بەرپرسی لقی پارتی لە هەڵەبجە: بەرپرسی لقی پارتی لە هەڵەبجە: تاکە حیزبین کە هێرشمان کراوەتەسەر

ليست هناك تعليقات


بەرپرسی لقی 12ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەڵەبجە لەبارەی هێرشەکەی شەوی رابردوو بۆ سەر بارەگای لقی 12ی پارتی لە هەڵەبجە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند تاکە لایەنی سیاسین کە هێرشیان کراوەتەسەر.

بەسام عەلی، بەرپرسی لقی 12ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پرێسکۆنفرانسەکەدا گوتی: "کاژێر 5ی ئێوارەی دوێنێ خۆپیشاندانێک لە شاری هەڵەبجە بەڕێوەچوو، خۆپیشاندانەکە بۆ کۆمەڵێک داواکاری بوو". 

ئەو گوتی: "ئێمە وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان، هەمیشە لەگەڵ داواکارییە رەواکانی هاووڵاتیانی کوردستان بووین".

بەسام عەلی بە تایبەتی ئاماژەی بە لقەکەی خۆی دا و گوتی: "لقی 12 بە تایبەتی هەمیشە گەیێنەری دەنگی هاووڵاتیانی سنووری پارێزگای هەڵەبجە بووە. لقی 12 بووەتە حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکان و ئەو کەموکوڕیانەی کە لەو سنوورەدا هەیە".

بەگوتەی بەرپرسی لقی پارتی لە هەڵەبجە، خۆپیشاندانەکەی ئێوارە تەواو بوو، بەڵام لە شەودا جارێکی گردبوونەوە لەناو شاری هەڵەبجە دروستبوو، بەرەو شارەوانیی هەڵەبجە رۆیشتن و شارەوانیی هەڵەبجە سووتێندرا. پاشان هێرشکرایە سەر قائیمقامیەتی هەڵەبجە و دواتریش "بە داخەوە رێڕەوی هێرش و خۆپیشاندانەکە بەرەو بارەگای لقی 12ی پارتی دیموکراتی کوردستان گۆڕان".

هەرچەندە عەمید كازم عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە بە (تۆڕی ‏میدیایی رووداو)ی راگەیاند لە خۆپیشاندانەکەی هەڵەبجە، بەردبارانی ‏باڵەخانەی قایمقامیەت‌، دادگا‌، مەڵبەندی یەكێتی ‌و لقی 12ی پارتیان كراوە، ‏بەڵام بەرپرسەکەی پارتی قسەیەکی دیکە دەکات.

بەسام عەلی دەڵێت: "دوێنێ ئێمە تاکە لایەنی سیاسی بووین لە شاری هەڵەبجە، کە هێرشمان کرایەسەر، هێرش نەکرایە هیچ لایەنێکی سیاسی دیکە، ئەمەش جێی سەرنجبوو بۆ ئێمە".

بەرپرسی لقی پارتی ئاماژەی بەوەدا، هەرچەندە ئەوان دەسەڵاتداری شارەکە نین و بەرپرس نین لە کەموکوڕییەکانی، بەڵام بەردەوام دەنگی هاووڵاتیانی ئەو سنوورەیان گەیاندووەتە حکومەتی هەرێمی کوردستان.

بە گوتەی بەڕێوەبەری پۆلیسی هەڵەبجە، لە ئەنجامی وەڵامدانەوەی پاسەوانانی بارەگای لقی پارتی، سێ خۆپیشاندەر بە سووکی بریندار بوون.

بەرپرسی لقی 12ی پارتی سەبارەت بە تەقەکردن لە خۆپیشاندەران، دەڵێت: "لە سەرەتای دەستپێکردنی هێرشەکە، من سەرجەم هەڤاڵانی لقی 12ەم ئاگادارکردەوە کە دان بەخۆیاندا بگرن. ئاگادارمان کردنەوە کە بابەتی ماددی لە شکانی پەنجەرە و دەرگاو ئەوانە قەرەبووکردنەوەی ئاسانە، ئاگاداربن پارێزگاری بکەن لە گیانی هاوشاریانی خۆمان و بەهیچ شێوەیەک خوێنی تێدا نەڕژێت".

بەسام عەلی هەروەها دەڵێت: "دانمان بەخۆماندا گرت، تاوەکو ئەو کاتەی لە کاژێر 11:15ی شەو لە رێگەی مۆتۆرسوارێکەوە تەقە لە بارەگای لقی 12 کرا، جارێکی دیکە ئاگاداری هەڤاڵانم کردەوە کە دان بەخۆیاندا بگرن و بەهیچ شێوەیەک تەقە نەکەن، لە کاژێر 12ی شەو هێرشێکی چەکداری لە هەرچوار لاوە کرایە سەر بارەگای لقی 12، تەواو نزیکبوونەوە لەو دەرگایانەی کە دێنە نێو لقی 12، بۆیە بە ناچاری پاسەوانەکانی لقی 12 ئاگادارکرانەوە کە تەنیا تەقەیان بەسەر خۆپیشاندەراندا بکەن بە مەبەستی بڵاوەپێکردنیان، باشترین بەڵگەش لەسەر ئەوەی تەنها تەقە بەسەر خۆپیشاندەراندا کراوە، لە دوێنێ شەو لەگەڵ ئەو هەموو هێرشە هیچ خوێنێکی تێدا نەڕژا".

بە گوتەی بەرپرسی لقی پارتی، بەدرێژایی شەوی رابردوو، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەسەر خەت بووە بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکە، هەروەها بەرپرسی ئاسایش هەڵەبجەش خۆی سەردانی بارەگای لقی کردووە.

بەسام عەلی داوای لە سەرجەم دەزگاکانی ئاسایش و پۆلیس کرد ئەو کەسانە بدۆزنەوە کە تەقەیان لە بارەگای لق کرد و رێوشوێنی یاساییان بەرامبەر بگرنەبەر.

رۆژی شەممە 22-8-2020 خۆپیشاندان لە بەشێك لە شارەكانی ‏كوردستان کرا، لە پارێزگای هەڵەبجەش خۆپیشاندان تاوەكو ‏كاژێر دووی بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەكشەممە 23-8-2020 بەردەوام بوو.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif