لەدوای کوژرانی قاسم سولەیمانی زۆر پرسیار هەن، کە ناوەندەکانی لێکۆڵینەوە بەدوای وەڵامەکەیدا دەچن. لە دیارترین ئەو پرسیارانەش: چ گۆڕانکارییەک بەسەر سیاسەتی ئێران لە ناوچەکەدا هاتووە؟ کاردانەوەی وڵاتانی عەرەبی بەرامبەر بە هەنگاوەکانی ئێران چین؟ ئێران چۆن مامەڵە لەگەڵ جیهانی عەرەبی دەکات؟ کوژرانی سولەیمانی چ کاریگەرییەکی لەسەر هێزە بەوەکالەتەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست داناوە، کە لەژێر فەرمانی ئێران کاریان دەکرد؟ لەدوای سولەیمانی کێ لە ئێران شوێنی سولەیمانی گرتووەو بڕیارە یەکلاییکەرەوەکان کێ دەیدات؟، ئایا سوپای قودس بەنەمانی سولەیمانی لاواز بووە؟ هەروەها وڵاتانی عەرەبی ئێستا بۆچوونیان سەبارەت بە سیاسەتی ئێران بۆ ناوچەکە چییە؟.
قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران لە 3ی کانوونی دووەمی 2020 لەلایەن فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەمریکا لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا لەگەڵ مەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی کوژران.
کوژرانی سولەیمانی شۆکێکی گەورە بوو بۆ تاران، سەرکردەکانی ئێران پێشبینی ئەوەیان نەدەکرد ئەمریکا گرژییەکانیان لەگەڵ تاران بگەیێنێتە ئەو ئاستە. بەگوتەی شارەزایان کوژرانی قاسم سولەیمانی هەوڵێکی ئەمریکا بوو بۆ گۆڕینی هاوکێشەی ستراتیژی و سیاسەتی تاران بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
هاوتەریب لەگەڵ ئەم هەنگاوە، ئەمریکا سزای تووندی بەسەر ئێراندا سەپاندووەو دەیەوێت لە رێگەی ئەم گوشارە گەورەیەوە ئێران ناچار بکات رەفتارەکانی بگۆڕێت و دەستوەردان لە کاروباری وڵاتانی ناوچەکە نەکات.
لەدوای تێپەڕینی شەش مانگ بەسەر کوژرانی سولەیمانی، بەپێی ئەو توێژینەوانەی کراون، کاریگەری سوپای قودس و فەرماندە نوێیەکەی وەک جاران نەماوە. نەمانی سولەیمانی کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر هەژموونی ئێران بەسەر ناوچەکە دروستکردووە.
د.نیما مینا، پرۆفیسۆرو توێژەری تایبەت بە پرسی ئێڕان لە سکووڵی رۆژهەڵات و ئەفریقا لە لەندەن دەڵێت "سولەیمانی دووەم بەهێزترین پیاوی ئێران بووە، بەلام ناتوانین بۆ ئیسماعیل قائانی ئەوە بڵێین".
لەدوای کوژرانی سولەیمانی، ئیسماعیل قائانی بە فەرمانی ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران وەک فەرماندەی فەیلەقی قودس و جێگرەوەی قاسم سولیمانی دەستنیشانکرا. لە دوای دەستبەکاربوونیشی، قائانی لە گوتەیەکیدا رایگەیاند ''لەسەر رێچکەی قاسم سولەیمانی بەردەوام دەبن، هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە دەردەکەن''. بەڵام ئەوەی جێی تێبینییە، قائانی کە شارەزاییەکی باشی لە ئەفغانستان و پاکستان هەیە، زمانی عەرەبی نازانێت و هاوکات هیچ رۆڵێکی بەرچاویشی نەبووە لە شۆڕشی ئیسلامی لە ساڵی 1979.
بەگوتەی شرۆڤەکاران، شارەزاییەکی کەمی لە کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە، ئەمەش وایکردووە پرسیار لەسەر ئەوە دروستببێت، کە قائانی نەتوانێت شوێنپێی قاسم سولەیمانی بگرێتەوە بۆ جێبەجێکردنی ستراتیژییەتی ئێران لە ناوچەکە.
د. مینا دەڵێت: ستراتیژییەتی ئێران لەدوای کوژرانی قاسم سولەیمانی نەگۆڕاوە، بەڵام پێگەیەکی زۆر لاوازتریان هەیە بۆ بەدەستهێنانی ئامانجە ستراتیژییەکانیان لە ناوچەکە.
بە بۆچوونی شرۆڤەکاران رەنگە قائانی لێهاتووبێت لە بەڕێوەبردنی مەلەفەکانی پاکستان و ئەفغانستان، بەڵام رەنگە هێندە لێهاتوو نەبێت بۆ بەڕێوەبردنی ناوچە گرنگەکانی رۆژئاوای ئێران، کە ناوچەی چالاکی هێزەکانی قودسن وەک عێراق، سووریا، لوبنان و یەمەن.
لاوازبوونی کاریگەرییەکانی تاران لەسەر بەغداش بە ئاشکرا دەرکەوتوون، بەتایبەتیش ئێران هەوڵیدا دوو سەرۆکوەزیرانی نزیک لەخۆی لە عێراق دەستنیشان بکات، بەڵام هەردوو سەرۆکوەزیرانەکە لەژێر گوشاری خۆپێشاندەران دەستیان لەکار کێشایەوە و هاوکات کۆنسوڵخانەکانی ئێرانیش لە عێراق سووتێنران. لەگەڵ ئەمەشدا ئێستا کەسێکی نزیک لە ئەمریکا سەرۆکوەزیرانی عێراقە و بەتووندیش بەگژ ئەو گرووپە چەکدارانەدا دەچێتەوە کە نزیکن لە ئێڕان.
عەلی ئەلفۆن، لێکۆڵینڤان لە پەیمانگەی وڵاتانی کەنداو لە واشنتن دەڵێت "کوژرانی سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس کاریگەری گەورەی لەسەر پێگەی سوپای قودس لە ناوچەکە داناوە" دەشڵێت ئەو پەیوەندییە بەهێزەی لەنێوان سولەیمانی و سەرکردەکانی حەشدی شەعبی هەبوو بەتایبەتیش کە بەشێکیان شانبەشانی یەکدی لە شەڕی عێراق –ئێران بەیەکەوە شەڕیان کردووە، بەڵام قائانی ئەو پەیوەندییە بەهێزە و کەسییە لەنێوان ئیسماعیل قائانی و سەرکردەکانی حەشدی شەعبی لە عێراق نییە، ئەمەش ئاشکرا نیشانی دەدات کە هەژموونی سوپای قودس بەسەر گرووپە چەکدارەکانی حەشدی شەعبی نەماوە.
قاسم سولەیمانی زۆرجار بە نهێنی سەردانی عێراقی کردووەو هەروەها لە عێراقەوە چووەتە وڵاتانی دیکە، لەنێویاندا سووریا و لوبنان، بەڵام قائانی کەمتر ئەم گەشتانەی کردووەو تاوەکو ئێستا تەنیا جارێک چووەتە سووریا و هەروەها جارێکیش چووەتە عێراق، سەردانەکەشی بۆ عێراق لە 03/06/2020 بە ڤیزە بووەو لەگەڵ شاندێکی وەزارەتی بەرگری بووەو مستەفا کازمی بینیوە.
بەگوتەی ناسر باباخانی، شرۆڤەکاری سیاسی، سیاسەتی هەناردەكردنی شۆڕش بۆ دەرەوەی سنوورەكانی ئێران لە سەرەتای دامەزراندنی كۆماری ئیسلامیی ئێران، ستراتیژی سەرەكیی ئەو دەوڵەتە بووە، بەڵام لەڕاستیدا مەبەستی كۆماری ئیسلامی لەم سیاسەتە، لە هەمانكاتدا كە ویستوویەتی بازنەی نفووزی خۆی لەناو وڵاتانی دراوسێدا بەربڵاوتر بكات، ئەوە بووە كە ئاستی ئەمنیەتی خۆی لەسەر بنەمای بیردۆزی پێشگیری بباتەسەر.
بۆ ئەم مەبەستەش سوودی لە فاكتەری مەزهەبی شیعە وەرگرتووە و جوگرافیای "هیلالی شیعی" وەك جیۆپۆلەتیكی شیعی كردووەتە مەیدانی تەراتێنی خۆی. ئەم هیلالە كە جەمسەرێكی لە لوبنانە و بەسەر سووریا، عێراق، كوێت، بەحرەین، ئیمارات، قەتەر و رۆژهەڵاتی عەرەبستانە، جەمسەرەكەی دیکەی دەگاتەوە یەمەن. واتە پانتاییەكی جوگرافیی بەرین بە حەشیمەتێكی بەرچاوەوە، قاسم سولەیمانی ئەندازیار و جێبەجێکاری ئەم سیاسەتەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بوو لە ناوچەکە.
لەدوای کوژرانی سولەیمانی، بەرپرسانی ئێران چەندین جار باس لە تۆڵەکردنەوەی سولەیمانی دەکەن. عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران، لە کۆبوونەوەی رۆژی 21ی تەممووزی 2020 لەگەڵ مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، گوتی: "کوژرانی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس لەبیر ناکەین و بێگومان گورزێکی هاوشێوە لە ئەمریکا دەوەشێنین".
هەروەها عەلی شەمخانی، سکرتێری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، 22ی تەممووز هەڕەشەی کرد کە تۆڵەیەکی تووندیان دژی ئەمریکا بەڕێوەیە و لە تویتێکدا نووسی: "ئێرانی و عێراقییەکان تاوەکو تۆڵەی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس نەکەنەوە، ئارام دانانیشن".
دوایین لێدوانی بەرپرسانی باڵای ئێران لەبارەی تۆڵەکردنەوەی قاسم سولەیمانی و ستراتیژی ئێران بۆ ناوچەکە قسەکەی حوسێن سەلامی، فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێرانە، کە رۆژی سێشەممە 04/08/2020 گوتی: "درێژە بە رێگەی قاسم سولەیمانی دەدەین، ئەمەش واتە ئازادکردنی قودس و سڕینەوەی دوژمنانی ئیسلام و دەرکردنیان لە ناوچەکە"
و/ڕووداو
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق