زیاتر لە پێنج هەزار پۆستی حکومی لە عێراق دابەشدەکرێنەوە

ليست هناك تعليقات


لیژنەیەک لە سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی عێراق بۆ دابەشکردنی پۆستە باڵاکان پێکھێنراوە و کۆبوونەوەیەکیشیان ئەنجام داوە، بەڵام زۆربەی فراکسیۆنە عەرەبەکان بەتایبەت شیعەکان کە نزیکەی 90%ـی‏ پۆستەکان لەلایەن ئەوانەوە بەڕێوەدەبرێن پێیان وایە کە ئەو پۆستانە دەستکەوتی جەنگ نییە بۆ ئەوەی بەسەر لایەنەکان دابەشبکرێن. 
 
ریاز مەسعوودی، پەرلەمانتاری رەوتی سەدر رایگەیاند، ھیچ شتێک نییە لە دەستووری عێراق یان پەیڕەوی ناوخۆ بەناوی دابەشکردنی پۆست، ئەمە دەستکەوتی جەنگ نییە، بەڵکو ئەرکێکی ئیدارییە، بۆیە ئەم بابەتە لەسەر شانی سەرۆکوەزیرانە کە دەبێت پەیڕەوێک دابنێت بۆچۆنییەتی دیاریکردنی کەسەکان لەگەڵ پاراستنی ھاوکێشەکان نەک دابەشکردن، پاراستنی ھاوکێشەکانیش کە لەدەستووری عێراقدا ھاتووە. 
 
لە لیژنە باڵاکەی دابەشکردنی پۆستەکان محەممەد ئەمین، پەرلەمانتاری پارتی، ھەرێم کمال ئاغا، پەرلەمانتاری یەکێتی و موسەننا ئەمین، پەرلەمانتاری یەکگرتوو تێیدا نوێنەرایەتیی کورد دەکەن کە بە پێی دەستوور دەبێت 18%ـی پۆستەکان لەلایەن کوردەوە بەڕێوەببرێن. گرنگترین ئەو پۆستانەی پشکی کوردن و دەسەڵاتی فیدراڵییان ھەیە، نوێنەری کوردە لە کۆمپانیای سۆمۆ، جێگری دەستپاکی، بریکاری وەزارەتەکانی بازرگانی و تەندروستی و سوپاسالاری عێراق.
 
رێبوار ھادی، پەرلەمانتاری پارتی ئاماژە بەوە دەکات، وەک لە ماددەی 9ـی دەستوور ھاتووە کە ھێزە چەکدارەکان و دەزگە ئەمنییەکان دەبێت ھاوسەنگی تێدابێت، ھەر پێشێلکردنێک واتا پێشێلکردنی دەستوور، چەند ماددەیێکی دیکەش لە ماددەی 14 و 16ـی دەستووریش باس لە ھاوسەنگی پۆستەکان دەکات، بەڵام ئەوەی لە عێراق ئێستا دەگوزەرێت، کورد وەک پێکھاتەیێکی سەرەکی رۆڵی نییە لە بەڕێوەبردنی دەزگەکانی حکومەت و "کورد غیابە تێیاندا". لە دەستە سەربەخۆکانیش کورد پشکی نییە، بۆیە پێویستە لایەنە کوردستانییەکان ھەوڵەکانیان چڕبکەنەوە و بە راشکاوانە لەگەڵ لایەنە عەرەبییەکان قسە بکەن. 
 
لە سەرەتای مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ پەرلەمان متمانەی دایە مستەفا کازمی و کابینەکەی، کازمی رایگەیاند، ھەموو پۆستە بەتاڵەکان پڕدەکەینەوە و کۆتایی بە بەڕێوەبردنی بە وەکالەت دەھێنین، تاوەکو ئێستاش دووجار گۆڕانکاری لە پۆستە باڵاکان ئەنجام داوە، بەڵام بێ ئەوەی ھیچ کوردێک دابنێت. 
 
نزیکەی شەش ھەزار پۆستی باڵا وەک بریکاری وەزیر، بەڕێوەبەری گشتی، بەڕێوەبەری فەرمانگەکان و چەندین پۆستی دیکە لە عێراق ھەیە، لەو ژمارەیە زیاتر لە 350 پۆستیان پشکی ھەرێمی کوردستانن، بەڵام کەمتر 10%ـی ئێستا لەلایەن کوردەوە بەڕێوەدەبرێن.  

 

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif