وەزارەتی پەروەردە رایدەگەیێنێت تاقیكردنەوەی هەموو قۆناخەكانی خوێندن لەناو پۆلی قوتابخانەكاندا دەكرێت. خوێندنی قۆناخی 3 تاوەكو 11ی بنەڕەتیش بە ئەلكیترۆنی دەبێت، نەك ئۆنلاین.
د. سەیوان عەلی، بریكاری وەزارەتی پەروەردە راگەیاند، هەڵەتێگەیشتن لە بڕیارەكانی وەزارەتی پەروەردە هەیە و جیاوازی لەنێوان خوێندنی ئەلیكترۆنی و ئۆنلاین نەکراوە. دەڵێت "خوێندنی قۆناخی 3 بۆ 9ی بنەڕەتی و 10و 11ی ئامادەیی بە ئەلكیترۆنی دەبێت، نەك وەك هەندێك بە هەڵە دەڵێن ئۆنلاین، ئەو دوو جۆرە، جیاوازییان زۆرە". واتە قوتابیەكە مەرج نییە راستەوخۆ بۆ خوێندنەكە لەسەر هێڵ بێت، بەڵكو وانەكان تۆمار دەكرێن و دەكرێت قوتابی لەكاتی جیاوازدا سەیری وانەكان بكەن بۆ دڵنیاییش كە قوتابیەكە وانەكەی بینیوە (كۆد) دەدرێتە هەموو قوتابیان و مامۆستایان، بەو جۆرەش دەردەكەوێت كە قوتابییەكە وانەكەی بینیوە.
بریكاری وەزارەتی پەروەردە، جەختی لەوە كردەوە، خوێندنی ئەلیكترۆنی بە واتای دابڕانی قوتابیان نایەت لە قوتابخانەكانیان و گوتی "تاقیكردنەوەی هەموو قۆناخەكانی خوێندن لە قوتابخانەكاندا دەكرێت، جگە لەوە ئەگەر خوێندن بە ئەلیكترۆنی بەردەوام بوو، دەبێت مامۆستایان قوتابییەكان بكەنە چەند گرووپێكی جیاواز و مانگی جارێك لە قوتابخانەكاندا چاویان بەیەكدی بكەوێت، لەناو پۆلدا هەڵسەنگاندن بۆ ئەو وانانە بكەن كە بە ئەلیكترۆنی خوێندوویانن".
بەپێی بڕیارێكی پێشووتری وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی كوردستان، لە 27ی 9 خوێندنی قۆناخی 12ی ئامادەیی لەنێو قوتابخانەكاندا دەستپێدەكاتەوە و لە 10ی مانگی 10دا دەوامی پۆلەكانی یەك و دووی بنەڕەتیش لەنێو قوتابخانەكان دەستپێدەكاتەوە، قۆناخەكانی دیكەش بەشێوەی ئەلیكترۆنی وانە دەخوێنن.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق