سەرۆك كۆمار: یاسای ژنان و كچانی رزگاربووی ئێزدی لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەران پەسەند و فراوانتر بکرێت، هەڵبژاردنی پێشوەختەی پاك و بێگەرد و ئازاد ئەنجام بدرێت دوور لە سەپاندن ھێز و ساختەكاری و فرتوفێڵ
سەرۆك كۆمار د. بەرھەم ساڵح، ئەمرۆ شەممە ٢٠٢٠/٩/١٩ لە بەغدا وتەیەكی لە دوانزەمەین كۆنگرەی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی توند و تیژی دژی ژنان پێشكەشكرد.
سەرۆك كۆمار لە وتەكەیدا جەختیكردەوە لە جێبەجێكردنی یاساكانی توند و تیژی دژی ژنان و درێژەدان بە یاسادانان لەو رووە و داواشیكرد پەسەندكردنی یاسای ڕزگاربووانی ژنانی ئێزیدی تەواو بكرێت كە لە سەرۆكایەتی كۆمارەوە نێردراوە بۆ ئەنجومەنی نوێنەران، هەروەها فراوانتر بكرێت بۆ ئەوەی توێژەكانی دیکەش لە خۆ بگرێت، سەرۆک بەرھەم ڕاشیگەیاند لە پێگەی فەرمی خۆی و هەوڵە تایبەتەكانی بەردەوام بێت بۆ زامنكردنی مافی ژنان لە عێراقدا.
سەرۆك كۆمار دووپاتیشیكردەوە لەسەر پێویستی كاركردن بۆ گێڕانەوەی شكۆی دەوڵەت و سەپاندنی یاسا، هەروەها بەجێگەیاندنی چاكسازی و رەخساندنی دۆخێكی سیاسی گونجاو، ئەمەش بێ بوونی ویستێكی سیاسی لێبڕاوانە بەدینایەت لەوەی بتوانین هەڵبژاردنێكی پێشوەختەی پاك و بێگەرد و ئازاد ئەنجام بدەین كە بەدوور بێت لە دەسەڵاتی خۆسەپاندن و ساختەكاری و فرتوفێڵ، بە جۆرێك بتوانێت بێ هیچ دەستتێوەردانێک،گەرەنتی بداتە گەلی عێراق لەوەی ئازادانە چارەنووس و ئایندەی خۆیان دیاری بكەن، لەمەشەوە بتوانین ئەو كەموكورتییە بونیادگەراییانە چارەسەر بكەین كە لە سیستەمی سیاسی وڵاتەكەماندا بوونیان هەیە.
سەرۆک کۆمار راشیگەیاند : دڵنیاتان دەكەمەوە كە خەمسارد و بێباك نابین لە بەرامبەر لە لێپێچینەوە لە گەندەڵكاران و ئەوانەش كە ئەیانەوێت بەربەست لە بەردەم كۆششەكانی بونیاتنانەوەی دەوڵەتدا دروست بكەن؛ دەوڵەتێكی تواناداری خاوەن سەروەری تەواو كە بتوانێت یاسا بسەپێنێت و خزمەتی هاوڵاتییان بكات و دەرامەتەكانی ئەم وڵاتەش بخاتە خزمەت هاووڵاتییەكانییەوە.
ئەمەش دەقی وتەكەی سەرۆك كۆمارە:
بە ناوی خودای گەورە و میهرەبان
سەرەتا سوپاس و پێزانی زۆرم ئاراستەی سەماحەتی عەمار حەكیم دەكەم بۆ بانگێشتی كردنمان لەم كۆنگرەیەدا كە له بنهڕهتهوه دەست پێشخەری خوالێخۆشبوو عەبدولعەزیز حەكیمە و لە مێژووی عێراقدا زۆر گرنگ و بایەخدارە، بەركەوتێكی گرنگیشە لە پرسی چاكسازی لە وڵاتەكەماندا.
جەنابی سەرۆك وەزیران
جەنابی سەرۆكی پەرلەمانی
خۆشك و برایانی بەڕێز
سەلامی خوای گەورەتان لێ بێت
لەم چالاكییەی ئێستادا كە ساڵانە سازدەكرێت، بەشێك لەو ستەمكارییەمان بیر دێنێتەوە كە لە مێژوودا روویداوە، لە بەردەم پرسی ژناندا هەڵوێستەیەك دەكەین كە گوزارشت لە هەڵوێستی بەهادار و بوێرانەی ژنان دەكات لە بەرەنگاربوونەوەی ئاستهنگیهکانی بەردەمیان.
ئەم یادەوەرییە گوزارشت لە پوختەی هەڵوێستی خەبات و تێكۆشان و ئازار و مەینەتییەكانی ژنان دەكات لە بەرەنگاربوونەوەی زوڵم و ستەمكاری ؛ گوزراشتە لە هەڵوێستی خاتوو زەینەب لە دوای مەرگەساتەكەی كەربەلا، که ئەو كات خۆی لە بەردەم ئاستهنگێکی گەورەدا بینییەوە لە یەك كاتدا توانی رۆڵی دایك و باوك وخوشك برا بگێڕێت بۆ خانەوادەكەی ئالی بەیتی پێغەمبەر (د.خ).
مەرگەساتە كارەساتبارەكە نەیتوانی خاتوو زەینەب لاواز بكات و سەری لێ بشێوێنێت، سەرباری بە كۆیلەكردن و ئیش و ئازارە جەرگبرەكانی، كەچی خاتوو زەینەب چۆكی دانەدا و دەستبەرداری بەرپرسیاریەتی و ئەركەكانی نەبوو، بگرە هەڵوێستی دلێرانە و ڕەوانێژییە ناوازە و دەگمەنەكەی لە بەرامبەر دەسەڵاتدا، كردی به نموونەیەكی نەمر بۆ گیانبازی و بەرەنگاربوونەوە.
خوشك برایانی بەڕێز
زیندووكردنەوەی ئەم یادەوەرییە پڕ ئازارە كە پەیوەستە بە نیوەی كۆمەڵگەی مرۆڤایەتییەوە؛ ئەو نیوەی خاوەن قوربانی و بەخشندەیی و دەستكەوتی مەزنە، توانای ناوازەشی هەیە لە بەرگەگرتن، ژنان دەتوانن ژیان شیرنتر بكەن.
كاتێك هەریەكێك لە ئێمە ئاوڕێك لە مێژووی خۆی دەداتەوە، لە قوڵایی دڵ و دەروونیدا هەست بە بوونی دایك و خوشك و هاوسەر و كچەزاكانیشی دەكات، هەمیشە لەو مێژووەدا بیرەوەری پڕشنگدار و ئاكاربەرزی و هەستی ناسك و مەزنی قوربانیدان دەدۆزێتەوە.
بە تەنیشت ئەو مێژووە پڕشنگدارەی ژنانەوە، مێژوویەكی دیكەش هەیە كە ژنان لە بەرامبەریدا ئارامگر بوون، مێژوویەكی شەرمهێنەر لە ستەمكاری و توندوتیژی و بە كەمزانین لەسەر بنەمای ڕەگەز تەنها لەبەر ئەوەی ژنن.
دەستنیشانکردنی كێشەكانی ژنان و شەرمەزاركردنی ئەو توندوتیژی و ستەمكارییەی رووبەڕووی دەبنەوە، هەنگاوی یەكەمە بەرەو ئەو ڕێگەچارانەی دەستەبەری مافەكانی ژنان دەكەن، گومانیش لەوەدا نییە كە دەستەبەركردنی مافی ژنان، گەرەنتییە بۆ دەستەبەركردنی مافەكانی گشت كۆمەڵگە.
خوشك و برایانی بەرێز
هێشتا زۆرمان لە پێشە ئەنجامی بدەین، راستە كۆمەڵگەكەمان خۆی لە زۆر داب و نەریت دەرباز كردووە، بە تایبەتیش لە بواری ئازادی فێركردن و كاركردنی ژناندا، بەڵام دەبێت زیاتر پەرە بە ئازادییەكان بدەین و خۆمان لە تەون و داوی داب و نەریتە باوە كۆمەڵاتییەكان دەرباز بكەین كە هێشتا بەربەستن لە بەردەم ماف و ئازادییە رەواكانی ژنان بە تایبەتی و كۆمەڵگەش بە گشتی.
ئەمڕۆ كە لێرە كۆبووینەوە، ژمارەیەك لە ژنانی پێكهاتە جیاوازەكان لە ئیزدییەكان و توركمان و شەبەك ئامادەباشیان هەیە، ئەوانەی ویستی پەروەردگار وابوو لە دڕەندەیی تیرۆر ڕزگاریان بێت و بە زیندوویی بمێننەوە، جگە لەم ژنانەش كە ڕزگاریان بووە، هی دیكەش هەن كە كوژراون یان بێ سەروشوێنن یان لە لایەن تاوانبارانەوە دەستدرێژییان كراوەتەسەر، ئەمەش وامان لێدەكات لە هەموو ئاستە جیاوازەكان كاریان بۆ بكەین و دادپەروەرییان بۆ بگێڕینەوە، هەموو ئەمەش لە پێناو گێرانەوەی ماف بۆ خاوەن ماف و لێپیچینەوەش لە تاوانباران.
نابێت پاشەكشە لەو یاسا پێشكەوتووانە بكەین كە بەدەستمان هێناون، بەڵكو دەبێ بەردەوام بین و برەویشیان پێ بدەین، بە جۆرێك لەگەڵ رێككەوتننامە نێودەوڵەتییانەدا كۆك و تەبا بن كە عێراق پەسەندی كردوون، بۆیە لەم سەكۆیەوە داوا دەكەم یاسای ژنان و كچانی ڕزگاربووی ئێزدی تەواو بكرێت، بگرە فراوانتر بكرێن و لایەنی دیكەی جۆراوجۆریش بگرنەوە، ئەو یاسایەش كە باسم كرد، پێشتر لە لایەن سەرۆكایەتی كۆمارەوە خراوەتە بەردەم ئەنجومەنی نوێنەران.
دەبێت بەدواداچوونی لێبڕاوانەمان هەبێت بۆ ئەو یاسایانەی لە بواری مافەكانی ژناندا پەسەندكراون و پابەندیش بین بەو ماف و ئازادییانەی تیایاندا هاتووە و پراكتیزەشیان بكەین، دەبێت دامەزراوە دادوەری و جێبەجێكارییەكان و كۆمەڵگەی مەدەنی و چالاكوانانی مافەكانی ژنان كاری بۆ بكەن و ئەو ئەركە جێبەجێ بكەن.
خوشك و برایانی بەڕێز
ئێمە لە دەوڵەتێكدا دەژین كە هێشتا لە قۆناغی سەرەتای بونیاتنانی ئەزموونە دیموكراسییەكەی دایە، ئەزموونێكە لەسەر بنەمای پاراستنی ئەو ماف و ئازادییانە بونیاتنراوە كە لە دەستووری عێراقدا جێگیر كراون، بۆیە هەر خەمساردی و خاوخلیچییەك لە ئاست مافەكانی ژنان لە خۆدزینەوە و پەشیمان بوونەوە، خۆدزینەوەیە لە ماف و ئازادییە دیموكراسییەكان كە گەلەكەمان قوربانی زۆری لە پێناو داوە.
ئەو خوێنگەرمی و دڵسۆزییە نوێگەراییە بەرز دەنرخێنم كە لە پێناو پرسەكانی ژناندا لەكاردان، ستایشی ئەو كۆششانە دەكەم كە چالاكوانانی مافەكانی ژنان لە پێناو پاراستن و برەودان بە ئازادی و پێشكەوتن و بونیادگەراییەكی راست و دروستدا پێی هەڵدەستن.
هیواخوازم ئەو كۆششانە سەركەوتووبن، هەموو ئەو كۆششانەش كە دەیکەین، چ لە پێگەی فەرمییە چ وەک تاک، دڵسۆزانە برەویان پێ دەدەین و دەیانخەینە خزمەت بەدیهێنانی مافە رەواكانی ژنانەوە. ئێمە هەریەك لە شوێنی و پێگەی خۆمانەوە، چاومان لەوەیە شكۆداری دەوڵەت بگێڕینەوە و سەرورەی یاساش لە هەموو ئاستەكاندا بسەپێنین، چونكە چاكسازی و بەركەوتە نیشتمانییەكەی پێویستیان بەوەیە دۆخێكی شیاو و گونجاویان بۆ بڕەخسێنین، ئەمەش بێ بوونی ویستێكی سیاسی لێبڕاوانە بەدینایەت لەوەی بتوانین هەڵبژاردنێكی پێشوەختەی پاك و بێگەرد و ئازاد ئەنجام بدەین دوور له خۆسەپاندن و ساختەكاری و دزینی دهنگی هاوڵاتیان، بە جۆرێك بتوانێت بێ هیچ دەستتێوەردانێک،گەرەنتی بداتە گەلی عێراق لەوەی ئازادانە چارەنووس و ئایندەی خۆیان دیاری بكەن، لەمەشەوە بتوانین ئەو كەموكورتییە ریشهییهکان چارەسەر بكەین كە لە سیستەمی سیاسی وڵاتەكەماندا هەن.
ئێمە دەزانین كە هێشتا بەربەست و ئاڵنگاری زۆرمان لەپێشن تێیان پەڕێنین، بەڵام ئەمەی باسم كرد ئەركی شەرشانی خۆمانە و كەمترین شتێكە پێشكەشی ئەو رەنج و تێكۆشان و خوێن و خەبات و قوربانییانەی بكەین كە لە پێناو چاكسازی و بونیادنانەوە و گێڕانەوەی شكۆی دەوڵەتدا ئەنجام دراون.
دڵنیاتان دەكەمەوە كە خەمسارد و بێباك نابین لە بەرامبەر گەندەڵكاران و ئەوانەش كە ئەیانەوێت بەربەست لە بەردەم ههوڵی بونیاتنانەوەی دەوڵەتدا دروست بكەن؛ دەوڵەتێكی تواناداری خاوەن سەروەری تەواو كە بتوانێت یاسا بسەپێنێت و خزمەتی هاوڵاتییان بكات و دەرامەتەكانی ئەم وڵاتەش بخاتە خزمەت هاووڵاتییەكانییەوە.
سوپاس و ستایشی خۆم دووبارە دەكەمەوە بۆ ئەو ههوڵه چاكەخوازانەی لە پێناو دەستەبەركردنی مافەكانی ژنان و گەیشتنیان بە پێگەی شیاوی خۆیان لە كۆمەڵگەدا لە ئارادان، چالاكییەكانی ئەم كۆنگرەیەش یەكێكە لەو هەوڵانە.
دووبارە سەلامی خودای گەورەتان لی بێت
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق