سەدام و ماسلۆ

ليست هناك تعليقات


ماردین عبدلكریم
-
ناوی یەكەمی ناونیشان، مەبەست لێی سەرۆكێكی دیكتاتۆری خوێنڕێژی پێشووی عیراقە، كە مێژوو لەڕیزی سەرۆكە هەرە دیكتاتۆرە خوێنڕێژەكانی وەك هیتلەر و ستالین، ناویان دەهێنێت، ئەوانەی دەستیان بەخوێنی ملیۆنان مرۆڤی سڤیل سوورە. ناوی دووەمی ناونیشانیش مەبەست لێی ئەبراهام ماسلۆی زانای بەناوبانگی ئەمریكی و خاوەن تیۆری هەرەمی ماسلۆیە بۆ پێداویستییە پلەبەندییەكانی مرۆڤ لەژیاندا.

ئەوەی لێرەدا نامۆیە، بەستنەوەی هەردوو ناوی سەدام و ماسلۆیە، كە دوو كەسایەتیی دژبەیەكن بۆ مرۆڤایەتی. یەكەمیان بەكردەوە تیرۆریستییەكانی، مێژوو لەبیری ناكات، دووەمیشیان بەخزمەتی مرۆڤایەتی و بەرهەمەكانی، كە دیارترینیان (نحو سایكولوجیە كینونە (1968) دووبارە مێژوو لەبیری ناكات، بەڵام ئەوەی وایكرد لەم گۆشەیەدا ناوی تیرۆریستێك و مرۆڤدۆستێك پێكەوە بلكێنم، ئەو فۆرمی بەئامانجگرتنەیە كە لەلایەن سەدامۆچكەكانەوەو لەڕێگەی میدیا نابەرپرسەكانەوە، گەرەكیانە مێژووی جوانی تێكۆشانی نەتەوەكەیان بەتایبەتیش قۆناغی خەباتی چەكداری و وێنەی پێشمەرگە، ناشایستە بكەن و تووڕەیی و برسێتی و بێمووچەیی هاووڵاتیان و نەوەكانی ئەمڕۆو داهاتووی گەلەكەمان لەپێناوی گەیشتن بەبەرژەوەندیی تایبەتیان، بەگەڕبخەن. لەهەرەمی ماسلۆدا، زانای بواری دەرووناسی (ئەبراهام) پێداویستیی ژیانێكی شایستە بۆ مرۆڤەكان بەپێنج قۆناغ پلەبەند دەكات، لای ئەو پێداویستیی فسیۆلۆژی لەخواردن و خواردنەوەو هەناسەدان و خەوتن و دەرهاویشتن، لەگرنگترین و سەرەتاییترین، پێداویستییەكانن بەمەبەستی بەردەوامی ژیان. دواتر دێتەسەر پێداویستیی ئاسایشی جەستەو تەندروستی و خێزان و كارو كەلوپەلەكانی، پاشتر داوای پێداویستیی كۆمەڵایەتی و رێزگرتن و سەلماندنی خود دەكات، كە لای ئەو؛ هەموو ئەمانە پێكەوە دەتوانن ژیانێكی شایستە بۆ مرۆڤ دەستەبەربكەن، لەگەڵ ئەوەی هەرەمی ماسلۆ لێرەو لەوێ‌ و بەنیەتی خزمەتكردنی باشتری مرۆڤ روبەڕوی جۆرەها رەخنە بۆتەوە، بەڵام، ئەگەر بێین هەڵسەنگاندن بۆ دابینكردنی پێداویستییەكانی مرۆڤ بكەین لەكوردستاندا بەبەراورد بەهەرەمی ماسلۆ، دەبینین بەهۆی دەسەڵاتی فەرمانڕەواوە، بەدیاریكراویش ئەو دێوەزمەیەی خۆی بەخاوەنی زۆربەی جومگە سەرەكییەكان دەزانێ‌ و دەسەڵاتی بەنیمچەڕەهایی، قۆرغ كردووە، تاكی كوردی لەگرنگترین و سەرەتاییترین پێداویستییەكانی ژیان بێبەشكردووە، چ جای بگاتە ئاسایش و سەلماندنی خود، ئا لێرەوە تووڕەیی و پەرچەكرداری خەڵكی برسی و بێمووچەو بێكار، لەپێناوی ئامانجی سەدامۆچكەكاندا دەقۆزرێتەوە، تادەگاتە ئەو ئاستەی خەباتی زێڕینی هێزی پێشمەرگەی كوردستان تەخوین و تاوانەكانی سەدام تەمجیدبكرێت، لەكاتێكدا سەدام؛ پێداویستیی یەكەم پلەی هەرەمەكەی ماسلۆی بۆ هاووڵاتیان دابیندەكرد، بەڵام ئازادی، ئاسایش، رێگرتن و سەلماندنی خود هەمووی لەمەترسیدا بوو، كاتێكیش رۆڵەیەكی ئەم كوردستانەی شەهیددەكرد تەنانەت پارەی فیشەكەكانیشی لەخێزانەكەی دەسەندەوەو پرسەدانانیش هێڵی سووربوو.


ئەنجام، لەدەستووری هەمیشەیی عیراقدا، یاسایەك هەیە بۆ سزادانی ئەوانەی لەژێر ناوی پارت و گروپ، ئینتماو بانگەشە بۆ بەعس و سەدام و ئایدیا سیاسییەكەی دەكەن، بەڵام هیچ یاسایەك نییە هەوڵە تاكە كەسییەكانی تەمجیدكردنی بەعس، بەتاوان دابنێت، كە ئەمەش لەخۆیدا كەموكورتییە، هەروەك لەئەڵمانیاش هەموو جۆرە بانگەشەیەك بۆ هیتلەرو نازییەكان، بەیاسا قەدەغەكراوە. لە بەرانبەردا لەگەڵ ئەوەی كورد زۆرترین قوربانی دەستی سەدامییەكانە، بەڵام نەك بەندو یاسایەك نییە بۆ سزادانی بانگەشەكاران، بگرە دووبارە دێوەزمەی نێو دەسەڵات، هۆكاری پەكخستنی دەستووری كوردستانیش بوون، لەكاتێكدا گەر دەستوور هەبووایە، بێگومان دەبوو سزای توندی لەمبارەیەوە تێدابووایە.


ئەركی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان-ە لەدوای كۆنگرەی نوێبوونەوە، هەروەك رابردووی پرشنگداری خزمەتكردنی كۆمەڵانی خەڵك و دابینكردنی پێداویستییەكان، بكاتەوە بەرنامەی كاری خۆی و هەڵبژاردنی پێشوەخت پەیامی ئێستای بێت، تا دەسەڵاتێكی نوێ‌ لەپێناوی ژیانێكی شایستە بۆ هاووڵاتیان فەراهەم بێت و چیتر لەفەراغی سیاسیدا، سەدامۆچكە قارچك ئاسا، هەڵنەتۆقن و تووڕەیی و برسێتیی هاووڵاتیان، نەكەنە چەكی گەیشتن بەئامانجە بەعسییەكانیان.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif