چارەسەركردنی كێشەكانی عێراق لە ڕێگەی هەڵوەشاندنەوەیەوە، تێڕوانینەكانی جۆ بایدن بۆ كێشەكانی عێراق لە 2006 ەوە تائەمڕۆ..
بە خۆشحاڵیی و شەرەفێكی گەورەو خۆ بە كەمزانینەوە قبوڵی خۆپاڵاوتنم كردووە بۆ وەرگرتنی سەرۆكایەتی ئەمەریكا، ئەوە قسەی جۆ بایدن بوو لە كاتێكدا حیزبەكەی بە فەرمی پاڵاوتیان بۆ ئەم خولەی سەرۆكایەتی ئەمەریكا كە وابڕیارە لە سەرەتای مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵدا بێتە ئەنجامدان، لە هەمان كاتیشدا چەندین ڕەخنەی توندی ئاڕاستەی سەرۆكی ئێستای ئەمەریكا –دۆناڵد ترامپ-ی ڕكابەری كرد، بەو پییەی وەك ئەو دەڵێت هۆكاریی سەرەكی كێشەو نەهامەتیەكانی بەردەم ئەمەریكاو تەنانەت جیهانیشە، ئەو گوتیشی ئەگەر گەلی ئەمەریكا متمانەی پێبكەن و بیكەن بەسەرۆكی خۆیان ئەو پەرتەوازەییەی لەماوەی سەرۆكایەتی ترامپدا ڕووی لە ئەمەریكا كردووە نایهێڵێت و كەمی دەكاتەوەو ئەو كێشانەش كە ناوخۆی وڵات و جیهانیشدا هەیە چارەسەریان دەكات.
یەكێك لەو كێشانەی كە ئەمەریكا گیرۆدەی بووە و هەر ڕۆژەی بەجۆرێك دەستی بۆ دەبات و تا ئێستاش نەیتوانیوە بڕیاری یەكلاكەرەوەی لەبارەوە بدات، كێشەی عێراقە، پرسیار ئەوەیە ئەگەر ئەو ببێتە سەرۆكی ئەمەریكا چی لە كێشەی عێراق دەكات؟ ئایا سوپای وڵاتەكەی بەچ ئاڕاستەیەكدا دەبات؟ دونیا بینی پێشووی چۆن بووە لەكاتی هەڵمەتەكانی سەر عێراق و لادانی ڕژێمی پێشوو؟
رۆژنامەی نیۆرك تایمزی ئەمەریكی لە وتارێكدا لە مانگی حوزەیران 2006 بڵاوبووەتەوە كە جۆبایدن بەشداریی لە نوسینیدا كردووە لەگەل لیزلی جیلب ، كە ئەویش خانمێكەو سەرۆكی فەخریی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی پەیوەندییە دەرەكییەكانی ئەمەریكایە، وتارەكە ناوی –یەكپارچەیی لە سایەی حوكمی خۆبەڕێوەبەریی لە عێراق دا- یە، هەر ئەو كات بایدن و هاوڕێكەی باسیان لەوە كردووە كە هەلوەشاندنەوەی عێراق بەم شێوەیەی ئێستا پارێزگاریی لە مانەوەی دەكات وگەرەنتی مانەوەی ئەو وڵاتە دەبێت.
ئەمەی خوارەوە وەگێڕانی ئەو وتارەیە كە لە زمانی عەرەبییەوە وەرگێڕاوە بە ئەمانەتەوە:
ماوەی چەند ساڵێك لەمەوبەر بانگەشەو قەڵاچۆكردنی نەتەوەیی و ڕەچەڵەك هەرەشەی لە یەكپارچەیی بۆسنە دەكرد، لەدوای دوودڵیەكی زۆر ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا دەستوەردانی كرد بۆ یەكلایی كردنەوەی رێككەوتننامەی دایتون، كە پارێزگاری لە یەكریزی وڵاتەكە دەكرد، یان جیاكردنەوەی لەرێگەی دابەشكردنی بۆ سیستمی فیدراڵی نەتەوەیی و ئیتنی، تەنانەت رێككەوتنەكە رێگەی بە موسڵمانەكان و كرواتی و سربیەكان دەدا كە هەریەكەیان سوپای تایبەتی خۆی هەبێت، بە هاوكاری هێزەسەربازیەكانی ئەمریكا یان هێزی تر، بۆسنیەكان دەیەیەك لە ئاشتیەكی رێژەییدا دەژیان، ئەوان ئێستا قۆناغ بە قۆناغ كار دەكەن بۆ بەهێزكردنی حكومەتی ناوەندی هاوبەش، یەكێك لە رێگاكانی بەهێزكردنیش هەڵوەشاندنەوەی سوپا سەربەخۆكان بوو لەساڵی رابردوو بۆ ئەوەی سوپایەكی بەهێز هەبێـت بۆ هەمووان.
لامەركەزیەت بۆ پارێزگاریكردن لەعێراقی یەكگرتوو
ئیدارەی بۆش دەرفەتێكی هاوشێوەی لەبەردەم بوو لەگەڵ ئەوەی هەڵسەنگاندنی بۆ قوڵای ستراتیژی عێراق خراپ بوو، پێویست بوولەسەر ئەمریكا ئەو دەرفەتە بقۆزێتەوە بۆ ئەوەی بژاردە ناراستەكان كە لەبەردەمی بوون تێپەڕێنێت، لەنێوان ( بەردەوام بوون لەسەر شێوازی ئێستا ) یان ( كشاندنەوەی سوپاكەی) بژاردەی سێیەم هەبوو كە كەمكردنەوەی هێزی سەربازی و هاوكات لەگەڵ ئەوە رێگری لەسەرهەڵدانی ئاژاوە و پارێزگاری لە ئامانجە ئەمنیە سەرەكیەكانی ئەوێ بوو
فكرەكە بەوشێوەیە بوو كە چارەسەرەكە هاوشێوەی بۆسنە بێت، بە ئامانجی پارێزگاری لە عێراقێكی یەكگرتوو لەرێگەی جێبەجێكردنی لامەركەزی لەو وڵاتە و رێگە دان بە پێكهاتە نەتەوەیی و ئاینی و مەزهەبیەكانەوە، بەجۆرێك كورد و عەرەبی سوننە و عەرەبی شیعە كاروباری تایبەت بەخۆیان بەرێوەبەرن، و بەرێوەبردنی بەرژەوەندی هاوبەش بۆ حكومەتی ناوەندی جێبهێڵدرێت.
دەكرێت ئەمە بەدی بهێندرێت لەرێگەی پێدانی دەستكەوتی گەورە بە سوننە بۆ ئەوەی پەیوەندی بەو پرۆژەیەوە بكات لەرێگەی دانانی پلانی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا و دووبارە دابەشكردنەوەی و واژۆكردنی رێككەوتنی هەرێمی بەوەی كە هێرشیان ناكرێتە سەر.
بۆش بەبێ ستراتیژ
ئەوەی ئێمە وەرمانگرتووە ئەوەیە كە سەرۆك بۆش ستراتیژیەكی بۆ بەدیهێنانی سەركەوتن لەعێراق نەبووە، ئەو خواستی ئەوەی هەبوو كە دووچاری تێكشكان نەبێتەوە لەوێ و كێشەكە جێبهێڵێت بۆ ئەوكەسەی لەدوای خۆی سەرۆكایەتی ئەمریكا دەگرێتە دەست، لەگەڵ ئەوەشدا هەستی بێ ئومێد بوون لەلای گەلی ئەمریكا بەخێراییزیادی دەكرد تا ئەو ئاستەی كە كۆنگرێسی ئەمریكا بڕیاری كشانەوەی سوپای ئەمریكا بدات بەخێرایی تەنانەت ئەگەر ئەمە ببێتە هۆی ئەوەی شەڕی ناوخۆ و ئاژاوە لەوێ دروست بێت و ببێتە جەنگێكی هەرێمایەتیش.
تا ئەو كاتەی هێزی ئەمریكا لەعێراق بە ژمارەیەكی زۆرەوە هەبێت، ئێمە جەنگ نادۆرێنین، و یاخیبوەكانیش ناتوانن سەركەوتن بەدەست بهێنین، بەڵام توند و تیژی نێوان پێكهاتەكان مەترسیدارتربوو لە یاخیبوون، و جێگەی ئەو مەترسیەی گرتەوە و بووە هەرەشەی ئەمنی سەرەكی بۆ ئێمە، میلیشیا چەكدارەكان كۆنترۆڵی ڕووبەری فراوانی عێراقیان كرد، كەتیبەكانی مردن رۆژانە دەیان كەسیان دەكوشت، و پاكتاوی تائیفی دەیان هەزار عێراقی ناچار كرد كۆچ بكەن و خانو و ماڵەكانیان جێبهێڵن، سەرباری ئەوەش سەرۆك بۆش داوای هاوكاری زیاتری نەكرد بۆ دووبارە ئاوەدانكردنەوەی عێراق و هاوكاری دارایی ئەو گروپانەی بڕی كە كاریان لەسەر بەهێزكردنی دیموكراتیەت دەكرد.
پلانی جێگرەوە 5 رەگەز
ئەگەربەهێزەكە ئەوەیە كە ناتواندرێت حكومەتێكی یەكێتی نیشتمانی عێراقی لەوكاتەدا پێكبهێندرێت و ئاڵۆزیەكان رابگیردرێت، بەوپێیەی عێراقیەكان لەماوەی سێ ساڵی رابردوودا ( ئەو كاتە) سێ حكومەتی هاوشێوەیان پێكهێنا، لەگەڵ ئەوەی پۆستی سەرەكی درا بە پێكهاتەی سوننە بەڵام كاریگەریەكی ئەوتۆی نەبوو.
ئەم رارەوی جێگرەوەیە بۆ دەرچوون لەو تەڵەیە كە لەپێنج رەگەز پێكدێت
رەگەزی یەكەم/ پێكهێنانی سێ ناوچەی حوكمی زاتی تارادەیەكی زۆر، لەگەڵ حكومەتێكی ناوەندی كە رەگەزەكانی بەردەوام بوونی تێدا بێت لە بەغداد، ئەو سێ ناوچەیەش ( كورد و سوننە و شیعە ) بێت كە بەرپرس بێت لەدارشتنی یاسای خۆجێی و بەرێوەبردنی كاروباری ئەمنی ناوخۆی، لەكاتێكدا حكومەتی ناوەندی بەرپرس بێت لە بەرگری و سنورەكان و بەرێوەبردنی كاروباری دەرەوە و سەرپەرشتی كردنی داهاتەكانی نەوت، و بەغداد بكرێتە ناوچەیەكی فیدراڵی، لەكاتێكدا ئەو ناوچانەی چڕی دانیشتوانیان زۆرە و تێكەڵن، لەلایەن پۆلیسی فرە رەگەز و بپارێزرێن لەگەڵ پارێزگاری نێودەوڵەتی.
دەستوری عێراقی لە واقعدا بڕیاری لەسەر سیستمی فیدراڵی داوە و ئەو رێكارانەی دیاریكردووە كە دەكرێت لەرێگەیەوە هەرێمەكان لەناو یەك حكومەتی هەرێمدا یەك بگرن.
سیستمی فیدراڵی رێگایەكی سەركەوتوویە
لەگەڵ ئەوەدا كارەكان بەئاراستەی دابەش بوون دەچن، خواستی هەر پێكهاتەیەك بۆ سیستمی فیدراڵی زیاتر دەبێت، پێكهاتەی سوننە تا ماوەیەكی كەم پێش پێی وابوو دەسەڵاتی عێراق دەگرێتەوە دەست، ئێستا تێگەیشتووە كە ناتوانێت و نایەوێت بژیەت لە وڵاتێكی ناوەندگەرای بەهێز كە دەسەڵات بەدەست پێكهاتەی شیعەوە بێت، لەگەڵ ئەو یاسایانەی كە میلیشیا تائیفیەكان دەیسەپێنن، شیعە دەزانێت دەتوانن كۆنترۆڵی حكومەت بكەن، بەڵام ناتوانن یاخی بوونی سوننەكان لەناوبەرن، لەكاتێكدا كورد زیادەرەوی ناكات لەو دەستكەوتانەی لەچوارچێوەی حوكمی زاتی بەدرێژایی 15 ساڵ بەدەستی هێناوە.
هەندێك كەس دەڵێن رۆیشتن بەئاراستەی ناكۆكی هەرێمایەتی بەهێز ئاگری پاكتاوی رەگەزی تائیفی دادەگریسێنێت، ئەوە رێك ئەو دۆخەیە كە لەسەر زەوی ئێستا هەیە بە شەپۆلی گەورە و بەردەوام ڕوو لە زیادبوو لەهەر كاتێك زیاتر، لەكاتێكدا ئەوانی تر بانگەشەی ئەوە دەكەن ئەوە دەبێتە هۆی دابەش بوون، بەڵام دابەش بوونەكە بەفعلی هەیە وەك ئەوەی لە بۆسنە ڕوویدا، سیستمی فیدراڵی بەهێز رێگایەكی سەركەوتوویە بۆ رێگری لەڕوودانی هەردوو مەترسیەكە لەعێراق.
رەگەزی دووەم/ پێدانی دەستكەوت بە پێكهاتەی سوننە بۆ ئەوەی بێنەناو سیستمی فیدراڵی، لەرێگەی پێشكەش كردنی بژاردەیەك كە نەكرێت رەتبكرێتەوە، بەجۆرێك پێویست بێت دەسەڵاتی ناوچەكەی خۆیان بدرێتە دەستیان وەك باشترین بژاردە بەراورد بە بژاردەكانی تر، یان ئەوەی ناوچەكانیان لەژێر دەستی كورد و شیعە دابێت لە حكومەتێكی ناوەندیدا بەوەش دەبنە قوربانی سەرەكی شەڕی ناوخۆ ئەگەر سەرهەڵبدات، بەڵام پێویستە پارەیان پێ بدرێت بۆ ئەوەی گۆڕانكاری لەناوچەكانیان، كە لەڕووی سامانی نەوتەوە بەناوچەی هەژار دادەنرێن بۆ ئەوەی بتواندرێت ناوچەكانیان بەكەڵكی ژیان بێت، پێویستە دەستوری عێراقی هەموار بكرێتەوە و گرەنتی 20%ی داهاتی نەوتی عێراق بۆ ناوچە سوننیەكان جێگیر بكرێت، ئەو رێژەیەش نزیكە لە رێژەی دانیشتوانی سوننە لەعێراق.
رەگەزی سێیەم: زیادكردنی هاوكاریە بڕیارلێدراوەكانی ئەمریكا بۆ عێراق ببەسترێتەوە بە گرەنتی مافی ئافرەت و كەمینە ئاینی و نەتەوەیەكان، بەڵام دابینكردنی پارێزگاری كردن لەو پێكهاتانە كارێكی قورسە، بەتایبەتیش لەناوچەكانی باشور كە شیعە كۆنترۆڵی كردووە، بەڵام پێویستە لەسەر واشنتۆن زۆر ڕوون بێت كە هەر پێشێلكاریەكی فراوان دەبێتە هۆی وەستانی هاوكاریە داراییەكان.
رەگەزی چوارەم: پێویستە لەسەر سەرۆك بۆش فەرمان بە سوپا بكات، بۆ ئەوەی پلانی كشانەوەی سوپای ئەمریكا و دووبارە بڵاوكردنەوەی دابنێن لەساڵی 2008 وە( لەگەڵ هێشتنەوەی هێزێكی كەم بەڵام كاریگەر لەڕووبەڕووبونەوەی تیرۆر و جەختكردنەوە لە پابەندبوونی دراوسێكان بەرێككەوتنەكە).
پێویستە بەهەموو شێوەیەك خۆمان لە پاشەكشەی خێرا بەدوور بگرین كە دەكرێت ببێتە هۆی داروخانی نیشتمانی، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ناكرێت هێزێكی ئەمریكی گەورەمان بۆ ماوەیەكی دووروودرێژ لەعێراق هەبێت، چونكە ئەوە زیانی گەورە بەهێزە چەكدارەكانمان دەگەیەنێت، و لەگەڵ ئەوەشدا پشتیوانی گەلی ئەمریكا و عێراقی بۆ ئەركی ئەمریكی دەروخێت، و گەلی عێراق هیچ هاندانێكی نابێت بۆ ئەوەی دەوڵەتی خۆیان دروست بكەن.
رەگەزی پێنجەم: لەژێر چەتری نێودەوڵەتی یان نەتەوەیەكگرتووەكان پێویستە كۆنگرەیەكی هەرێمی ببەسترێت بۆ ئەوەی وڵاتانی ناوچەكە بەڵێن بدەن كە رێز لە سنورەكانی عێراق و سیستمی فیدراڵیەكەی دەگرن، لەگەڵ ئەوەی وڵاتانی دراوسێ چ سودێك بەدەست دەهێنن لە هێرشكردنە سەر پێكهاتەكانی ئەو وڵاتە، لەهەمان كاتدا مەترسیەكی گەورە دروست دەكەن كە خۆی لە هەڵگریسانی شەڕێكی هەرێمی دەبینێتەوە، بڕیارە گروپی پەیوەندی دروست بكرێت لە هێزە گەورەكان بۆ ئەوەی وڵاتانی دراوسێ پابەند بكرێن بە رێككەوتنەكە.
چەسپاندنی لامەركەزیەت بۆ بەدیهێنانی چارەسەر
بەرێز بۆش سێ ساڵ هەوڵیدا بۆ دروستكردنی حكومەتێكی ناوەندی بەهێز لە بەغداد، وبەبێ ئەوەی بگەین بە چارەسەری سیاسی راستەقینە، لەگەڵ خراپ بوونی دۆخی ئەمنی، ئێمە تەنها چەند بژاردەیەكی سیاسی قورسمان لەبەردەم ماوە، پلانی جێگرەوە كە لەپێنج رەگەز پێكهاتووە، پێشكەشكردنی رارەوێكی گونجاوە بۆ چارەسەری سیاسی ڕیشەیی لەنێوان عێراقیەكان، لەگەڵ هاندانی ئابوری و سەربازی و دیبلۆماسی بۆ سەركەوتنی چارەسەری سیاسی، هەروەك پلانی جێگرەوە بە هۆكارێكی گونجاوی دیموكراتەكان و كۆماریەكان دادەنرێت بۆ پارێزگاریكردن لە بەرژەوەندیە ئەمنیە بنەرەتیەكانمان و رێزگرتن لە قوربانیەكانی وڵاتەكەمان
.ڕاپۆرتی پەیسەر پرێس
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق