بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی راپەڕین رایگەیاندووە، مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بڕی 50 ملیۆن دیناری بۆ سەنتەری کۆرۆنا لە رانیە و قەڵادزێ تەرخانکردووە.
بەپێی راگەیێندراوێک کە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی راپەڕین بڵاویکردووەتەوە، لە چەند سەرچاوەیەکەوە هاوکاریی بەڕێوەبەرایەتییەکە کراوە و دەڵێت، کۆگای سەرەکیی دەرمانی هەرێم بۆ کۆگای دەرمان لە راپەڕین ژمارەیەک کیتی پشکنین و پێداویستیی خۆپارێزیی بۆیان دابینکردووە.
هەر لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، 50 ملیۆن دینار لەلایەن مەکتەب سیاسیی یەکێتییەوە دابینکراوە و هاوکارییەکەش لەلایەن د. میران محەممەد، نوێنەری مەکتەبی سیاسییەوە گەیێندراوەتە سنوورەکە.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی راپەڕین ئاماژەی بەوەش کردووە، بڕی 20 ملیۆن دیناریش لەلایەن رێکخراوی رێباز فاوندەیشن و دەرباز کۆسرەت رسووڵ بۆ سەنتەری کۆرۆنا لە رانیە و قەڵادزێ دابینکراوە؛ دەزگای مرۆیی مام-یش "بڕێکی زۆر" لە پێداویستییەکانی خۆپارێزیی بۆ سنوورەکە دابینکردووە.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تاوەکو ئێستا 29 هەزار و 347 تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەستنیشانکراون، لەو ژمارەیەش 18 هەزار و 519 تووشبوو چاکبوونەتەوە و هەزار و 98 تووشبووش گیانیان لەدەستداوە.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق