بەرپرسیارێتی ئەمنی ناوچەی سەوز گۆڕا، زانیاری ورد

ليست هناك تعليقات



رێکخستنەوەی هێزەکانی پاراستنی ناوچەی سەوز و کارکردن بۆ راگرتنی ئەو هێرشە مووشەکییە بەردەوامانەی دەکرێنە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ناوچەی سەوزی بەغدا، لەگەڵ نێردە دیبلۆماسییەکانی وڵاتانی دیکە، مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراقی ناچارکرد، فەرماندەیەکی نوێ بۆ ئەو هێزە تایبەتە دەستنیشان بکات، کە ئەرکی پاراستنی ئەو ناوچەیەیە.

ئەوە یەکەمجار نییە، کازمی گۆڕانکاری لە پۆستە سەربازییەکانی حکومەتی عێراقیدا دەکات. ئەو پێشتر چەندینجار هەمان هەنگاوی لەو دامەزراوەیەی حکومەتەکەیدا دووبارەکردووەتەوە، کە بەرپرسە لە پاراستنی ژیانی دانیشتووانی وڵاتەکە، کەچی تۆمەتبارە بەکەمتەرخەمی، گەندەڵی و پشکپشکێنەی مەزهەبی.

رۆژی سێشەممە بە فەرمانی مستەفا کازمی، لیوا حامید زوهەیری، بە فەرماندەی فیرقەی تایبەت بە پاراستنی ئاسایشی ناوچەی سەوزی بەغدا دەستنیشانکرا. ئەو ناوچەیە سەرجەم بارەگا سەرەکییەکانی حکومەتی عێراق، لە سەرۆکایەتی کۆمار، سەرۆکایەتی پەرلەمان و سەرۆکایەتی حکومەت لە خۆ دەگرێت. هەروەها زۆرینەی باڵیۆزخانەکانی وڵاتان لەهەمان ناوچەدان. باڵیۆزخانەی ئەمریکا و شاندە دیبلۆماسییەکانی ئەو وڵاتە و وڵاتانی دیکەش، بوونی بەرچاویان لە ناوچەکەدا هەیە.

لە ماوەی رابردوودا، میلیشیا پستگیریکراوەکانی ئێران، هێرشی زۆریان کردە سەر ناوچەی سەوز بە مووشەکی هەمەجۆر و ئامانجی یەکەمیش، باڵیۆزخانەی ئەمریکا بوو.

لیوا زوهەیری دەرچووی کۆلێژی ساندهێرستی بەریتانییە، پێشتر چەندین بەرپرسیاریەتی جیاوازی سەربازیی لە عێراقدا هەبووە، دیارترینیان راگری کۆلێژی سەربازی و فەرماندەی هێزە هاوبەشەکانی شاری کەرکووک بووە.

ئەوانەی لە زوهەیرییەوە نزیکن بە نموونەی "زیندووی پابەندبوونی سەربازیی و دوژمنایەتی بۆ بێسەروبەرەیی لە هێزە چەکدارەکان" ناویدەبەن، پێیانوایە ئەو "یەکێکە لە دەستپاکترین ئەفسەرانی عێراق".

زوهەیری پێشتر بەهۆی سەرپەرشتیکردنی نمایشە سەربازییەکانی عێراقەوە، ناوبانگی باشی بەدەستهێناوە، بەڵام دەستنیشانکردنی بەبەرپرسی یەکەمی پاراستنی هەستیارترین شوێن لە عێراقدا، جارێکی دیکە ئەوی خستەوە بەر تیشکی میدیایی. ئەمە لە کاتێکدا هەندێک سەرچاوە باس لەوە دەکەن، کە سەرۆکوەزیرانی عێراق بەنیازە سەرجەم بارەگا و نووسینگەکانی حەشدی شەعبی لە ناوچەکە دەربکات.

بەپێی سەرچاوەکانی ناو بەغدا، لیوا زوهەیری لە دوێنێ سێشەممەوە لە پۆستە نوێیەکەیدا دەستبەکاربووە، بەڵام کارەکە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە ئاشکرا نەکراوە.

ئەفسەرێکی هاوکاری زوهەیری بە 'حورە'ی راگەیاندووە، "سەرجەم ئەفسەرە پلە باڵاکانی ناو هێزە چەکدارەکان و بەتایبەت سوپای عێراق، رێزێکی زۆری لیوا حامید دەگرن". دووپاتیکردووەتەوە "دەستنیشانکردنی بۆ فەرماندەیی ئەو فیرقەیەی ناوچەی سەوز دەپارێزێت، پێشبینینەکراو نییە، بەتایبەت لەم کاتەدا".

زوهەیری، ساڵی 1985 زانستە سەربازییەکانی لە بەریتانیا خوێندووە ، لەماوەی رابردوودا خەڵاتی رێزلێنانی کۆلێژی ساندهێرستی بەناوبانگی پێدرا، لە ئوردن و ئەمریکا بڕوانامەی جیاوازی سەربازی بەدەستهێناوە، ماستەری لە زانستە سەربازییەکاندا هەیە.

ساڵانی پێشوو، فەرماندەی فیرقەی پارێزگار لە ناوچەی سەوز، دەدرایە ئەو ئەفسەرانەی لایەنگری حیزبی یەکەمی براوەی هەڵبژاردنەکان دەبوون و سەرۆکایەتی حکومەتیان وەردەگرت، ئەوەش ماوەی بۆ دەستتێوەردان و خزمخزمێنە لەناو ئەو هێزەدا دروستدەکرد.

ئەوەی زۆر بووە جێگەی گاڵتەپێکردن و هێرشی تووند بۆسەر لیوا محەمەد حەیدەری، فەرماندەی پێشووی فیرقەی تایبەتی پاراستنی ناوچەی سەوز، بینینی ئەوبوو لە کاتی ئەنجامدانی سڵاوی سەربازییدا بۆ موقتەدا سەدر، رابەری رەوتی سەدر، لەنێو دەروازەکانی ناوچەی سەوزدا، ئەمە لە کاتێکدا یاسای سەربازی قەدەخەی کردووە پلەداری سەربازی، سڵاو بۆ هیچ کەسێک بکات، ئەگەر پلە و بەرگی سەربازی نەپۆشیبێت.

حەیدەری هەر بەوەوە رانەوەستا، بەڵکو چەمایەوە و دەستی موقتەدای ماچکرد، ئەوە شەپۆلەکانی گاڵتەکردن و سووکایەتی بەڕووی ئەودا، زۆر بەرزکردەوە.

لەسەر ئەو کارەی حەیدەری، لیوا زوهەیری لە فەیسبووک روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاشکرایکرد: "یاسا قەدەخەی کردووە سڵاوی سەربازی بۆ هیچ کەسێک بکرێت تەنانەت، پارێزگار، ئەندام پەرلەمان، پلەی دینی، پلەداری سیاسی، پیاوی دین و تەنانەت دادوەر و....".

حەیدەری لە نێو ئەو هێرشە تووندانەدا کە رووبەڕووی دەبووەوە، لە پاش 40 رۆژ، کارەساتێکی گەورەتری بەسەرداهات، کاتێک خۆپێشاندەران هێرشیانکردە سەر باڵەخانەی پەرلەمانی عێراق لە ناوچەی سەوزدا، بەبێ ئەوەی هێزە تایبەتەکانی پاراستنی پەرلەمان هیچ هەوڵێکی رێگری لەو کارە بکەن. دواتر لیوا کەریم تەمیمی، کرایە فەرماندەی هێزە تایبەتەکەی پاراستنی ناوچەکە.

لە ماوەی خۆپێشاندانەکانی عێراقدا، کە ساڵی رابردوو بەڕێوەچوون، عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق، ئەرکی فەرماندەیی هێزە تایبەتەکەی پاراستنی ناوچەی سەوزی بە فەریق تەحسین عەبودی سپارد، لە کاتێکدا عەبودی پێشتر لە سوپای عێراقدا هیچ پلەیەکی سەربازی بەدەستنەهێناوە و تەنانەت ئەفسەریش نەبووە.

عەبودی بەدۆستایەتی و ملکەچی بۆ سوپای پاسدارانی ئێران بەناوبانگ بوو. ئەو تۆمەتبارکرا بە ئاسانکاری بۆ هێرشی میلیشیاکان، بۆ سەر بارەگای باڵیۆزخانەی ئەمریکا و شکاندنی دەرگاکانی باڵیۆزخانەکە لە ناوچەی سەوزدا.

پێشتر سەرچاوەکان ئاشکرایانکردبوو، دامەزراندنی عەبودی کە بە 'ئەبوو مونتەزەر حوسەینی' بەناوبانگە، بەبەرپرسی ئاسایشی ناوچەی سەوز، بەفەرمانی راستەوخۆی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران بووە، لە پلانێکدا بۆ تۆقاندنی نێردەی دیبلۆماسی ئەو وڵاتانەی، دژایەتی ئێران دەکەن.

سولەیمانی، سەرەتای ئەمساڵ لە هێرشێکی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئەمریکادا، لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا کوژرا.

پێشتر مەشعان جبوری، پەرلەمانتاری عێراق، فەرماندەی پاراستنی ناوچەی سەوزی بە رەتکردنەوەی فەرمانەکانی کازمی، بۆ دەرکردنی میلیشیا چەکدارەکان لەناو ناوچەی سەوز تۆمەتبارکردبوو. ئەو میلیشیایانە گەیشتبوونە ناوچەی هەرە پارێزراوی ناو ناوچەی سەوز، کە باڵیۆزخانەی ئەمریکای لێیە، دواتر هەندێکیان دەستگیرکرابوون.

سەرچاوەکانی حکومەتی کازمی دەڵێن لێرە بەدواوە، ناوچەی سەوز ئارامی زیاتر بەخۆوە دەبینێت.

تائێستا حکومەتی عێراق هیچ روونکردنەوەیەکی لەبارەی دەستنیشانکردنی زوهەیری لە پۆستە نوێیەکەیدا رانەگەیاندووە، لە کاتێکدا دەنگۆی زۆر هەیە لەسەر تووندبوونەوەی گوشارەکانی سەر کازمی بۆ جوڵەی بەپەلە لە دژی 'چەتە دەرچووەکان لە یاسا و چەکی لەدەستدەرچوو'، هەروەها ئەو گرووپە میلیشیایانەی بەشێوەی بەردەوام، مووشەکبارانی ناوچەی سەوز دەکەن.

بەڵام زوهەیری لە بڵاوکراوەیەکدا، لە دوای راسپاردنی لە ئەرکە نوێیەکەیدا دووپاتیکردەوە "پابەندی تەنیا بۆ عێراقە، سەروەری تەنیا بۆ یاسایە، هیچ دەسەڵاتێکیش لە سەرووی دەسەڵاتی دەوڵەت و هێزە چەکدارەکانی و فیرقەی تایبەتەوە نییە".

پەیامی بۆ سەربازانی هێزە تایبەتەکەی پاراستنی ناوچەی سەوز ناردووە: "قۆناخێکی نوێ، رێککاری بەرز، مەشقی پڕوکێنەر و ملکەچبوونی فەرمانەکان بەبێ دوو دڵی".

بەپێی ئەوەی سەرچاوە جیاوازەکان بڵاویان کردووەتەوە، ئەو فیرقە تایبەتەی لە پاراستنی ناوچەی سەوز بەرپرس دەبێت، هەروەها پاراستنی کۆشکی کۆماری، دامەزراوە ستراتیژییەکانی حکومەت، باڵیۆزخانەی ئەمریکا و چەندین باڵیۆزخانە و نێردەی دیکەی دیبلۆماسی لە ئەستۆ دەگرێت.

لە چەند رۆژی رابردوودا، گوشارەکانی سەر مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق یەکجار زۆربوون، پاش ئەوەی هێرشەکان بۆ سەر باڵیۆزخانە و نێردە دیبلۆماسییەکان لە عێراقدا بەردەوامبوون و ئەمریکا و چەندین وڵاتی دیکەش، هەڕەشەی پاشەکشەی دیبلۆماتەکان و داخستنی باڵیۆزخانەکانیان کرد، ئەگەر حکومەتی عێراق، بەرپرسیاریەتی پاراستنیان بەتەواوی جێبەجێ نەکات و سنوورێک بۆ هێرشە مووشەکییەکان دانەنێت.


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif