گەڕاندنەوەی سزاکانی ئەمریکا تمەنی زیاتر شکاند

ليست هناك تعليقات

 


بەهای تمەن بۆ نزمترین ئاستی پێوانەیی پاشەکشەی کرد لە بەرامبەرد دۆلاردا، ئەوەش دوای گەڕانەوەی سزاکانی ئەمریکا بەسەر ئێراندا.

رۆژی یەکشەممە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، گەڕانەوەی تەواوی سزاکانی ئەمریکای بۆ سەر ئێران راگەیاند، راگەیاندنەکە داڕمانی بەهای ریالی ئێرانی (تمەن) لە بازاڕی جیهانیدا بەدوای خۆیدا هێنا.

ماڵپەری پۆنپاست کۆم کە سەرنج لە بەهای نافەرمیی دۆلار لە بازاڕدا دەدات، ئاشكرایکرد نرخی دۆلار بۆ 273 هەزار ریال بەرزبووەتەوە، لە کاتێکدا رۆژی پێشتر بە 267 هەزار و 800 ریال بوو.

ئێران هەنگاوەکەی ئەمریکای رەتکردەوە، بەڵام ئانتۆنیۆ گۆتیرێز، ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی، ناتوانێ هیچ رێوشوێنێک لە بەرامبەر بڕیارەکەی ئەمریکادا بگرێتەبەر.

تاکە سێ لایەنی ئەوروپی کە بەشدارن لە رێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ئێراندا -ئەڵمانیا، فەرەنسا و بەریتانیا- لە بڵاوکراوەیەکدا رایانگەیاند هەر رێوشوێن و هەنگاوێک بۆ گێڕانەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سەر ئێران 'بەبێ رێوشوێنی یاسایی' دەبێت، چونکە ئەمریکا خاڵێکی ناو رێککەوتنەکەی ساڵی 2015ی نێوان ئێران و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەکارهێناوە، بۆ سەپاندنەوەی سزاکان بەسەر ئێراندا.

رێککەوتنی ئەتۆمیی ساڵی 2015 لە نێوان ئێران و ئەندامانی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی+ئەڵمانیا واژۆکراوە. رێککەوتنەکە بەرهەمهێنانی یۆرانیۆم لە وێستگە ئەتۆمییەکەی ئێراندا بۆ ئاستێک دادەبەزێنێت، ئەو وڵاتە توانای دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی نەبێت، لە بەرامبەردا سزا ئابوورییەکانی سەر ئێران سووک دەکات. ساڵی 2018 ئەمریکا تاکلایەنە پاشەکشەی لە رێککەوتنەکە کرد و رایگەیاند ئێران، پابەندی خاڵەکانی رێککەوتنەکە نییە.

دوای پاشەکشەی ئەمریکا لە رێککەوتنەکە، ئەو وڵاتە پەنای بۆ خاڵێکی ناو رێککەوتنەکە برد کە دەسەڵات بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەدات، لە کاتی هەستکردن بە پێشێلکردنی خاڵەکانی رێککەوتنەکە لەلایەن ئێرانەوە، رێوشوێنی 'سناباک' بگرێتە بەر و سزاکان بەسەر ئێراندا بسەپێنێتەوە.

سەرۆکی ئەمریکا بەنیازە، لە رێگەی بڕیارێکی نوێوە، سزای ئەمریکا بەسەر هەر لایەنێکدا بسەپێنێت، کە سزا سەپێنراوەکانی سەر ئێران پێشێل بکات.

لە ساڵی 2020دا، بەهای ریالی ئێرانی، نزیکەی 49 لەسەدی کۆی بەهای خۆی لە بازاڕی جیهانیدا لەدەستداوە. لە حوزەیرانی ئەمساڵەوە، ریالی ئێرانی، 30 لەسەدی بەهاکەی لەدەستداوە و بەردەوام لە پاشەکشەدایە.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، مایک پۆمپەیۆ، ئاشکرایکرد هەموو سزاکان دەست بەجێبەجێکردنیان دەکرێتەوە و بەمنزیکانەش، رێوشوێنی نوێ بۆ سەپاندنی سزاکان رادەگەیێنن.

سزاکانی ئەمریکا بەڕێژەی بەرچاو کاریگەریی لەسەر فرۆشتنی نەوتی ئێران دروستکردووە. لە کاتێکدا پۆمپەیۆ ئاشکرایکردووە کە ئامانج لەو هەنگاوەی وڵاتەکەی، دروستکردنی زۆرترین گوشاری ئابوورییە لەسەر رژێمی ئێران، تاوەکو واز لە پشێوی نانەوە و خوێنڕشتن دەهێنێت.

پۆمپەیۆ، ئێرانی بە "گەورەترین هەڕەشە بۆ سەر ئاشتیی جیهان" ناوبرد و ئاماژەی بەوەدا، گێڕانەوەی سزاکان، جیهان دەخاتە ئاسایشێکی باشترەوە.

هەڵچوونەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا بەردەوام روو لە زیادبوونە، بەتایبەت پاش کوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی پاسدارانی ئێران، لە هێرشێکی هێزەکانی ئەمریکا لەسەرەتای ئەمساڵ، لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif