لەم بەروارە عێراق 320 ملیار دیناری هەرێمی کوردستان خەرجدەكات
بڕیارە رۆژی پێنجشەممە 2020/09/24 لەگەڵ خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی عێراقدا، 320 ملیار دینارەکەی ھەرێمی کوردستانیش خەرجبکرێت.
حکومەتی عێراق چاوی لە پەسەندکردنی بودجەی 2020ـی عێراقە لە پەرلەمان تاوەکو دەستکراوە بێت و لە رێگەی قەرزکردنەوە بۆشاییە داراییەکانی پڕبکاتەوە، ئەگەرنا وەک لیژنەی دارایی دەڵێن ئیدی مووچەی پێنادرێت.
ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تاوەکو ئێستا عێراق مووچەی فەرمانبەرانی خۆیشی نەداوە و پێدانی مووچە دەستیپێنەکردووە. گوتیشی "ئەم ھەفتەیە ئەو کێشەیە چارەسەر دەکرێت و دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت". بە گوتەی سەفار کێشەکە تەکنیکییە و پەیوەندیی بە تەمویلەوە ھەیە "ھێشتا لە وەزارەتی دارایی تەواو نەبووەو تەمویل نییە. چاوەڕێن بودجە پەسندبکرێت تاوەکو قەرز وەربگرن".
پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی ساڵی 2020ی گەیشتووەتە پەرلەمانی عێراق و لە دەستەی سەرۆکایەتییە. محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق پێشنیازی کردووە پرۆژەیاساکە بنێردرێتەوە بۆ حکومەت بەھۆی دواکەوتنی، بەڵام لیژنەی دارایی لەپێناو بەردەوامیدان بە دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران پەسندکردنی بە پێویست دەزانن.
سادق مەدلوول، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە رووداوی راگەیاند، "زۆر پێوست و گرنگە بودجە پەسندبکرێت، چونکە ئەگەر بودجە پەسند نەکرێت کێشە بۆ ژمێرەی کۆتایی فەرمانگە و دەستە و وەزارەت و پارێزگاکان دروستدەبێت. ئەو کات بارێکی گران بۆ وەزارەتی دارایی دروستدەبێت کە توانای پابەندبوون بە دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران و بودجە پرۆژەکانی نابێت، بۆیە بەدڵنیاییەوە لە ئەنجوومەنی نوێنەران بڕیار دەدرێت لەسەر دەنگدان بە بودجەی گشتی".
پرۆژەیاسای بودجەی 2020ـی عێراق 148 تریلۆن دینارە و 81 تریلیۆن دینار کورتھێنانی ھەیە. حکومەتی عێراق لە پێناو وەگرتنی قەرزی دەرەکی و بەڵێنی دامەزراندن و 320 ملیار دینار پشکی ھەرێمی کوردستان پرۆژەکەی رەوانەی پەرلەمان کردووە و چاوەڕێی پەسندکردنیەتی.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق