌تاكه‌ بوون، به‌و ئاسته‌ قورس نییه‌، به‌ڵام خوانه‌خواسته‌ ئه‌گه‌ر رێنماییه‌كان جێبه‌جێ نه‌كرێت، ره‌نگه‌ ئه‌م وه‌رزه‌ خراپتر بێت. یه‌كێك له‌ هۆكاره‌كانی ئه‌وه‌یه‌، كه‌ ژێرخانی ته‌ندرووستی هه‌رێمی كوردستان، بۆ په‌تایه‌كی وا ئاماده‌ نه‌بووه‌. ته‌نانه‌ت هیچ یه‌ك له‌ وڵاتانی ناوچه‌كه‌ و وڵاتانی پێشكه‌وتووش ئه‌و ئاماده‌ییه‌ نه‌بووه‌. باشترین رێگه‌ ئه‌وه‌یه‌ تاك خۆی بپارێزت. ئه‌مه‌ش به‌ خۆپاراستن و به‌ستنی ده‌مامك و له‌ده‌ستكردنی ده‌سته‌وانه‌ و خۆ به‌ دوورگرتن له‌ تێكه‌ڵی. ئێمه‌ش، خۆم و هه‌موو كابینه‌كه‌ش له‌ سه‌ره‌تاوه‌ تا ئێستا هه‌میشه‌ داكۆكیمان له‌وه‌ كردووه‌ته‌وه‌، خۆپارێزی بكرێت و پابه‌ندی رێنماییه‌كان بن و ئه‌و ڕێنماییانه‌ی له‌ وه‌زاره‌تی ته‌ندرووستی ده‌رده‌چن، جارێكی دیكه‌ لێره‌وه‌ داوا له‌ هاووڵاتیان ده‌كه‌م خۆیان بپارێزن و پابه‌ندی ئه‌و رێنماییانه‌ بن. بۆ ئه‌وه‌ی هه‌م خۆیان بپارێزن و هه‌میش یارمه‌تیده‌ری ئه‌و خزمه‌تكارانه‌ بن، كه‌ له‌ كه‌رتی ته‌ندروستی شه‌و و رۆژ خزمه‌ت پێشكه‌ش ده‌كه‌ن. پێموایه‌ ئه‌گه‌ر هاوكارییه‌كی هه‌مه‌لایه‌ن هه‌بێت، ده‌توانین ورده‌ ورده‌ زاڵبین به‌سه‌ر ئه‌م نه‌خۆشیه‌ و ئینشه‌ڵڵا زوو ده‌رمانێك بدۆزرێته‌وه‌ و ئومێد ده‌كه‌ین وه‌رزه‌كه‌، كاریگه‌ری ئه‌رێنی له‌سه‌ر كه‌رته‌كانی دیكه‌ش هه‌بێت، ئه‌گه‌ر ئه‌م په‌تایه‌ له‌ كۆڵمان بێته‌وه‌. به‌ هه‌ر حاڵ، داواده‌كه‌م رێنماییه‌كان جێبه‌جێ بكرێن. ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر حكومه‌ت بووه‌ كردوویه‌تی. ئه‌وه‌ی ئێستا ماوه‌ به‌ جددی به‌رپرسیارێتی تاكیی هاووڵاتیانه‌، كه‌ پێویسته‌ خۆیان به‌ به‌رپرس بزانن به‌رامبه‌ر به‌ پاراستنی ژیانی خۆیان و كه‌سوكار و هاووڵاتییان به‌ گشتی.

هه‌وڕاز گوڵپی (رووداو): 

وه‌ك جه‌نابیشت باستكرد، به‌ هۆی بڵاوبوونه‌وه‌یپه‌تای كۆرۆنا نرخی نه‌وت دابه‌زی، دۆخی ئابووریتێكچوو، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ دۆخێكی سیاسی ئاڵۆز به‌دوایداهات، وه‌ك سه‌رۆك وه‌زیرانی كوردستان چۆنده‌ڕوانیته‌ هه‌ڵوێستی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی به‌شدار له‌ حكومه‌ت، به‌ تایبه‌تی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان وبزووتنه‌وه‌ی گۆڕان؟

مه‌سرور بارزانی: ئێمه‌ حكومه‌تێكی ئیئتیلافیمان پێكهێنانه‌وه‌. زۆر به‌ ڕاشكاوی پێتان بڵێم، ئه‌و براده‌رانه‌ی به‌شدارن له‌ حكومه‌ت تیمێكی زۆر گونجاو و ڕێكن و له‌یه‌ك نزیكین و بڕیاره‌كانمان به‌ ته‌وافق ده‌درێت. ئێمه‌ له‌وانه‌یه‌ كابینه‌یه‌ك بین، زۆرترین كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانمان كردبێت. هه‌فتانه‌ كۆبوونه‌وه‌ ده‌كه‌ین. هه‌موو بابه‌ته‌كان له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران باس ده‌كرێن. نزیكبوونه‌وه‌ی باش و تێگه‌یشتنی باشمان هه‌یه‌. ئه‌دای وه‌زیره‌كانیش به‌ بێ جیاوازی له‌ هه‌ر لایه‌نێكی سیاسی بن، ئه‌دای زۆر باش و په‌سند بووه‌. خۆم زۆر لێیان رازیم. له‌وانه‌یه‌ ره‌وشه‌كه‌ هه‌ندێكجار ته‌حه‌كوم به‌وه‌ ده‌كات، کە چه‌ند سه‌ركه‌وتووبین له‌ پڕۆژه‌كان. ئه‌وانه‌ی له‌ كابینه‌كه‌دا به‌شدارن من پێموایه‌ زۆر سه‌ركه‌وتوون، باشن و مونسه‌جیمین و تێگه‌یشتنی باشمان هه‌یه‌. هیوادارم حزبه‌كانیشیان زۆرتر پاڵپشتی نوێنه‌ره‌كانیان بن له‌ حكومه‌ت.

كه‌یفی شەمزینی ( كوردستان تیڤی): 

هه‌رێمی كوردستان بێگومان هاوشێوه‌ی زۆر له‌ وڵاتانگیرۆده‌ی زۆر كێشه‌ و قه‌یرانه‌، وه‌ك جه‌نابیشتئاماژه‌ت پێكرد، زۆرێك له‌و قه‌یرانانه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌یویستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانن، ده‌بینین له‌ سه‌ر ئه‌رزی واقیع، ده‌سته‌بژێرێك له‌ ناوخۆی هه‌رێمیكوردستان ده‌یانه‌وێت ئه‌م ده‌رفه‌ته‌ به‌ جۆرێكی دیكه‌ بقۆزنه‌وه‌، به‌و مانایه‌ی ئه‌جێندای سیاسی، حزبی وتاكه‌كه‌سی تێكه‌ڵ به‌ داوا و خواستی خه‌ڵكی هه‌رێمیكوردستان بكه‌ن، له‌ ماوه‌ی رابردوو له‌ هه‌ندێك شوێن،به‌شێك له‌ دامه‌زراوه‌ حزبی و حكومییه‌كان كه‌وتنه‌ به‌ر په‌لاماری به‌شێك له‌ خه‌ڵك، یاخود په‌لاماری موڵكو ماڵی گشتی درا، پێموایه‌ به‌ر له‌ هه‌ر كه‌سێكهاووڵاتی ئاسایی له‌م دۆخه‌ زیانمه‌ند ده‌بێت. تێڕوانینی جه‌نابت هه‌م وه‌ك سه‌رۆكی حكومه‌تیهه‌رێمی كوردستان بۆ ئه‌م كارانه‌ چییه‌ و دیسانحكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان چۆن مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵواقیعێكی له‌م جۆره‌ ده‌كات؟

مه‌سرور بارزانی: له‌ كاتی قه‌یران گله‌یی و گازانده‌ زۆر ده‌بێت. له‌ كاتی سه‌ركه‌وتن شه‌ریك زۆر ده‌بێت. ئه‌م قه‌یرانانه‌ی دروست بوون، ده‌ستكردی هه‌رێم نین، ئێمه‌ كۆرۆنامان دروست نه‌كردووه‌. ئێمه‌ هۆكاری دابه‌زینی نرخی نه‌وت نه‌بووین له‌ بازاڕی جیهانی. به‌ڵام كاریگه‌ری ئه‌م قه‌یرانانه‌ ئێمه‌شی گرتووه‌ته‌وه‌. كاریگه‌ری هه‌بووه‌ له‌سه‌ر ئێمه‌ومانان. به‌داخه‌وه‌ له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی یارمه‌تی حكومه‌ت بدرێت بۆ زاڵبوون به‌سه‌ر ئه‌م قه‌یرانانه‌، هه‌ندێك لایه‌ن هه‌وڵیانداوه‌ سوود له‌ كات و گله‌یی خه‌ڵك وه‌ربگرن بۆ دژایه‌تیكردنی حكومه‌ت به‌ شێوه‌یه‌كی ناڕه‌وا. خۆم هیچ كێشه‌م له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ نییه‌، خه‌ڵك مافی خۆیه‌تی خۆپیشاندانێكی ئارام و شارستانیانه‌ بكات. داوای مافی خۆی بكات. به‌ڵام خۆپیشاندان له‌گه‌ڵ وێرانكاری و سووتاندن دوو شتی جیاوازن. ئه‌وه‌شمان له‌ یاد نه‌چێت، پێناسه‌كردنی ئازادی و راده‌ربڕین، ده‌بێت بۆمان روون بێت، تۆ تا ئه‌و كاته‌ ئازادی كه‌ پێشێلی ئازادی كه‌سێكی دیكه‌ نه‌كه‌یت. به‌ڵام ته‌عەدا كردن له‌ مافی كه‌سێكی دیكه‌ ناكرێت به‌ ئازادی و ڕاده‌بڕین ناوببرێت. ئه‌مه‌ پێموایه‌ له‌ زۆر ڕووه‌وه‌ به‌ هه‌ڵه‌ تێگه‌یشتنی بۆ كرابێت. ئه‌و به‌ڕێزانه‌ی خۆپیشاندان ده‌كه‌ن، داوای مافی خۆیان ده‌كه‌ن، مافی خۆیانه‌، به‌ڵام له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌ك، ئه‌گه‌ر خه‌ڵك خۆی داوای مافی خۆی ده‌كات شتێكه‌، ئه‌گه‌ر به‌شێوه‌یه‌كی ئاراسته‌كراو، له‌ لایه‌ن لایه‌نێكی سیاسییه‌وه‌ بۆ قوڵكردنه‌وه‌ی قه‌یرانه‌كان و بۆ لێدان له‌ حكومه‌ت شتێكی تره‌. داوا له‌ هاووڵاتیان ده‌كه‌م، ئه‌م دوو شته‌ له‌یه‌ك جیابكه‌نه‌وه‌. حكومه‌ت تاوانی چی بووه‌ له‌ دروستكردنی ئه‌م قه‌یرانانه‌ تا تاوانبار بكرێت. بۆ نموونه‌ زۆر جار باس له‌ دواخستنی مووچه‌ و بودجه‌ ده‌كرێت.. ئایا حكومه‌ت بودجه‌ی هه‌بووه‌ و نه‌یداوه‌، یانیش حكومه‌تی فیدراڵی له‌ عێراق بودجه‌كه‌ی نه‌ناردووه‌، كه‌ حكومه‌ت نه‌یتوانیوه‌ وه‌ك پێویست مووچه‌كان بدات. ئه‌مه‌ش بابه‌تێكه‌ هیوادارم بتوانین قسه‌ی زیاتری له‌سه‌ر بكه‌ین. له‌م روانگه‌وه‌ وێرانكردن و سووتاندنی فه‌رمانگه‌كانی حكومه‌ت و موڵكی گشتی به‌ جددی تاوانه‌. ئه‌مه‌ ده‌ربڕینی بیروڕا نییه‌. بینیمان له‌ كه‌لار و هه‌ڵه‌بجه‌ و زاخۆ چی روویدا. له‌ هه‌ندێك شوێن چه‌ك به‌كارهێنراوه‌ و ته‌قه‌ كراوه‌. خۆپیشانده‌ری ئاسایی چۆن چه‌ك به‌كارده‌هێنێت؟ چۆن په‌لاماری فه‌رمانگه‌یه‌كی حكومی و حزبی ده‌دات؟ ته‌نانه‌ت په‌لاماردانی باره‌گای حزبی، به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك رێگه‌پێدراو نییه‌ . ئەو حزبە جه‌ماوه‌ری هه‌یه‌ و ده‌نگی پێداوه‌ و ده‌ستكه‌وتی هه‌بووه‌ و سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ستهێناوه‌. كه‌واته‌ حزبه‌كانیش نوێنه‌رایه‌تی به‌شێك له‌ هاووڵاتییان ده‌كه‌ن. یه‌كێك بیه‌وێت ته‌عدا له‌ فه‌رمانگه‌یه‌كی حكومی و حزبی بكات، ئه‌مه‌ ته‌عەدایه‌ له‌ مافی هاووڵاتیان. ئه‌م جۆره‌ ره‌فتارانه‌ قابیلی قبوڵ نیین، من له‌گه‌ڵ پارێزگار و به‌ڕێوبه‌ره‌ ئیدارییه‌كان قسه‌م كردووه‌. ئه‌وانه‌ی خۆپیشاندانی ئاسایین، ئێمه‌ بۆچوونیان به‌ڕێزه‌وه‌ وه‌رده‌گرین، ئه‌وانه‌ی كاری نایاسایی و تێكده‌رانه‌ ده‌كه‌ن، ده‌بێت رێكاری یاساییان به‌رامبه‌ر بگیرێته‌به‌ر. چونكه‌ ئه‌مانه‌ ته‌عەدایان له‌ مافی هه‌موو هاووڵاتیان كردووه‌. بۆ نموونه‌ ئه‌و رۆژه‌ له‌ هه‌ڵه‌بجه‌، چه‌ند دۆكیۆمێنتی سه‌رده‌می كیمیاباران له‌وێ هه‌ڵگیرابوون و له‌ كاتی ئه‌و هه‌موو قه‌یرانه‌ له‌ناونه‌چووبوون، کەچی به‌م جۆره‌ و به‌ شه‌وێك هه‌موو سوتێنران. ئه‌مه‌ كه‌ی ئازادییه‌؟ ئه‌م ڕه‌فتارانه‌ نامۆن به‌ كولتووری كوردستان. پێموایه‌ ده‌بێت ئێمه‌ بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ بنه‌ماكانی ڕه‌سه‌نی كورده‌واری، كه‌ خۆمان ته‌نانه‌ت بۆچوونی جیاوازیشمان هه‌بێت و له‌گه‌ڵ یه‌ك كۆكیش نه‌بین، ده‌بێت رێگه‌ی درووست بگرینه‌ به‌ر و رێگه‌ی شارستانی بۆ ده‌ربڕینی بۆچوون و هه‌ڵوێسته‌كانمان بگرینه‌ به‌ر. به‌داخه‌وه‌ یاریكردن به‌ ژیانی منداڵ و گه‌نج، ببرێته‌ سه‌ر جاده‌ بۆ ئه‌وه‌ی په‌لاماری فه‌رمانگه‌ حكومییه‌كان بدات، ئێوه‌ خۆتان بیر بكه‌نه‌وه‌، ئه‌و منداڵه‌ سبه‌ی گه‌وره‌ بێت ده‌بێت چۆن بیر بكاته‌وه‌ و خۆشه‌ویستی ئه‌و منداڵه‌ بۆ وڵات له‌ كوێ ده‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ی دژایه‌تی حكومه‌تێك و سیسته‌مێك بكه‌ن، ئێوه‌ بێن هه‌موو وڵات له‌ پێش چاوی هاووڵاتی ناشیرین بكه‌ن، یان فێری ئه‌دایه‌كی بكه‌ن، كه‌ خۆی خۆش نه‌وێت، پێم وایه‌ گه‌وره‌ترین تاوانه‌ ده‌رهه‌ق به‌ خه‌ڵكی كوردستان ده‌كرێت.



چۆڵی ئه‌سعه‌د:

به‌ڕێزتان باسی داهاتتان كرد، ڕه‌خنه‌یه‌كی زۆر له‌ حكومه‌ت ده‌گیرێت، كه‌ سه‌رچاوه‌كانی داهات شه‌فافنیین، ڕه‌خنه‌یه‌كیش ده‌گیرێت، كه‌ هه‌ندێك له‌ سه‌رچاوه‌كانی داهات له‌ ژێر ركێفی حكومه‌ت نین،وه‌ڵامی ئێوه‌ بۆ ئه‌و ره‌خنانه‌ چیه‌؟

مه‌سرور بارزانی: سه‌رچاوه‌كانی داهات له‌ هه‌رێمی كوردستان سێ جۆرن. یه‌كێكیان سه‌رچاوه‌ی نه‌وتییه‌. یه‌كێكیان داهاتی ناوخۆییه‌. یه‌كێكیشیان ئه‌و بڕه‌ بودجه‌یه‌، كه‌ حكومه‌تی عێراق ده‌ینێرێت. ئه‌وه‌ی عێراق ده‌ینێرێت زانراوه‌ چه‌نده‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ پێویست ناكات بوترێت شه‌فافه‌ یان نا. سه‌باره‌ت به‌ داهاتی نه‌وتیش، كۆمپانیای دیلۆت هه‌یه‌ و گرێبه‌ستمان له‌گه‌ڵی نوێكردووه‌ته‌وه‌ و ئه‌وان ده‌زانن، چه‌ند نه‌وت ده‌فرۆشرێت و به‌ چه‌ند ده‌فرۆشرێت، داهاتی چه‌نده‌ و داهاته‌كه‌ چی لێ دێت. به‌شێك له‌و داهاته‌، ئه‌و كۆمپانیایانه‌ی نه‌وت ده‌رده‌هێنن، تێچوویان هه‌یه‌ به‌شێك له‌ داهات بۆ تێچووی ده‌رهێنانی نه‌وته‌ و باقییه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ وه‌زاره‌تی دارایی. پێشتر پرۆسه‌یه‌ك هه‌بووه‌. ئێمه‌ داكۆكیمان كردووه‌ و سیستمێكی بانكی نێوده‌وڵه‌تییمان درووستكردووه‌. بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو داهاتی نه‌وت بێته‌وه‌ بانكی نێوده‌وڵه‌تی حكومه‌تی هه‌رێم. ئێمه‌ بۆ یه‌كه‌مجار توانیومانه‌ بانكێكی نێوده‌وڵه‌تی بۆ حكومه‌تی هه‌رێم دروست بكه‌ین. ئه‌و بانكه‌ هه‌رچی داهات و خه‌رجی هه‌یه‌ چ بۆ كۆمپانیاكان ده‌ڕوات، یان له‌ فرۆشتنی نه‌وته‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ دێته‌ ئه‌و بانكه‌ و راسته‌وخۆ دێته‌وه‌ وه‌زاره‌تی دارایی. واته‌ شه‌فافییه‌ت هه‌یه‌. له‌وه‌ی داهاتی نه‌وت چۆنه‌ و كۆمپانیای دیلۆتیش هه‌یه‌، ده‌زانرێت چی له‌ داهاته‌كه‌ ده‌كرێت. به‌داخه‌وه‌ هه‌ندێك كه‌س هه‌ڵه‌ تێگه‌یشتنیان هه‌یه‌ و پێیانوایه‌ نه‌وتی هه‌رێم به‌ نرخی برێنت ده‌فرۆشرێت، وانییه‌. نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان كه‌متره‌ له‌و نرخه‌. چونكه‌ جۆری نه‌وته‌كه‌ جیاوازه‌ و تێچووی گواستنه‌وه‌ی له‌سه‌ره‌. نه‌وته‌كه‌ به‌و نرخه‌ نییه‌ كه‌ پێشبینی ده‌كرێت. له‌ دیلۆت هه‌ر سێ مانگ جارێك زانیارییه‌كان بڵاوده‌كرێنه‌وه‌. پێموایه‌ زۆر جار مه‌سه‌له‌ی ڕه‌خنه‌ گرتن له‌سه‌ر بنه‌مای زانستی و زانیاری پێویست نه‌بێت، به‌ خه‌یاڵ و پێشبینی هه‌ر كه‌س شتێك ده‌ڵێت و به‌ ئه‌گه‌ر شت ناكرێت و ده‌بێت واقیعی بێت و بزانرێت فیعله‌ن ئه‌و شته‌ی ده‌وترێت راسته‌ یان نا، زۆر جار ئه‌وه‌ی وتراوه‌ راست نه‌بووه‌. ئه‌گه‌ر سه‌یری واقیعه‌كه‌ بكه‌یت هه‌مووی دیاره‌ و سه‌رجه‌م كابینه‌ش ئاگاداره‌ ره‌وشه‌كه‌ چۆنه‌. ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت به‌رهه‌می نه‌وت زیاد بكه‌ین، ئه‌وه‌ش ڕه‌نگه‌ قسه‌ی له‌سه‌ر بكرێت، ئه‌گه‌ر پێویست بوو باسی ده‌كه‌ین. به‌ڵام سه‌باره‌ت به‌ داهاته‌كه‌ی ئێستا كه‌ هه‌یه‌، هه‌مووی روون و ئاشكرایه‌ و هه‌مووی دێته‌وه‌ بۆ ئه‌م بانكه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌ و ده‌گوازرێته‌وه‌ بۆ وه‌زاره‌تی دارايى.

داهاتی ناوخۆ، له‌ سه‌ره‌تای كابینه‌وه‌ هه‌وڵمانداوه‌ ئه‌و داهاته‌ی له‌ ناوخۆ هه‌یه‌ زیادی بكه‌ین. به‌ چی؟ به‌وه‌ی پشتیوانی كه‌رتی تایبه‌ت بكه‌ین. خه‌رجی حكومه‌ت كه‌مبكه‌ینه‌وه‌. ئاسانكاری بۆ داهاتی زیاتر بكه‌ین، كار بۆ هه‌مه‌جۆركردنی سه‌رچاوه‌كانی داهات بكه‌ین. ته‌نیا پشت به‌ لایه‌نێك نه‌به‌ستین. په‌ره‌ به‌ كشتوكاڵ وپیشه‌سازی بده‌ین، ئاسانكاری زیاتر بۆ وه‌به‌رهێنه‌رانی ناوخۆ و بیانی بكه‌ین، كه‌ دێته‌ هه‌رێمی كوردستان و وه‌به‌رهێنانێكی زیاتر له‌ هه‌رێمی كوردستان بكرێت و ببێته‌ سه‌رچاوه‌ی داهات. له‌م كابینه‌یه‌ زیاتر له‌ هه‌موو كاتێك گرنگیمان به‌ دیجیتاڵكردن و تۆماركردن و كۆكردنه‌وه‌ی داتا و شه‌فافیه‌ت كردووه‌ و هه‌مووشی دیاره‌ و هه‌ندێكی كه‌وتووه‌ته‌ كاره‌وه‌ و هه‌ندێكی له‌ ماوه‌یه‌كی كورتدا ئینشه‌ڵڵا به‌كار ده‌كه‌وێت. ئه‌م قه‌یرانانه‌ به‌ داخه‌وه‌ تۆزێك ده‌ستیان به‌ستووین و نه‌یانهێشت به‌ په‌له‌ ئه‌و شتانه‌ بكه‌ین. به‌ڵام داهاته‌كان دیارن و باسی باجم كرد، كه‌ دوو ئه‌وه‌نده‌ زیادیكرد، چونكه‌ لێخۆشبوونی باج بۆ هیچ كۆمپانیایه‌ك نه‌ما. له‌ هیچ شوێنێك لێخۆشبوونی باج نه‌ماوه‌. هه‌موو پابه‌ندن به‌ پێدانی باج. به‌ شێوه‌یه‌كی رێژه‌یی دیار ده‌كرێت. كۆمپانیایه‌ك داهاتی زیاتر بێت به‌ رێژه‌یی باج زیاتر ده‌دات. له‌و شوێنانه‌ی پێویست بووه‌ داهات زیاتر بكرێت و كۆبكرێته‌وه‌. زانراوه‌، ته‌نانه‌ت له‌ سه‌ره‌تای ده‌ستپێكی كابینه‌دا داهاتی ناوخۆی كابینه‌ له‌ 120 ملیۆن دۆلار بۆ 250 ملیۆن دۆلار زیادیكرد. به‌ته‌ما بووین بۆ كۆتایی ساڵ بۆ 300 و زیاتریش زیاد بكات. به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی ره‌وشی ئابووری هه‌رێم تووشی ئه‌و قه‌یرانانه‌ بوو، داهاته‌كان هه‌موو كه‌مبوونه‌وه‌ و دابه‌زین. مه‌سه‌له‌ ئه‌وه‌ نییه‌، ئێمه‌ نه‌مانتوانیبێت، یان شته‌كان شه‌فاف و دیار نه‌بن، هه‌مووی زۆر زۆر به‌ راشكاوی و شه‌فافی هه‌ن. هه‌ر كه‌سێكیش بیه‌وێت رێگه‌ هه‌یه‌ ده‌توانن بێن بزانن چۆن شه‌فافه‌، به‌ڵام یه‌كێك بۆ خۆی بیه‌وێت به‌ جۆرێكی دیكه‌ قسه‌ بكات، ئه‌مه‌ شتێكی دیكه‌یه‌. ناكرێت بڕیار له‌سه‌ر قسه‌ی بێ بنه‌ما بدرێت. ئه‌وه‌ی من ده‌یڵێم له‌سه‌ر بنه‌مای راستیی و ژماره‌ و داتایه‌.



چۆڵی ئه‌سعه‌د: هیچ سه‌رچاوه‌یه‌كی داهات هه‌یه‌ له‌ ژێر كۆنترۆڵی حكومه‌ت نه‌بێت؟

مه‌سرور بارزانی: هاووڵاتییه‌ك ئه‌گه‌ر بزنسێكی هه‌یه‌ و بۆ خۆی داهاتێكی هه‌یه‌، ئه‌وه‌ی ده‌توانێت بیدات ته‌نیا باجه‌. داهاته‌كه‌ هی خۆیه‌تی. به‌ڵام ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست خاڵه‌ سنوورییه‌كانه‌، ئێمه‌ زۆر هه‌وڵمانداوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و خاڵانه‌ كۆنترۆڵ بكرێن. ئه‌و خاڵانه‌ به‌یه‌كچاو سه‌یر ناكرێن. خاڵی سنووری فڕۆكه‌خانه‌كان و وڵاتانی دراوسێ هه‌یه‌. هه‌ندێك شوێن له‌ هه‌ندێك شوێن باشتره‌. نامه‌وێت بچمه‌ ورده‌كارییه‌وه‌. له‌ هه‌ندێك شوێن، له‌وانه‌یه‌ كۆنترۆڵی باشتر كرابێت، ڕێكاره‌كان زووتر ده‌ستیان پێكردبێت. پابه‌ندی فه‌رمانبه‌ران باشتر بووبێت، به‌ڵام له‌ هه‌ندێك شوێن وه‌ك پێویست نه‌بووه‌. گله‌یی ئه‌وه‌ ده‌كرا ره‌نگه‌ قاچاغچێتی بكرێت، ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ئیداره‌ی پارێزگاكان قسه‌مان كردووه‌، ئه‌وان پابه‌ندی خۆیان دووپاتكردووه‌ته‌وه‌، كه‌ به‌ زووترین كات رێگری بكه‌ن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی به‌ قاچاغ شت ده‌هێنرێت و ده‌برێت، یان كۆنترۆڵێكی باش له‌سه‌ر خاڵه‌ سنوورییه‌كان نییه‌. ئێمه‌ش زۆر پابه‌ندین به‌وه‌ی بتوانین به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك كۆنترۆڵی ئه‌و شتانه‌ بكه‌ین. بۆ زانیاری جه‌نابت، ته‌نانه‌ت تۆماركردن، هاورده‌كردن و باج وه‌رگرتنی كه‌رسته‌ هێنراوه‌كان له‌ سنووره‌كان ئێستا به‌ شێوه‌یه‌كی دیجیتاڵی به‌ستراوه‌ته‌وه‌ و ئه‌مه‌ هه‌نگاوێكی باشه‌ و شتی باش كراوه‌ و ناڵێم سه‌دا سه‌د بنبڕ بووه‌، به‌ڵام ئێمه‌ نیازی ئه‌وه‌مان هه‌یه‌ بتوانین به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی هه‌م خاڵه‌ سنوورییه‌كان به‌ شێوه‌یه‌كی رێكوپێك كۆنترۆڵ بكه‌ین، نه‌ك ته‌نیا له‌ مه‌سه‌له‌ی داهات و ئابوورییه‌وه‌، به‌ڵكو له‌ رووی كواڵێتییشه‌وه‌، چونكه‌ زۆرجار شت هێنراوه‌، كه‌ وه‌ك پێویست نه‌بووه‌ و فێڵ كراوه‌ له‌ هاووڵاتیان. ئێمه‌ كوالێتی كۆنترۆڵمان له‌ سنووره‌كان جێگیركردووه‌ و هێشتا ره‌نگه‌ له‌ هه‌ندێك شوێن به‌ ته‌واوی جێگیر نه‌بووبێت، به‌ڵام به‌ جێگیربوونی ئه‌م شتانه‌ هاووڵاتی ده‌توانێت به‌ ته‌واوی دڵنیابێت له‌و ماددانه‌ی كه‌ هاورده‌ ده‌كرێن شتی باشن و له‌ رووی ئابووریشه‌وه‌ پێم وایه‌ ده‌توانێت یارمه‌تیده‌ر بێت بۆ زیادكردنی داهاتی ناوخۆی هه‌رێم.

هاوڕێ تۆفیق:

یه‌كێك له‌ درووشمه‌كانی پێكهێنانی كابینه‌ی نۆیه‌میحكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، پرسی لامه‌ركه‌زی ودابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵاته‌كان بوو، ئه‌م پرسه‌ له‌ ماوه‌یرابردوو له‌ سلێمانی و زۆرێك له‌ ناوچه‌كان داوا ده‌كرا،لامه‌ركه‌زی په‌یڕه‌و بكرێت، ئه‌م پرسه‌ هیچمه‌ترسییه‌كی هه‌یه‌ بۆ سه‌ر حكومه‌تی هه‌رێمیكوردستان، ئه‌گه‌ر واژووكردنی هاته‌ به‌ر ده‌ستبه‌ڕێزتان ئاماده‌ی واژووی بكه‌یت و له‌ باره‌یه‌وه‌ هه‌ماهه‌نگیتان له‌گه‌ڵ قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكوه‌زیران چۆنه‌؟

مه‌سرور بارزانی: من په‌یوه‌ندییه‌كی زۆر باش و پته‌وم له‌گه‌ڵ كاك قوباد هه‌یه‌. پێكه‌وه‌ ئیشی باشمان كردووه‌ و ئینشه‌ڵڵا بتوانین ئیشی باشتریش بكه‌ین.

مه‌سه‌له‌ی لامه‌ركه‌زی، ئێمه‌ له‌ كابینه‌دا باسی لامه‌ركه‌زی ئیداریمان كردووه‌. ئه‌مه‌ پڕۆژه‌ی هاوبه‌شی لایه‌نه‌ به‌شداربووه‌كانه‌. ئه‌مه‌ پرۆسه‌یه‌كه‌ پێویسته‌ دیراسه‌ی ته‌واوی بۆ بكرێت. ده‌بێت له‌ په‌رله‌مان بڕیاری له‌سه‌ر بدرێت. ئه‌نجوومه‌نی پارێزگایه‌ك ناتوانێت به‌ ته‌نیا بڕیاری له‌سه‌ر بدات. ئه‌وه‌ی جه‌نابت باسی ده‌كه‌یت، له‌وانه‌یه‌ حه‌ز و خواستی لایه‌نێك، یان به‌شێك بێت بۆ مه‌رامێكی سیاسی، ئه‌وه‌ی له‌ به‌رنامه‌ی كاری حكومه‌تدایه‌، حكومه‌ت پابه‌ندی جێبه‌جێكردنی كارنامه‌ی خۆیه‌تی. به‌شێك له‌ كارنامه‌كه‌، پرسی شۆڕكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كانه‌ بۆ هه‌موو پارێزگاكان و ته‌نیا پارێزگای سلێمانی نییه‌، پارێزگاكانی هه‌ڵه‌بجه‌ و سلێمانی و هه‌ولێر و دهۆكه‌. بۆ زانیاری جه‌نابیشت، ئه‌وه‌ی له‌م كابینه‌یه‌ كراوه‌، زۆر زیاتر بووه‌ له‌ پێشتر. زۆر شت هه‌یه‌ پێشتر ته‌نیا له‌ هه‌ولێر بووه‌، ئێستا بۆ پارێزگاكان گواستوومانه‌ته‌وه‌. زۆر له‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان گه‌ڕێندراونه‌ته‌وه‌ بۆ پارێزگاكان. له‌مه‌ زیاتریش ده‌كرێت. ئێمه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك دژی شۆڕكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات بۆ پارێزگاكان نین. مه‌رجی سه‌ره‌كی ئه‌وه‌یه‌ قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان، وه‌ك قه‌واره‌یه‌كی یه‌كگرتوو و كیانێكی فیدراڵی پارێزراو بێت. خوانه‌خواسته‌ دوو ئیداره‌ی كردن و جیاكردنه‌وه‌ی به‌شێك له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك قابیلی قبوڵ نییه‌ و وابزانم كه‌سیش داوای ئه‌مه‌ی نه‌كردووه‌ و ناشتوانێت بیكات، به‌ڵام له‌ مه‌سه‌له‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كان بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ پارێزگاكان بێگومان ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ین. له‌ سه‌ره‌تادا زۆر هه‌وڵماندا زاڵبین به‌سه‌ر به‌شێك له‌ ناشه‌فافیه‌ت و جۆره‌ گه‌نده‌ڵی و خراپ به‌كارهێنانی ئیداره‌، گوتمان با ئه‌و شتانه‌ هه‌موو روون بێته‌وه‌ له‌به‌ر چاوی كابینه‌كه‌، كه‌ به‌ چ شێوه‌یه‌ك شته‌كان رێكده‌خرێنه‌وه‌، دواتر ئێمه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك نامانه‌وێت هه‌موو شت بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ هه‌ولێر. ئه‌وه‌ی له‌ كابینه‌كه‌دا هه‌یه‌ و ئه‌وه‌ی له‌ پڕۆژه‌كه‌دا هه‌یه‌ باسی ده‌سه‌ڵاتی ئیداری ده‌كات.

كوڤان عیزه‌ت:

به‌ هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا، دابه‌زینی نرخی نه‌وت،بڕینی شایسته‌ داراییه‌كان، قه‌یران له‌ هه‌رێمیكوردستان درووست بوو، ته‌مه‌نی ئه‌م كابینه‌یه‌ 13 مانگه‌ و زۆریش باس له‌ مووچه‌ی مانگی 3 ده‌كرێت،كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێم له‌ ماوه‌ی ته‌مه‌نیداچه‌ند مووچه‌ی داوه‌؟

مه‌سرور بارزانی: ڕاسته‌ ته‌مه‌نی ئه‌م كابینه‌یه‌ 13 مانگه‌. له‌م ماوه‌یه‌ 12 مووچه‌مان دابه‌ش كردووه‌. خه‌ڵكێك بیه‌وێت ڕاستییه‌كان بزانێت ئه‌و شتانه‌ ده‌زانێت، به‌ڵام نه‌یه‌وێت به‌ جۆرێكی دیكه‌ لێكدانه‌وه‌ی بۆ بكات، ئه‌وه‌یه‌ ده‌یبینین به‌ جۆرێكی دیكه‌ ڕای گشتی چه‌واشه‌ ده‌كرێت. گوایه‌ دوو مووچه‌ و سێ مووچه‌ دراوه‌.

له‌ ده‌ستپێكی ئه‌م كابینه‌یه‌ 3 مووچه‌ی پێشتر نه‌درابوو. پاشه‌كه‌وت نه‌كرابوو، ئه‌م 3 مووچه‌یه‌ به‌ قه‌رز مانه‌وه‌ بۆ ئه‌م كابینه‌یه‌. كه‌واته‌ ئێمه‌ کە له‌ مانگی 7 دەستبەکاربووین واته‌ سێ مانگی پێشووتری كابینه‌ی پێشوو بوو به‌ قه‌رز و مابوو، پێموایه‌ ده‌بێت ئه‌مه‌ راستبكرێته‌وه‌. تووشی كێشه‌یه‌كی دیكه‌ ده‌بین له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدراڵیش، ئه‌مه‌ ده‌بێت ڕاست بكرێته‌وه‌. ئه‌و سێ مووچه‌ی له‌ كابینه‌ی پێشوو، به‌ قه‌رز یان به‌ پاشه‌كه‌وت حساب كرابوون و نه‌درابوون، ده‌بێت بکرێن به‌ پاشه‌كه‌وت. ئه‌م حكومه‌ته‌ به‌رپرسه‌ به‌رامبه‌ر به‌و مووچانه‌ی مانگانه‌ ده‌یدات. ئه‌مه‌ی ئه‌م حكومه‌ته‌ نه‌یتوانی بیدات، ئه‌وه‌یه‌ نه‌یتوانیوه‌ دوو مووچه‌ وه‌ك خۆی بدات و خۆی گونجاند له‌گه‌ڵ ئه‌و بڕه‌ بودجه‌یەی له‌به‌ر ده‌ست بوو، چونكه‌ حكومه‌تی عێراق له‌ به‌ڵێنه‌كه‌ی پاشگه‌ز بووه‌وه‌، به‌ شێوه‌یه‌كی یاسایی بووایه‌ ده‌بووایه‌ حكومه‌تی عێراق هه‌موو پابه‌ندی خۆی بۆ ناردنی مووچه‌ی هه‌رێم جێبه‌جێكردایه‌، كه‌چی نه‌یكرد، بۆ زانیاری ئێوه‌، ئه‌وه‌ی عێراق ده‌ینارد، ته‌نیا %51ی مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێم بووه‌، نه‌ك ته‌واوی مووچه‌. عێراق به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ته‌واوی مووچه‌ی نه‌ناردووه‌. ئه‌و په‌ڕی 450 ملیار دیناریان ناردووه‌، دواتر له‌ مانگی 4 دوای مانگێك دواخستن كردیان به‌ 400 ملیار دینار و ئێستاش كردیان به‌ 320 ملیار دینار. واته‌ له‌و ئیلتیزامه‌ی ده‌بووایه‌ %51ی مووچه‌ی مووچه‌خۆران دابین بكه‌ن، نه‌یانكردووه‌. ته‌نانه‌ت 3 مانگ هه‌ر به‌ ته‌واوی مووچه‌ی نه‌ناردووه‌. واته‌ مووچه‌ی مانگه‌كانی 5، 6، 7 یان نه‌ناردووه‌. ئه‌مه‌ی ئێستاش له‌ 450 كه‌میان كردووه‌ته‌وه‌ بۆ 320 ملیار دینار، به‌ڵام به‌رامبه‌ر به‌مه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان چیی كردووه‌؟ سه‌ره‌ڕای نه‌ناردنی هیچ پاره‌یه‌ك له‌ 3 مانگدا، بەڵام حكومه‌تی هه‌رێم 10 مانگ مووچه‌ی داوه‌. به‌ پشت به‌ستن به‌ داهات، هەرچەندە به‌داخه‌وه‌ نه‌یتوانیوه‌ وه‌ك پێویست ئه‌و بڕه‌ مووچه‌یه‌ی پێشتر ده‌درا به‌و جۆره‌ بدرێت، چونكه‌ بودجه‌ی له‌به‌ر ده‌ست نه‌بووه‌. حكومه‌تی هه‌رێم پێویستی به‌ 755 ملیۆن دۆلار هه‌بووه‌، بۆ دابه‌شكردنی مووچه‌، به‌ڵام ته‌نیا 600 ملیۆن دۆلاری به‌ده‌سته‌وه‌ بووه‌. ئینجا ئه‌م گۆڕانكارییه‌، كه‌به‌سه‌ر مووچه‌دا هاتووه‌، مه‌سه‌له‌ی چاكسازی نییه‌، كه‌ به‌داخه‌وه‌ هه‌ندێكجار باس له‌وه‌ ده‌كرێت چاكسازی له‌ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران كراوه‌، ئه‌مه‌ ناهه‌قییه‌كه‌ ده‌وترێت، چونكه‌ چاكسازی مه‌به‌ست لێی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران نییه‌. ئه‌مه‌ی كراوه‌، چونكه‌ بودجه‌كه‌ی به‌شی نه‌كردووه‌، ده‌بووایه‌ به‌ ناچاری حكومه‌ت خۆی بگونجێنێت. زۆر جاریش وتوومانه‌ به‌ خۆگونجاندن له‌گه‌ڵ بودجه‌ی به‌رده‌ست به‌م شێوه‌یه‌ مووچه‌ ده‌درێت. له‌وه‌شدا ئه‌وه‌ی له‌ 300 هه‌زار كه‌متری وه‌رگرتووه‌، به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ده‌ستكاری مووچه‌ی نه‌كراوه‌. به‌ شێوه‌یه‌كی رێژه‌یی كه‌ مووچه‌ زیاد ده‌بێت ره‌نگه‌ لێی كه‌مكرابێته‌وه‌. ئه‌مه‌ش شتێك نییه‌، به‌ ناوی چاكسازی بێت بەڵکو ئه‌مه‌ خۆگونجاندنه‌. چاكسازی شتێكی دیكه‌یه‌، پێداچوونه‌وه‌یه‌ به‌ مووچه‌خۆری شایستە، پێشتر باس ده‌كرا بندیوار هه‌بووه‌ و زۆر ئیشی له‌سه‌ر كراوه‌ و بایۆمه‌تری كراوه‌ و به‌شێكی چاره‌سه‌ر كراوه‌. بەڵام ده‌ستكاری مووچه‌ ناكرێت به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك له‌سه‌ر چاكسازی حساب بكرێت.

ئه‌وه‌ی كه‌ جه‌نابت باسی ده‌كه‌یت، ده‌ڵێن مووچه‌ی مانگی سێیه‌، دووپاتیده‌كه‌مه‌وه‌، ئه‌م حكومه‌ته‌ 12 مانگ مووچه‌ی داوه‌، له‌م 12 مانگه‌ ته‌نیا 2 مانگ نه‌یتوانیوه‌ به‌ ته‌واوی مووچه‌ بدات، چونكه‌ عێراق 3 مانگ مووچه‌ی نه‌ناردووه‌ و 3 مانگیش هی كابینه‌كانی پێشووتره‌، كه‌ به‌داخه‌وه‌ به‌ هۆی ئه‌و قه‌یرانانه‌ی له‌و سه‌رده‌مه‌ تووشی هه‌رێم بوون، مه‌له‌سه‌ی شه‌ڕی داعش و نه‌هاتنی بودجه‌ بووه‌ و ئه‌وانیش نه‌یانتوانیوه‌ بیده‌ن. به‌ڵام ئێستا ئه‌مه‌ ده‌بێت چاره‌سه‌ر بكرێت، ئێمه‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراقیش له‌ هه‌وڵداین بۆ ئه‌وه‌ی رێگه‌ی چاره‌سه‌ر بدۆزینه‌وه‌. بۆ ئه‌وانه‌ی ده‌ڵێن ئه‌م حكومه‌ته‌ مووچه‌ی نه‌داوه‌، دووباره‌ ده‌ڵێم ئێمه‌ 12 مانگ مووچه‌مان داوه‌.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif