لە حەفتاوچوارەمین ساڵ یادی دامەزراندنیدا، بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە

ليست هناك تعليقات






مەكتەبی سیاسی پارتی، لە ساڵڕۆژی ٧٤رەمین ساڵی دامەزراندنی دا، بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە كە ئەمە دەقەكەیەتی

بەیاننامه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە حه‌فتاو چواره‌مین ساڵیادی دامه‌زراندنیدا

هاووڵاتیانی خۆراگری كوردستان
پێشمه‌رگه‌ جوامێره‌كان و كه‌سوكاری سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان
كادر و ئه‌ندام و لایه‌نگران و جه‌ماوه‌ری تێكۆشه‌ری پارتیمان...


حه‌فتاو چوار ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ هه‌ناوی شكست و نائومێدی گه‌لی كوردستان له‌ دوای جه‌نگی دووه‌می جیهانی دامه‌زرا و، توانی له ‌ناو شه‌وه‌ زه‌نگی نائومێدیدا چرای ئومێد بۆ گه‌لی كوردستان دابگیرسێنێته‌وه‌، هه‌ر له‌سه‌ره‌تای دامه‌زراندنیشه‌وه‌ بووبه‌‌و میبنه‌ره‌ی كه‌ دوور له ‌دیارده‌ی ناوچه‌گه‌ری و جیاوازی ئایدیۆلۆژی و نه‌ته‌وه‌یی ‌و ئایینی، چوارچێوه‌یه‌كی نیشتمانی بۆ وجودی كوردبوون و كوردستانی بوون دروست بكات و، ببێته‌ ئه‌و ره‌شماڵه‌ی كه‌ ته‌واوی كوردستانیان به‌ جیاوازییه‌كانشیانه‌وه‌ پێكه‌وه‌ كۆبكاته‌وه‌.

پارتی جیا له‌وه‌ی به‌ ئیلهامی فیكری رابه‌ری نه‌ته‌وه‌یمان مسته‌فا بارزانی و سروشتی گیانی لێبورده‌یی و پێكه‌وه‌ژیانی نه‌ته‌وه ‌و ئایینه‌ جیاوازه‌كانی كوردستان، به‌هاوكاری كۆمه‌ڵێك رۆشنبیر و سیاسی تێكۆشه‌ری گه‌له‌كه‌مان، رێبازی بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كوردستانی دارشت، له‌ هه‌مانكاتدا پارتی به‌رهه‌می هه‌موو ئه‌و ئه‌زموونه‌ كه‌ڵه‌كه‌بوانه‌بوو كه‌ رێبه‌ره‌كه‌ی له‌ شۆرشه‌ جیاوازه‌كانی كوردستان و به‌شداریكردنی له‌ كۆماری كوردستان له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵه‌كانی به‌ده‌ستیان هێنابوو، هه‌ر بۆیه‌ له‌گه‌ڵ دامه‌زراندنی پارتی، قۆناغێكی تازه‌ بۆ بیركردنه‌وه‌ی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی له‌سه‌رتاسه‌ری كوردستاندا هاته‌ ئاراوه‌ و، زه‌مینه‌یه‌كی ئه‌وتۆی دروستكرد كه‌ له‌ناو جیاوازی ئایدیۆلۆژی و نه‌ته‌وه‌یی و ئایینیدا، ئیراده‌یه‌كی نیشتمانی ئه‌و تۆ بێته‌ بوون كه‌ هه‌ر هاونیشتمانیه‌كی كوردستان له‌ چوارچێوه‌ی بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كوردستاندا هه‌ست به‌بوون و شكۆی خۆی بكات.

پارتی دیموكراتی كوردستان له‌سه‌ره‌تای دامه‌زراندیه‌وه‌ مه‌به‌ستی بوو به‌ كۆكردنه‌وه‌ی هه‌موو تواناكان هێزبداته‌ هاوڵاتیان و مافه‌كانیان و، رێگه‌ی ئاشتی و دیالۆگ و لێكتێگه‌یشتنی هاوبه‌شی بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان به‌ رێگه‌یه‌كی راست زانیووه‌، هه‌ر له‌م روانگه‌یه‌شه‌وه‌ بوو، پارتی و رێبه‌ره‌كه‌ی ، پێشوازیان له‌ شۆرشی چوارده‌ی ته‌مموزی 1958 و ده‌ستووره‌ كاتیه‌كه‌ی كۆماری عێراق كرد، كه‌ تیایدا راشكاوانه‌ دانیان به‌وه‌دا نابوو (عێراق نیشتمانی هاوبه‌شی كورد و عه‌ره‌به‌)، به‌ڵام كاتێك لایه‌نی به‌رامبه‌ر له‌مه‌ پاشگه‌زبووه‌وه‌‌، ئه‌وا پارتی رابه‌رایه‌تی شۆرشی مه‌زنی ئه‌یلوولی كرد و ماوه‌ی 9 ساڵ له‌ خه‌باتی چه‌كداری و دانوستاندنی به‌رده‌وامدا بوو ‌تا ریككه‌وتنی 11ی ئاداری 1970 ئیمزا كرا و، له‌ناو به‌نده‌كانی رێككه‌وتنه‌كه‌شدا‌ مافی هاونیشمانیانی كوردستان به‌ ته‌واوی ئایین و نه‌ته‌وه‌ جیاوازه‌كانیه‌وه‌ چه‌سپێنرا. ئه‌مه‌ش‌ هۆكاری ئه‌وه‌یه‌ كه له‌سه‌ره‌تاوه‌ هه‌تا ئێستاش‌ جوگرافیای كوردستان له‌ناو سه‌ر‌كردایه‌تی و كۆی رێكخستنه‌كانی پارتی ره‌نگدانه‌وه‌یه‌كی دیارو به‌رچاوی هه‌یه‌.

له‌دوای پیلانگێڕی ده‌وڵه‌تانی ئیقلیمی و پشتیوانه‌كه‌نیان و، نسكۆی ساڵی 1975 ، پارتی دیموكراتی كوردستان، هه‌موو تواناكانی خۆی خسته‌گه‌ڕ و جارێكی دیكه‌ سه‌نگه‌ره‌كانی به‌رگری له‌ شۆڕشی گوڵانی پێشكه‌وتنخوازدا ئاوه‌دانكرده‌وه‌ و، له‌ناو ئایدیۆلۆژیه‌تی جیاواز و فره‌حزبی ‌ كوردستانیشدا، توانی ئیراده‌یه‌كی نیشتمانی دروستبكاته‌وه‌ بۆ به‌دیهێنانی مافه‌ ره‌واكانی گه‌له‌كه‌مان، بیگومان ئه‌مه‌ش له‌ دامه‌زراندنی به‌ره‌ی جود و دواتریش به‌ره‌ی كوردستانییه‌وه‌ هاته‌ ئاراوه‌، ئه‌و به‌ره‌یه‌ی پێشڕه‌وایه‌تی راپه‌رینی ساڵی 1991 ی گه‌له‌كه‌مانی كرد و هه‌نگاوی بۆ هه‌ڵبژاردن و دامه‌زراندنی په‌رله‌مان و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌ڵگرت، كه‌ ئه‌مانه‌ش سه‌ره‌تای گۆڕینی شه‌رعیه‌تی شۆڕشگێری بۆ شه‌رعیه‌تی یاسایی و، هه‌نگاوی یه‌كه‌می دیموكراتیزه‌كردن و بیناكردن و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی كوردستان بوون.

ئه‌زموونی حكومڕانی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له‌به‌ر كۆمه‌ڵێك هۆكاری بابه‌تی و زاتی بێ كه‌موكورتی نه‌بووه‌، به‌ڵام به‌رده‌وامی و پاراستن و سه‌ركه‌وتنی ئه‌م ئه‌زموونه‌ بووبه‌ هۆكاری سه‌ره‌كی داننان به‌ قه‌واره‌ی شه‌رعی و ده‌ستووری هه‌رێم له‌ دوای رووخانی رژێمی عێراق له‌ ساڵی 2003 و، نووسینه‌وه‌ی ده‌ستوری عێراقی فیدراڵدا، كه‌ ئه‌مه‌ش ده‌ستكه‌وتێكی گرنگی دیكه‌ بوو بۆ گه‌له‌كه‌مان هاته‌دی، هه‌ر بۆیه‌ پارتی دیموكراتی كوردستان وێرای ئه‌وه‌ی كه‌ به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك داكۆكی له‌مافه‌ ده‌ستوریه‌كانی گه‌لی كوردستان ده‌كاته‌وه‌، له‌ هه‌مانكاتدا به‌ ئیلهام وه‌رگرتن له‌ فه‌لسه‌فه‌ی دامه‌زراندیه‌وه‌ هه‌موو هه‌وڵێكیشی خستۆته‌ گه‌ڕ بۆ یه‌كڕیزی و یه‌كگرتوویی نێو ماڵی كوردستانی و ته‌بایی نێوان لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌مووان پێكه‌وه‌ ئه‌م كیانه‌ به‌ڕێوه‌ببه‌ین و بپارێزین و، داكۆكی له‌مافه‌‌ ‌ره‌واكانی گه‌لی كوردستان بكه‌ین.

هه‌ڤاڵانی تێكۆشه‌ر

بارۆدخی سیاسی ئێستای جیهان و ناوچه‌كه‌ و عێراق، باردۆخێكی ناسه‌قامگیر و ئاڵۆزه‌، به‌شێكی به‌هۆی ئه‌و گۆڕانكاریانه‌یه كه‌‌ له‌ هاوكێشه‌ سیاسییه‌ ئیقلیمی و نێوده‌وڵه‌تیه‌كان هاتوونه‌ته‌ ئاراوه‌ و، به‌شێكیشی به‌هۆی بڵابوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆناوه‌یه‌، كه‌ له‌ هه‌ردوو باردا كوردستان به‌شێكه‌ له‌و واقیعه‌ و ده‌بێت مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و هاوكێشه‌ ئاڵۆز‌ و قه‌یرانه‌ هه‌مه‌جۆرانه‌دا بكات، ستراتیژییه‌تی سه‌رۆك مسعود بارزانی و سه‌ركردایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئه‌م دۆخه‌ له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ داریژراوه‌ و، له‌به‌ر رۆشنایی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ باڵاكانی گه‌لی كوردستان مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ كۆی قه‌یران و هاوكێشه‌ ئیقلیمی و نیوده‌وڵه‌تیه‌كان ده‌كات، هه‌وڵه‌كانی پارتی بۆ ئه‌وه‌یه هه‌موو تواناكان یه‌كبخرێن‌ له‌ پێناو پاراستنی شكۆ و‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ باڵاكانی گه‌لی كوردستان و، كیانی سیاسی هه‌رێمی كوردستان، له‌م پێناوه‌شدا سازش له‌سه‌ر كه‌ركوك و ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی دیكه‌ی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم و هیچ مافێكی گه‌له‌كه‌مان نا‌كه‌ین و، بۆ به‌دیهێنانی ئه‌م ئامانجانه‌ش هه‌موو هه‌وڵێك خراوه‌ته‌ گه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی له‌ چوارچێوه‌ی ده‌ستوری عێراقدا كێشه‌كانی نێوان هه‌رێم و حكومه‌تی فیدراڵ چاره‌سه‌ر بكر‌ێن و بگه‌ینه‌ چاره‌سه‌رێكی گشتگیر و رێككه‌وتنێكی پته‌و، هه‌روه‌ها له‌سه‌ر ئاستی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمیش له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تانی دراوسێ، هه‌ر له‌سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی په‌رله‌مان و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌، هه‌وڵه‌كانمان به‌و ئاراسته‌یه‌ بوون كه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای دراوسێیه‌تی باش و به‌رژه‌وه‌ندی دوولایه‌نه‌ی هاوبه‌ش په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ دراوسێكانی هه‌رێم هه‌بێت و رێگه‌ نه‌ده‌ین ده‌ست له‌كاروباری ناوخۆی هیچ لایه‌ك وه‌ربدرێ، بۆ ئه‌مه‌ش هه‌موو رێگه‌یه‌كمان گرتۆته‌به‌ر و سه‌ره‌ڕای هاوسۆزشیمان بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان له‌ رێگای ئاشتی و به‌ شێوه‌یه‌كه‌ دیموكراتیانه‌ و دیالۆگ، داواشمان له‌ ته‌واوی لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی پارچه‌كانی دیكه‌ی كوردستان كردووه‌ كه‌ ریز له‌ سه‌روه‌ریی هه‌رێمی كوردستان بگرن و بیانوو نه‌ده‌نه‌ ده‌وڵه‌ته‌ هاوسێكانی هه‌رێم، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌م كیانه‌ سیاسیه‌ جێگه‌ی ئومیدی هه‌موو تاكێكی كوردستانه‌ له‌ هه‌ر شوێنێكی ئه‌م جیهانه‌ بێت.

هاووڵاتیان ئازیزی كوردستان

پارتی دیموكراتی كوردستان دڵنیایه‌ ئه‌گه‌ر قوربانیدان و خۆارگری خه‌ڵكی قاره‌مانی كوردستان نه‌بوایه‌ ئه‌م ده‌ستكه‌وتانه‌ به‌ده‌ست نه‌ده‌هاتن و، ئێستایش به‌ پشتیوانی ئێوه‌ نه‌بێ ناتوانرێت قه‌یرانه‌كان تێپه‌رێنرێت و، كیانی سیاسی هه‌رێمی كوردستان پارێزراو بێت، له‌مڕۆماندا كه‌ به‌هۆی بڵابوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا و ناسه‌قامگیری له‌ پرۆسه‌ی سیاسی عێراقدا، قه‌یرانی ئابووری به‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانی گرتووه‌ و، كاریگه‌ری له‌سه‌ر بژێویی و ژیانی رۆژانه‌ی هاوڵاتیان دروست كردووه‌، هه‌موو هه‌وڵه‌كان بۆ تێپه‌راندنی ئه‌م قه‌یرانانه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ كوردستانیه‌ دڵسۆزه‌كان خراونه‌‌ته‌ گه‌ڕ بۆ پشتیوانیكردنی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ جێبه‌جێكردنی پرۆژه‌ی چاكسازی و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدراڵی عێراق، هاوكات به‌داخه‌وه‌ هه‌ندێك ده‌نگمان گوێ لێ ده‌بێت كه‌ له‌پێناوی مه‌به‌ستی تایبه‌تی خۆیان هه‌وڵده‌ده‌ن ئه‌م قه‌یرانانه‌ بقۆزنه‌وه‌ و پێگه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌ناو پرۆسه‌ی سیاسی عێراق و ناوچه‌كه‌شدا لاواز بكه‌ن، به‌ئامانجی دروستبوونی ناسه‌قامگیری سیاسی له‌كوردستان و، ناچاركردنی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له‌ هه‌رێمدا كه‌ سازش له‌سه‌ر مافه‌ ده‌ستووریه‌كانی گه‌لی كوردستان بكات، به‌ڵام پشت ئه‌ستور به‌ خۆراگری و قاره‌مانییه‌تی خه‌ڵكی كوردستان، پارتی دیموكراتی كوردستان له‌كاتێكدا هه‌موو هه‌وڵی خۆی خستۆته‌گه‌ڕ بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م كێشانه‌ به‌رێگه‌ی دیالۆگ و له‌ چوارچێوه‌ی ده‌ستوور، دڵنیاییش ده‌ده‌ین كه‌ هه‌رگیز له‌سه‌ر مافه‌ ره‌واكان و بڕیار و خواستی گه‌لی كوردستان كه‌ له ‌پڕۆسه‌یه‌كی دیموكراسیدا ته‌عبیریان لێكردووه‌، سازش ناكه‌ین.

پزیشكان و كارمه‌ندانی ته‌ندروستی له‌ هه‌رێمی كوردستان

له‌م بۆنه‌یه‌دا، به‌پێویستی ده‌زانین سوپاسی رۆڵی جوامێرانه‌ی ئێوه‌ی پزیشك و كارمه‌ندانی ته‌ندروستی بكه‌ین كه‌ له‌ماوه‌ی چه‌ند مانگی رابردوو ‌تا ئه‌مڕۆش شه‌ونخوونی زۆر بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا ده‌كێشن و گیانی خۆتان خستۆته‌‌ مه‌ترسیه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی كوردستان سه‌لامه‌ت بێ و نه‌بنه‌ قوربانیی ئه‌م ڤایرۆسه‌ كوشنده‌یه‌، له‌م ئه‌ركه‌ پیرۆزه‌شتاندا چه‌ندین پزیشك و كارمه‌ندی ته‌ندروستی تووشی په‌تای ئه‌م ڤایرۆسه‌ بوون و، به‌داخه‌وه‌ هه‌ندێكیشیان گیانیان له‌ده‌ستدا‌، لێره‌وه‌ دوای چاكبوونه‌وه‌ی خێرا بۆ تووشبووان ده‌كه‌ین و درود بۆ گیانی ئه‌و پزیشك و كارمه‌ندانه‌ ده‌نێرین كه‌ له‌ پێناوی سه‌لامه‌تی گه‌له‌كه‌یان گیانی خۆیان به‌ خشی‌. هه‌روه‌ها داوا له‌ تێكرای هاوڵاتیانی كوردستانیش ده‌كه‌ین، پابه‌ندی رێنمایه‌ ته‌ندروستیه‌كان بن و خۆیان بپارێزن له‌م په‌تایه‌ كه‌ پشتیوان به‌ خوا به‌سه‌ركه‌توویی لێی ده‌رباز ده‌بین، هاوكات رۆڵی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و پۆلیس و داموده‌زگا ئه‌منیه‌كانی ناوخۆی كوردستان به‌رزده‌نرخێنین كه‌ له‌م رووه‌وه‌ و، بۆ هاوكاری جێبه‌جێكردنی رێككاره‌كانی خۆپارێزی له‌ خۆبوردوانه‌ ئه‌ركه‌كانیان هاوته‌ریبی لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی دیكه‌ به‌جێگه‌یاندوه‌.

هه‌ڤاڵان و جه‌ماوه‌ری سه‌ربه‌رزی پارتیمان

له‌ یادی 74 ساڵه‌ی دامه‌زراندنی پارتی دیموكرتی كوردستان، جێگه‌ی شانازییه‌ بۆ تێكرای ئه‌ندامان و جه‌ماوه‌ری پارتی كه‌ پارته‌كه‌تان پێش 74 ساڵ بووبه‌ هه‌ڵگری مه‌شخه‌ڵی بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كوردستان و، هه‌تا ئێستایش جێگه‌ی متمانه‌ و ئومێدی تێكڕای گه‌لی كوردستانه‌ كه‌ ئاینده‌یه‌كی گه‌شیان بۆ مسۆگه‌ر بكات، ئه‌م شكۆیه‌ی پارتی فه‌رزی كردووه‌ له‌سه‌رمان كه‌ له‌م یاده‌دا به‌ڵێن بۆ رێبه‌ری نه‌ته‌وه‌یمان مسته‌فا بارزانی و كاك ئیدریسی ئه‌ندازیاری ئاشتی و داڕێژه‌ری بناغه‌ی پێكهێنانی به‌ره‌ی كوردستانی و، تێكرای شه‌هیدانی بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كوردستان نوێبكه‌ینه‌وه‌ و، به‌ڵێن ‌بده‌ین پارێزه‌ری ئه‌و ئامانجانه‌‌بین كه‌ پارتی له‌ پێناویاندا دامه‌زراوه‌.

هه‌ر له‌م بۆنه‌یه‌دا ، سه‌ری رێز و نه‌وازش بۆ ته‌واوی شه‌هیدانی بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كوردستان سه‌روه‌ریان بارزانی نه‌مر و كاك ئیدریسی هه‌میشه‌ زیندوو داده‌نه‌وێنین، سڵاو بۆ شه‌هیدانی هێزی پێشمه‌رگه‌ و داموده‌زگا ئه‌منیه‌كانی كوردستان كه‌ به‌ خوێنی خۆیان ئه‌فسانه‌ی تیرۆریستانی داعشیان به‌تاڵكرده‌وه‌ و بۆ جیهانیان سه‌لماند كه‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان مه‌حاڵ ده‌كاته‌ واقیع... سڵاو بۆ قاره‌مانیه‌تی ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ی‌ رێگه‌یان نه‌دا قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان بكه‌وێته‌ ژێر پۆستاڵی داگیركه‌ران... سڵاو بۆ یه‌كێتی ئافره‌تان و بۆ ئه‌و شێره‌ ژن و دایكه‌ شه‌هیدانه‌ی هه‌زاران قاره‌مان و رۆڵه‌ جه‌ربه‌زه‌یان بۆ نه‌ته‌وه‌كه‌یان په‌روه‌رده‌ كردووه‌... سڵاو بۆ‌ قوتابیانی سه‌ره‌ڕمی شۆرش و لاوانی شوره‌ی پۆڵاین.

سڵاو بۆ كادیر و ئه‌ندامه‌ خۆڕاگره‌كانی پارتی كه‌ وێرای جوامێریان له‌ رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی داگیركه‌ران و ناحه‌زانی كوردستان، به‌رگه‌ی باری سه‌ختی ئابووریان گرتووه‌ و سه‌لماندیان شكۆی نه‌ته‌وه‌یی له‌سه‌رووی هه‌موو شتێكی دیكه‌وه‌یه‌، هه‌ر ئه‌م دڵسۆزی وخۆراگریه‌شتانه‌ هێز و ئیراده‌ی به‌رده‌وام به‌ پارتی ده‌به‌خشێ تا به ‌پشتیوانی گه‌لی كوردستان هه‌میشه‌ رووبه‌ڕوی ته‌حه‌دیه‌كان ببێته‌وه‌ و قه‌یرانه‌كان تێپه‌رێنێت.

هه‌ر شه‌كاوه‌ بێت ئاڵای پارتی دیموكراتی كوردستان

بژی كورد بژی كوردستان...

مه‌كته‌بی سیاسی
پارتی دیموكراتی كوردستان
16ی ئابی 2020








ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif