لە چەند مانگی رابردوودا لە زۆرینەی شارەکانی عێراق خۆپیشاندان دەستیپێکرد، دروشمی سەرەکیی خۆپیشاندەران چاکسازی بوو، ئەمەش بە خاڵی وەرچەرخان لە شانۆی سیاسی عێراق دادەنرێت. لە کاتێکدا ئەو خۆپێشاندانانە، هێشتا تەمەنیان نەبووەتە ساڵێک.
ماڵپەری "مۆنتیۆر" دەڵێ لە هەشت مانگی رابردوودا کۆمەڵێک لە گەنجانی عێراق، روویان کردووەتە دروستکردنی پارتی سیاسیی جیاواز، ئەمەش وەک خۆ ئامادەکردن بۆ چوونە ناو هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی داهاتووەوە.
لە تشرینی دووەمی ساڵی رابردوودا، خۆپێشاندانەکان لە زۆرینەی شارەکانی عێراقدا دەستیانپێکرد، داواکاری سەرەکیی تێیاندا، باشترکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و چاکسازیی سیاسی بوو لە وڵاتدا، کە بەدەست چەندین کێشەی جیاوازەوە دەناڵێنێت.
خۆپێشاندانەکان بوونە هۆکاری دەستلەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی وڵات و دەستبەکاربوونی مستەفا کازمی، بە سەرۆکوەزیرانی نوێی وڵات، لە کاتێکدا کازمی رۆژی 6ی حوزەیرانی داهاتووی بەرۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردن، دەستنیشانکردووە.
سەرچاوەیەکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە عێراق، بە ماڵپەری "مۆنتیۆر"ی راگەیاندووە کە 15 پارتی سیاسی نوێ لە قۆناخی خۆ تۆمارکردندان لای کۆمیسیۆنەکە.
کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە عێراق، دامەزراوەیەکی بێلایەنی حکومییە کە لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە چاودێری دەکرێت، بەرپرسە لە رێکخستن و سەرپەرشتیکردنی هەموو هەڵبژاردن و راپرسییەکان لە وڵاتدا.
ئەو پارتانەی لای کۆمیسیۆنەکە سەرقاڵی خۆتۆمارکردنن، لەلایەن چالاکڤانانی کۆمەڵگەی مەدەنی و سەرکردە گەنجەکانی خۆپێشاندانەکانی عێراقەوە سەرپەرشتیدەکرێن. زۆرینەی بۆچوونەکان پێیانوایە، بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا، هۆکاری سەرەکی بوو بۆ نەمانی خۆپێشاندانەکانی عێراق.
خۆپێشاندانەکان، بوونە هۆکاری گیانلەدەستدانی نزیکەی 600 کەس و برینداربوونی هەزارانی دیکە، ئەمەش لە ئەنجامی پێکدادانی تووندی نێوان گەنجە تووڕەکان و هێزە ئاسایشییەکانی عێراق لەلایەک و پەلاماری میلیشیا پشتگیریکراوەکانی ئێران بۆ سەر خۆپێشاندەران، لەلایەکی دیکەوە.
گەنجانی عێراق بەشێوەیەکی گشتی بەدەست بێکارییەوە دەناڵێنن. بانکی نێودەوڵەتی ئاشکرایکردووە رێژەی بێکاری لە وڵاتەکەدا گەیشتووەتە 12،8٪. لە کاتێکدا شارەزایانی ئابووری پێیانوایە دوای هوروژمی کۆرۆنا، ئەو رێژەیە زۆر زیاتر بەرز بووەتەوە.
بەپێی ئاماری وەزارەتی تەندروستیی عێراق زیاتر لە 242 هەزار کەس لە عێراق و هەرێمی کوردستان تووشی کۆرۆنا بوون و زیاتر لە 7 هەزار کەسیش بە ڤایرۆسەکە گیانیان لەدەستداوە.
لەبری پارتە تەقلیدییەکانی وڵات
ئەندامی یەکێک لەو پارتە نوێیانە کە هێشتا ناونەنراوە، ئاشکرایکردووە "دەمانەوێت جێگرەوەیەکی سەرکەوتووی حیزبەکانی ئێستا بین".
ئەو زیاتر گوتویەتی: "ئێمە تاکە حیزبی گەنجەکان نین لە گۆڕەپانەکەدا، بەڵکو چەندین کۆمەڵەی دیکەی گەنجان هەن، دەستیانکردووە بە دروستکردنی حیزب و لە داهاتووی نزیکدا ناوەکانیان ئاشکرا دەکرێت".
سەڵاح ئەلعرباوی، بەڕێوەبەری پێشووی نووسینگەی سەرۆکی رەوتی حیکمە، رایگەیاندووە کە دەستیکردووە بە دروستکردنی بزووتنەوەیەکی نوێی گەنجان، دوای ئەوەی لەو رەوتە کشایەوە کە عەمار حەکیم سەرۆکایەتی دەکات.
وێڕای ئەوەش، ئەو حیزبانە هێشتا دروستبوونی خۆیان بەفەرمی رانەگەیاندووە، لەبەرئەوەی پێویستییان بە رەزامەندی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان هەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، بەکردەنی دەستیانکردووە بە کارکردن لەسەر ئاستەکانی رێکخستن.
ئەلعرباوی دەڵێ: "ساڵی 2018، ساڵی گۆڕانکاری گرنگ و خاڵی وەرچەرخانی مێژوویی بوو لە عێراقدا، چونکە رێژەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکاندا لە 20٪ی تێنەپەڕاند، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە نزیکەی 80٪ی گەلی عێراق، بێزارن لە چینی سیاسەتمەداری دەسەڵاتداری وڵات لە سایەی نەبوونی جێگرەوەیەکدا. هەر لەبەرئەوەش ئێمە داوای جێگرەوەیەکمان کرد، تاوەکو شوێنی نەوە بەتەمەنەکە بگرێتەوە".
گەشەپێدانی سیستمی دەسەڵاتداری
ئەلعرباوی، ئاماژەی بەوەداوە کە ئەوان ئامانجیان گەشەپێدانی سیستمی دەسەڵاتدارییە، لە رێگەی پێداچوونەوەی دەستووری عێراق، کە پێشتر بەدەق ئاماژەی بە هەڵبژاردنی سەرۆک بەشێوەی راستەوخۆ کردووە لەلایەن خەڵکەوە، لەگەڵ دامەزراندنی حکومەت لەسەر بنەمای ئەنجامی هەڵبژاردنەکان. بەشێوەیەک کە دەبێتە هۆی دروستبوونی هاوپەیمانیی سەر بە حکومەت و هاوپەیمانیی ئۆپۆزیسیۆن لە نێو پەرلەماندا.
ئەو هەنگاوە چەند دڵخۆشکەرە بۆ ناڕازییەکانی وڵات، هێندەش جێگەی بێئومێدییە، کاتێک گومان دێتە سەر ئەوەی حیزبە لاوەکان، نوێنەری ناڕاستەوخۆی پارتە گەورەکانی وڵات بن.
سەرچاوەکانی ناو گۆڕەپانەکانی خۆپێشاندان بە "حورە"یان راگەیاندووە، کازمی و حەکیم و نوری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، دیارترین ئەو کەسانەن کە کاریانکردووە بۆ سەرخستنی گەنجان بۆ پێشەوەی پێکهاتەی پارتە نوێیەکان.
جیا لەوە هەندێک لە حیزبەکان، پەیوەندییان بە کۆمەڵە گەنجەکانەوە کردووە و هانیانداوەن پەیوەندی بەریزەکانی ئەوانەوە بکەن، یان حیزبی نوێ دروست بکەن، لەگەڵ چاوخستنە سەر چالاکڤانانی سۆشیالمیدیا و ئەوانەی لە کۆمەڵگەدا لایەنگریان هەیە.
پارتە پەردەپۆشکراوەکان
لەبارەی ئەو مشتومڕە سیاسییە نوێیەی لە عێراقدا هاتووەتە ئاراوە، لە کاتێکدا هێشتا دیار نییە ئاخۆ هەڵبژاردنەکان ئەنجامدەدرێن یان نا؟ عادل بەدەوی، مامۆستای زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی بەغدا، بە "حورە"ی راگەیاندووە کە "هەندێک لایەنی سیاسی دەستیانکردووە بە پاڵنان بە گەنجەکانەوە، لەپێناو دروستکردنی حیزبی سیاسیی نوێ، بەمەبەستی راکێشانی گەنجەکان بۆ ریزەکانیان و دەستەبەرکردنی دەنگەکانیان لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا، هەر لەبەرئەوە، ئەو حیزبانە، تاکتیکی نوێی خۆیان لەسەر کەسایەتییە گەنجەکانی ئێستا بونیاد دەنێن".
ئەو زیاتر دەڵێ "سەرکردە گەنجەکانی خۆپێشاندەرەکان، تاکتیکێکی نوێی هەڵبژاردن نین بۆ حیزبە دێرینەکان، چونکە حیزبە سیاسییەکانی ئێستا لە رێگەی ئەوانەوە دەتوانن دەستەبەری گەڕانەوەیان بۆ دەسەڵات بکەن، ئەمەش بەگەمەکردن بە هەستی گەنجەکان".
بەپێی داتا راگەیەندراوەکانی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، زۆرینەی دانیشتووانی عێراق، لە توێژی گەنجەکانن و تەمەنیان لە نێوان 15 تا 24 ساڵیدایە، ئەوەش دەکاتە نزیکەی 56 لەسەدی کۆی ژمارەی دانیشتووانی وڵاتەکە.
گەیشتنی سەرکردە سیاسییە گەنجەکان بەدەسەڵات، پرۆسەیەکی ئاڵۆزی پڕ سەرکێشییە، چونکە ئەوان ئەزموونی سیاسیی پێویستیان نییە. هەر ئەوەش وایکردووە ساجید جیاد، ئەندامی پێشووی سەنتەری بەیان بۆ لێکۆڵینەوە و پلاندانان بەدووری بزانێت "حیزبە گەنجەکان لە رووبەڕووبوونەوەی حیزبە کۆنەکاندا، کورسی پەرلەمان بەدەست بهێنن"، ئەو زیاتر دەڵێ "هیچ ئاسۆیەکی دڵخۆشکەر لەو بارەیەوە، لە ئارادا نییە".
ئەو دەڵێ "ئەگەر یاسای هەڵبژاردن وەک خۆی بمێنێتەوە، حیزبە گەورەکان ئەنجامی مەزن لە هەڵبژاردنەکاندا بەدەستدەهێنن، چونکە ئەوان چەک، پارە و بنکەی جەماوەرییان هەیە".
حیزبە لاوە نوێیەکان، تەنیا دە مانگ لە کاری بەردەوام و تاقەتپڕوکێنیان لەبەردەستدایە بۆ بەدەستهێنانی دەنگی دەنگدەران، بەرلەوەی لە ناوەڕاستی ساڵی داهاتوودا هەڵبژاردنەکان بەڕێوەبچن
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق