شیراز ڕەئوف
پەیسەرپرێس
-
ژمارەیەك داتای نوێ كە لە سەرچاوە فەرمییەكان لەبارەی عێراق كۆكراونەتەوە بۆ ساڵی 2020 تێیدا دەردەكەوێت رێژەی بێكاری و هەژاری بە ئاستێكی مەترسیدار لە پارێزگاكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق روو لە هەڵكشانن، سەنتەری پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ناحیەكانی بیارە لە هەورامان و عەینكاوە لە هەولێر كەمترین هەژار و بێكاریان تێدایە لەسەر ئاستی عێراق.
دامەزراوەی دەروازەی عێراق بۆ داتا ئەلیكترۆنییەكان نوێترین تۆماری داتاكانی ساڵی 2020ی كۆكردووەتەوە و پەیسەرپرێس كۆپییەكی دەستكەوتووە، بەپێی داتاكانی ئەو دامەزراوەیە كە پشتی بە وەزارەتەكانی پلاندان و دارایی و خوێندنی باڵا و تەندروستی و دەزگای ئاماری عێراق و كۆمسیۆنەكانی هەڵبژاردنەكان و مافی مرۆڤ و بانكی ناوەندی بەستووە، تێیدا ژمارەكان بۆ عێراقییەكان دڵخۆشكەر نین و هەندێك پارێزگا رێژەی بێكاری تێیاندا گەیشتووەتە لەسەدا 52 واتا نیوە زیاتری دانیشتوانی پارێزگاكە لە بەرامبەردا پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان لە سەرجەم پارێزگاكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق كەمتر رێژەی هەژار و بێكاریان تێدایە.
ژمارەی دانیشتوان
لە ئێستادا ژمارەی دانیشتوانی عێراق بە 40.222.503 (چڵ ملیۆن و دووسەد و بیست و دوو هەزار و پێنجسەد و سێ) كەس دەخەمڵێندرێت، كە 0.52%ی دانیشتوانی جیهان پێكدەهێنێت.
ژمارەی خێزانەكانی عێراق بە 4.696.265 (چوار ملیۆن و شەشسەد و نەوەد و شەش هەزار دووسەد و شەست و پێنج) خێزان تۆماركراون.
لەو رێژەیە 69.8%یان لە شارەكان و 30.2%یان لە گوندەكان دەژین.
هاوكات ژمارەی ناوەندی خێزان لە عێراق بەشێوەیەكی گشتی پێكهاتووە لە 6 ئەندام.
%10.5ی خێزانەكانی عێراق لەلایەن ژنانەوە سەرپەرشتی دەكرێن.
%40.5ی هاوڵاتیانی عێراق تەمەنیان لە خوار 15 ساڵەوەیە و 54.4% تەمەنیان لە نێوان 15 تا 65 ساڵیدایە.
هاوكات 5%ی دانیشتوانی عێراق تەمەنیان لە سەروو 60 ساڵییەوەیە.
خەرجی هاوڵاتی عێراقی
بەشێكی تری داتاكانی ساڵی 2020 تایبەتە بە شێوازی خەرجییەكانی خێزان لە عێراق و بەپێی پۆلێن بەندییەكان خواردن زۆرترین خەرجی خێزانەكانی عێراقە و پێداویستی ماڵ و جوانكاریش كەمترین خەرجی.
ئەوە جگە لە خەرجییەكانی گواستنەوە و پۆشاك و كرێی كارەبا و وزە و پێداویستییەكانی گەرمكردنەوە و فێنككردنەوە بە جۆرێك:-
%32ی خەرجی خێزانەكانی عێراق بۆ دابینكردنی خواردنە
%24ی خەرجی خێزانەكانی عێراق بۆ سوتەمەنی و كرێی كارەبایە
%12.1ی خەرجی هاوڵاتیانی عێراق بۆ كرێی گواستنەوەیە
%6.4ی خەرجی هاوڵاتیانی عێراق بۆ كڕینی پۆشاك و پێڵاوە.
%5.2ی خەرجی دانیشتوانی عێراق بۆ پێداویستی ناوماڵ تەرخان دەكرێت.
%20.3ی خەرجییەكانی هاوڵاتیانیش بۆ پێداویستی دیكەیە بەنمونەی پێداویستییە تەندروستییەكان.
ناوەندی خەرجی تاك و خێزان
بەپێی ئامارەكان رێژەی كەمترین و زۆرترین خەرجی تاك و خێزان لە عێراق دەستنیشانكراوە هاوكات ناوەندی خەرجی مانگانەی تاكەكان بەجۆرێك دابەش دەبن كە:
212.600 (دوسەد و دوازدە هەزار و شەش سەد دینار) وەك ناوەندی خەرجی تاك وایە لەماوەی مانگێكدا
%31ی خێزانەكانی عێراق خەرجی مانگانەیان لەخوار (1.000.000 یەك ملیۆن دینار)ی عێراقییە لە مانگێكدا.
%48.2ی خێزانەكانی عێراق خەرجی مانگانەیان لەنێوان (1.000.000 – 2.000.000) (یەك ملیۆن بۆ دوو ملیۆن دینار)ی مانگانەدایە.
%5.7ی خێزانەكانی عێراق مانگانە خەرجییەكانیان لە سەرو (3.000.000)(سێ ملیۆن دینار)ەوەیە.
دابەشبوونی كارگێڕی
بەپێی ئامارەكانی ساڵی 2020، كاروباری كارگێڕی بەسەر چەند ئاستێكدا دابەش دەبن جگە لە وەزارەت و دامەزراوەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەجۆرێك:
18 پارێزگا
120 قەزا
393 ناحیە
22 وەزارەت (حكومەتی عێراق)
25 دەستەی سەربەخۆ (سەر بە حكومەتی عێراق)
6.500.000 (شەش ملیۆن و پێنجسەد هەزار كەس یان فەرمانبەرن یان خانەنشین)
4.000.000 (چوار ملیۆن كەس) لە كەرتی گشتیدا فەرمانبەرن
2.500.000 (دوو ملیۆن و پێنجسەد هەزار كەس) خانەنشینن.
هاوكات بەپێی تۆمارەكانی هەرێمی كوردستان لە هەرێمی كوردستانیش زیاتر لە 1.200.000 (یەك ملیۆن و دووسەد هەزار كەس) مووچەخۆری حكومەتن بە فەرمانبەر و خانەنشینەوە.
بێكاری و هەژاری
رێژەی بێكاری و هەژاری لە عێراق لەپاڵ ئەوەی كە بە ئاستێكی مەترسیدار هەڵكشاون، هاوكات بەشێكی سەرەكی تۆمار و داتاكانی ساڵی 2020ی عێراق پێكدەهێنن و بەپێی ئامارەكانیش سەنتەری پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ناحیەكانی بیارە لە هەورامان و عەینكاوە لە هەولێر باشترین شوێنن بۆ كاركردن و كەمترین بێكار و هەژاریان تێدایە، هاوكات پارێزگاكانی موسەنا و زیقار و موسەنا و دیوانیە و نەجەف و بەغداد خراپترین شوێنن بۆ ژیان و كاركردن و رێژەی بێكاری تێیاندا تادێت بەرزتر دەبێتەوە.
لەسەر ئاستی پارێزگا ریزبەندی زۆرترین رێژەی بێكاری لە عێراق بەپێی ئەم ریزبەندییەیە.
پارێزگای موسەنا 52%
پارێزگای دیوانیە 48%
پارێزگای میسان 45%
پارێزگای زیقار 44%
پارێزگای نەینەوا 37.7%
پارێزگای دیالە 22.5%
پارێزگای واست 19%
پارێزگای سەلاحەدین 18%
پارێزگای ئەنبار 17%
پارێزگای بەسرە 16%
پارێزگای نەجەف 12.5%
پارێزگای كەربەلا 12%
پارێزگای بابل 11%
پارێزگای بەغداد 10%
پارێزگای دهۆك 8.5%
پارێزگای كەركوك 7.6%
پارێزگای هەولێر 6.7%
پارێزگای سلێمانی 4.5%
بێكاری بەپێی تەمەن
%13.8ی بێكارەكان تەمەنیان سەروو 15 ساڵە
%27.5ی بێكارەكان تەمەنیان لە 15 بۆ 24 ساڵە
%24.5ی بێكارەكان تەمەنیان لە 15 بۆ 19 ساڵە
%2.9ی بێكارەكان تەمەنیان لە 60 بۆ 64 ساڵە
هەژارترین و باشترین شوێنەكان بۆ ژیان لە عێراق
هەژارترینەكان
ناحیەی غەماس لە پارێزگای قادسیە
ناحیەی بەنی هاشم لە پارێزگای میسان
ناحیەكانی هیلال و نەجمی و وەركا و ئەلسوەیر لە پارێزگای موسەنا.
باشترینەكان كە كەمترین هەژاریان تێدایە
سەنتەری پارێزگای هەڵەبجە
سەنتەری پارێزگای سلێمانی
قەزای دەربەندیخان
ناحیەكانی بیارە لە هەورامان و عەینكاوە لە هەولێر
رێژەی گشتی هەژاری
بەشێكی تری داتاكانی ساڵی 2020ی عێراق كە لە زیاتر لە 3 وەزارەت و چەند دەستە و دەزگایەكی تایبەتمەندەوە كۆكراونەتەوە ئاماژە بە گوزەرانی خێزانەكانی عێراق دەدەن و بەپێی نیشاندەرەكان
%13ی خێزانەكان گوزەرەانیان باشە
%56ی خێزانەكان گوزەرانیان مامناوەندە
%44ی خێزانەكان گوزەرانیان خراپە
%31ی خێزانەكان گوزەرانیان زۆر خراپە
ئەو ئامارانە لە كاتێكدان كە ئابوری عێراق بەشێوەیەكی بنچینەیی پشت بە نەوت دەبەستێت و یەكێكە لە زەبەلاحەكانی بازاڕی نەوت، هاوكات لە ژەند رۆژی رابردوودا بەپێی ریزبەندییەكی جیهانی پاسپۆرتی عێراقی بۆ خراپترین پاسپۆرتی جیهان دابەزی.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق