مەریوان وریا قانع-
تێكدانی ئارامیی وڵاتێک بە کەناڵێکی تەلەفیزیۆنی ئەنجامنادرێت، ھەر وڵاتێکیش کەناڵێکی تەلەفیزیۆنی بتوانێت ئارامییەکی تێکبدات لەوە کەوتوە وڵات بێت. وڵات تەنھا کۆمەڵێک شار و ناوچەی جوگرافیی نییە کە ڕێکەوت لە تەنیش یەکەوە کۆیکردونەتەوە، وڵام مانای جێگەیەک کە لانی کەمی ئیجماعی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و ئەخلاقیی تێدایە. وڵات لەناو بۆشاییدا دروستنابێت، شتێک نییە خۆبەخۆ ھاتبێتەکایەوە، بەڵکو دروستکراوێکی سیاسیی و کۆمەڵایەتییە، ئەوەی وڵات دەکات بە وڵات و دروستیدەکات، بە پلەی یەکەم، سیاسەت و ھەڵسوکەوتی حوکمڕانەکانیەتی. ئەوەی لەو ھەرێمدا بوونی نییە ئەو لانی کەمی ئیجماعی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و ئەخلاقییەیە کە بەسەریەکەوە بێمتمانەییەکی گەورە و بەرفراوانیان لە نێوان خەڵک و حوکمڕانان و لەناو نوخبە سیاسییەکە و زۆرینەی کۆمەڵایەتیی ھەرێمەکەدا دروستکردوە. کەی تەلەفیزیۆنێک لەوەدا سەرکەوت ئارامی وڵاتێک تێکبدات ئەوە مانای ئەوەیە ئەو وڵاتە ھیچ پێگەیەکی بە وڵاتبوونی تێدا نییە. مانای ئەوەیە ئەو لانی ھەرەکەمەی متمانەی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی تیا نییە کە ھەموو پێکەوەبوونێکی کۆمەڵایەتیی ئارام پێویستیی پێیەتی. ئەوەی حوکمڕانانی کوردستان لە فۆرمە بنەماڵەیی و خێزانیی و سوڵتانییەکەیدا لەدەستیانداوە، بوونی ئەم لانی ھەرە کەمەی متمانەیە، کە ھاوشانە بەبوونی لانی ھەرەکی بەرپرسیارێتی سیاسیی.
بۆیە ئەوەی بۆیان ماوەتەوە ھەڕەشە و توندوتیژیی و تاوانبارکردنی ھەموو ئەوانەیە لە دەرەوەی بازنە داخراوەکەی ئەواندا و لەدەرەوەی سیاسەتە وێرانکارەکانی ئەواندا بیر لە چارەسەری کێشەکانی ئەو ھەرێمە دەکەنەوە. ئەم دۆخی نەمانی متمانەیە وایکردوە گرتن و فڕاندنی چالاکەوانە سیاسیی و مەدەنییەکان، پڕکرنی شەقام و کۆڵانەکان لە ھێزی چەکدار و تێڵابەدەست، درۆکردنی بەردەوام، ھەڕەشە و ترساندنی ھەمەلایەنە، ببێتە زمانی قسەکردنی ئەوان لەگەڵ ئەو کۆمەڵگایەدا کە گوایە حوکمڕانیی دەکەن. ئەم سیاسەتەش نەک چارەسەری ئەو دۆخی بێمتمانەیی و ناڕازیبوونە ھەمەلایەن و بەرفراوانە ناکات، بەڵکو گەورەتر و بەھێزتری دەکات.
دروستکردنی متمانە و دابینکردنی ئارامیی پێویستیان بە زۆر شتە، یەکێک لەوانە دروستکردنی باوەڕبوونە بە ئایندەیەک باشتر و جوانتر لە ئێستا، باوەڕبوونە بەوەی ئەو کێشانەی لە ئێستادا ھەن و ئامادەن، کێشەی کاتیین و بە کاری پێکەوەیی تێدەپەڕێرێن، ئەوەی لە ھەرێمدا وێرانکراوە ئەم وێنەیەیە بۆ ئایندە. ئەوەی ئەم فۆرمە لە حوکمڕانیی لە ھەرێمدا ناتوانێت دەستەبەریبکات، لانی ھەرە ھەرە کەمی باوەڕبوونە بە بوونی ئایندەیەکی لەو شێوەیە. حوکمڕانانی ھەرێم لە ئێستاوە منداڵەکان و منداڵی منداڵەکانیان وا نیشانئەەدەن کە دوای خۆیان حوکمڕانیی ئەو ملیۆنەھا منداڵانەی ترن، کە ھێشتا لەدایکنەبوون. ئایندە ئایندەی نەوەکانی ئەمانە و لەم ڕووەوە درێژدە بە ھەمان عەقڵیەت و ھەمان فۆرم و ھەمان شێواز لە حوکمڕانیی، دەدەن.
متمانە پابەستی ئەوە نییە مرۆڤ لە وڵاتێکی دەوڵەمەندا دەژیی یان نا، بەڵکو پابەستی ئەوەیە بڕ و ڕادەی نایەکسانییەکان، بڕ و ڕادەی سیاسەتی ھەڵاوێردن و جیاوازیکردن، بڕ و ڕادەی سیاسەتی بەخشینی ھەلی یەکسان و سیاسەتی پێشکەوتن و جێگۆڕکێی کۆمەڵایەتیی، لە چ ئاستێکدایە. حوکمڕانانی ھەرێم ئەو وێرانەیە نابینن کە بۆ زۆرینەی ھەرەزۆری دانیشتوانی ئەو ھەرێمەیان دروستکردوە. بە زمانێک قسەدەکەن تا دێت توڕەیی و نەفرەتی خەڵک گەورەتر دەکات، زمانێک پڕە لە درۆ و دووڕویی و دەمامک. ئەوان شتێک دەڵێن و پێچەوانەکەی ئەنجامئەدەن، تاوان دەکەن و وەک دەسکەوت نیشانیئەدەن، دزی دەکەن و وەک دەوڵەمەندی ئابووریی دەیفرۆشنەوە. دائیرەیەکی بچووکی شارەوانی، یان بنکەیەکی پۆلیس، یان باڵەخانەیەکی حیزبی بە ”موڵکی گشتیی“ دادەنێنن، کەچی داھاتی نەوت و دەزگاکانی حوکمڕانیی و سامانی سەرزەویی و ژێرزەویی وڵاتەکە، وەک موڵکی شەخسیی و بنەماڵەیی و حیزبیی مامەڵەدەکەن.
ئەگەر تەلەفیزیۆنێک لەوەدا سەرکەوت ئارامیی و ئاسیشی وڵاتێک تێکبدات، ئەوە مانای ئەوەیە حوکمڕانانی ئەو وڵاتە شتێکیان دروستکردوە بە فویەک دەڕوخێت، بۆ ئەوەی ئەو فوەش نەکرێت، سەرجەمی وڵاتەکە بە سەربازگە دەکەن. ئەمە ئەو ڕاستییە زۆر سادەیەیە کە ساڵانێکی درێژە ئەو حوکمڕان و بنەماڵە سیاسیانە نایانەوێت بیبینن. تاوانبارکردنی ئێن ئار تی بەوەی ئارامیی وڵاتێک تێکئەدات ڕاکردنە لە بەرپرسیارێتیی لە سادەترین فۆرمیدا.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق