بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر راگەیاند، ئەمشەو پێنجشەممە گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان هەولێر و تورکیا دەستپێدەکەنەوە.
ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوەبەری گشتیی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بە ت راگەیاند "ئەمشەو کاژێر 2:00ی شەو لە پێشوازیی هێڵی پێگاسۆسی تورکی دەبین، کە گەشتەکە لە ئیستەنبووڵەوە بۆ هەولێر دەبێت. گەشتی فڕۆکەکە لە فڕۆکەخانەی سەبیحە گۆکچەنەوە دەستپێدەکات و سەرنشینەکان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر دادەبەزن. بە پێچەوانەشەوە، گەشتیاران لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ ئیستەنبووڵ دەبات".
بەپێی ماڵپەڕی پێگاسۆس، ئەمشەو گەشتێک هەیە لە ئیستانبووڵەوە کە کاژێر 11:25 خولەکی شەو دەست بە گەشتەکە دەکات و کاژێر 02:00ی بەرەبەیان فڕۆکەکە دەگاتە هەولێر.
بەڕێوەبەری گشتیی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر ئاماژەی بەوەش کرد "رۆژی شەممە 26ی ئەیلوولی 2020 کاژێر 4:30ی شەو تورکیش ئێرلاین گەشتی ئیستەنبووڵ - هەولێر و هەولێر - ئیستەنبووڵ ئەنجامدەدات".
گەشتی نێوان هەموو هێڵە ئاسمانییەکان و فڕۆکەخانەی هەولێر، بە گوتەی ئەحمەد هۆشیار "بەمزووانە دەستپێدەکەنەوە، تەنها رۆیاڵ جۆردن و لۆستانزە نەبێت. رۆیال جۆردن ئوردنییە و لۆستانزەیش لەنێوان ئەڵمانیا - هەولێرە. پێشبینی دەکرێت مانگی 10 رۆیاڵ جۆردن دەستپێبکاتەوە. چاوەڕوان دەکەین لۆستانزەش کار بۆ دەستپێکردنەوەکە بکات".
ئەوەش لەکاتێکدایە، تاهیر عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی سلێمانی راگەیاند، گەشتەکانی فڕۆکەخانەکە لەگەڵ تورکیا تاوەکو ئێستا دەستیان پێنەکردووەتەوە و "ئەمشەو گەشتی ئاسمانی لەنێوان ئیستەنبووڵ و سلێمانی ئەنجامنادرێت".
پێشتر سەرۆكی یەكێتیی كۆمپانیاكانی فڕۆكەوانی و گەشتیاری لە هەرێمی كوردستان رایگەیاند، گەشتە ئاسمانییەكانی نێوان توركیا و عێراق بە سنوورداری دەستیپێكردووەتەوە، گوتیشی "پێشتر توركیا و عێراق هەفتانە 284 گەشتی ئاسمانی لەنێوانیاندا دەكرا، بەڵام ئێستا مۆڵەتی 40 گەشت دراوە".
لاوەند مەموندی، سەرۆكی یەكێتیی كۆمپانیاكانی فڕۆكەوانی و گەشتیاری لە هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، بەراورد بە پێش ڤایرۆسی كۆرۆنا گەشتەكان زۆر كەمبوونەتەوە "پێش بڵاوبوونەوە ڤایرۆسی كۆرۆنا هەفتانە 142 گەشت لە توركیاوە و 142 گەشتیش لە عێراقەوە دەكران، بەڵام ئێستا رێگەدراوە بە هەردوو وڵاتەكە هەفتانە 40 گەشت بكەن، واتە 20 بە 20، ئەوەش دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی گەشتیار".
سەرۆكی یەكێتیی كۆمپانیاكانی فڕۆكەوانی و گەشتیاری لە هەرێمی كوردستان ئەوەشی خستەڕوو، پێش بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا وەرگرتنی ڤیزەی توركیا ئاسان بوو، بە ئەلیكترۆنی وەردەگیرا، بەڵام ئێستا زۆر قورس بووە و تەنیا لە رێگەی سەردانیكردنی كۆنسوڵخانەكانەوە دەبێت.
بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا چەندین مانگە گەشتە ئاسمانییەكانی نێوان توركیا و عێراق راگیراون.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق