له‌وانه‌یه زۆرمان له‌باره‌ی بابه‌ته كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی عه‌لی وه‌ردییه‌وه شتێك بزانین، بۆچوونه‌كانی ئه‌و به‌جۆرێك بێت كه دونیابینیه‌كی پێبهخشیبین له‌باره‌ی دیارده كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی چوارده‌ورمان، به‌ڵام پێناچێت سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كانی ژیانی ئه‌و كه‌سایه‌تی و زانا كۆمه‌ڵایه‌تیه شاره‌زا بین.
عه‌لی وه‌ردی كێیه؟
ناوی (عه‌لی حوسێن عه‌بدولجه‌لیل ئه‌لوه‌ردی) یه، له ساڵی (1913) له ناوچه‌ی (شهواكه)ی سه‌ر به (كازمییه)ی شاری به‌غدا له دایك بووه، ئه‌و ته‌نها منداڵی باوانی بووه، (9) خوشك و براكانی كه‌مێك پێش ئه‌وه‌ی له دایك بن، گیانیان له ده‌ستداوه و نه‌هاتوونه‌ته نێو كایه‌كانی دنیاوه، ئه‌مه‌ش به سروشتی خۆی وایكردووه ناوبراو له لای باوانییه‌وه خۆشه‌ویست بێت.
وه‌ردی نه‌وه‌ی بنه‌ماڵه‌یه‌كی به‌ناوبانگه، كه زۆر گرنگیان به بواری زانست و ئه‌ده‌ب و شیعر و پیشه داوه. ناوبانگی وه‌ردی وه‌رگرتووه له‌به‌ر ئه‌و پیشه‌یه‌ی كه باپیره گه‌وره‌ی كردوویه‌تی، ئه‌ویش (دڵۆپاندنی ئاوی گوڵ) بوو.
دوای ئه‌وه‌ی له‌ساڵی (1921) فه‌یسه‌ڵ بووه‌ته مه‌لیك له عێراق، وه‌ردی چووه‌ته قوتابخانه‌ی سه‌ره‌تایی، ئه‌مه‌ش شتێكی ده‌گمه‌ن بوو به‌وه‌ی منداڵێك له‌و گه‌ڕه‌كه ههژارنشینهدا بچێته قوتابخانه‌وه، قوتابخانه‌كان له‌و گه‌ڕه‌كه‌دا ته‌نها تا پۆلی (4) سه‌ره‌تایی خوێندنیان تێدابوو. وه‌ردی ده‌لێت "خه‌ڵك به قوتابخانه‌ی نوێیان ده‌وت (المكتب) و بهقوتابیشیان ده‌وت (المكتبلیه)، له راستیدا له‌و كاته‌دا قوتابخانه بۆ منداڵی (الافندیه)، واتا فه‌رمانبه‌رانی حكومه‌ت مۆنۆپۆلكراوه"، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئهفهندییهكان كه‌سانی بێزراوبوون و پێگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تییان لاوازبوو و خه‌ڵك خۆشی نه‌ده‌ویستن، بۆیه هه‌ندێك وایان داده‌نا كه چوونه قوتابخانه رۆیشتنه به‌ره‌و لادانی جنسی، ئه‌مه‌ش وای له باوكی كرد له قوتابخانه ده‌ریبهێنێت و بیباته یه‌كێك له حوجره‌كان، له‌وێدا وه‌ردی فێری بنه‌ماكانی خوێندنه‌وه و نووسین و ژماردن بوو، هه‌روه‌ها قورئانی خه‌تم كردووه.
دوای ئه‌مه باوكی جارێكی دیكه بردییه‌وه قوتابخانه و له پۆلی (2)ی سه‌ره‌تایی وه‌رگیراو، ئه‌و هه‌ر (4) ساڵ خوێندنی ته‌واو كرد، به‌ڵام دواتر له ساڵی (1924) باوكی له‌به‌ر هه‌ژاری له قوتابخانه ده‌ریهێنا و نه‌یهێشت به‌رده‌وام بێت و پێی وتووه "كوڕی خۆم.. قوتابخانه نانمان نادات"، بۆیه دووباره گه‌ڕایه‌وه كاركردن له‌گه‌ڵ باوكی له دووكانی عه‌تاری كاری ده‌كرد، له‌به‌رئه‌وه‌ی بازاڕیان باش نه‌بوو و كاره‌كه‌یان زۆر به‌سوود نه‌بوو، وه‌ردی وه‌كو كرێكار له‌لای عه‌تارێك به (5) روپیه له ماوه‌ی (2) ساڵ كاری كردووه.
به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی زۆرجار وه‌ستا عهتارهكهی دووكانه‌كه‌ی جێده‌هێشت، دیسان له‌به‌رئه‌وه‌ی وه‌ردی زۆر حه‌زی له خوێندنه‌وه‌ی كتێب ده‌كرد، ئه‌مه بووه هۆی ئه‌وه‌ی كاره‌كه‌ی و ئامۆژگارییه‌كانی وه‌ستاكه‌ی و كڕیاره‌كانیش تاڕاده‌یه‌ك فه‌رامۆش بكات، به‌مه‌ش له‌سه‌ر كاره‌كه‌ی ده‌ركرا. ئه‌ویش له به‌رامبه‌ر ده‌ركردنیدا نه‌ك هه‌ر خه‌فه‌تبار نه‌بوو، به‌ڵكو زۆریشی پێخۆش بوو، چونكه كاركردن ئاره‌زووی ئه‌و نه‌بوو، به‌ڵكو له سه‌ری سه‌پێنرابوو، هه‌ربۆیه دوای ده‌ركردنی وتی "وه‌ستاكه‌م به خراپترین شێوه دهریكرم، سوپاسی خوا ده‌كه‌م، چونكه دوای ئه‌وه توانیم كاتی خۆم بۆ خوێندنه‌وه‌ی كتێبه خۆشه‌ویسته‌كه‌م ته‌رخان بكه‌م".
ئه‌و ماوه‌ی كاركردنی له دووكانی عه‌تاری به ناخۆشترین و قورسترین ماوه‌ی ژیانی داده‌نێت، چونكه ده‌بوایه له خۆرهه‌ڵاته‌وه تاوه‌كو خۆرئاوابوون به‌بێ پسانه‌وه كاربكات.
وه‌ردی تاڕاده‌یه‌كی زۆر هۆگری خوێندنه‌وه بوو، وایلێهاتبوو به‌بێ كتێب هه‌ڵنه‌كات و به‌رده‌وام سه‌ردانی بازاڕكانی كتێبفرۆشی له (موته‌نه‌بی) و (بازاڕی سه‌ڕای) بكات، له‌وكاته‌دا كۆنترین كتێبفرۆشی شاری به‌غدا (حسین الحلفی) ناسی، و كتێبی بواره‌كانی ده‌روونناسی و كۆمه‌ڵناسی و فه‌لسه‌فه و كتێبی ئه‌ده‌بی به نرخی گونجاو لێدهكڕی، تاوه‌كو سه‌ره‌تای ده‌ستكردن به نوسین و بڵاوكردنه‌وه له ساڵی (1930).
له ئۆكتۆبه‌ری (1932) وه‌ردی چووه‌ته قوتابخانه‌ی ناوه‌ندی كه‌رخ له به‌غدا، ئه‌و قوتابییه‌كی زۆر زیره‌ك و چاوكراوه بوو، گرنگی زۆری به‌خوێندن ده‌دا،بۆیه له‌سه‌ر ئاستی شاری به‌غدا به‌پله‌ی یه‌كه‌م ده‌رچوو، به‌هۆی ئه‌مه‌شه‌وه یارمه‌تییه‌كی مانگانه‌ی به بڕی دینارێك و نیو دیناری له وه‌زاره‌تی مه‌عاریف (په‌روه‌رده) وه‌رگرت، به‌ڵام هه‌ر زوو ئه‌م یارمه‌تییه‌ی له‌سه‌ر بڕا، ئه‌مه‌ش به‌هۆی فیتنه‌ی فه‌رمانبه‌رێكی گه‌وره كه ئه‌و یارمه‌تییه‌ی گواسته‌وه بۆ خزمێكی خۆی. له‌م باره‌یه‌وه وه‌ردی وتوویه‌تی "فه‌رمانبه‌ره گه‌وره‌كه زاڵم و له‌ئیم بوو، به‌ڵام له روانگه‌ی سوودمه‌نده‌كان و خزمه نزیكه‌كانی دادپه‌روه‌ر و میهربان بوو".
دواتر وه‌ردی له ساڵی (1936) چووه دواناوه‌ندی مه‌ركه‌زی له به‌غدا، بڕوانامه‌ی به‌كالۆریۆسی وه‌رگرت.
دوای ده‌رچوونی له خوێندنی ئاماده‌یی (2) ساڵ وه‌كو مامۆستا كاری كرد، ئینجا به‌هۆی توانا و لێهاتووییه‌وه ساڵی (1943) حكومه‌تی عێراقی له‌سه‌ر حیسابی خۆی، ناردیه وڵاتی لوبنان بۆ خوێندن له زانكۆی ئه‌مریكی له به‌یروتی پایته‌خت، له‌وێدا خوێندنی ته‌واوكرد و بڕوانامه‌ی به‌كالۆریۆسی به‌پله‌ی شه‌ره‌ف وه‌رگرت. له به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌دا له كتێبی (علی الوردی یدافع عن نفسه) باس له‌و كه‌سانه ده‌كات كه له ژیاندا چاكه‌ی گه‌وره‌یان له‌گه‌ڵ كردووه، تیایدا ئاماژه به (وه‌ستا عهتارهكهی) و (ئه‌نوره پاشا) و (مه‌لیك فه‌یسڵ) ده‌كات، به تایبه‌تی ئه‌وه‌ی دوایی كه رووی به‌ره‌و شارستانییه‌تی نوێ كرده‌وه و بووه هۆی ئه‌وه‌ی وه‌ردی له‌پێناو ته‌واوكردن خوێندنی باڵا‌و پسپۆڕی وه‌رگرتن سه‌ردانی ده‌ره‌وه‌ی وڵات بكات.
دیسان حكومه‌تی عێراق له‌سه‌ر حیسابی خۆی ناردیه ئه‌مریكا، له‌وێدا له زانكۆی تكساس له ساڵی (1948) بڕوانامه‌ی ماسته‌ر و له ساڵی (1950) بڕوانامه‌ی دكتۆرای به‌ده‌ستهێناوه، كه تێزی دكتۆراكه‌ی له‌سه‌ر (تیۆری كۆمه‌ڵایه‌تی ئیبن خه‌لدون) بووه. دوای ئه‌وه‌ی به پله‌ی نایاب بڕوانامه‌كه‌ی به‌ده‌ستهێنا حاكمی (تكساس) رێزی لێگرت، هه‌روه‌ها له كاتی وه‌رگرتنی بڕوانامه‌ی دكتۆرا سه‌رۆكی زانكۆی تكساس پێیگووتوه (ئه‌ی دكتۆر وه‌ردی تۆ له ئایندهی كۆمه‌ڵناسیدا ده‌بیته یه‌كه‌م كه‌س)، پاشان دواتر گه‌ڕایه‌وه بۆ عێراق و له به‌شی كۆمه‌ڵناسی زانكۆ به‌غدا كاری كرد. له ساڵی (1953) بووه‌ته مامۆستای یارمه‌تیده‌ر، ئینجا بۆته مامۆستا.
وه‌ردی له ئه‌ركی وانه‌وتنه‌وه به‌رده‌وام بوو، پله‌به پله سه‌ركه‌وت، تاوه‌كو نازناوی (مامۆستای مومارسكار)ی پێبه‌خشرا له زانكۆی به‌غدا. ئه‌م پله‌یه‌ش ته‌نها به‌و كه‌سانه ده‌درێت كه تاك و ته‌نهان له پسپۆڕهكهیان و ماوه‌یه‌كی زه‌مه‌نی زۆر خزمه‌تیان له‌و بواره كردووه. له ساڵی (1970) له وانه‌وتنه‌وه خانه‌نشین كرا، له‌وكاته‌وه خۆی بۆ نووسین و وانه وتنه‌وه له دامه‌زراوه زانستییه‌كانی زانكۆ عێراقی و عه‌ره‌بییه‌كان ته‌رخانكرد.
وه‌ردی ژیانی پڕبووه له ناخۆشی و نه‌هامه‌تی، چونكه به‌گوێره‌ی سه‌رچاوه‌كان قه‌ت گوێی به به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی خۆی نه‌داوه و ئاماده‌ش نه‌بووه سازش له سه‌ر زانست و كاری زانستی بكات له به‌رامبه‌ر ده‌ستكه‌وتی ماددی، ئه‌و به بابه‌تیبوون ناوبانگی ده‌ركردوه، هیچ ئیعتبارێكی له‌سه‌رووی ئیعتباری زانستی‌بوون و بابه‌تیبوون دانه‌ده‌نا، هه‌ر بۆیه به پێشه‌نگی كۆمه‌ڵناسان له عێراق داده‌نرێت، له‌و كه‌سه ده‌گمه‌نانه‌ش داده‌نرێت كه گرنگی زۆری به توێژینهوهكردنی كۆمه‌ڵگای عێراقی داوه.
وه‌ردی نه‌خۆشی شێرپه‌نجه پڕۆستاتی هه‌بوو، پێش مردنی بۆ مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ری چووه‌ته وڵاتی ئوردن، له‌وێدا له‌یه‌كێك له ژووره‌كانی هۆتێلێكی هه‌ژارنشینه‌كان نیشته‌جێ بووه، به‌ڵام كاتێك (مه‌لیك حوسین) ئه‌وه‌ی زانیووه، بڕیاریداوه یه‌كسه‌ر بگوازرێته‌وه بۆ نه‌خۆشخانه‌ی (ا‌لحسین العسكری) له عه‌ممان، له‌وێدا نه‌شته‌رگه‌ری بۆ كراوه، دوای ئه‌وه‌ی (3) مانگ له عه‌ممان مایه‌وه، دواتر گه‌ڕایه‌وه به‌غدا و له‌وێدا به‌هێمنی له (13)ی ته‌مووزی (1995) كۆچی دوایی كرد، له مه‌راسیمی ناشتنیدا سه‌دان له هاووڵاتیان و خوێنده‌واران و خۆشه‌ویستانی ئاماده‌بوون. ماوه‌ته‌وه بڵێین كه وه‌ردی باوكی (3)كوڕ و كچێك بووه.
ره‌خنه ئایدیۆلۆژیستی و سیاسییه‌كان له وه‌ردی
وه‌ردی كۆمه‌ڵناس به سێ تیۆره‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی كاریگه‌ر بوو، ئه‌وانیش (دووفاقیه‌تی كه‌سایه‌تی)ی زانای كۆمه‌ڵناسی (مكیڤر)، و (دواكه‌وتنی كولتووری)ی كۆمه‌ڵناسی ئه‌مریكی (ولیه‌م ئۆكبرن)، هه‌روه‌ها (ململانێی ده‌شته‌كی و شارنشینی) كه زانا (ئیبن خه‌لدون) دایڕشتوه.
له ژێر رۆشنایی ئه‌و سێ تیۆره و به وردبوونه‌وه له رووداو و دیارده‌كانی كۆمه‌ڵگای عێراقی كاره زانستییه‌كانی خۆی ئه‌نجامداوه، واتا بابه‌ت و ته‌رحه زانستییه‌كانی خۆی كردووه.
وه‌ردی به‌وه ده‌ناسرێت كه ئازاد و بوێره له نمایشكردنی هزر و ته‌رحه‌كانی له كتێب و لێكچه‌ره‌كانی، ئه‌و به بارگاویبوونی به میتۆده‌كانی ئیبن خه‌لدون و به بابه‌تیبوونی له لێكۆڵینهوكانی، واتا لایه‌نگیری نه‌كردن بۆ كۆمه‌ڵگای عێراقی تیشكی خسته سه‌ر تاك و كۆمه‌ڵگای عێراقی و تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی له واقیعی كۆمه‌ڵایه‌تیدا. له‌مه‌شدا به‌شێوه‌یه‌ك باسی كه‌سایه‌تی تاكی عێراقی ده‌كات وه‌كو كه‌سایه‌تییه‌كی دووفاق به تایبه‌تی له كتێبی (كه‌سایه‌تی تاكی عێراقی)، ئه‌مه‌ش شوێنی ره‌خنه لێگرتن و سه‌رزه‌نشتكردنی وه‌ردی بوو، له‌لایه‌ن عه‌ره‌به ئایدۆلۆژیسته‌كان، به‌وپێیه‌ی له روانگه‌ی ئه‌وانه‌وه كه‌سایه‌تی تاكی عه‌ره‌بی له‌یه‌ك ده‌چێت، وه‌ردیش كه‌سایه‌تی تاكی عێراقی به دووفاق و ئیزدیواج وه‌سف ده‌كات، ئه‌وه‌ش سیفه‌تێكی بێزراوه.
هه‌روه‌ها وه‌ردی له‌لایه‌ن ماركسیستهكانیشهوه تووشی ره‌خنه و سهرزهنشكردن بووه‌وه، به‌هۆی نه‌گرتنه‌به‌ری میتۆدی ماتریالیزمی مێژوویی له توێژینه‌وه‌كانیدا.
به‌عسییه‌كان هه‌وڵیاندا فه‌رامۆش و هه‌ژاری بكه‌ن له‌لایه‌نی ماددییه‌وه، چونكه وه‌ردی له وتنی راستییه‌كان له كۆمه‌ڵگا سڵی نه‌ده‌كرده‌وه، ئه‌و به‌راشكاوانه هۆكاری راسته‌قینه‌ی دروستبوونی كۆمه‌ڵێك دیارده‌ی دزێوی كۆمه‌ڵگای ده‌خسته به‌رباس، ئه‌وانیش (به‌عسییه‌كان) ئه‌مه‌یان به مه‌ترسیدار ده‌زانی، بۆیه ره‌فتاری ناته‌ندروست و نێگه‌تیڤیان له به‌رامبه‌ر ده‌نواند.
جگه له‌مانه له ساڵ (1968) به‌وه تۆمه‌تباركرا كه په‌یوه‌ندی به لایه‌نێكی سیاسی دیاریكراو هه‌یه، و بیرۆكه‌كانی مه‌ترسیدارن و سه‌رئێشه دروست ده‌كه‌ن، بۆیه داوای لێكرا زانكۆ جێبهێلێت و په‌رتوكه‌كانی له بازاڕ و له چاپكردن قه‌ده‌غه‌كرا.
وه‌ردی به‌وه تۆمه‌تباركراوه كه لایه‌نگر یاخود هه‌واداری عه‌بدولكه‌ریم قاسم بووه، دیسان به‌وه‌ش تاوانبار كراوه كه بۆ شیعه‌كان مه‌یلی یا لایه‌نگری تائیفی هه‌یه و دژی سوننه‌كان نوسیوییه‌تی.
ره‌خنه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی له وه‌ردی
عه‌لی وه‌ردی له‌لایه‌ن ره‌خنه‌گرانه‌وه به‌رده‌وام به‌وه تۆمه‌تبار ده‌كرا كه دژی ئاراسته و بیركردنه‌وه‌ی باوه، واتا دژی مه‌ئلوفه، به‌تایبه‌تی له‌لایه‌نی كۆمه‌ڵایه‌تی و رۆشنبیرییه‌وه، دیاره بنه‌مای ئه‌م ره‌خنه‌یه‌ش به پله‌ی سه‌ره‌كی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ناوبراو ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی و رۆشنبیری كۆمه‌ڵگایه‌كی پێشكه‌وتووی بینیوه، كه ئه‌ویش كۆمه‌ڵگای ئه‌مریكییه. ئه‌مه‌ش تێڕوانینێك و دیدگایه‌كی پێبه‌خشیوه، زۆر جیاوازه له تێڕوانینی هه‌ر تاكێكی عێراقی بۆ كۆمه‌ڵگاكه‌ی. به‌واتایه‌كی دیكه بیرباوه‌ڕ ولێكدانه‌وه و پێوانی وه‌ردی بۆ ژیان و دیارده‌كانی، زۆر جیاوازه له بیروباوه‌ڕ و لێكدانه‌وه و پێوانی تاكه‌كانی دیكه كۆمه‌ڵگای عێراقی، ئه‌و كاتێك بۆچوونی خۆی ده‌ڵێت، وا ده‌رده‌كه‌وێت كه جیاوازه له بۆچوونی زۆربه‌ی تاكه‌كانی دیكه (كه زۆربه‌یان هه‌مان بۆچوونیان هه‌یه یان زۆر له یه‌كتر نزیكن)، ئه‌وكاته بۆچوونه‌كه‌ی وا لێكده‌درێته‌وه كه دژی ئاراسته و بیركردنه‌وه‌ی باوه، واتا دژی مه‌ئلوفه. به‌ڵام وه‌ردی به‌هیچ جۆرێك گوێ به‌و ره‌خنانه نادات، هه‌روه‌كو ئه‌وه‌ی (حمید المطبعی) له په‌رتوكی (علی الوردی یدافع عن نفسه) ئاماژه‌ی بۆ ده‌كات، وه‌ردی ده‌ڵێت "ئه‌وه‌نده‌م گوێ له‌و تۆمه‌تانه بووه له زاری ره‌خنه‌گران، تاوه‌كو له‌سه‌ری راهاتووم".
له‌به‌رئه‌وه‌ی وه‌ردی كه‌سێكی رۆشنگه‌ر بوو، بۆیه به‌هۆی بیركردنهوهكانییهوه زۆرجار توشی قسه‌ی نابه‌جێ ده‌بوو، ئه‌و له ساڵی (1932)كاتێك چووه قوتابخانه‌ی ناوه‌ندی كه‌رخ، جلوبه‌رگه كلاسیكییه‌كه‌ی كه پێكهاتبوو له دشداشهیهك و عه‌بایه‌ك، له‌گه‌ڵ عه‌مامه سه‌وزه‌كه‌ی سه‌ری فرێدا، له‌به‌رامبه‌ردا جلوبه‌رگێكی مۆدێرن، كه كڵاوێك (سیداره)ی له‌سه‌رنا و قاتێكی له‌به‌ركرد، واتا خۆی كرده ئه‌فه‌ندی، ئه‌مه‌ش بوو هۆی ره‌خنه لێگرتن و قسه پێوتنی، چونكه له‌و كاته‌دا خه‌ڵك واسه‌یری ئه‌فه‌ندیان ده‌كرد كه خۆفرۆشن، كاتێك یه‌كێك له خزمه‌كانی، وه‌ردی به جلی ئهفندییهوه بینیوه، وتوویه‌تی "ئایینی خۆی به‌دیناری ئه‌وان فرۆشت".
وه‌ردی ئه‌و ره‌فتاره‌ی ده‌كرد كه خۆی باوه‌ڕی پێ‌بوو، هه‌وڵیده‌دا نه‌كه‌وێته ژێر باری مه‌عریفه‌ی هه‌مه‌كییه‌وه، به‌وه‌ڵامی ئاماده بۆ پرسیاره‌كانی رازی نه‌ده‌بوو، به‌ڵكو گومانی له شت و دیارده‌كان ده‌كرد و ده‌یخستنه ژێر پرسیاره‌وه، ئه‌و به‌پێچه‌وانه‌ی ئاراسته‌ی باو ده‌ڕۆیشت و ره‌فتاری ده‌كرد، ئه‌گه‌ر لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك له‌و باره‌یه‌وه له‌سه‌ر ژیانی بكه‌ین، ده‌یان رووداوی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌بینین كه به‌سه‌ری هاتووه و به‌هۆیه‌وه تووشی ره‌خنه و سه‌رزه‌نشتی كۆمه‌ڵایه‌تی بۆته‌وه.
ره‌خنه‌ی رۆشنبیری له وه‌ردی
هه‌رچه‌نده وه‌ردی بایه‌خێكی زۆر و خوێنه‌رێكی زۆری هه‌یه، به‌ڵام له هه‌مانكاتدا ره‌خنه‌گرێكی زۆریشی هه‌یه، هه‌ر له‌ساڵانی (50)كانه‌وه هێرش و ره‌خنه دژی كتێب و نووسنهكان و بیرۆكه‌كانی ده‌ستی پێكردووه، له عێراقدا زیاتر له (12) كتێب له‌سه‌ر ره‌تكردنه‌وه‌ی بۆچوونه‌كانی نووسراوه، كه (5)یان به‌ته‌نها له‌سه‌ر كتێبی (وعاض السلاطین) نووسراوه.
هه‌روه‌ها (3) كتێب له‌سه‌ر (اسطورة الادب الرفیع) بڵاوكرداوه‌ته‌وه. جگه له‌مانه‌ش ده‌یان وتاری ره‌خنه‌گرانه‌ی له دژی نووسراوه كه له رۆژنامه‌كان بڵاوكراوه‌ته‌وه. جگه له‌مه وه‌ردی له‌سه‌ر راوبۆچوونه‌كانی له باره‌ی ئه‌ده‌ب و رێزمانی عه‌ره‌بی تووشی ده‌مه‌قاڵێ و ره‌خنه‌ی زۆر بووه‌وه.
وه‌ردی له نووسین داده‌بڕێت
عه‌لی وه‌ردی كۆمه‌ڵناس له ژیانی خۆیدا دووجار له نووسین دابڕاوه، یه‌كه‌میان له دوای شۆڕشی (14)ی ته‌مووزی (1958)، ئه‌مه وه‌كو سه‌رچاوه‌كان ئاماژه‌ی پێده‌كه‌ن (5) ساڵی خایاندووه، چونكه له‌وكاته‌دا ئاژاوه‌گێڕی و ململانێیه‌كی زۆر له ئارادا بووه، ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی شێواوه و تاڕاده‌یه‌كی زۆر ئاسایش و كۆنتڕۆڵی كۆمه‌ڵایه‌تی ئاماده نه‌بوو، بۆیه ئه‌ویش له ترسان وازی له نووسین هێناوه، چونكه به‌رده‌وام به‌وه تاوانبار ده‌كرا كه دژی ئاراسته‌ی باو رێده‌كات. جاری دووه‌میش له‌سه‌رتایی ساڵانی (80)كان بوو، چونكه له حكومه‌تی به‌عس و ده‌زگا داپلۆسینهرهكانی ده‌ترسا.
لێره‌دا ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجه وه‌ردی به‌و هه‌ڵسوكه‌وته‌ی ئه‌وه راده‌گه‌ینێت كه ژیانی تایبه‌تی خۆی پێ گرنگتر بووه له نووسین و پڕۆژه هزرییه‌كانی، به‌ڵام نابێت ئه‌وه له‌بیر بكه‌ین كه ره‌نگه بشێت نووسین و پڕۆژه‌ی هزری زه‌مه‌نه‌كه‌ی دوابخرێت، به‌ڵام ژیان یه‌كجاره و دواناخرێت.
به‌رنامه ته‌له‌فزیۆنییه‌كه‌ی وه‌ردی
(تۆ پرسیار بكه و ئێمه‌ش دیالۆگی له‌سه‌ر ده‌كه‌ین) ئه‌وه ناوی ئه‌و به‌رنامه تهلهفزیۆنییهیه كه وه‌ردی له ساڵی (1962) پێشكه‌شی كرد، له‌و به‌رنامه‌یه‌دا خه‌ڵك پرسیاریان له باره‌ی كێشه وگرفته كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیان بۆ ده‌نارد، یاخود گوێی له كێشه و گرفته‌كانیان ده‌گرت، ئه‌ویش وه‌ڵامی ده‌دانه‌وه، به‌ڵام وه‌ك خۆی له پێشه‌كی كتێبی (لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك له‌سه‌ر سروشتی كۆمه‌ڵگای عێراقی) ئاماژه‌ی بۆ ده‌كات و ده‌ڵێت "زۆر به‌داخه‌وه ده‌مه‌وێت بڵێم كه به‌رپرسه‌كان به‌م به‌رنامه ته‌له‌فزیۆنییه رازی نه‌بوون و به‌دڵیان نه‌بوو، بۆیه فه‌رمانیان به لابردنی ئه‌و به‌رنامه‌یه كرد".
وه‌ردی گه‌شتكردنی لێ قه‌ده‌غه ده‌كرێت
له‌وكاته‌ی گه‌رمای هاوینان داده‌هات، وه‌ردی چانتاكهی تێكدهنا و عێراقی به‌ره‌و وڵاتانی عه‌ره‌بی یا ئه‌وروپی جێده‌هێشت، ئه‌مه‌ش بۆ مه‌به‌ستی ناچۆنیهك، له‌وانه ئیسراحهتكردن و پشوودان، هه‌روه‌ها لێكۆڵینه‌وه‌كردن و دۆزینه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌ی زانستی و دۆكیۆمێنتی تازه له وڵاتانی دیكه، هه‌روه‌ها بۆ ته‌واوكردنی ئه‌و نووسین و لێكۆڵینه‌وانه‌ی كه ده‌ستی پێكردبوون، ...هتد.
له سه‌ره‌تای (70)كانه‌وه پشووه هاوینییهكهی له ئه‌سكه‌نده‌ریه‌ی میسر به‌سه‌ر ده‌برد، له‌وێدا شوققه‌یه‌كی بچووكی به‌كرێ گرتبوو، كه كه‌وتبووه سه‌ر ده‌ریای سپی، ئه‌وه‌ش تاوه‌كو خۆشنوود بێت له ئاوی ده‌ریاكه و جوانی شه‌پۆڵه‌كانی. له‌كۆتایی (70)كانه‌وه زانكۆی وارشۆ له پۆلۆنیا داوای لێ‌كرد لێكچه‌ر له به‌شی خوێندنی عه‌ره‌بی ئیسلامی بڵێته‌وه.
وه‌ردی له وارشۆ له‌لایه‌ن مامۆستایان و قوتابیانه‌وه زۆر رێزی لێ‌گیرا، له‌و كاته به‌دواوه ئیدی پشووی هاوینی له وارشۆ به‌سه‌ر ده‌برد. به‌ڵام له هاوینی (1988) دوایی كۆتایی هاتنی جه‌نگی عێراق – ئێران، وه‌ردی گه‌شتكردنی بۆ ده‌ره‌وه‌ی عێراق لێقهدهغهكرا، به‌مه‌ش نه‌یده‌توانی وه‌ڵامی ئه‌و داوه‌تانه بداته‌وه كه له زانكۆ عه‌ره‌بی و بیانییه‌كان ئاراسته‌ی ده‌كرا، بۆیه ئه‌وه كاریگه‌رییه‌كی ده‌روونی نێگه‌تیڤی بۆ دروست كردبوو. دواتر (د.جلیل العطیة) واسیته‌ی بۆ كرد و رێگه‌یان پێدا سه‌فه‌ر بكات. له قسه‌كردنی له‌باره‌ی قه‌ده‌غه‌كردنی له سه‌فه‌ردا وه‌ردی به‌گاڵته‌وه به (د.جلیل)ی وتووه كه له یه‌كێك له گۆڤاره عه‌ره‌بییه‌كان كه له پاریس ده‌رده‌چێت دیمانه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ كچه گۆرانیبێژێكی عێراقی پله سێ بڵاوكراوه‌ته‌وه، گۆرانبیبێژهكه له دیمانه‌كه‌دا وتوویه‌تی به نزیكه‌ی هه‌موو مانگێك جارێك سه‌فه‌ری پاریس ده‌كه‌م، ئینجا وه‌ردی به‌گاڵته‌وه وتوویه‌تی "شه‌رم ناكه‌ن له قهدهكردنم له سه‌فه‌ركردن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش كه هیچ تهكلیفێكم ناكهوته سه‌ریان".
ده‌بێت بگوترێت كه وه‌ردی هه‌ر ته‌نها به‌وه له‌لایه‌ن رژێمی به‌عسه‌وه شه‌ڕی له‌گه‌ڵ نه‌كراوه، به‌ڵكو به شێوازی دیكه‌ش شه‌ڕی ده‌روونی و كۆمه‌ڵایه‌تی و رۆشنبیری له‌گه‌ڵدا كراوه. له رۆژنامه‌كانی رژێمی به‌عس قسه‌ی ناشایسته‌ی پێوتراوه و له كۆڕ و كۆبوونه‌وه‌كانیش به‌رده‌وام چاودێری كراوه.
كتێبخانه‌كه‌ی وه‌ردی به‌ره‌و كوێ
وه‌ردی كتێبخانه‌یه‌كی به‌پێز و پڕبایه‌خی به‌جێهێشتووه، كه تیایدا نزیكه‌ی (50) هه‌زار په‌رتوكی له خۆگرتووه، زۆربه‌شیان سه‌رچاوه‌ی گرنگن له بواره‌كانی زانستی و ئه‌ده‌بی و مێژوویی، له نێو ئه‌م پهرتوكانهدا په‌رتوكی زۆر گرنگ هه‌یه له‌باره‌ی كۆمه‌ڵگا عه‌ره‌بی و ئیسلامییه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی گشتی، هه‌روه‌ها له‌باره‌ی بواره‌كانی كۆمه‌ڵناسی و مرۆڤناسی و ده‌روونزانی كۆمه‌ڵایه‌تی به شێوه‌یه‌كی تایبه‌ت. له په‌رتوكخانه تایبه‌ته‌كه‌ی وه‌ردی په‌رتوكی گرانبه‌ها و به‌نرخ هه‌یه كه له‌وانه‌یه به‌ده‌گمه‌ن له‌نێو كتیبخانه‌كانی دیكه‌ی عیراقدا هه‌بێت. جگه له هه‌ندێك ده‌ستنووسی پڕیابهخی تێدایه كه ده‌ستی كه‌وتووه له‌و كاته‌ی له وڵاته جیاجیاكان گه‌ڕاوه.
كه‌مێك پێش كۆچكردنی وه‌ردی هه‌وڵیدا رێككه‌وتنێك له‌گه‌ڵ كتێبخانه‌ی نیشتمانی له به‌غدا بكات، له‌سه‌رئه‌وه‌ی دوای مردنی كتێبخانه‌كه‌ی پێشكه‌شی كتێبخانه‌ی نیشتمانی بكات، به‌ڵام له‌مه‌دا سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو، چونكه وه‌ردی پێشنیازی كردبوو كه كتێبخانه‌ی نیشتمانی له نێو باڵه‌خانه‌ی خۆیدا هۆڵێكی تایبه‌ت بكاته‌وه، ناوی ئه‌و كه‌سه (نووسه‌ر یا ئه‌دیب..هتد)ی له‌سه‌ر بنووسرێت كه‌كتێبخانه تایبه‌ته‌كه‌ی خۆی پێشكه‌شی ده‌كات، به‌ڵام داواكه‌یان ره‌تكرده‌وه. له وتوێژهكهی له‌گه‌ڵ (حمید المطبعی) له‌باره‌ی كتێبخانه‌كه‌ی كه ئاره‌زووی كردووه دوای مردنی پێشكه‌شی كتێبخانه‌ی نیشتمانی له به‌غدا بكات، به‌مه‌رجێك به‌ناوی خۆی بمێنێته‌وه، وه‌ردی وتوویه‌تی "هه‌ر كه‌سێك خاوه‌نی كتێبخانه‌یه‌كی تایبه‌ت و گه‌وره بێت، تووشی ئه‌و كێشه‌یه ده‌بێت كه من تووشی هاتووم".
(كوركیس عداد) له دیمانه تایبه‌ته‌كه‌یدا له گۆڤاری (الف باء)ی ساڵی (1985) ئاماژه‌ی به‌وه داوه كه زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی له ژیانیاندا خاوه‌ن كتێبخانه‌یه‌كی گه‌وره‌ن، ئه‌وا دوای مردنیان له‌ناوچووه و كتێبه‌كانیشیان په‌رتوبڵاو بووه، بۆ نموونه كتێبخانه‌كانی هه‌ر یه‌كه له (انستاس الكرملی، عباس العزاوی، یعقوب سركیس...الخ) په‌رتوبڵاو بوون.
له‌م باره‌یه‌وه وه‌ردی ده‌ڵێت "من ده‌ترسم له‌وه‌ی چاره‌نووسی كتێبخانه‌كه‌م هه‌مان چاره‌نووسی ئه‌و كتێبخانانه بێت، و من داوای نرخه ماددییه‌كه‌ی ناكه‌م، چونكه مادده (پاره) دوای مردنم به‌كه‌ڵك هیچ نایه‌ت، به‌ڵام ده‌مه‌وێ كتێبخانه‌كه‌م وه‌كو خۆی بمێنێته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی لێكۆڵه‌ران له داهاتوودا سوودی لێوه‌ربگرن".
وه‌ردی داوای كردبوو ئه‌و كتێبخانه‌ی پێشكه‌شی كتێبخانه‌ی نیشتمانی به‌غدا ده‌كرێت وه‌كو خۆی له هۆڵێكی تایبه‌تدا بمێنێته‌وه، و ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی بۆ خه‌ڵك رابگه‌یه‌نرێت، تاوه‌كو توێژه‌ران و قوتابیانی خوێندنی باڵا (ماسته‌ر و دكتۆرا) بۆی بگه‌ڕێنه‌وه و سوودی لێوه‌ربگرن.
ئینجا وه‌ردی قسه له‌گه‌ڵ به‌رپرسان ده‌كات و لێیاندهپارێتهوه كه ئه‌و لایه‌نه ره‌چاو بكه‌ن و لێی بێ‌ئاگا (غافل) نه‌بن، و له‌پێناویدا ده‌ست به‌كاربن، تاوه‌كو كات تێپه‌ڕی نه‌كردووه. هه‌روه‌ها پێشنیازی بۆ به‌رپرسه‌كان كردووه كه ده‌زگایه‌كی تایبه‌ت به‌و مه‌به‌سته دابمه‌زرێنن و كه‌سێكی ده‌ستپاك و باش سه‌رپه‌رشتی بكات، ئه‌م ده‌زگایه‌ش ئه‌ركێكی گه‌وره‌ی هه‌یه له ژیانی رۆشنبیر عێراقی، دیسان پێشنیازی كردووه ئه‌و ده‌زگایه ده‌ست بگرێت به‌سه‌ر هه‌موو كتێبخانه تایبه‌تییه‌كانی (نووسه‌ران) دوای مردنی خاوه‌نه‌كانیان، هۆڵێكی تایبه‌تیان بۆ دروس بكرێت كه پاشكۆی كتێبخانه‌ی نیشتمانی بێت، و پێرست بۆ كتێبخانه‌كان ئاماده بكرێت. وتیشی ئه‌گه‌ر خاوه‌ن كتێبهخانهیهك له پێش مه‌رگدا راینهسپاردبوو كتێبخانه‌كه‌ی پێشكه‌شی كتێبخانه‌ی نیشتمانی بكرێت، ئه‌وا پێویسته به پاره له واریسه‌كانی بكردرێته‌وه، دوای ئه‌وه‌ی لیژنه‌یه‌كی پسپۆڕ و شاره‌زا هه‌ڵده‌ستن به خه‌مڵاندنی نرخه‌كه‌ی.
وه‌ردی له ژیانی تایبه‌تی خۆیدا بایه‌خی به چ ده‌دا؟
هه‌ر له منداڵییه‌وه وه‌ردی سه‌رقاڵبووه به‌خۆی و هزر و كاره رۆشنبیرییه‌كه‌ی، ئه‌و قه‌ت بایه‌خی به بواره‌كانی بازرگانی و پیشه‌سازی و سیاسه‌ت نه‌داوه.
وه‌ردی زۆر بایه‌خی به ته‌ندروستی خۆی ده‌دا، هه‌وه‌كو بایه‌خی به جلوبه‌رگ و سه‌روسیمای ده‌دا. له‌زستاناندا به‌باشی خۆی داده‌پۆشت، رۆبێكی خوریی له‌به‌رده‌كرد، ملی خۆی به شاڵێك ده‌پێچایه‌وه و دایدهپۆشت، ئه‌مه‌ش تاوه‌كو سه‌رمای نه‌بێت و تووشی نه‌خۆشی ئه‌نفله‌وه‌نزا نه‌بێت. له هاوینانیش جانتاكه‌ی ده‌پێچایه‌وه و سه‌ره‌تا به‌ره‌و میسر و وڵاتانی عه‌ره‌بی، دواتریش بۆ ئه‌وروپا به‌تایبه‌تیش پۆله‌ندا سه‌فه‌ری ده‌كرد.
ناوبراو ماوه‌ماوه ڤیتامیناتی به‌هێزكردنی ده‌خوارد بۆ مه‌به‌ستی زیادكردنی به‌رگریی له‌شی. ئه‌و زۆر گرنگی به‌ماڵ و كاروباره‌كه‌ی نه‌داوه و كاتی پێویستی بۆ ته‌رخان نه‌كردووه، زۆر بهدهگهمن ده‌چووه بازاڕ بۆ كڕینی پێداویستییه‌كانی ماڵ.
كه‌سایه‌تی دووفاق:
ئه‌و هه‌موو كاروباره‌كانی ماڵ و منداڵه‌كان و میوانه‌كانی بۆ هاوسه‌ره‌كه‌ی (دایكی احسان) جێده‌هێشت، ئه‌ویش هه‌ڵده‌ستا به جێبه‌جێكردن و دابینكردنی پێداویسته‌كانی ماڵ و منداڵه‌كان. له‌وكاته‌ی سه‌فه‌ری ده‌كرد بۆ ته‌واوكردنی خوێندنی باڵا، منداڵ و هاوسه‌ره‌كه‌ی لای ماڵی باوكی جێده‌هێشت، له‌وكاته‌شه‌وه كه كوڕه‌كانی گه‌وره‌بوون په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵیان به‌ره‌و كه‌مبوون ده‌چوو به‌تایبه‌تی كوڕی دووه‌می (جعفر). ده‌كرێت ئه‌مه به یه‌كێك له خاڵه لاوازه‌كانی وه‌ردی دابنرێت كه زۆرینه‌ی تویژینه‌وه‌كانی تیۆریی بوون و له خۆیدا نه‌یهێناونه‌ته جێبه‌جیكردن.
ئه‌و كۆمه‌ڵناسه به‌ناوبانگه له پێشه‌نگی ئه‌و كه‌سانه بوو له عێراق كه داوای مافی ئافره‌تی ده‌كرد، به‌ڵام له ژیانی كردهگیدا پێچه‌وانه‌ی قسه‌كانی بوو، چونكه زۆر به‌توندی چاودێری كچه تاقانه‌كه‌ی ده‌كرد، به‌شێوه‌یه‌ك له‌و كاته‌ی ده‌چووه كۆلێژ به‌رده‌وام چاودێری ده‌كرد، هه‌تا ئه‌و كاتانه‌ش كه بۆ هه‌ر مه‌به‌ستێك له ماڵ به‌ره‌و بازاڕ یان هه‌ر شوێنێكی گشتی ده‌رده‌چوو.
وه‌ردی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ خزمانی سنووردار بوو، زۆر به‌ده‌گمه‌ن له كتێبخانه تایبه‌ته‌كه‌ی ده‌رده‌چوو به‌مه‌به‌ستی پێشوازیكردن له میوانه‌كان و سڵاولێكردنیان، ئه‌گه‌ر میوانێك یا هاوڕێیه‌ك یا قوتابییه‌كی سه‌ردانی بكردبا، ئه‌وا له كتێبخانه‌كه‌ی پێشوازی لێده‌كرد.
له دیمانه‌یه‌كدا بێژه‌ری ته‌له‌فزیۆنی عێراق (ابتسام عبدالله) له‌باره‌ی گرنگیدان به‌خێزانه‌كه‌ی و به‌رپرسیارێتی له كاروباری ماڵ له‌وه‌ردی پرسیوه، ئه‌ویش له‌وه‌ڵامدا ده‌ڵێت "په‌یوه‌ندیم به‌ماڵه‌وه نییه".
له‌لایه‌نی ئابووری و خه‌رجكردنی پاره‌وه، ئه‌و كه‌سێكی ره‌زیل نه‌بووه، به‌ڵام ئاگاداری چۆنیه‌تی جهرخكردنی بووه، بۆ خۆشی چۆنی حه‌ز لێبایه به‌بێ گوێپێدانه پاره وا سه‌رفی ده‌كرد، ئه‌وه‌ی گه‌واهی ئه‌وه‌ش ده‌دا سهفهركردنهكانی به‌رده‌وامی وه‌رزی هاوینه.
ئه‌و له‌كاتی به‌ساڵاچوونی زۆربه‌ی كاته‌كانی له‌ناو باخچه‌ی ماڵه‌كه‌ی، له‌گه‌ڵ منداڵی منداڵه‌كانی، كه ژماره‌یان (7) كه‌س بوو، كاتی به‌سه‌ر ده‌برد، هه‌ندێك جاریش له ده‌وری ماڵی خۆیدا له‌سه‌ر شه‌قامی (الحریری) له (اعظمیه) پیاسه‌ی ده‌كرد.
وه‌ردی چاوێك له ده‌ست ده‌دات
له ساڵانی (50)كاندا له به‌غدا و ده‌روبه‌ره‌كه‌ی نه‌خۆشییه‌كی كوشنده بڵاوبۆوه، به‌ناوی (المرد الصدیدی)، ئه‌و نه‌خۆشییه ئه‌وه‌یه كه چاوی مرۆڤ تووشی هه‌وكردنێكی زۆر ده‌بێت، كێماوی ده‌بێت و دهگۆوێت و ره‌ق ده‌بێت، له‌ئه‌نجامی ئه‌مه‌شدا نابینا (كوێر) ده‌بێت. له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌وكاته‌دا سیسته‌می ته‌ندروستی و ده‌زگا پهیوهستدارهكانی پێشكه‌وتنیان به‌خۆوه نه‌بینوه، بۆیه هه‌موو ئه‌و مرۆڤانه‌ی كه تووشی ئه‌م نه‌خۆشییه ده‌بوون چاویان له ده‌ستده‌دا، وه‌ردیش له (40)كانی ته‌مه‌نیدا تووشی ئه‌م په‌تایه بووه و چاوێكی له‌ده‌ستداوه.
ئه‌و به‌رده‌وام ده‌چووه لای پزیشك، له‌م باره‌یه‌وه (د.محمود الهاشمی) كه وه‌ردی بۆ چاره‌سه‌ری چاوی ده‌چوو لای، وتی "وه‌ردی به‌رده‌وام ترسی خۆی بۆ له‌ده‌ستدانی ته‌واوی چاوه‌كانی پیشانده‌دا"، پزیشكی ناوبراو هه‌وڵی ته‌واوی خۆی ده‌دا بۆ پارێزگاریكردن له‌و تاكه چاوه‌ی كه به‌هۆیه‌وه ژیانی دونیا و واقیعی كۆمه‌ڵگا ده‌بینێت، هه‌موو جارێك پزیشكه‌كه وا ده‌كات وه‌ردی به دڵنیاییه‌وه نۆرینگه‌كه‌ی جێبهێلێت. كه‌واته ئه‌وه‌ی گرنگه بوترێ ئه‌وه‌یه كه ئه‌م هه‌موو خوێندن و نووسین و به‌رهه‌مه‌ی وه‌ردی ده‌ره‌نجامی كۆششی ته‌نها یه‌ك چاوه.
بۆچوونی وه‌ردی له‌باره‌ی گۆرانی و مۆسیقا
گۆرانی و مۆسیقا یه‌كێكه له‌و خۆراكه روحیه زهروورانهی كه مرۆڤ پێویستی پێ هه‌یه، ئه‌گه‌ر به‌ده‌گمه‌ن نه‌بێت ده‌نا له‌نێو هه‌موو كۆمه‌ڵگا مرۆییه‌كاندا مرۆڤێك نابینیته‌وه كه به‌شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان حه‌ز و ئاره‌زووی له مۆسیقا و گۆرانی نه‌بێت، وه‌ردیش وه‌كو هه‌ر مرۆڤێك حه‌زو ئاره‌زووی له‌م خۆراكه رووحیه بووه.
ئه‌و له دینامهیهكدا كه له (70)كانی سه‌ده‌ی رابردوو له‌گه‌ڵ (عبدالوهاب الشیخلی) له ماڵه‌كه‌ی خۆیدا ئه‌نجامیداوه، قسه‌ی له‌م بواره كردووه.
وه‌ردی له دیمانهكدا ئاماژه‌ی به‌وه كردووه كاتێك گه‌نج بووه حه‌زی له مه‌قاماتی عێراقی نه‌بوو، به‌ڵكو زیاتر حه‌زی لێبووه گوێ له هه‌ندێك گۆرانی باوی ئه‌و كاته (بیسته‌كان و سییه‌كانی سه‌ده‌ی رابردوو) بگرێت، ئه‌وه‌ی كه به (البستات) ناوزه‌د ده‌كرا. له‌مباره‌یه‌وه چه‌ند گۆرانییه‌ك به نموونه ده‌هێنێته‌وه له‌وانه (للصاحب اسری بلیل، فوك النخل...الخ)، ئه‌و گۆرانییانه‌ش له میانه‌ی قهوانهكان (اسطوانات) له قاوه‌خانه‌كان به‌غدا گوێبیست ده‌بوو.
هه‌روه‌كو وه‌ردی جه‌ختی لێده‌كات له سه‌ره‌تایی (30)ه‌كان فیلمه‌كانی (محمد عبدالوهاب) هاته‌ئاراوه، كۆمه‌ڵگای عێراقی به گۆرانی و شیعره‌كانی ئه‌و فیلمانه هاته هه‌ژان، ئه‌و له‌مباره‌یه‌وه ده‌ڵێت ئه‌مه شه‌پۆلێكی نوێ بوو له گۆرانی گوتن به‌ده‌نگێك و ئاوازێكی خۆش، له‌گه‌ڵ تیپی مۆسیقای پێشكه‌وتوو، بۆ ئه‌مه‌ش نموونه ده‌هێنێته‌وه به (جفنه علم الغزل)ی (اخطل الصغیر) و (یالوعتی یا شقایا)ی (احمد رامی). وه‌ردی زیاتر ده‌ڵێت كه ئه‌و گۆرانیانه‌یان له‌به‌ر خۆیان ده‌وته‌وه، ئینجا گۆرانییه‌كانی (ام كلثوم) دێت كه پێشتر له‌میانه‌ی قهوانهكان ناسیویانه و هۆگری شێوزای گۆرانی وتن و ده‌نگه پڕجۆشهكهی بوونه.
وه‌ردی ده‌ڵێت له‌م كاته‌دا ئاره‌زووی نه‌ده‌كرد گوێبیستی مۆسیقای ئه‌وروپی بێت، تاوه‌كو هاوڕێیه‌كی له‌ساڵی (1945-1946) هه‌ندێك مۆسیقای سه‌مفۆنیای به گوێچكه‌كانی ئاشانا كردووه، دواتر داوای لێكردووه رای خۆی بڵێت له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی گۆبیستی بووه، ئه‌ویش پێی وتووه حه‌زی به‌و جۆره مۆسیقایه نییه و له‌لای ئه‌ودا ئه‌و مۆسیقایه هیچ نییه جگه له ته‌قه ته‌ق نه‌بێت، به‌ڵام دوای ساڵانێك له‌وكاته‌ی چۆته ئه‌مریكا و گوێبیستی هه‌ندێك له كاره‌كانی (بتهۆفن) و (مۆزارت) بووه، تامێكی نوێی تێدا به‌دیكردووه، كه ده‌كرێت له كاتی به‌تاڵدا گوێی لێبگرێت.
وه‌ردی هه‌ر له‌و دیمانه‌یه‌دا جه‌ختی له‌وه كردووه كه له‌وكاته‌ی ته‌مه‌نی گه‌وره بووه و به‌ناو ساڵداچووه، ئیدی گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ گوێگرتن له مه‌قاماته عێراقییه‌كان، ئه‌وه‌ش به‌گۆڕانكارییه‌كی سه‌یر له قه‌ڵه‌م ده‌دات. له شوێنێكی دیكه وه‌ردی ئاماژه به‌وه ده‌كات كه حه‌زی له ده‌نگی (رشید القندرچی) و (محمد القبنچی). هه‌روه‌ها ده‌ستیكردووه به گوێگرتن له (ام كلثوم) و (عبدالوهاب)، ئه‌و گۆرانیانه‌ی كه‌وا له‌سه‌ر قه‌وان تۆماركرابوون پێش ئه‌وه‌ی بكرێنه فیلم.
له‌باره‌ی به‌ناوبانگترین گۆرانیبێژه ئافره‌ته عێراقییه‌كان له (30)كاندا وه‌ردی وتوویه‌تی " (سلیمه موراد)به‌پله‌ی یه‌كه‌م دێت كه گۆرانییه‌كانی سهرنجراكێشییهكی زۆری تێدایه، ئینجا (زكیه جورج) و (سلطانه یوسف) دێت كه ئه‌ویش خاوه‌نی ده‌نگێكی زۆر كاریگه‌ر بوو، به‌ڵام (اسمهان) ئه‌وا خاوه‌نی قوڕگێكی زێرینه كه له باشی له دوای (ام كلثوم) دێت".
فه‌رید ئه‌تره‌ش:
له‌وكاته‌ی عه‌بدولوه‌هاب شێخلی له‌باره‌ی (فرید الاطرش) لێیده‌پرسێت، وه‌ردی به‌هه‌ڵچوونه‌وه ده‌ڵێت "له ژیانمدا رقم له هیچ گۆرانیبێژێك نه‌بۆته‌وه هێنده‌ی فه‌رید ئهلئهتڕهش و گۆرانییه‌كانی... هۆكاره‌كه‌شی نازانم..من هه‌تا له فیلمه‌كانیشی هه‌ست به راكردن ده‌كه‌م"، به‌ڵام دواتر له شوێنێكی دیكه‌دا شرۆڤه‌ی ئه‌و رقلێبوونه‌وه‌یه به‌وه ده‌كات كه پێشتر رقی له كه‌سێك بۆته‌وه، كه له‌وانه‌یه ده‌نگی به ده‌نگی ئه‌و گۆرانیبێژه بچێت، بۆیه رقی له‌و گۆرانیبێژه بۆته‌وه.
بۆچی وه‌ردی له نووسین و ته‌واوكردنی مه‌وسوعه‌ی چهردهكان (لمحات) وه‌ستا؟
عه‌لی وه‌ردی (6) به‌شی له مه‌وسوعه گه‌وره‌كه‌ی به‌ناو چهردهكان (لمحات) بڵاوكرده‌وه، به‌ڵام دواتر ئه‌و پڕۆژه گه‌وره‌یه‌ی ته‌واو نه‌كرد و له‌نووسینی وه‌ستا، چونكه وه‌ك خۆی گوتوویه‌تی له تهواوكردنیدا مه‌ترسی له‌سه‌ر ژیانی هه‌بوو. ئه‌و به‌شی (7) نووسیوه و له ساڵی (1980) داویه‌تیه نووسینگه‌ی چاودێری بڵاوكراوه‌كان له به‌غدا، به‌پێی سه‌رچاوه‌كان له‌و به‌شه‌دا وه‌ردی ئاماژه‌ی به گرنگترین ئه‌و رووداوانه كردووه كه عێراق پێیدا تێپه‌ڕیوه له ماوه‌ی دوای پێكهێنانی حوكمی نیشتمانی، به‌دیاریكراویش رووداوه گرنگه‌كانی ساڵانی (1926-1932).
به‌ڵام به‌ڕێوه‌به‌ری ده‌زگای چاودێری بڵاوكراوه‌كان داوای لێكردووه كه چه‌ند به‌شێك بسڕێته‌وه‌و و تیایدا نه‌هێلیت، و له‌شوێنیدا چه‌ند به‌شێكی دیكه‌ی بۆ زیاد بكات، وه‌ردی له به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌دا سه‌ری ده‌سوڕمێ و تووشی حه‌په‌سان ده‌بێت، به‌ڵام ئه‌وان له ده‌زگای ناوبراو سووربوون له‌سه‌ر داواكه‌یان، دواتریش ترساندوویانه و پێیان وتووه كه پێداگرتنی له‌سه‌ر بڵاوكردنه‌وه‌ی به‌شه‌كانی دیكه (ئه‌وانه‌ی ده‌یانه‌وێت دیلیتی بكات) له‌به‌رژه‌وه‌ندی وه‌ردیدا نابێت، ئه‌ویش وه‌كو پیشه‌ی به‌رده‌وامی سه‌لامه‌تی هه‌ڵده‌بژێرێت و كتێبه‌كه‌ی لێیان وهردهگرێتـهوهو چاپی ناكات. به‌مه‌ش تووشی شۆك و بێهیوایی ده‌بێت، چونكه نه‌یتوانیوه به‌شی (7)ی مهوسوعهكهی چاپ بكات، هه‌ر له‌و كاته‌شه‌وه تاوه‌كو مردنی هیچ كتێبێكی چاپ و بڵاونه‌كراوه‌ته‌وه.
كار و به‌رهه‌مه‌كانی وه‌ردی
عه‌لی وه‌ردی كۆمه‌ڵناسێك و نووسه‌رێكی به به‌رهه‌م بوو، له كاتێكدا كه ته‌مه‌نی له (20) ساڵ كه‌متر بووه، وتارێكی له‌باره‌ی (ماسی الاجتماعیه) نووسیوه، وه‌لێ بڵاوی نه‌كردۆته‌وه، دواتر له هه‌وڵه‌كانی به‌رده‌وام بووه و كۆڵینهداوه، هه‌ر وه‌كو سه‌رچاوه‌كان ئاماژه‌ی بۆ ده‌كه‌ن (18) كتێبی نووسیوه، (5) كتێب پێش شۆڕشی (14)ی تهمووز نوسراوه، كه ئه‌مانه زیاتر ناوه‌ڕۆكێكی رۆشنگه‌رانه و ستایلێكی ئه‌ده‌بی و ره‌خنه‌ییان به‌خۆیه‌وه بینیوه، به‌ڵام ئه‌و كتێبانه‌ی كه له دوای ئه‌و شۆڕشه‌وه نووسراوه، زیاتر تایپێكی زانستی به‌خۆوه گرتووه. ئه‌مانه پڕۆژه‌كانی ناوبراون بۆ دانانی تیۆره‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی له باره‌ی سروشتی كۆمه‌ڵگای عێراقی و تایبه‌تمه‌ندی و پرسه پهیوهستدارهكانی. به‌رهه‌مه‌كانی بریتین له‌مانه‌ی خواره‌وه.
1/ شخصیة الفرد العراقی – 1951.
2/ خوارق اللاشعور او اسرار الشخصیة الناجحة– 1952.
3/ وعاظ السلاطین – 1954.
4/ مهزلة العقل البشری – 1955.
5/ اسطوره الادب الرفیع – 1957.
6/ الاحلام بین العلم و العقیده – 1959.
7/ منطق ابن خلدون – 1962.
8/ دراسه فی طبیعة المجتمع العراقی – 1965.
9/ لمحات اجتماعیة من تاریخ العراق الحدیث – 6 جزء و 2 ملحق، 1969-1979.
10/ دراسة فی تاریخ مجتمع العراقی الحدیث.
11/ هكذا قتلوا قرة العین.
جگه له‌مانه چه‌ندین لێكۆڵینه‌وه‌ی كردووه، كه له كتێبخانه‌ی به‌شی كۆمه‌ڵناسی له كۆلێژی ئه‌ده‌بیاتی زانكۆی به‌غدا دانراوه.
له راستیدا جگه له‌مانه وه‌ردی كۆمه‌ڵناس سه‌دان وتار و چاوپێكه‌وتنی رۆژنامه‌وانی و رادیۆیی و ته‌له‌فزیۆنی هه‌یه كه تۆماركراون. كتێبه‌كانی بۆ زیاتر له 10 زمانی زیندوو له ولاتانی جیهاندا وه‌رگێڕدراوه، تێزه‌كه‌ی له ساڵی (1981) له ئه‌مریكا بڵاوكراوه‌ته‌وه.
ناوبراو جگه له‌م كتێبانه به نیاز بووه له‌سه‌ر هه‌ندێك بابه‌تی دیكه بنووسێت و كتێب ده‌ربكات، هه‌روه‌كو ئه‌وه‌ی له كتێبی (توێژینه‌وه‌یه‌ك له‌سه‌ر سروشتی كۆمه‌ڵگای عێراقی) ئاماژه‌ی پێده‌كات ویستوویه‌تی كتێبێك بنووسێت به‌ناوی (مێژووی ململانێی تایفه‌گه‌ری له عێراقدا). هه‌روه‌ها له كتێبی (علی الوردی یدافع عن نفسه) ئاماژه به‌وه ده‌كات كه نیازی بووه كتێبێكی زۆر گه‌وره بنووسێت كه خۆی به(كتێبی ته‌مه‌ن) ناوی ده‌بات، ئه‌ویش له‌ژێر ناونیشانی (له‌باره‌ی سروشتی مرۆڤایه‌تی) بووه كه تیایدا پوخته‌ی هه‌موو توێژینه‌وه و ئه‌زموونه‌كانی خۆی ده‌خاته‌روو.
جگه له‌مانه له كتێبی (گاڵته‌جاری عه‌قڵی مرۆیی) ئاماژه به‌وه ده‌كات كه هه‌ندێك له هاوڕێیانی داوایان لێكردوه كتێبێك بنووسێت له‌سه‌ر ئه‌و فرت و فیڵانهی ده‌سه‌ڵاتداران كه بۆ گاڵته‌كردن به‌عه‌قڵیه‌تی خه‌ڵك به‌كاریده‌هێنن، ئه‌وه‌ش له ژێر ناونیشانی (پێكه‌نینی پڕ به‌ده‌م).
وه‌ردی له دیمانه‌یه‌كدا به ماوه‌یه‌كی كه‌م پێش مردنی وتوویه‌تی كه چه‌ند كتێبێكی نوسیوه، داوای له نزیكه‌كانی كردووه پاش مردنی بڵاویان بكاته‌وه، به‌ڵام ئه‌گه‌رچی چه‌ندین ساڵ به‌سه‌ر كۆچی دواییدا تێپه‌ڕی كردووه، كه‌چی نه‌مانبینی هیچ یه‌كێك له‌و كتێبانه چاپ و بڵاو بكرێته‌وه.
ماوه‌ته‌وه بڵێن كه كاره‌كانی وه‌ردی هه‌ر ته‌نها له‌سه‌ر ئاستی عێراقدا پربایه‌خ و جێگای رێز نه‌بوو، به‌ڵكو له هه‌ندێك له وڵاتانی عه‌ره‌بی و جیهانیش بایه‌خی زۆری پێده‌درا. ئه‌و خوێنه‌رێكی زۆری هه‌یه، كتێبه‌كانی وه‌رگێردراونه‌ته سه‌ر چه‌ندین زمانی رۆژئاویی، هه‌روه‌ها له‌سه‌ر ئاستی زانكۆ عه‌ره‌بی و جیهانییه‌كان ده‌یان جار له‌بۆنه‌ی زانستی جیاجیا داوه‌ت و میوانداری كراوه.
سه‌رچاوه...
1/ سمرقند الجابری، ژكری 12 علی رحیل المفكر وعالم الاجتماع العراقی الدكتور علی الوردی، انترنیت
2/ عه‌لی وه‌ردی، لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك له‌سه‌ر سروشتی كۆمه‌ڵگای عێراقی، و:به‌رزان ئه‌حمه‌د،ل(8).
3/ سایتی ویكپیدیای ئازاد، ئینترنیت.
4/ فی ذكراه السنویه.. علی الوردی شاهد علی قرن من الزمان، سعد بغدادی، انترنیت.
5/ حمید المطبعی، علی الوردی یدافع عن نفسه،
6/ الدكتور علی الوردی و عالم الموسیقی، مجلة العراقیة، عدد (11)، 21/7/2006.
7/ ابراهیم الحیدری، علی الوردی – شخصیته و منهجه و افكاره الاجتماعیه، منشورات الجمل، بغداد 2006.
سه‌رچاوه: زیره‌ك عه‌بدوڵا
http://zerakabdulla.blogfa.com/post/14
ڕاپۆرتی پەیسەرپرێس
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق